سەرەکی » راپۆرت » ئیرادەی بەهێز هۆکاری سەرەکی زاڵبوونە بەسەر شێرپەنجەدا

ئیرادەی بەهێز هۆکاری سەرەکی زاڵبوونە بەسەر شێرپەنجەدا

راپۆرتی: زانیار ئیبراهیم

کارزان چاکبووەوەیەکی نەخۆشی شێرپەنجەیە، سەرەتا کە پێی وتراوە توشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە زۆر خەفەتی خواردووە بەتایبەت ئەوکاتەی دەستیکردووە بە وەرگرتنی چارەسەرەکان و قژی هەڵوەریوە، بەڵام دواتر بەرەبەرە ئەو دۆخەی تێیدا بووە لای ئاسایی بووەتەوە و بە ورەیەکی بەرزەوە رووبەڕووی نەخۆشیەکەی بووەتەوە و وتی: دوای سێ ساڵ لە وەرگرتنی چارەسەر باش بووم گەڕاومەتەوە بۆ ژیانی ئاسایی خوێندکارم و دەخوێنم، بە هەموو ئەو کەسانە دەڵێم کە تووشی شێرپەنجە بوون هیوا و ئومێد لەدەست نەدەن و بە ورەیەکی بەرزەوە دەتوانن بەسەر نەخۆشییەکەیاندا زاڵببن.

شێرپەنجە بریتیە لە زیادبوونی نائاسایی خانەکانی لەش بەشێوەیەکی ناڕێک زیادبوونیان لە رووی قەبارەوە کە دەبێتە هۆی ئەوەی خانە ئاساییەکانی لەش داپۆشێت و بڵاوبێتەوە بەجەستەدا.

شێرپەنجە بەگشتی دوو جۆرە جۆرێکیان مەترسیدار نییە و بەنەشتەرگەری ئەو گرێیەی هەیە لادەبرێت، جۆری دووەمیان مەترسیدارە کە دەبێت بەدوو بەشەوە شێرپەنجەی گرێ رەقەکان و شێرپەنجەی خوێن، ئەمانە پێویستیان بە چارەسەری زیاترە.

شێرپەنجە یەکسان نییە بە مردن
جۆری ئەو شێرپەنجەیەی تووشی کەسەکان دەبێت دەگۆڕێت و بەپێی توێژینەوەکان دەرکەوتووە منداڵ باوترین جۆری شێرپەنجە کە توشی دەبێت شێرپەنجەی خوێنە، ژنان زیاتر تووشی شیرپەنجەی مەمک دەبن پیاوانیش زیاتر تووشی شێرپەنجەی سییەکان و بۆری هەوا دەبن، ژن و پیاو زیاتر بەهۆی کارلێکی دەرەکی و ژینگەوە تووش دەبن، بەڵام منداڵان زیاتر هۆکاری توشبوونیان بۆماوەییە.

سێ رێگە بەگشتی بۆ چارەسەر بەکاردێت ، چارەسەر بە نەشتەرگەری ، تیشك ، کیمیایی کە چارەسەرەکانیش بەپێی جۆری شێرپەنجە و شوێنەکەی دەگۆڕێت بۆ نموونە شێرپەنجەی خوێن بە نەشتەرگەری چارەسەر نابێت پێویستی بە چارەسەری کیمیاییە، شێرپەنجەی ئێسک سەرەتا پێویستی بەنەشتەرگەرییە ئینجا چارەسەری کیمیایی.

زەردەشت بەکر پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خوێن و شێرپەنجەی منداڵان وتی، شێرپەنجە یەکسان نییە بە مردن و هەر کەسێک کە تووشی شێرپەنجە دەبێت لە هەرسات و کاتێدا بێت هێشتا هیوای چارەسەرکردنی هەیە، ئەوەی گرنگە خێزان و چواردەوری یارمەتیدەری بن و هەمیشە دڵنەوایی بدەنەوە.

هیوا لەسەر ئاستی عیراق یەکەمە
یەکێک لەو نەخۆشخانانەی لەسەر ئاستی عیراق خزمەت دەکات بە نەخۆشانی شێرپەنجە نەخۆشخانەی هیوایە کە 175 قەرەوێڵەی هەیە و رۆژانە نزیکەی 700 نەخۆش سەردانی دەکەن.

یاد نەقشبەندی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا بە کوردستانی نوێی راگەیاند، جگە لە هەرێمی کوردستان نەخۆش لە پارێزگاکانی تری عیراق تەنانەت لە باکور و رۆژهەڵات و رۆژئاوای کوردستانیشەوە سەردانیان دەکات و تێچووی چارەسەری یەک نەخۆش بۆ یەک مانگ زیاترە لە 70 هەزار دۆلار.

وتیشی، ئێستا قۆناغی چارەسەرکردنی کێشەکانی نەخۆشخانەی هیوا هەنگاوی زۆر باشیان بڕیوە و وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بەردەوام هاوکاریانن بۆ دەرمان، ئامێری پزیشکی و چارەسەری کێشەی خۆبەخشەکان و ئێستا نەخۆشخانەی هیوا لە قۆناغێکی باشدایە لە رووی بوونی پێداویستییەکانیەوە.

هەریەکە لە سەنتەری چاندنی مۆخی ئێسک و سەنتەری سالاسیما و تاقیگەی پاسۆلۆجی نەخۆشخانەی شۆڕش و سەنتەری ژیانەوە پێکەوە لە ژێر چەتری نەخۆشخانەی هیوا خزمەت بە نەخۆشانی شێرپەنجە دەکەن.

ئامارەکان بەرزن
لەساڵی 2018 دا حەوت هەزار و 801 نەخۆش سەدانی نەخۆشخانەی هیوایان کردووە لەو ژمارەیە دوو هەزار و 503 کەسیان تووشی شێرپەنجە بوون، لەساڵی 2019 دا 10 هەزار و 310 نەخۆش سەردانی کردوون لەو ژمارەیە دوو هەزار و 680 کەسیان تووشی شێرپەنجە بوون، ئەگەر بەراوردی نێوان ساڵەکانی 2018 و 2019 بکەین دەبینین ئامارەکانی توشبووانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان و عیراقیش بەرەو زیادبوون رۆشتوون.

یاد نەقشبەندی وتی، نەخۆشخانەی هیوا موڵکی هەموو توشبوویەکی شێرپەنجەیە و داوا لە هاووڵاتیان و سەرمایەداران و بەرپرسانی حوکمی و حزبی دەکەم هاوکاری نەخۆشخانەی هیوا بکەن وەک چۆن بەردەوام هاوکار و پشتیوانی نەخۆشخانەکە بوون.

لەناو کۆمەڵگەدا وا باوە ئەوەی توشی نەخۆشی شێرپەنجە بوو ئیتر هیوای بە ژیان کەمدەبێتەوە، بەڵام لە رووی زانستی پزیشکییەوە نەخۆشەکە ئەگەر لە کۆتا پلەی نەخۆشیەکەش بێت هێشتا هەر هیوای چاک بوونەوە و چارەسەرکردنی هەیە و ئەوەی گرنگە بوونی ئیرادەیەکی بەهێزە بۆ زاڵبوون بەسەر نەخۆشییەکەدا.

 521 جار بینراوە