سەرەکی » وتار » شیلان ده‌رگه‌ڵه‌یی » ژن لەنێوان حزب و عاتفەدا!!پەڕە 4

ژن لەنێوان حزب و عاتفەدا!!

بابەتێکی هەستیارە و زۆرجار پیاوان خۆیان لەقەرەی ئەو بابەتە نادەن بۆ ئەوەی بە (دژەژن) و دواکەوتوو ناوزەدنەکرێن، بەڵام ئێمەی ژن هەقە چیتر چاوپۆشی لەو پێشێلکارییەی بەرپرسی چاوبز و هەندێک ژنی هەلپەرست نەکەین کە نەفسنزمی و بودەڵەیی هەندێک پیاوی نامەسئول دەقۆزنەوە بۆ گەیشتن بە دوا پێپیلکه. نەبوونی ژن لە هەر ئۆرگانێکی حیزبی یان ئیداری یا هەر کایەیەکی کۆمەڵایەتی، دواکەوتوویی و سستی ئەو ئۆرگانە دەسەلمێنێ، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە بۆ بوونی رەگەزی( مێ) هیچ پێوەرێکی ژیرانە و لۆژیکییانە ڕەچاونەکرێ بۆ دانانی لەهەر ئۆرگانێک.
من نامەوەێ لێرە تۆمەت بۆ ژن ببەخشمەوە، خۆشم ژنم و لەناو حیزب و رێکخراوی خوێندکارانیش کارم کردووە، ژنی چالاک و دڵسۆز و لەهەموو روێک پاکم دیوە، تا راددەی وازهێنان بێزاریان کردووە، چونکە نەکەوتوۆتە ژێر کاریگەری کوتلەبازی و تەقڵەبازی و هەوەسبازی بەرپرسان، هەشیانبووە لە پێپیلکەی یەکەم بازی پێدراوەتە سەری سەرەوە كه‌ هه‌رگیز ئه‌و بازپێدانه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای كارامه‌یی و توانی نه‌بووه‌، به‌ڵكو له‌به‌ر ده‌سته‌مۆی و وابه‌سته‌یی به‌ ته‌كه‌تول و هه‌ندێك شتی دیكه‌ بووه‌.
ئاخر من پێشمەرگەی دانەبڕاوم دیوە لە شێخه‌ڵڵای هەولێر، لە بازاڕی رانیە، لەژێر پردەکەی سلێمانی (دەستگێر) بووە، واتە دەسته‌یه‌ك گۆرەوی یان بنیشتی لەسەردەست بووە و فرۆشتوویەتی، کەچی لە ماڵێکدا چوار پێنج خوشک (کارگێڕ) و پلەدار و لەوانەیە ئەوجارە کاندیدی پەرلەمانیشیان هەبێ لەناو لایەنەکانی تر، بێ ئەوەی نە لەرووی فکری و نە رابردووشیان شایستەبن! خۆ لەنێوان ئەو پێشمەرگە (دەستگێڕ) و ئەو کچە (کارگێڕ) انە جیاوازییەکە زۆر دیار و زەقە.
بۆچی دەبێ ژنێک یا کچێک لەبەر کۆمەڵێک ئیعتباراتی نه‌شیاو و نابه‌جێ لەسەر پیاوێک فەرز و فەزڵ بکرێ و بچێتەپێش کە شەرمەزاری بۆ حیزبەکەی و فراکسیۆنەکەی لەدوایە، ئەوە جگە لە خواردنی مافی کەسانی تریش!! بۆ کچێک لەسەر بنه‌مای کچی یا خوشکی فلان شەهید یا بەرپرسە پۆستی ناشایستە بە (کەسایەتی خۆی نەک شەهیدەکەی) وەرگرێ و دواییش ببێتەوە دڕک یا هەر خۆشی مایەی شەرمەزاری بێ؟!
بۆچی عاتیفەی حیزبی و شەخسی حوکم بکا لە هەڵبژاردنی کادیر بۆ پۆستەکان؟! خۆ دەکرێ ئەوانە لە شوێنی تر رازی بکرێن، حیزبایەتی بە سۆزوعەتف ناکرێ. چەند لەو کچ و ژنانەی رۆژئاوا و باکوور کچ و خوشکی ساڵح موسلم یا سەلاحەدین دەمیرتاشن و سەرپەرشتی بەرەیەکی فراوانی شەڕیش دەکەن؟!! چەند لە بەرپرسە پیاوەکانیشیان سەرۆک عەشیرەت یا بازرگانن و پەیەدە و هەدەپە ( دیوەخانانە)یان بۆ دابینکردبن و لە بۆنەکان بەرپرسەکان سەردانیان بکەن؟!
ئێمە تا لەو چوارچێوە تەسکە تەقلیدیە عەشایەریە پڕعاتفیە دەرنەچین، ڕەوڕەوەکەمان هەر بەرەو دواوە لێدەخورین.
یەکێتی دەبێ دەرچێ لەو قاوغە کۆنەی، دەبێ ژن لەسەر بنه‌مای رابردوو ئێستای پاکی، ئاستی زانستی، فکری، خاوەن بەرنامەی کار و دڵسۆزی بۆ خاک و نەتەوە ئینجا حیزبەکەیشی هەڵبژێرن، نەک ئەو هۆیانەی لەسەرەوە باسمکردن. بۆ منی ژن گرنگە ژنێک لەوێ بێ هەست بکەم دەنگ و رەنگی منە، نەک بۆ مەرامی تایبەتی خۆی و پاڵنانی لەلایەن هەندێک بەرپرس چوارساڵ لەوێ بخوا و بخەوێ و خۆی پڕکا و پێش تەواو بوونی ماوەکەشی ئەمبەر و ئەوبەر بکا، بەڵکو خولێکی تریش لێ پاڵداتەوە.

 637 جار بینراوە