سەرەکی » وتار » ئەمریكا و كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە

ئەمریكا و كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە

عەبدولڕەحمان راشد

وەرگێڕانی- تارا شێخ عوسمان

بە درێژایی چەند دەیەیەك ژیان لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا لە فەلەكێكی ئاسوودەدا دەسووڕایەوە و مەحكوم بوو بە یاسای روون و ئاشكراو میدیای گەورە و سەرچاوەی زانیاریی گەورە، ئاژانسی هەواڵ و ئیزگەی رادیۆیی و تەلەفزیۆن و رۆژنامە و بەرهەمهێنانی سینەما و زانكۆ و تەنانەت كڵێسا و پەرستگەش، فەلەكی ئەمریكایی بەرفراوان و تاڕادەیەكیش ئازاد، پەراوێزی گەورەی هەیە بۆ كەس و گروپەكان، ئازادیی هەڵبژاردنیش لە ناو ئەو چوارچێوەكەیەدایە.

هەروەها پارتی كۆمۆنیست و سۆسیالیستی زۆر بچووكیش هەبوو، سەرەڕای قەدەغەكردنیشیان لەكاتی دروستبوونی ململانێ لەگەڵ حكومەتی مۆسكۆ، بەڵام بەردەوام كاریان دەكرد، كۆمۆنیستەكان بارەگایەكیان لە نزیك ( ۆل ستریت) هەیە كە بە ناوجەرگەی سەرمایەداریی دادەنرێت، هەروەها پارتێكی نازیش هەیە سەرەڕای ئەوەی ئەڵمانیا لە جەنگی دووەمی جیهاندا (400) هەزار سەربازی ئەمریكایی كوشتووە و رێگەیان پێدراوە بانگەشە بۆ خۆیان بكەن و رق و كینە لە دژی جولەكە و رەشپێستەكان بڵاوبكەنەوە.

لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئازادیی بۆ هەمووان دەستەبەر كراوە، بەڵام هەمیشە لە ژێر سایەیەكی سنوورداردایە، بە شێوەیەك دەوڵەت باڵادەست و سەنتەری جووڵەكانە. بەو پێیەی بۆ نموونە رێگە نادرێت هۆكانی راگەیاندن بكەونە ژێر دەستی كەسێك یان تەنها كۆمپانیایەك، رێگەش بە خاوەندارێتی تەلەفزیۆن و رادیۆ نادرێت بەبێ مۆڵەت كاربكات بە بیانووی ئەوەی «ئەوە گەلە خاوەن شەپۆلەكان، یان هەوا»یە. بە هۆكاری سیاسی گروپ و دەستە پەراوێزخراوەكان مۆڵەتیان پێنادرێت، دواجار بە بچووكی و گەمارۆدراوی دەمێننەوە.

لەگەڵ پێشكەوتنی تەكنۆلۆجیای زانیارییش، دەسەڵاتداران بڕیاریانداوە كۆت و بەندەكان كەمتر بكەنەوە، تا وای لێهاتووە كونەكە لە پینەكە گەورەتر بووە یان چەند ئێزگەیەكی دیجیتاڵیی هۆكانی راگەیاندن هاتوونەتە كایەوە كە لە دەرەوەی دەسەڵاتی یاسادان.

لە دوو ساڵی رابردوودا چەند كۆبوونەوەیەك لە كۆنگرێس و لەناو لیژنە فیدراڵییەكاندا كرا و تێیدا چۆنێتی كۆنترۆڵكردنی بارودۆخەكە تاوتوێكراو بەناوبانگترینیشیان ئەوەبوو كە سەرۆكی گەورە كۆمپانیاكانی وەك (فەیسبووك و تویتەر و یوتیوب) بانگهێشتكران، بە بیانووی ئەوەی كە دوژمنەكان دەیانەوێت كاریگەریی بخەنە سەر رێڕەوی هەڵبژاردنەكان، لەوانەش روسیا.

