سەرەکی » ئاراستە » لە داستانی ئه‌زمڕدا پێشمەرگەکانی یه‌كێتی لووتی بەعسیان شکاند

لە داستانی ئه‌زمڕدا پێشمەرگەکانی یه‌كێتی لووتی بەعسیان شکاند

ئاوات كۆكه‌یی

گرنگی داستانی ئه‌زمڕ زیاتر له‌وه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ توانی به‌ر به‌ پێشڕه‌وه‌ییه‌كانی سوپای به‌عس بگرێت، ئه‌و سوپایه‌ی كه‌ راپه‌ڕینی دامركاندبۆوه‌و هه‌نگاو به‌هه‌نگاو ناوچه‌ رزگاركراوه‌كانی داگیر ده‌كرده‌وه‌، به‌ڵام داستانی ئه‌زمڕ بوو به‌ خاڵی سه‌ره‌تای راگرتنی سه‌ركه‌وتنه‌كانی دوژمن.

پوخته‌ی داستانی ئه‌زمڕ
كه‌ سوپای به‌عس شاره‌كانی كوردستانی گرته‌وه‌، چووه‌ ناوسلێمانیش و له‌وێوه‌ روویكرده‌ چیای ئه‌زمڕ تا به‌ره‌و ناوچه‌كانی شارباژێڕ و سه‌رسنوو‌ره‌كان بڕوات، ده‌سته‌یه‌ك له‌ پێشمه‌رگه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ بەتالیۆنی 7ی سلێمانی كه‌ ژماره‌یان 12 كه‌س ده‌بێت، دیاریده‌كرێن بڕۆنه‌ كێوی ئه‌زمڕو سه‌نگه‌ری به‌رگری لێبده‌ن، پێشمه‌رگه‌كان به‌ سه‌رپه‌رشتی فه‌رمانده‌ی كه‌رت تالیب مۆریاسی له‌ رۆژی 6/4دا ده‌گه‌نه‌ ئه‌زمڕو پاش ماوه‌یه‌كی زۆركه‌م یه‌كه‌م هێرشی سوپای به‌عس كه‌ به‌ره‌و قه‌ڵاچوان ده‌ڕۆی، تێكده‌شێنن و تا نزیك شاری سلێمانی راویان ده‌نێن، له‌ رۆژانی دواتریشدا كه‌ هێرشه‌كانی دوژمن درێژه‌یان ده‌بێت، هێزی زیاتری پێشمه‌رگه‌ ده‌گاته‌ ئه‌زمڕو ناهێڵدرێت دوژمن بگاته‌ ئه‌و كێوه‌.

شوێنێك بۆ زیندانییه‌كان
پێشمه‌رگه‌ی دێرین و پارتیزان سوهاد داود حه‌مه‌ڕه‌حیم ناسراو به‌ سوهاد خانه‌قینی، له‌وكاته‌دا فه‌رمانده‌یه‌كی هێزی پێشمه‌رگه‌ بووه‌ له‌ به‌تالیۆنی 7، له‌ باره‌ی شه‌ڕه‌كه‌ی ئه‌زمڕه‌وه‌ وتی:

پێش كۆڕه‌و باره‌گامان له‌ مه‌كته‌به‌كه‌ی عه‌لی كه‌مال بوو، ژماره‌یه‌كی زۆر زیندانیی به‌عس لای ئێمه‌بوو، كه‌كۆڕه‌و رویدا زیندانییه‌كانم ره‌وانه‌كرد بۆ قه‌ڵاچوالان و خۆشم ئێواره‌ی رۆژی دواتر رۆیشتم و له‌وێشه‌وه‌ له‌گه‌ڵ مه‌لایاسین ته‌گه‌رانی چوین بۆ كه‌ناروێ تا شوێنێك بۆ زیندانییه‌كان بدۆزینه‌وه‌.

دوای من، له‌ سه‌ر داوای كۆچكردوو جه‌بار فه‌رمان، تالیب مۆریاسی و ده‌سته‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ی به‌تالیۆنه‌كه‌مان چوبوونه‌ ئه‌زمڕو یه‌كه‌م شه‌ڕیان كردبوو، هێزه‌كه‌ی دووژمن شكابوو.

