سەرەکی » راپۆرت » خه‌ڵكی كوردستان متمانه‌یان به‌ ڤاكسینی كۆرۆنا نییه‌

خه‌ڵكی كوردستان متمانه‌یان به‌ ڤاكسینی كۆرۆنا نییه‌

به‌ دواداچوونی/ رێزه‌ حسێن

هه‌رچه‌نده‌ له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا ناسراو به‌ (كۆڤید 19)، خه‌ڵكی هه‌موو جیهان و هه‌رێمی كوردستانیش له‌ چاوه‌ڕوانی دروستكردنی ڤاكسین بوون له‌ لایه‌ن كۆمپانیاكانی به‌رهه‌مهێنانی ده‌رمان، بۆ رێگریكردن له‌ تووشبوون به‌و نه‌خۆشییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ كوردستان ده‌گوزه‌رێ، پێچه‌وانه‌ی چاوه‌ڕوانی خه‌ڵكه‌ له‌ رابردوودا، به‌ شێوه‌یه‌ك زۆرینه‌ ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ ڤاكسینی هاورده‌كراو بۆ هه‌رێمی كوردستان وەربگرن، به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ له‌ نێوان ڤاكسینی كۆررۆنا و خوێن مه‌ین كه‌ ده‌بێته‌ هۆكاری مردن.

هه‌موو كه‌س ڤاكسین وەربگرێت؟
به‌پێی زانیاری ته‌ندروستی جیهانی، مه‌رجه‌ و پێویستكراوه‌، ڤاكسینی به‌رهه‌مهێندراو بۆ به‌رگریكردنی له‌ تووشبوون به‌ كۆڕۆنا، به‌هیچ جۆرێك نادرێت بە مناڵان، هاوكات بۆ كه‌سانی سه‌ر و 18 ساڵ، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی نه‌خۆشی درێژخایه‌نیان هه‌یه‌ ده‌بێت به‌ خێرایی وه‌ریبگرن، هه‌روه‌ك بۆ ئه‌وانه‌شی كه‌ نه‌خۆشانی وه‌ك (تالاسیما، نه‌خۆشییه‌كانی خوێن، شێرپه‌نجه‌، قه‌ڵه‌وی زۆر، خوێن مه‌ین)، ده‌بێت به‌ر له‌ كوتان، راوێژ به‌ پزیشكی تایبه‌مه‌ند بكه‌ن تا بڕیار بدرێت ئه‌و ڤاكسینه‌ وەربگرن یاخود به‌ پێچه‌وانه‌وه‌.

هاووڵاتیان بانگهێشتی كوتان ده‌كرێن
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داوا له‌ هاووڵاتیان ده‌كات سه‌ردانی بنه‌كه‌كانی ته‌ندروستی بكه‌ن بۆ ناو تۆماركردن به‌ مه‌به‌ستی كوتان، هاوكات به‌پێی زانیارییه‌كانی رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ ئه‌و ڤاكسینه‌ی ئێستا به‌رده‌سته‌ له‌ كوردستان، ته‌نها دەردێت بە ئه‌وانه‌ی نه‌خۆشی درێژ خایه‌نیان هه‌یه‌ و ئه‌وانه‌شی ته‌مه‌نیان له‌ سه‌رو 60 ساڵییه‌وه‌یه‌، رائید غه‌فور كه‌ریم سه‌عید به‌ڕێوه‌به‌ری راوێژكاری كلینكی نه‌خۆشخانه‌ی شۆڕش، تایبه‌ت به‌ كوردستانی نوێ وتی: له‌ 6 ی ئه‌م مانگه‌وه‌ پێكوته‌ی ڤاكسنیم و‌ەرگرتووە، هه‌روه‌ك ته‌مه‌نم 54 ساڵه‌ و یه‌كێكم له‌ نه‌خۆشانی درێژخایه‌ن، ئێستا ته‌ندروستم و تووشی هیچ حاڵه‌تێكی مه‌ترسی نه‌بوومه‌ته‌وه‌، وتیشی: سه‌ره‌تا بۆ ماوه‌ی 24 سه‌عات له‌رزوتا و ئازاری ماسوولكه‌ و بێهێزیم بۆ دروست بوو، به‌ڵام دواتر باری ته‌ندروستیم ئاسایی بووه‌وه‌، بۆیه‌ وه‌ك یه‌كێك له‌ به‌كارهێنه‌رانی ڤاكسین هاووڵاتیانی كوردستان دڵنیاده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ هیچ مه‌ترسیی و دڵه‌ڕاوكێیه‌كیان نه‌بێت له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی نه‌خۆشی درێژخایه‌نیان هه‌یه‌.

