سەرەکی » ئەدەب و هونەر » سێگۆشەی خودایی

سێگۆشەی خودایی

عومه‌ر سەید

بەرامبەر زەمین دانیشتووم و لێی دەڕوانم. بازنەیەک بیر و ئەندێشەی بردووم. نەخشەیەکی جەنجاڵ، بە خەیاڵ تیایدا دەگەڕێم و کنە و پشکنین دەکەم. دەگەڕێمەوە سەرەتا، پێش بوون و کات. سەرەتا وشە هەبوو. تۆپەڵێکی مەزن و گەورە. خودا وتی، ببە و بوو. وشە بە هەموو بۆشاییدا کشا و پەرشوبڵاو بووەوە. تۆپەڵ تۆپەڵ بوونە رستە. هەر گالاکسییەک رستەیەکە، هەموو گەردوون رۆمانێک و هەر تەنێکیش پیتێک. گەردوون رۆمانی خوداوەندە بە رێنووسی بازنەیی. رێنووسێک لە تەن و تیشک و گەردیلە. گالاکسی کاکێشان، بەشێکە لەو رۆمانە، زەوی تەنها وشەیەکە و ئێمەی مرۆڤ خاڵی یەکێک لە پیتەکانی کە بە وێنەی ژیان خۆی دەنوێنێت. خۆر بە وێنەی گەرمی، مانگ رووناکی، مەریخ هێزی کێشکردن و زوحەل، وەک وزە و لەرە.
سەرەتا خوداوەند وشەی خوڵقاند. وشەیەلێک، چەشنی بڵقی ئاوی ئۆقیانووسەکان، لە شێوەی گوڵ و دڵ، سەری پڕ بیر و پرسیار، وەک رەوڕەوی مێژوو بازنەیی، وەک مەمکی کیژی چوارد ساڵ خڕ، لە وشەش گەردوون.

رێنووسی خودا، بازنەییە، بازنە کامڵترین شێوەی گەردوونە، تەواوترین و نموونەیترین شێوەیە، چونکە خودا کامڵە. پەرستگا و دیواربەند و وێنە کۆنەکانی مرۆڤ، پڕ پڕە لە شێوەی بازنە، مرۆڤ بەردەوام لە هەوڵدایە بۆ تێگەیشتن و شیکردنەوەی ئەم رێنووسە. بۆ خوێندنەوەی ئەم تێکستە زەبەلاحە پڕ رەوانبێژییە، لە خوازە و لە نهێنییە. سەرەتا لە رێگای وێنەوە، دواتر لە رێگای دامەزراندنی رێنووسەوە. بەڵام ئەوە کێ بوو، پەرستگا بازنەییەکان، ئەوانی دەلاقە و دەرگاکانیان بازنەیی و نیمچە بازنەیی بوو. ئەو شوێنە پیرۆزانەی پڕ پڕ بوو لە پەیکەری بازنەیی، لە رۆحی بازنەیی، بە سەریدا پەلکەزێڕینەی حەوت رەنگ و حەوت زمان هەبوو، کێ ئەوانی خاپوور کرد؟! تەلارسازی دێر و پەرستگا کۆنەکان، هەوڵێک بوو بۆ دۆزینەوەی رێگای بەهەشت. بۆ دیزاینی خۆمان بزر کرد؟! تا ئێستاش باڵندەکان بە شێوەی هێلکەی سپی و بازنەیی خۆیان دەخوڵقێنن. کێ بوو مرۆڤی لە کامڵترین و نەرمونیانترین رێنووس بزرکرد، لە ئامانجی گەیشتنە خۆشەویستی؟ ئاوەزی وەرگێڕایە سەر شێوە رێنووسی تیژ و بریندارکەر، وەک مێخەک، وەک سێگۆشە رەق و بێ مروەت. ئەم هەموو حەز و ویستە بۆ سێگۆشە چۆن خۆی کوتایە ناخی مرۆوە، ئەوە کام رابەرە، یان خودایە بوو، ئێمەی سپاردە ئیرادەی سێگۆشە؟

بابلییە کۆنەکان، بە تەلەسکۆب دەیانڕوانییە قووڵایی ئاسمان و خەریک بوو بە رێنوووسی بازنەیی ئاشنا دەبوون. کاتێک ئاشورییەکان هێرشیان بۆ هێنان، خاپووریان کردن و پاشان رێنووسی مێخەکییان دانا.

