سەرەکی » وەرزش » لیبرۆن جیمس داهاتی ساڵانه‌ی‌ له‌ 100 ملیۆن دۆلار نزیك ده‌بێته‌وه‌

لیبرۆن جیمس داهاتی ساڵانه‌ی‌ له‌ 100 ملیۆن دۆلار نزیك ده‌بێته‌وه‌

سه‌ره‌ڕای دروستبوونی قه‌یرانی دارایی بۆ سه‌رجه‌م تیپه‌كان به‌هۆی دۆخی كۆرۆناوه‌، به‌ڵام لیبرۆن جیمسی ئه‌ستێره‌ی باسكه‌ی ئه‌مریكا وه‌رزی رابردوو داهاته‌كه‌ی‌ زیادی كردوه‌.

به‌پێی راپۆرتی سه‌یف بێتین سایتس له‌سه‌ر داهاتی یاریزانانی ئێن بی ئه‌ی له‌ وه‌رزی رابردوو لیبرۆن جیمس پێشه‌نگی ریزبه‌ندی یاریزانانی خولی باسكه‌ی‌ ئه‌مریكای گرتووه‌ له‌ رووی داهاته‌وه‌ كه‌ بڕی 95 ملیۆن و 400 هه‌زار دۆلاری ده‌ستكه‌وتووه‌.

به‌ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و پاره‌یه‌ش لیبرۆن جیمس له‌هه‌ردوو ئه‌ستێره‌ی دیاری تۆپی پێ لیۆنێل مێسی و كریستیانۆ رۆناڵدۆ نزیك ده‌بێته‌وه‌ كه‌ ساڵانێكه‌ زۆره‌ پێشه‌نگی ریزبه‌ندی ئه‌و وه‌رزشكارانه‌یان گرتووه‌ ساڵانه‌ زۆرترین داهاتیان ده‌ستده‌كه‌وێت.

ئه‌و ئه‌ستێره‌یه‌ بڕی 64 ملیۆن دۆلاری ته‌نها له‌ رێگه‌ی‌ ریكلام و بۆندی سپۆنسه‌ری و دوور له‌ یارییه‌كه‌ی ده‌ستكه‌وتووه‌ كه‌ ئه‌و رێژه‌یه‌ زیاتر له‌ دوو هێنده‌ی مووچه‌كه‌یه‌تی له‌گه‌ڵ لۆس ئه‌نجلس لیكه‌رز كه‌ 31 ملیۆن و 400 هه‌زار یۆرۆیه‌.

داهاتی كینگ جه‌یمس زۆرترینه‌ له‌مێژووی ئێن بی ئه‌ی و سه‌رجه‌م وه‌رزشه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كانی تری ئه‌مریكا، به‌هۆی ئه‌مه‌ش چاوه‌ڕێ ده‌كرێت به‌م نزیكانه‌ داهاته‌كه‌ی‌ بگاته‌ ملیارێك دۆلار.

ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین لیبرۆن جیمس به‌م دواییه‌ به‌شێك له‌ پشكه‌كانی یانه‌ی‌ لیڤه‌رپوڵی كڕییه‌وه‌و بووه‌ یه‌كێك له‌ خاوه‌نه‌كانی یانه‌كه‌.

 144 جار بینراوە