سەرەکی » مانشێت » له‌سێداره‌دانی چوار ئه‌فسه‌ره‌كه‌‌و په‌ره‌سه‌ندنی كوردایه‌تی

ئەدەبیاتی مام

له‌سێداره‌دانی چوار ئه‌فسه‌ره‌كه‌‌و په‌ره‌سه‌ندنی كوردایه‌تی

به‌ پێنووسی: مام جه‌لال

به‌شی چواره‌م
ساڵی 1947 یه‌كه‌مین ساڵی ئه‌ندامه‌تیم بوو له‌ پارتی دا. دوای ئه‌وه‌ی بوومه‌ ئه‌ندامی شانه‌ی سه‌ره‌كی لای مامۆستا عه‌لی عه‌بدوڵڵا چالاكیم زیادی كرد. هه‌م بۆ راكێشانی خوێندكاران بۆ ریزی حزب‌و هه‌م بۆ په‌ره‌پێدانی چالاكی (k.p.x) هه‌ندێ براده‌ری نزیكی خۆم هه‌بوون وه‌ك كاك جه‌مال تایه‌ر‌و كاك محمد ملا صادق‌و كاك كه‌ریم شێخانی پاشان وه‌ك شه‌هید خالید سه‌عید‌و كاك واحید سعید‌و كاك مجید ئاسنگه‌ر‌و چه‌ندین هه‌ڤاڵی تر زوو زوو یه‌كترمان ده‌دیت‌و پێكه‌وه‌ باسی كوردایه‌تی‌و پارتی‌و حشع- مان ده‌كرد‌و هه‌مووشمان بیروڕامان لێك نزیك بوو پاشان هه‌مووش بوونه‌ ئه‌ندام له‌ پارتی دا. دیاری هه‌ڤاڵی تریش هه‌بوون كه‌ ڕه‌نگه‌ ئێسته‌ ناوه‌كانیانم له‌یاد نه‌بێت بۆیه‌ داوای لێبوردنیان لێ ده‌كه‌م‌و به‌هیوای ئه‌وه‌م ئاگادارم بكه‌نه‌وه‌. كاك وریاش له‌لای خۆیه‌وه‌ هه‌ر خه‌ریك بوو. به‌تایبه‌تی كه‌ ئه‌ویش له‌گه‌ڵ من پێكه‌وه‌ بووبووینه‌ ئه‌ندامی پارتی.رووداوی گرنگ له‌و ساڵه‌دا گه‌ڕانه‌وه‌‌و نه‌فی بارزانیه‌كان بوو كه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی شێخ ئه‌حمه‌دی نه‌مر گه‌ڕابوونه‌وه‌ عێراق‌و هه‌ندێكیان به‌ ئیعدام حوكم درابوون كه‌ جگه‌ له‌ خودانی نه‌مر بارزان بریتی بون له‌ خوالێخۆشبووانی نه‌مر شێخ صادق بارزانی‌و وهاب ئاغا حه‌مه‌ عه‌لی ئاغای جوندیان‌و حه‌مه‌د ئاغای مێرگه‌سووری باوكی شه‌هیدان حسێن‌و فاخر‌و براكانی تریان.
