سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » عه‌فرین، نموونه‌یه‌كی دیكه‌ی به‌رخۆدانپەڕە 3

عه‌فرین، نموونه‌یه‌كی دیكه‌ی به‌رخۆدان

17 رۆژه‌ سوپای توركیا به‌هه‌موو هێزی خۆیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ گروپه‌ چه‌كداره‌ هاوپه‌یمانه‌كانی له‌سوریا، به‌بیانووی كه‌مكردنه‌‌وه‌‌و نه‌هێشتنی مه‌ترسییه‌كانی تیرۆریستان بۆ سه‌ر خاكی توركیا‌و پاڵپشت به‌سه‌دان تانك‌و زریپۆش‌و ده‌یان فڕۆكه‌ی جه‌نگیی پێشكه‌وتوو، هێرشێكی به‌ربڵاوو جۆراوجۆری بۆ سه‌ر كانتۆنی عه‌فرین له‌ڕۆژئاڤای كوردستان ده‌ستپێكردووه‌، له‌به‌رامبه‌ریشدا شه‌ڕڤانانی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌)‌و یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل (یه‌په‌گه‌)‌و یه‌كینه‌كانی پاراستنی ژن (یه‌په‌ژه‌) پاڵپشت به‌هێزی گه‌ل، به‌رگریی سه‌خت ده‌كه‌ن‌و سوپای توركیایان تووشی شۆك كردووه‌. دوێنێش ئاژانسی ده‌نگوباسی هاوار گرته‌ی ڤیدیۆیی تێكشكاندنی تانكێكی سوپای توركیای له‌لایه‌ن شه‌ڕڤانانه‌وه‌ له‌یه‌كێك له‌به‌ره‌كانی شه‌ڕدا بڵاوكرده‌وه‌، هه‌مان سه‌رچاوه‌ ئاماژه‌ی به‌كوژرانی چوار سه‌ربازی توركیا كردووه‌ له‌هه‌مان ناوچه‌دا. وێڕای بڵاوكردنه‌وه‌ی گرته‌ی ڤیدیۆیی تێكشكاندنی ئۆتۆمبیلێكی سه‌ربازیی گروپه‌ چه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌توركیا به‌ژماره‌یه‌ك چه‌كداره‌وه‌.

مانگی سووریش كه‌وته‌ به‌ر په‌لاماری توركیا
له‌سه‌ره‌تای په‌لاماره‌كانییه‌وه‌ بۆ سه‌ر كانتۆنی عه‌فرین، سه‌چاوه‌كانی هه‌واڵ باس له‌پێشێلكاریی سوپای توركیا ده‌كه‌ن به‌وه‌ی خه‌ڵكی سڤیل ده‌كاته‌ ئامانج‌و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ تائێستا سه‌دان كه‌س شه‌هید‌و برینداربوون، كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆریان ژن‌و منداڵ‌و به‌ساڵاچوون. سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ ئاماژه‌یان به‌وه‌دا كه‌ دوێنێ سوپای توركیا تۆپبارانی ناوه‌ندی رێكخراوی مانگی سووری كوردستانی كردووه‌ له‌ناوچه‌ی راجۆ له‌عه‌فرین. له‌سه‌ره‌تای په‌لاماره‌كانیشیدا بۆ سه‌ر ئه‌و كانتۆنه‌ی رۆژئاڤا، ئه‌مبولانسێكی فریاگوزاری كردبووه‌ ئامانج.
رێكخراوی مانگی سووری كوردستان له‌ساڵی ١٩٩٣ له‌ شاری بۆخوم له‌ئه‌ڵمانیا دامه‌زرا‌و له‌سه‌ره‌تای شۆڕشی رۆژئاڤای كوردستانه‌وه‌، به‌رده‌وام هاریكاریی مرۆیی پێشكه‌شی خه‌ڵكی لێقه‌وماوو زیانلێكه‌وتووی رۆژئاوای كوردستان‌و باكووری سوریا كردووه‌.
له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامبوونی به‌رخۆدان‌و به‌رگریی شه‌ڕڤانان‌و بێده‌نگیی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌و له‌شكركێشییه‌ی توركیا‌و گروپه‌ چه‌كداره‌كانی سوریای سه‌ر به‌توركیا بۆ سه‌ر عه‌فرین‌و به‌ئامانجكردنی خه‌ڵكی سڤیل‌و جیانه‌كردنه‌وه‌ی منداڵ‌و ژن‌و به‌ساڵاچوو له‌شه‌ڕڤان، په‌یتا په‌یتا هێزه‌ رزگاریخوازه‌كانی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی سوریا، ده‌نگی نه‌خێر بۆ داگیركردنی وڵات به‌رزده‌كه‌نه‌وه‌‌و هه‌ندێكیان خۆیان گه‌یاندۆته‌ عه‌فرین‌و هه‌ندێكیشیان ئاماده‌ن بۆ به‌رگریی له‌و كانتۆنه‌ی رۆژئاڤای كوردستان، ته‌نانه‌ت چه‌كدارانی ناو گروپه‌ توندڕه‌وه‌كانی سه‌ر به‌سوپای توركیاش هێدی هێدی راستییه‌كانیان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت‌و خۆیان راده‌ستی شه‌ڕڤانان ده‌كه‌ن.

