سەرەکی » راپۆرت » خەونی خوێندکاران داهاتووی خۆیان و کۆمەڵگە دیاری دەکات

خەونی خوێندکاران داهاتووی خۆیان و کۆمەڵگە دیاری دەکات

نیاز ئەبوبەكر

شەنگ عومەر خوێندکارێکی پۆلی 12 ی زانستییە لە یەکێک لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان دەخوێنێت، چالاک و زیرەکە لەگەڵ ئەوەی وانەکانی بە باشی دەخوێنێت و بە وتەی مامۆستاکانی بووەتە نموونە بۆ هاوڕێکانی لە پۆلدا کاتەکانی رێکخستووە و لە دەرەوەی قوتابخانەش لەگەڵ رێکخراوێکی بیانیدا کاری خێرخوازی پێشکەش بە ئاوارەکان دەکات، شەنگ دەڵێت:» خەونم ئەوەیە لە داهاتوو دا ببمە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ببمە دەسەڵاتی یەکەم و هەرێمەکەم بگەیەنمە ئاستی وڵاتە پێشکەوتووەکان».

پۆلی 12 ئامادەیی لەبەرئەوەی کۆتا قۆناغی خوێندنە و تاڕادەیەک نمرەکانی دەبێتە پێوەر بۆ دیاریکردنی ئایندەی هەر خوێندکارێک وا دەکات خوێندکاران خەونی ژیان و گوزەرانی داهاتوویانی لەسەر بونیاد بنێن و هەوڵی بەدەستهێنانی بدەن لە رێگەی خۆ ماندووکردنەوە، ژمارەیەک لە خوێندکارانمان دواند تا بزانین خەونیان چییە بۆ داهاتوویان.

دەیانەوێت خەونەکانیان ببێتە راستی
سانیا كاوە خوێندکارێکی قۆناغی شەشەمی وێژەییە خواستی ئەوەیە زانکۆ تەواو بکات و دواتر ببێتە خاوەن کاری خۆی و وتی، حەز دەکەم پاش تەواوکردنی خوێندن ببمە خاوەنی پەیمانگایەکی فێرکاری بۆ خوێندکاران و لە بواری پەروەردە دا خزمەت بکەم و لە رێگەیەوە وڵاتەکەم بەرەوپێش ببەم، یاخود ببمە خاوەنی کۆمپانیایەکی تایبەت بەخۆم.

شەم رێبوار خوێندکاری پۆلی 12 یە حەزی بە خوێندن و فێربوونە و وتی، خەونم ئەوەیە بەشی راگەیاندن تەواو بکەم و لە رێگەی پەیامەکانمەوە دۆخی ژیانی ژنان و کۆمەڵگە بەرەوپێش بەرم.

کاوە عەلی خوێندکارێکی تری قۆناغەکانی کۆتایی خوێندنە و خەونی ئەوەیە لە داهاتوو دا ببێتە ئەندازیاری بیناسازی.

چیا ئازاد خوێندکارێکی جدی و زیرەکە هەوڵدەدات بۆ ئەوەی نمرەیەکی بەرز بەدەست بهێنێت و وتی، دەمەوێت ببمە دکتۆر و پاڵپشتی خێزانەکەم بکەم.

ئاڤین سیروان خوێدنکاری پۆلی 12 ئامادەییە خەونی ئەوەیە نمرەیەکی بەرز بەدەست بهێنێت لە بەشی کارگێڕی وەربگیرێت و دواتر لەو بوارەدا خزمەتی کۆمەڵگە بکات، جگە لەوە دەیەوێت بەشداری پڕۆژەی خێرخوازی بکات و لە رێگەی کردنەوەی پیشانگەی وێنە کێشانەوە داهات کۆبکاتەوە بۆ ئەو کەسانەی پێویستیان بە هاوکارییە.

کامەران محەمەد پێی وایە لە بواری ئایتی دا دەتوانێت سەرکەوتوو بێت و داهاتێکی باش بۆخۆی بەدەست بهێنێت و دەڵێت، لە داهاتوودا ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و ئینتەرنێت حوکم دەکەن بۆیە خەونم ئەوەیە لە رێگەیەوە ببمە یەکێك لە ملیاردێرەکانی جیهان.