میسرییە کۆنەکانیش، دەیانویست لە رێگای تەلیسمی مردنەوە، بگەنە نهێنی و تێگەیشتنی رێنووسی بازنەیی. بەڵام ئاموونی خودا، ئەوی سەری لە سەری بەرانێکی قووچەکی دەچوو. رێی پێ هەڵە کردن و سەرقاڵی کردن بە بنیاتنانی هەرمە سێگۆشەکان و بە لا رێیدای بردن. ئەکلیدس و ئەفلاتۆن و ئەرخەمیدس، بەشێکن لەو هەوڵانەی مرۆڤ بۆ شیکردنەوەی رێنووسی بازنەیی خودا. ئەبوو حەیانی تەوحیدی، دەکەوێتە بەر هەوادارانی سێگۆشە و کتێبەکانی دەسووتێنرێت. وەک ئەوەی سێگۆشە، رێنووسی شەیتان بێت.

کاندنسکی لە وێنەکێشانی بازنەدا، نزیک دەبێتەوە لە تێگەیشتنی نهێنییەکانی گەردوون و خودا، بەڵام مرۆڤ درەنگ، یان هەر ناتوانێت لە کۆد و هێماکان تێبگات.

لە بەردەم تۆپی نەخشەی زەمیندا دانیشتووم و لەگەڵ سوڕانەوەیدا، لێی دەڕوانم. جار جارە رایدەگرم و لە شوێنی ئەو سێگۆشە وەهمییانە دەڕوانم. بە ماجیکێکی سووری تۆخ، شوێنیان لەسەر نەخشەکە دەنەخشێنم. سەرەتا سێگۆشەی بەرمۆدە، ئەوی پێی دەڵێن سێگۆشەی شەیتان. لە کیشوەری ئەمریکادا، نووکی ماجیکەکە دەخەمە سەر شاری میامی هەرێمی فلۆریدا، بە هێڵێکی راست و سوور دەستم دادەگرم، بە نێو شینایی ئۆقیانووسی ئەتڵەسیدا، تا دەگەمە دورگەی پۆتریتۆ. لەوێشەوە، دیسانەوە بە نێو ئۆقیانووسدا بۆ دورگەی بەرمۆدە و دیسانەوە بۆ میامی. سێگۆشەیەک بە پانتایی یەک ملیۆن کیلۆمەتری دووجا دەردەکەوێت. سێگۆشەی شەیتان کە بەردەوام پاپۆڕ و فڕۆکەکان لووش دەدات. توند تۆپەکە دەخولێنمەوە، تا هێدی هێدی خاودەبێتەوە و دەوەستێت. دەگەڕێم بە دوای سێگۆشەی ئەژدیهادا، نزیک بە وڵاتی ژاپۆن. نووکی ماجیکەکە دەخەمە سەر دورگەی یۆکۆهامای ژاپۆن و دەستم دادەگرم بەرەو دورگەی گووامی فیلپین، پاشان بۆ باکوور تا دورگەی مارینا. هێڵی سێیەمیش لە دورگەی ماریناوە، دیسانەوە بۆ دورگەی یۆکۆهامای. سێ هەزار ساڵە خەڵکی ئەم ناوچەیە، ئەم پانتاییە بە سێگۆشەی ئەژدیها، یان شەیتان ناو دەبەن. سێگۆشەیەکی ترسناک کە وەک سێگۆشەی بەرمۆدە، دەیان و سەدان کەشتی و فڕۆکەی لە پانتایی خۆیدا قووتداوە.

سەرلەنوێ تۆپی زەمین دەسووڕێنم. کیشوەری ئاسیا، دەخەمە بەردەم خۆم و دەڕوانم. لە هەموو کیشوەرەکەوە، چاو دەخەمە سەر بەشێک، سەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. جێگایەک پڕ ترس و نهێنی، پڕ جەنگ و نغرۆبوون و گۆڕی بە کۆمەڵ. نووکی ماجیکەکە دەخەمە سەر شاری قودس. لە بەیتولمەقدسەوە راستە هێڵێک دەکێشم بۆ بەیتولحەرامی مەکە، لەوێوە بۆ نەجەف، لەوێشەوە راستە هێڵێکی تر دەگەیەنمەوە شاری قودس. لە ناویدا بیت، یان نزیک یان دوور، رۆدەچیت! ئەمەش سێگۆشەی پیرۆز.

سەرەتا تەنها بازنە هەبوو، پاشان سێگۆشە…

 112 جار بینراوە