بارزانیه‌كان بڵاوه‌یان پێ كرابوو، ماوه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ بارزان پێ نه‌درابوو. حاڵی ماڵ‌و مناڵیان زۆر شڕ بوو. زیندانیه‌كانیشیان بۆ به‌سره‌‌و ماڵی شێخه‌كانیشیان بۆ خوارووی عێراق نه‌فی كرابوون جگه‌ له‌ بارزانیه‌كان چوار ئه‌فسه‌ره‌ نه‌مره‌كه‌ش عزت عه‌بدولعه‌زیز‌و مسته‌فا خۆشناو‌و محمد قودسی‌و خیرالله عه‌بدولكه‌ریم له‌ ژوری ئیعدامی زینداندا بوون. چونكه‌ خۆیان به‌ده‌سته‌وه‌ دابوو كه‌چی كاك به‌كر عه‌بدولكه‌ریمی حه‌وێزی دابوویه‌ شاخ‌و له‌ ده‌وروبه‌ری كۆیه‌ به‌ قاچاغی ده‌ژیا خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی ئه‌و چوار ئه‌فسه‌ره‌ له‌لایه‌ن شیوعیه‌كانی كۆیه‌ به‌تایبه‌تی خوالێخۆشبوو مامۆستا وردی زۆر به‌ گه‌رمی دژی پارتی‌و مه‌لا مسته‌فای به‌كارده‌هێنرا. پروپاگه‌نده‌یه‌كی به‌ربڵاویان ده‌كرد. كه‌ گۆیا ئه‌وانه‌ له‌ داخی مه‌لا مسته‌فای سه‌رۆكمان‌و سه‌باره‌ت به‌ تێكچوونیان له‌گه‌ڵی ملی خۆیان خستۆته‌ به‌ر چه‌قۆی جه‌للاده‌كان.زۆرتر به‌ناوی شه‌هید مسته‌فا خۆشناوه‌وه‌ دیعایه‌یان ده‌كرد كه‌ گۆیا بیره‌وه‌ریه‌كانی به‌ خه‌تی خۆی نووسیوه‌ته‌وه‌‌و داویه‌تی به‌ پارێزه‌ر موكره‌م تاڵه‌بانی‌و له‌وێدا زۆر شتی دژی بارزانی نووسیوه‌. ته‌نانه‌ت پاشان وه‌سیه‌ت نامه‌كه‌شیان كه‌ له‌ پێش ئیعدامدا نووسیبویان بڵاو كرایه‌وه‌ ده‌یان گوت ئه‌و (جه‌هاله‌ته‌ی) داوایان له‌ لاوانی كورد گردووه‌ دژی بوه‌ستن‌و دوای مه‌كه‌ون نیازیان (سه‌ركردایه‌تی عه‌شایه‌ری بارزانی) یه‌ ئێمه‌مانانیش كه‌ ئه‌وسا وه‌ك ده‌روێشی سه‌رۆك بارزانی وابووین زۆرمان پێ ناخۆش بوو، وه‌ له‌ پێش خۆبه‌ده‌سته‌وه‌ دانیانه‌وه‌ وامان وه‌رام ده‌دانه‌وه‌ كه‌ ته‌سلیم بوون پاكانه‌ی بۆ نیه‌. با ئه‌وانیش وه‌ك كاك به‌كر كه‌ریم له‌و شاخ‌و كێوانه‌ی كوردستان بمایانه‌وه‌‌و خۆیان به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌دابا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پارتی زۆری هه‌وڵدا بۆ رزگاركردنیان، به‌تایبه‌تی خوالێخۆشبوو كاكه‌ زیاد ئاغای حه‌مه‌ ئاغای كۆیه‌ كه‌ نائیبی په‌رله‌مان‌و جێگری سه‌رۆكی پارتی بوو، زۆری هه‌وڵدا، زۆر جار ده‌چووه‌ سه‌ر وه‌زیره‌ كورده‌كان‌و جارێكیان وه‌فدێكیشی پێكهێنا له‌ نائیبه‌ كورده‌كان‌و چوونه‌ سه‌ر صالح جه‌بری سه‌ره‌ك وه‌زیری ئه‌وی رۆژێ، بۆ هیچ نه‌بێ رزگار كردنیان له‌ مردن. به‌ڵام صالح جه‌بری جه‌للادی راپه‌ڕینی 1948/یش سوور بوو له‌سه‌ر ئیعدام كردنیان. ئه‌وه‌ی راست بێت چونكه‌ صالح جه‌بر یه‌كه‌مین سه‌رۆك وه‌زیرانی شیعه‌ی عێراق بوو، ده‌یویست دڵسۆزی خۆی بۆ ئینگلیز‌و پادشایه‌تی به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك بسه‌لمێنێت‌و به‌پێچه‌وانه‌ی ته‌قالیدی دۆستایه‌تی شیعه‌ له‌گه‌ڵ برا كورده‌كانیان گوێی له‌ داوا ره‌واكه‌ی كاكه‌ زیاد ئاغا‌و هه‌ڤاڵه‌كانی ڕانه‌گرت‌و هه‌ر چواریانی له‌ به‌ره‌به‌یانی 18/حوزه‌یرانی/1947 دا هه‌ڵواسین. به‌و ره‌فتاره‌ دڕندانه‌یه‌شی دڵی هه‌موو كوردپه‌روه‌رێكی داخ كرد‌و خه‌ڵكی هوشیاری كوردستانی ورووژاند.