وەك بینیشمان لە ماوەی رابردوودا شتەكان بە شێوەیەكی درامیی و مەترسیدار پەرەیان سەند، ئەوەشی زانراوە ئەوەبوو كە كۆدەنگییەك دروست بوو لە نێوان كۆمپانیاكانی تۆڕی كۆمەڵایەتیی بۆئەوەی رێگریی بكەن لە دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی پێشووی ئەمریكا كە نەتوانێت هیچ ناڕەزاییەك دەربڕێت و كەسیش هانبدات، لەوانەش كاركردن بۆ سەركوتكردنی «ئازادیی نابەرپرس». لەچەند مانگی داهاتووشدا چالاكیی یاسایی و سیاسیی دیكە دەبینین بۆ سەپاندنی كۆتی زیاتر بەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا.

ئێستا ئەمریكا رووبەڕووی دوو دوژمنی میدیایی دەبێتەوە، دوژمنی دەرەكیی دەتوانێت بە كەمكردنەوەی دەستێوەردانی سیاسیی رووبەڕووی ببێتەوە، بەڵام مەترسییە راستەقینەكە دوژمنە ناوخۆییەكەیە كە لە پەلاماردانی كۆنگرێسدا دەركەوت، كە بە پلانێك بۆ كۆنترۆڵكردن و كودەتایەك بەسەر دەوڵەتدا لەقەڵەم درا، ئەوەش لە رێگەی میدیاكانی لە كۆنترۆڵ دەرچووەوە كرا.

دەسەڵاتدارانی ئەمریكاش سەلماندییان كە توانایان هەیە ئەوانە بێدەنگ بكەن كە بە نەیاری دەوڵەت دادەنرێن، تەنانەت خودی سەرۆكیش سەرەڕای دەسەڵاتە زۆر و زەوەندەكەی، بینی کە بێبەشە لە ئاراستەكردنی قسەكانی بۆ گەلی ئەمریكا.

ئەگەریش وتاری دژی دامەزراوەكانی دەوڵەت واتە (سەرۆكایەتی و كۆنگرێس و دەزگاكانی جێبەجێكردن و حزبەكان) بەردەوام بێت، كۆمەڵ دەجووڵێت و لەو كاتەشدا دەوڵەت رووبەڕووی مەترسیی راستەقینە دەبێتەوە.
لەبەرئەوە زۆربەی كاربەدەستان لەوانەش سەرانی پارتی كۆماری لەسەر جڵەوكردنی سەرۆك و هێزە پشتیوانەكانی رێكەوتن، سەرۆك ترەمپ-یش زیاتر لەو شوێنەوە كە تێناگات، بانگەوازی بۆ هێزە تووڕە شاردراوەكان كرد بۆ سەپاندنی ئەوەی بە مافی خۆیان دەزانی. لای خۆیەوە ترەمپیش نەیتوانی لە رێگەی كەناڵە یاساییەكانەوە قسەكانی بسەلمێنیت سەبارەت بە ساختەكاریی و دزینی سەركەوتن.

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا وڵاتێكی گەورەی (328) ملیۆن كەسییە و تێكەڵەیەكی ئەتنیكی تێیدا دەژیی، ئەوا دروستبوونی پشێویی تێیدا شتێكە روودەدات و بەرگەی ناكۆكی و هاندانی بەرفراوان ناگرێت.

لە داهاتوودا دەبینین، یاسادانەران و سیاسییەكان و ئەوانەی لە بواری ئاسایشی تەكنۆلۆجیادا كار دەكەن، چەندین كۆت و ئاستەنگ دروست دەكەن و لە رێگەی دەسەڵات دان بە دامەزراوە میدیاییە گەورەكان و سەركوتكردنی سوپای چالاكی پشێوییەوە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی كۆنتڕۆڵكردن.

سەرچاوە: الشرق الاوسط

 119 جار بینراوە