وتیشی: زنجیره‌یه‌ك شه‌ڕ له‌ ئه‌زمڕ رویدا، ئه‌وه‌ی تالیب مۆریاسی و ئه‌و 12 پێشمه‌رگه‌یه‌ یه‌كه‌م شه‌ڕبوو، دیاره‌ دوای ئه‌وه‌ دوژمن هه‌ر هێرشی ده‌كرد و مه‌به‌ستی بوو شارباژێڕ بگرێت، ئیتر هێزی تری پێشمه‌رگه‌ چووه‌ ئه‌زمڕ، به‌تالیۆنه‌كه‌ی ئێمه‌ هه‌مووی رۆیشته‌ ئه‌وێ و له‌ گۆیژه‌وه‌ تا نزیك دوكانیان سەنگەریان لێدانا، نزیكه‌ی 20 پێشمه‌رگه‌ش له‌ باره‌گا مابوون له‌ قه‌ڵاچوالان، جه‌بار فه‌رمان داوایكرد هێزه‌كه‌ كۆبكه‌مه‌وه‌و بچمه‌ ئه‌زمڕ، كه‌ چووم مامۆستا جه‌مال حاجی محه‌مه‌دو هێزی تری یه‌كێتی زۆر هاتن، له‌ حزبی شیوعی حه‌مه‌ڕه‌شید قه‌ره‌داخی هات كه‌ یه‌ك ره‌بایه‌یان هه‌بوو له‌سه‌ر شاخ، له‌ پارتیش ده‌روێش ئاغا هات، به‌ڵام هێزی نه‌بوو هیچ ره‌بایه‌یه‌كیان نه‌بوو، ئیتر وه‌ك به‌ره‌ی كوردستانی كۆبوونه‌وه‌كرا و بڕیار درا درێژه‌ به‌ به‌رگریی بدرێت، هێزێكی زۆر رژێم له‌ پردی عه‌لی ئاغا و خوارتر مۆڵی خواردبوو نیازیان هه‌بوو شه‌و هێرش بكه‌ن، به‌ڵام من پێشنیازم كرد بۆ كاك جه‌بار فه‌رمان با چاوه‌ڕێی هێرشی دوژمن نه‌كه‌ین و خۆمان هێرشیان بۆ بكه‌ین، ره‌بایه‌ی قوته‌ به‌رزه‌كان پێشمه‌رگه‌ی پێوه‌بوو قایممان كردبوون، ره‌بایه‌كه‌ی براده‌رانی حزبی شیوعیش هه‌بوو، به‌ڵام كه‌ هێرشمان كرده‌ سه‌ر هێزه‌كانی دوژمن، هه‌ر پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتی بووین لایه‌نی ترمان له‌گه‌ڵ نه‌بوو، دوژمن شكاو رایانكرده‌ خواره‌وه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا سوهاد خانه‌قینی باسی له‌وه‌كرد دوای شكانی دوژمن، هێزه‌كانی یه‌كێتی گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ سه‌ر شاخ و له‌سه‌ر داوای كاك جه‌بار فه‌رمان یه‌كێك له‌ ره‌بایه‌كانمان دایه‌ ده‌ست هێزێكی پارتی، كاك جه‌بار وتی با ئه‌وانیش به‌شداریی بكه‌ن، ئیتر براده‌رانی پارتی وتیان ئێوه‌ ده‌مێكه‌ لێرەن‌ بۆ شاره‌زایی دوو پێشمه‌رگه‌مان بده‌نێ، منیش دوو پێشمه‌رگه‌ی خۆمان له‌لا به‌جێهێشتن به‌ناوه‌كانی ( ئیسماعیلی خوله‌كورده‌ و عه‌لی به‌رزنجی) دوو پێشمه‌رگه‌ی وریاو ئازابوون، دیاره‌ حكومه‌ت جموجۆڵی هه‌بوو به‌ته‌مای هێرش بوو، براده‌رانی پارتیش ئاگاداری نیازی دوژمن بوون، هه‌ر شه‌و له‌كاتی خه‌ودا ره‌بایه‌كه‌یان چۆڵكردبوو، به‌ڵام ئه‌و دوو پێشمه‌رگه‌یه‌ی ئێمه‌یان هه‌ڵنه‌ستاندبوو، كه‌ هێرشەكه‌ی حكومه‌ت ده‌ستیپێكرد، عه‌لی و ئیسماعیل خه‌به‌ریان بۆوه‌ بینیان دوژمن گه‌یشتۆته‌ سه‌ریان، شه‌ڕێكی باشیانكرد، عه‌لی برینداركراو كه‌وت دوژمن گه‌یشته‌ سه‌ری و گرتیان و تا ئێستاش شوێنبزره‌، ئیسماعیلیش به‌ ده‌م ته‌قه‌وه‌ به‌ره‌و دیوی سیته‌ك پاشه‌كشه‌ی كرردو كه‌وته‌ ناو ئه‌ڵغامه‌وه‌و شه‌هیدكرا، ئیتر دوژمن ئه‌و ره‌بایه‌و دانه‌یه‌كی تریشیان گرت.