پارتیش كه‌ خۆی به‌ خاوه‌نی ئه‌و شه‌هیدانه‌ ده‌زانی كه‌وته‌ خۆسازدان بۆ خۆپیشاندان له‌ دژی ئه‌و كاره‌ هیچ نه‌بێ له‌و شارانه‌ی ته‌رمه‌كانی ئه‌و شه‌هیدانه‌ی بۆ ده‌چنه‌وه‌.
له‌ كۆیه‌ به‌ته‌مای هاتنه‌وه‌ی ته‌رمی شه‌هید مسته‌فا خۆشناو بووین كه‌ خۆی په‌روه‌رده‌ی خوێندنگای شۆڕشگێرانه‌ی شاره‌ دێرینه‌كه‌ی كۆیه‌ بوو. وه‌ك له‌بیرم بێ، مامۆستا عه‌لی عه‌بدوڵڵا ئێمه‌ی شانه‌ی سه‌ره‌كی خوێندكارانی كۆكردینه‌وه‌‌و داوای خۆسازدان‌و نه‌شید ئاماده‌كردنی لێ كردین بۆ خۆپیشاندانه‌كه‌، ئێمه‌ش چالاكانه‌ كه‌وتینه‌ خۆمان‌و ده‌سته‌ی نه‌شید خوێندنه‌وه‌‌و ده‌سته‌ی دروشم هه‌ڵگر‌و ده‌سته‌ی هوتاف كێش‌و بژی‌و بڕوخێ- مان پێكهێنا‌و ژماره‌یه‌كی باش خوێندكارمان بۆ خۆپیشاندانه‌كه‌ ئاماده‌ كرد. به‌ڵام ئه‌وه‌بوو ته‌رمه‌كان به‌ره‌و گردی سه‌یوان‌و ئامێدی‌و هه‌ولێر به‌ڕێ كران‌و ته‌رمه‌كه‌ی شه‌هید مسته‌فا خۆشناویش له‌گه‌ڵ ته‌رمی شه‌هید محمد قودسی به‌ره‌و سلێمانی برانه‌وه‌. رۆڵه‌ی دلێر‌و هه‌ڵكه‌وتووی گه‌له‌كه‌مان كاكه‌ ده‌بابه‌ی نه‌مر ئه‌ركی بردنه‌وه‌یانی گرته‌ ئه‌ستۆ‌و له‌ به‌غداوه‌ به‌ره‌و شاری هه‌ڵمه‌ت‌و قوربانی شاری قاره‌مانی سلێمانی بردن.