شه‌ڕڤانانی سریانی گه‌یشتنه‌ عه‌فرین
هه‌ر تایبه‌ت به‌شه‌ڕی عه‌فرین، ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازیی سریانییه‌كان، له‌به‌یاننامه‌یه‌كیدا رایگه‌یاند: به‌مه‌به‌ستی به‌شداربوون له‌شه‌ڕی به‌رگریی، گروپێك له‌شه‌ڕڤانانی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ چوونه‌ته‌‌ ریزی (به‌رخۆدانی سه‌رده‌م) له‌عه‌فرین.
له‌به‌یاننامه‌كه‌یاندا هاتووه‌: له‌م سه‌رده‌مه‌دا ئێمه‌ له‌سوریا خاك‌و مێژووی خۆمان ده‌پارێزین، سوپای توركیا هێرش ده‌كاته‌سه‌ر عه‌فرین، له‌كاتێكدا عه‌فرین هه‌رێمێكی ئاشتیخوازه‌، به‌ڵام ده‌وڵه‌تی توركیا هاووڵاتیانی سڤیل بۆردومان ده‌كات.
ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازیی سریانییه‌كان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌: كاتێك ئێمه‌ له‌گه‌ڵ گه‌لی كوردو عه‌ره‌ب له‌مێژووی خۆمان بڕوانین، ده‌بینین تاكه‌ چاره‌سه‌ر له‌به‌رامبه‌ر تیرۆر، به‌رخۆدانه‌. ئێمه‌ له‌‌شه‌نگال، خابوور، ره‌ققه‌‌و مه‌نبج، له‌به‌رامبه‌ر گروپه‌ دڕنده‌ تیرۆریستییه‌كاندا، شه‌ڕمان كردو سه‌ركه‌وتین، بێگومان (هه‌سه‌ده‌) له‌به‌رامبه‌ر تیرۆریزم سه‌رده‌كه‌وێت.
ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازیی سریانییه‌كان ده‌ڵێت: ئێمه‌ ئیدانه‌ی هێرشه‌كانی توركیا له‌دژی عه‌فرین ده‌كه‌ین، ئه‌و هێرشه‌ به‌مانای ئه‌وه‌ دێت، كه‌ نایانه‌وێت له‌سوریا ئاشتیی به‌رقه‌راربێت، ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ (هه‌سه‌ده‌) له‌دژی ئه‌و هێرشانه‌ شه‌ڕ ده‌كه‌ین. شه‌ڕڤانه‌ قاره‌مانه‌كانمان له‌دژی توركیاو گروپه‌ چه‌ته‌كانیان شه‌ڕ ده‌كه‌ن. پڕۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌ی دیموكرات-ی ئێمه‌، له‌بواری دادپه‌روه‌ری، ئاشتی‌و ئارامیدا پێكدێت.

گه‌ریلا عه‌ره‌به‌كانیش ئاماده‌ی به‌رخۆدانن
گه‌ریلا عه‌ره‌به‌كانی (هه‌په‌گه‌) له‌لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایانگه‌یاند: ئه‌ردۆغان له‌ عه‌فرین ده‌شكێت.
له‌لێدوانێكدا، سه‌رده‌م قامیشلۆ به‌ناوی گه‌ریلا عه‌ره‌به‌كانه‌وه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌: به‌هۆی زوڵمی رژێمی ئه‌سه‌دو داعشه‌وه‌، له‌ژێر كاریگه‌ریی ته‌ڤگه‌ری ئازادیی كورد، په‌یوه‌ندیمان به‌ڕیزه‌كانی گه‌ریلاوه‌ كردووه‌، ئه‌وه‌ش له‌پێناوی ژیانێكی یه‌كسان‌و پێكه‌وه‌ژیانی گه‌لان‌و هه‌رگیزیش رێگه‌ناده‌ن عه‌فرین داگیربكرێت.
له‌لێدوانه‌كه‌یدا، ئه‌وه‌شی روونكردۆته‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ به‌گورزێكی توند داعشمان له‌ناوبرد، له‌كۆبانێ وامانكرد كه‌ به‌كرێگیراوانی توركیا په‌شیمان ببنه‌وه‌، له‌عه‌فرینیش له‌به‌رامبه‌ر توركیا به‌رخۆدان ده‌كه‌ین‌و تێكیانده‌شكێنین، با هیچ كه‌سیش گومانی له‌وه‌ نه‌بێت. داواشی له‌هه‌موو لاوانی دیكه‌ی عه‌ره‌ب كرد، كه‌ به‌شداربن له‌به‌رخۆدانی عه‌فریندا، چونكه‌ ئه‌م به‌رخۆدانه‌، به‌رخۆدانی ناموس‌و شه‌ره‌فه‌، به‌رخۆدانی پاراستنی شوێنه‌واره‌.