شه‌و هجوممان كرده‌وه‌و یه‌كێك له‌ ره‌بایه‌كانمان وه‌رگرته‌وه‌، تالیب مۆریاسی بریندار بوو، ئاری شه‌هید بوو، ئه‌مه‌ شه‌ڕی دووه‌م بوو.

شه‌وی سێیه‌م دوژمن تا نزیك گوندی خه‌مزه‌ی گرت، له‌و شه‌ڕه‌دا مامۆستا جه‌مال محه‌مه‌د رۆڵی ئازایانه‌ی بینی و دوژمن شكێنرایه‌وه‌.

هه‌ر یه‌ك له‌ ئه‌نوه‌ر دۆڵانی و عه‌به‌ڕه‌ق و عه‌لی چه‌له‌بی و ئازاهۆنده‌رێنه‌یی و زۆر فه‌رمانده‌و پێشمه‌رگه‌ی دیكه‌ به‌شداریان كردو به‌كۆی هه‌موو براده‌ران داستانی ئه‌زمڕ تۆماركرا.

شه‌ڕی یه‌كه‌می ئه‌زمڕ
پێشمه‌گه‌ی دێرین تالیب نوری عه‌لی ناسراو به‌ تالیب مۆریاسی، فه‌رمانده‌ی ئه‌و ده‌سته‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ی كه‌ یه‌كەم هێرشی سوپای به‌عسیان له‌ ئه‌زمڕ تێكشاند، وتی: له‌ قه‌ڵاچوالان بووین كاك جه‌بار فه‌رمان هات بۆلامان پرسیاری كاك سوهادی كرد، وتم به‌ ئه‌ركێك رۆیشتووه‌، كاك جه‌بار وتی: مام جه‌لال له‌ سنووره‌كه‌یه‌، بڕیاره‌ ئێره‌ بكرێته‌ سه‌ركردایه‌تی، بۆیه‌ ده‌بێت تۆو پۆلێك پێشمه‌رگه‌ بچنه‌ ئه‌زمڕو به‌رگری بكه‌ن، نابێت دوژمن ئه‌زمڕ بگرێت، ئیتر جیهازێكی دامێ بۆ په‌یوه‌ندی و دانه‌یه‌كیش لای خۆی بوو.

ئه‌وه‌بوو، له‌ رۆژی 6/4 ئه‌و 12 پێشمه‌رگه‌یه‌ گه‌یشتینه‌ سه‌ر شاخ به‌ ڕووی سلێمانیدا، له‌ لای ئۆتێله‌كه‌ی ئێستاوه‌ بنكه‌مان دانا، سه‌رقاڵی نان خواردن بووین، پێشمه‌رگه‌یه‌كمان هاواری كرد وتی: هات، سه‌یرمانكرد هێزی دووژمن جاده‌وجاده‌ دێن، ئێمه‌ش كتوپڕ لێیان هاتینه‌ ده‌ست، دوو ئۆتۆمبێل و جیهازی راكاڵ و ته‌قه‌مه‌نییه‌كی زۆریان كه‌وتنه‌ ده‌ستمان، ئه‌وه‌ی خۆشبوو ژماره‌یه‌كی زۆر پاكه‌تی خورمایان پێبوو كه‌وتنه‌ ده‌ست ئێمه‌، خورماكان بۆ ئێمه‌ زۆر پێویست بوو، كوژراویان زۆربوو.

ئه‌وه‌بوو پاش ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌ شكسته‌كه‌یان، هێرشێكی به‌ر بڵاوو و سه‌ختتریان بۆكردینه‌وه‌، هێلیكۆپته‌ریش هه‌ڵسا، تۆپباران و بۆردوومانكراین، ئێمه‌ش ئه‌گه‌رچی ژماره‌مان كه‌م بوو، به‌ڵام خێرا هه‌موو براده‌رانم به‌سه‌ر به‌رزاییه‌كانه‌وه‌ دامه‌زراندو پێشی هێرشه‌كه‌مان گرت، ئه‌و رۆژه‌ تا ئێواره‌ شه‌ڕ بوو، دوژمن هه‌ر هێرشی ده‌هێناو ده‌شكا، دوو ده‌بابه‌یان به‌ ئاڕبیجی براده‌رانی ئێمه‌ په‌كیان كه‌وت، ده‌بابه‌یه‌كیش هه‌ڵدێرا.