ده‌یگێڕایه‌وه‌ كه‌ باوكی شه‌هید محمد قودسی‌و چه‌ند نه‌فه‌رێك كه‌ هه‌تا كه‌ركوك به‌پیریانه‌وه‌ هاتبوون، به‌ته‌مای ئه‌و پێشوازی یه‌ گه‌رمه‌ نه‌بوون كه‌ خه‌ڵكی سلێمانی لێی كردن.به‌ڵام هه‌ر له‌ ده‌ربه‌ندی بازیانه‌وه‌، له‌ په‌نا به‌رده‌ قاره‌مانه‌كه‌ی شێخ مه‌حمودی نه‌مره‌وه‌ ده‌سته‌ده‌سته‌‌و پۆل پۆل خه‌ڵك راوه‌ستا بوون‌و هاتبوون بۆ پێشوازی له‌ ته‌رمه‌ پیرۆزه‌كانی شه‌هیدان‌و كه‌ گه‌یاندرانه‌وه‌ سلێمانی هه‌موو جه‌ماوه‌ری شاره‌ قاره‌مان‌و دڵه‌ زیندووه‌كه‌ی كوردستان ورووژابوون‌و ڕژابوونه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان‌و ته‌رمه‌ی‌ پیرۆزه‌كان به‌ نه‌شیدی شه‌هیدان‌و هوتافی سه‌روه‌ری‌و نه‌مری بۆ شه‌هیدان‌و مردن‌و روخان بۆ ئیستعمار‌و داگیركه‌رانی كوردستان‌و له‌ژێر ده‌سته‌ گوڵ‌و چه‌پكه‌ گوڵدا له‌ گردی پیرۆزی سه‌یوان، خرانه‌ باوه‌شی دایكی دڵسۆزی نیشتمانه‌وه‌.
كاكه‌ حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ته‌هاش(كه‌ پاشان به‌ كامه‌ران موكری ناسرا) به‌ ده‌نگه‌ دلێره‌كه‌ی خوتبه‌یه‌كی به‌سۆز ده‌خوێنێته‌وه‌ دوای چه‌ندین شیعر‌و گوته‌ی دڵسۆزانه‌ش جه‌ماوه‌ری شار روو ده‌كه‌نه‌ مه‌جلیسه‌كانی فاتیحه‌ بۆ شه‌هیدان.
ئه‌و خۆپیشاندانه‌ گه‌وره‌یه‌ی جه‌ماوه‌ری سلێمانی نیشانه‌یه‌كی تری په‌ره‌سه‌ندنی كوردایه‌تی‌و خه‌باتی ناو شه‌قامه‌كان بوو، كه‌ پاشان له‌ راپه‌ڕینی 1948دا به‌ چاكترین شێوه‌ خۆی نواند.
شاعیرانی نه‌مریش فایق بێكه‌س‌و پیره‌مێرد‌و چه‌ندانی تر به‌ شیعر داخی دڵی كوردیان به‌ داگیركه‌ران ڕشت.
ئێمه‌ش له‌ كۆیه‌ كه‌ له‌ خۆپیشاندان بێ به‌ش كراین، به‌ باس‌و خواسی دلێری‌و ئازایه‌تی شه‌هیده‌كان كۆڕ‌و كۆبوونه‌وه‌كانی خۆمانمان گه‌رم ده‌كرد‌و وه‌سیه‌تنامه‌ی شه‌هیدانمان ده‌خوێنده‌وه‌‌و بڵاو ده‌كرده‌وه‌.
به‌م جۆره‌ هاوینی 1947 مان به‌ په‌ره‌پێدانی چالاكی‌و خه‌باتی حزبی برده‌ سه‌ر‌و چه‌نیدین هه‌ڤاڵی ترمان كرد به‌ ئه‌ندام. خۆشم ئه‌و ساڵه‌ سه‌ره‌تاییم ته‌واو كرد. زۆر شاد بووم كه‌ یه‌كه‌می هه‌موو لیوای هه‌ولێر بووم‌و دڵم زۆر به‌وه‌ خۆش بوو كه‌ چالاكی زۆری حزبایه‌تی‌و خوێندكارانه‌ په‌كی خوێندن‌و ده‌رس فێربوونی نه‌خستبووم، به‌و ده‌ره‌جه‌ باشه‌ ده‌رچووبووم.

ئەم نووسینەی سەرۆکی نەمر
مام جەلال بە ئەڵقە لە گۆڤاری خاک-دا لە ژمارە (9) لە 10/5/1998 بڵاوکراوەتەوە.
کوردستانی نوێ پێی باش بوو وەک بەشێک لە کەلەپوری مام دووبارە بڵاوی بکاتەوە

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*