بە خەونی ئەم خوێندکارانەدا دەردەکەوێت گەنجان هەموو پیشەو کارەکان وەک یەک نابینن و زۆربەیان حەز دەکەن ببنە خاوەنی ئەو پیشانەی کە لە خەیاڵی خۆیاندا دایان ناوە لەناو کۆمەڵگەدا پلەیەکی بەرز و دواتر داهاتێکی باشیان بۆ بەدەستدەهێنێت، بەڵام بە رای توێژەرانی کۆمەڵایەتی ئەوە وادەکات جیاوازی چینایەتی لە مێشکی نەوەی داهاتوودا بچەسپێت و دەبێت بە بەرنامەو لە رێگەی پەروەردەو فێرکردنەوە ئەوە لە خوێندکاران تێبگەیەندرێت کە هەموو پیشەکان پیرۆزن و بەبوونی هەموویانەوە دەتوانرێت کۆمەڵگەیەکی تەندروست دروستببێت.

خویندکارانی پۆلی 12 نیگەرانن
لە ساڵی 2020ەوە کاتێک ڤایرۆسی کۆرۆنا سەریهەڵدا و پاش بڵاوبوونەوەی بە وڵاتاندا گەیشتە هەرێمی کوردستانیش یەکێک لەو کەرتانەی کە بەهۆیەوە وەستا خوێندن بوو وایکرد بەباشی سەرجەم وانەکان لەناو پۆلدا نەخوێندرێت و فشارێکی زۆر لەسەر خوێندکاران دروستببێت هەربۆیە جگە لە خەونی بەدەستهێنانی نمرەیەکی بەرز و تەواوکردنی قۆناغەکانی خوێندن بە سەرکەوتوویی و داهاتوویەک کە لەگەڵ حەز و خولیاکانیان یەکبگرێتەوە رێکخستن و کەمکردنەوەی پڕۆگرامەکانی خوێندنیش بووەتە یەکێک لە داواکارییەکانی خوێندکاران لەم قۆناغەدا.

هانا ئارام خوێندکارێکی قۆناغی ئامادەییە خولیای وێنە و هونەرە، داواکارە پڕۆگرامەکانی خوێندنیان بۆ رێکبخرێت و دەڵێت، داواكارم خولی بەهێزكردن لە بواری هونەری و زانستی بۆ خوێندکاران بكرێتەوە.

مینا كامەران دەڵێت، خەونم ئەوەیە لە داهاتوو ببمە پارێزەر و حەزم لە خوێندن و فێربوونە، دەمەوێت هەردوو وەرزەکە بە تەواویی بخوێنین و بێزاربووین لە هەموو پشوو و لەماڵەوە بوونە.

ئارینا هاوڕێ خوێندکارێکی ترە داواكارە قوتابخانە دانەخرێت پڕۆگرامەکانی خوێندن کەمبکرێنەوە لەبەرئەوەی ماوەیەکی زۆر تێپەڕیوە لە ئەمساڵی خوێندن و وانەیەکی کەمیان خوێندووە.

مێخەك خالید خوێندکاری قۆناغی 12 ئامادەییە لەگەڵ ئەوەی خەونی گەورەی هەیە بۆ داهاتوو گلەیشی هەیە لەو دۆخەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بۆ خوێندن دروستبووە کە ناتوانن بە باشی لەکاتی خۆیدا لەناو پۆل وانەکانیان بخوێنن و لەبەرئەوەی لە قۆناغی کۆتایی خوێندنە فشارێکی زۆر لەسەر دەروونی هەیە و داواکارە وەزارەتی پەروەردە بڕیاربدات کاتێکی زیاتریان پێ بدات بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ تاقیکردنەوەکان.

خەون و خولیای خوێندکاران هەرچییەک بێت کە نەوەی داهاتوون گرنگە بۆ کۆمەڵگە بەو هۆکارەی دواجار هەر تاکێک بەو کار و پیشەیەی دەیکات بەشدار دەبێت لە بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگەدا.

 136 جار بینراوە