ئه‌و زنجیره‌ شه‌ڕه‌ هه‌ر ئه‌و 12 پێشمه‌رگه‌ بووین و پێشمان پێگرتن، رۆژی دواتر مامۆستا جه‌مال محه‌مه‌د و ئازاد هۆنده‌رێنه‌یی هاتن و ئیتر دوای ئه‌وه‌ هێزی تری یه‌كێتی و براده‌رانی فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كان هاتن و شه‌ڕیش هه‌ر درێژه‌ی هه‌بوو، رۆژانی دوای هاتنی هێزه‌كانی خۆمان (یه‌كێتی)، مه‌فره‌زه‌ی كه‌می حزبی شیوعی و پارتی و پاسۆكیش وه‌ك به‌ره‌ی كوردستانی هاتن، فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌می شه‌ڕه‌كه‌ش كاك جه‌بار فه‌رمان بوو.

ئیتر كه‌ رۆژانی دواتر هێزی زیاترمان بۆهات و دوای ئه‌وه‌ش هێزی حزبه‌كانی تر هاتن، شه‌ڕه‌كان درێژه‌یان هه‌بوو، من له‌ یه‌كێك له‌ شه‌ڕه‌كاندا برینداربووم.

چیرۆكی ده‌بابه‌ سوتاوه‌كه‌ی ئەزمڕ
عومه‌ر ئه‌حمه‌د مه‌حمود ناسراو به‌ عومه‌ر گه‌رمیانی، یه‌كێك بووه‌ له‌ پێشمه‌رگه‌كانی ده‌سته‌ی یه‌كه‌می شه‌ڕی ئه‌زمڕو هه‌ر له‌وێش برینداربووه‌، ئه‌و ده‌ڵێت: شه‌ڕی ئه‌زمریش بووه‌ به‌ربه‌ستێك بۆ پێشڕه‌وییه‌كانی هێزی دوژمن كه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌ك ناوچه‌ ئازادكراوه‌كانیان ده‌گرته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وشه‌ڕه‌ی ئه‌زمڕ كه‌پۆلێك له‌پێشمه‌رگه‌گانی ی.ن.ك تۆماریان كرد، بووه‌ كۆتایی سه‌ركه‌وتنه‌كانی دوژمن.

وتیشی: له‌ مه‌ركه‌زه‌كه‌ی‌ قه‌ڵاچوالان بووین، سه‌ركرده‌ی نه‌مر جه‌بار فه‌رمان هات بۆلامان به‌كاك تالیب مۆریاسی وت خۆت و پێشمه‌رگه‌كانت بچنه‌ ئه‌زمڕ، ئه‌وه‌ داواكاری مام جه‌لاله‌، ئه‌وه‌بوو كاك تالیب ئه‌م كه‌سانه‌ی ده‌ستنیشانكرد: كازم ئه‌حمه‌د ته‌په‌ڕه‌شی، زانا مه‌حمود، هیوا سه‌نگاوی‌، پشتیوان، مسته‌فا، عوسمان، شه‌هید ئاری‌ عه‌لی عه‌باس، شه‌هید عه‌لی، شه‌هید جه‌لال، شه‌هید نامیق، من و كاك تالیب خۆی.

عومه‌ر گه‌رمیانی وتیشی: چوینه‌ ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ ئێستا ئوتێله‌، هێزه‌كانی رژێم هێرشیان ده‌ستپێكرد، له‌ سه‌ره‌تاشدا دوو ئۆتۆمبێلی مێكزه‌مینی‌ و چه‌كدارانی لیوای‌ حه‌رس جمهوری‌ و مغاویر به‌پیاده‌ هێرشیان كرده‌ سه‌رمان، ئێمه‌ش لێیان هاتینه‌ ده‌ست و توانیمان هه‌ردوو ئۆتۆمبێله‌كه‌و دوو ره‌شاش بیكه‌یسی و چه‌ندین چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی‌ دیكه‌ ده‌ستبه‌سه‌ردا بگرین، هێزه‌كه‌ی دوژمنیش شكان و كوژراو و برینداریشیان به‌جێ هێشت.

