سەرەکی » مانشێت » بافڵ تاڵەبانی: پەسەندكردنی بودجە هەنگاوێكی ئەرێنی و سەرەتایەكی گرنگە بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكان و كۆتاییهاتنی ناكۆكییەكانپەڕە 25

بافڵ تاڵەبانی: پەسەندكردنی بودجە هەنگاوێكی ئەرێنی و سەرەتایەكی گرنگە بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكان و كۆتاییهاتنی ناكۆكییەكان

بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە هەولێر، پێشوازی لە وەفدێكی باڵای ئەمریكا كرد، كە پێكهاتبوون لە جەنەراڵ جۆن تایگەرت گەورە راوێژكاری سەربازیی ئەمریكا لە عیراق و رۆب واڵەر كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەرێم و وەفدێكی یاوەریان.

لە دیدارێكدا، كە دەرباز كۆسرەت رەسوڵ كارگێڕی مەكتەبی سیاسی، ئاسۆ مامەند ئەندامی مەكتەبی سیاسی و جەلال شێخ ناجی لێپرسراوی دەزگای هەواڵگریی پێشمەرگە ئامادەیبوون. گفتوگۆ لەبارەی دوایین پەرەسەندنە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەكانەوە كرا و هەردوولا جەختیان لە هەماهەنگی و هاریكاریی زیاتری نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریكا كردەوە لەپێناوی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەكەدا.

هەر لە دیدارەكەدا، بافڵ تاڵەبانی، ئاماژەی بە پەسەندكردنی یاسای بودجەی عیراق كرد و رایگەیاند: پەسەندكردنی بودجە هەنگاوێكی ئەرێنی و سەرەتایەكی گرنگە بۆ نزیكبوونەوە و لێكتێگەیشتنی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكانی تر و كۆتاییهاتنی ناكۆكییەكان.

جموجوڵی تیرۆریستانی داعش، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو، هەردوولا جەختیان لە مەترسییەكانی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە كردەوە لەسەر ئارامی و ئاسایشی ناوچەكە. هەماهەنگی و پەیوەندیی پتەوی هێزەكانی پێشمەرگە و ئەمریكا بە گرنگ وەسفكرا و هەردوولا هاوڕابوون، كە روبەڕوبوونەوەی تیرۆر ئەركی هەموولایەكە و پێویستە هەوڵەكانمان لەو پێناوەدا چڕبكەینەوە.

هاوشانی هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چاكسازی لەناو هێزەكانی پێشمەرگە و راهێنانیان، رۆڵی ئەمریكا بە گرنگ و پێویست ناوبرا و هاوسەرۆك داوای هاوكاری و هەماهەنگی زیاتری لە وەفدەكە كرد.

 453 جار بینراوە