په‌شیمانبوونه‌وه‌ی چه‌كدارانی گروپه‌كانی سه‌ر به‌توركیا
سه‌باره‌ت به‌په‌شیمانبوونه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك له‌چه‌كدارانی ناو گروپه‌ توندڕه‌وه‌كانی سوریای سه‌ر به‌توركیا‌و خۆڕاده‌ستكردنیان، ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازیی مه‌نبج راگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه‌.
به‌گوێره‌ی ناوه‌ندی راگه‌یاندنی ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازیی مه‌نبج، ژماره‌یه‌ك چه‌كداری (ئه‌حرار ئه‌لشه‌رقیه‌)ی سه‌ر به‌گروپه‌كانی قه‌ڵغانی فورات، به‌هۆی رازی نه‌بوونیان له‌هێرشی سه‌ر كانتۆنی عه‌فرین، وازیان له‌گروپه‌كه‌یان هێناوه‌و روویان له‌و شوێنانه‌ كردووه‌، كه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازیی مه‌نبج-دایه‌.
ئه‌و چه‌كدارانه‌ی خۆیان راده‌ستی شه‌ڕڤانان كردووه‌، ده‌ڵێن: ئاماده‌نین شه‌ڕی گه‌لی كوردو پێكهاته‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمه‌كه‌ له‌كانتۆنی ئارامی كۆبانێ بكه‌ن.

سویسرا.. كه‌مپینی پشتیوانی له‌ عه‌فرین

كه‌مپینی پشتیوانی له‌عه‌فرین له‌زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا به‌رده‌وامه‌‌و له‌سویسراش ژماره‌یه‌ك سیاسه‌تمه‌داری وڵاته‌كه‌، داوایان له‌ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵاته‌كه‌یان كردووه‌ له‌به‌رامبه‌ر هێرشه‌كانی سوپای توركیا‌و گروپه‌ چه‌كداره‌ سورییه‌ هاوپه‌یمانه‌كانی بێده‌نگ نه‌بن‌و هه‌ڵوێستی جددییان هه‌بێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش 2500 ئیمزا كۆكراوه‌ته‌وه‌‌و به‌نامه‌یه‌ك ئاراسته‌ی كۆنسه‌ی فیدراڵیی سویسرایان كردووه‌، داواشیان له‌هاووڵاتیانی سویسرا كردووه‌ پاڵپشتی كورد بن‌و هێرشه‌كانی سوپای توركیا ئیدانه‌بكه‌ن.
له‌نامه‌كه‌دا هاتووه‌: به‌هۆی بۆردومانی فڕۆكه‌كانی توركیاوه‌ بۆ سه‌ر عه‌فرین، تائێستا به‌ سه‌دان منداڵ، ژن‌و به‌ساڵاچوو بوونه‌ته‌ قوربانی، كه‌ ئێمه‌ نابێت له‌بیرمان بچێت كوردو هاوپه‌یمانه‌كانی له‌كۆبانێ، شه‌نگال‌و ره‌ققه‌، له‌دژی داعش شه‌ڕێكی گه‌وره‌یان كردو رۆڵی كاریگه‌ریان هه‌بوو.
هه‌ر له‌نامه‌كه‌دا داواكراوه‌ «كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی‌و به‌تایبه‌ت سویسرا، پابه‌ندی كۆبوونه‌وه‌كانی جنێف بن‌و له‌به‌رامبه‌ر هێرشه‌كانی توركیاو گروپه‌ تیرۆریسته‌كاندا بۆ سه‌ر عه‌فرین‌و پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤ، بێده‌نگ نه‌بن‌و پێویستیشه‌ فشار بخه‌نه‌سه‌ر توركیا، بۆ راگرتنی هێرشه‌كان.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

له‌ شامه‌وه‌ بۆ ئیمــرالی… ئۆج ئالان

وه‌رگێرانی له‌ توركیه‌وه‌: شنۆ هیرانی ن: موراد یه‌تكین بەشی دووەم ...