دوای‌ ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌، كاك تالیب باشتر دایمه‌زراندین و كردینی‌ به‌سێ به‌شه‌وه‌، من و كازم و مسته‌فا داندراین بۆ ئه‌و شوێنه‌ی له‌ ئێستادا به‌له‌مه‌كه‌ی لێیه‌ گۆڕه‌كه‌ی نه‌جمه‌دین مه‌لا.

ئیتر دوژمن به‌ته‌واوی هێرشی ده‌ستپێكرد، هێزی پیاده‌ به‌پاڵپشتی 11 ده‌بابه‌ هێرشیانكرده‌ سه‌رمان، ده‌بابه‌كان ته‌واو نزیك بوونه‌وه‌و هاتنه‌ پردی‌ عه‌لی ئاغا، ئیتر بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر نه‌یه‌نه‌ پێشه‌وه‌و به‌رزاییه‌كه‌ نه‌گرن، هه‌موومان له‌یه‌ك كاتدا ته‌قه‌مان لێكردن، من به‌خێرایی و به‌سه‌ریه‌كه‌وه‌ چه‌ندین گولله‌ rbj م پێوه‌نان، كاك تالیبیش كه‌ له‌ شوێنی ئوتێله‌كه‌ی ئێستا بوو به‌سێ تفه‌نگی rbj و bkc و كڵاشینكۆف شه‌ڕی‌ ده‌كرد، دوو ده‌بابه‌ په‌كیان كه‌وت.

دوای ئه‌وه‌، رژێم زۆر به‌چڕی هێرشی كرده‌وه‌ و توانی‌ لاشه‌ی ده‌بابه‌ په‌ككه‌وتووه‌كان و ده‌بابه‌یه‌كی ساخ ده‌رباز بكات، به‌ڵام باقی ده‌بابه‌كانی دیكه‌ له‌لایه‌ن ئێمه‌وه‌ حه‌سر (ته‌وق) كرابوون ده‌رفه‌تی ده‌ربازبوونیان نه‌بوو.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا باسی له‌وه‌كرد ئه‌و 12 پێشمه‌رگه‌یه‌ به‌ فه‌رمانده‌یی تالیب مۆریاسی پێنج سه‌عات شه‌ڕیان كردووه‌، ئینجا رۆژانی دواتر هێزی دیكه‌ به‌هانایانه‌وه‌ چوون، وتیشی: ئه‌و ده‌بابانه‌ی ته‌وق كرابوون، بۆئه‌وه‌ی ده‌ربازبن له‌تاوا به‌سه‌ریه‌كدا ده‌ڕۆشتن و شپرزه‌ ببون، ئه‌وه‌بوو ده‌بابه‌یه‌ك به‌سه‌ر قه‌مه‌ره‌یه‌كی‌ (لادا)دا ڕۆی‌ و وه‌رگه‌ڕا، ئه‌و لاشه‌ی ده‌بابه‌یه‌ی كه‌ئێستا هه‌ر له‌شاخی ئه‌زمڕه‌، ئه‌و ده‌بابه‌یه‌ یه‌ كه‌وه‌رگه‌ڕا، دوای شكانی هێزه‌كه‌ی دوژمن، له‌ دواتردا من و پێشمه‌رگه‌یه‌كی مامۆستا جه‌مال به‌ناوی به‌همه‌ن چوینه‌ خواره‌وه‌و من به‌ گولله‌ rbj سوتاندم، بۆیه‌ ده‌بێ خه‌ڵك ئه‌وه‌ بزانێت ئه‌و لاشه‌ی ده‌بابه‌یه‌ی كه‌ له‌ ئه‌زمڕه‌ ئه‌وه‌ له‌شه‌ڕدا نه‌سووتا، به‌ڵكوو هه‌ڵدێرابوو و دواتر به‌وجۆره‌ سوتاندمان كه‌ باسم كرد.

له‌ كۆتایشدا وتی: ته‌نیا له‌ به‌تالیۆنه‌كه‌ی خۆمان له‌ ته‌واوی شه‌ڕه‌كانی ئه‌زمڕدا هه‌ر یه‌ك له‌ تالیب و كازم و من و نامیق و مسته‌فا برینداركراین، شه‌هیده‌كانیش بریتین له‌ ئیسماعیلی خوله‌كورده‌و عه‌لی به‌رزنجی و ئاری عه‌لی عه‌باس و جه‌لال، ره‌نگه‌ له‌ قۆڵی خه‌مزه‌و شوێنی تریش شه‌هید و بریندار هه‌بێت.

یەکێک لە شەهیدەکانی داستانی ئەزمڕ- ئیسماعیلی خولە کوردە

 286 جار بینراوە