كام جۆر ڤاكسین هاورده‌كراوه‌
ناوه‌نده‌ ته‌ندروستییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ باشترین جۆری ڤاكسینی به‌رگری دژ به‌ نه‌خۆشی كۆرۆنا، ئه‌و ڤاكسینه‌یه‌ كه‌ به‌رده‌ست ده‌بێت، هه‌روه‌ك له‌ كوردستانیش جۆری ڤاكسین ئه‌سترازینیكا ئاماده‌یه‌ كه‌ هی باشترین كۆمپانیاكانی ده‌رمانه‌ كه‌ كۆمپانیایه‌كی به‌ریتانی – سویدییه‌، به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ زانكۆی ئۆكسفۆرد كه‌ له‌ ئێستا و رابردوودا، یه‌كێكه‌ له‌ باشترین و به‌ ناوبانگترین زانكۆكانی جیهان بۆ به‌رهه‌مهێنانی ده‌رمان، هاوكات لایه‌نی په‌یوه‌ندار له‌ ته‌ندروستی هه‌رێم سه‌رجه‌م ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئاماژه‌ن به‌وه‌ی ڤاكسینی هاورده‌كراوی كوردستان، ئێسكپایه‌ری نزیكه‌، له‌وباره‌یه‌وه‌ دكتۆر ئاسۆ حه‌وێزی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تایبه‌ت به‌ رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ وتی: ئه‌و ڤاكسینه‌ی ئێستا له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌سته‌، باشترین جۆره‌ چاوه‌ڕێ ئه‌وه‌ی لێده‌كرێت 100 % مه‌ترسی تووشبوون به‌ نه‌خۆشی كۆڕۆنا كه‌م بكاته‌وه‌، هه‌روه‌ك سه‌رجه‌م ئه‌و پڕوپاگەندانه‌ش ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات مه‌ترسی هه‌یه‌ و ده‌بێته‌ هۆكاری مردن، حاڵه‌ته‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك روویداوه‌ له‌ ده‌یان ملیۆن به‌كارهێنه‌ر له‌ جیهاندا، ته‌نها چه‌ند كه‌سێك رووبه‌ڕووی مردن بوونه‌ته‌وه‌ كه‌ تا ئێستا ته‌ندروستی جیهانی پشتڕاستی نه‌كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ به‌ هۆكاری پێكوته‌ی ڤاكسین گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌، بۆیه‌ داواكارین له‌ سه‌رجه‌م هاووڵاتیانی كوردستان، به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی نه‌خۆشی درێژ خایه‌نیان هه‌یه‌ ناوی خۆیان تۆماربكه‌ن بۆ وه‌رگرتنی ڤاكسین.

خه‌ڵك بۆ متمانه‌ی به‌ ڤاكسین نییه‌؟
له‌ ماوه‌ی رابردوودا ئاژانسی ده‌رمانی به‌ریتانی ئاشكرایكرد به‌ كۆی گشتی بۆ 18.1 ملیۆن كه‌س ڤاكسینی به‌ كارهێندراو له‌ به‌ریتانیا، 7 كه‌س دوای وه‌رگرتنی ڤاكسینی ئه‌سترازینیكا گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌ له‌ كۆی 30 حاڵه‌تی خه‌ستبوونه‌وه‌ی خوێن، هه‌رله‌وباره‌یه‌وه‌ له‌ ئێستادا كۆمه‌ڵێك وڵات كه‌ ئه‌ندامن له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا، به‌كارهێنانی ڤاكسینی كۆرۆنایان راگرتووه‌، به‌ شێوه‌یه‌كی كاتی، هه‌تا دواین راپۆڕت له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ به‌رده‌ست ده‌بێت كه‌ ڤاكسینه‌كه‌یان وه‌رگرتووه‌، هاوكات به‌پێی زانیاری ته‌ندروستی جیهانی، ڤاكسینی دژ به‌ تووشبوون به‌ نه‌خۆشی كۆڕۆنا، بۆ به‌رگری هه‌تایی نییه‌، به‌ڵكو ته‌نها بۆ ماوه‌ی 6 مانگ به‌رگری ده‌كات و63 % رێگری به‌ تووش نه‌بوون به‌ كۆرۆنا ده‌كات، هاوكات نیشانه‌ لاوه‌كییه‌كانی دوای وه‌رگرتنی ڤاكسین، هاوشێوه‌ی تووشبوونه‌ به‌ كۆرۆنا، به‌ڵام به‌ شێوه‌ی سووك وه‌ك (له‌رزوتا، ژانه‌ سه‌ر، هێڵنجدان، بێهێزی و ئازاری ماسوولكه‌) بۆ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێك، هه‌روه‌ك ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌ كه‌ له‌ پێش و دوای وەرگرتنی ڤاكسین، بۆ ریگریكردن له‌ خوێن مه‌ین، هیچ پێویست ناكات حه‌بی ئه‌سپرین و ده‌رزی كلیكسان وه‌ربگیریت، چونكه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ زیانی ته‌ندروستی ده‌بێت، نه‌ك سودگه‌یاندن.

 307 جار بینراوە