سەرەکی » ئابووری » كاركردن لە رێگای (كەلار – سلێمانی) بەردەوامە

كاركردن لە رێگای (كەلار – سلێمانی) بەردەوامە

یادگار عەلی

بەڕێوەبەری رێگاوبانی گەرمیان وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە كە باس لە راگیرانی پڕۆژەی رێگای سەرەكی (كەلار – سلێمانی) بەهۆی خەرجنەكردنی پێشینە بۆ كۆمپانیای جێبەجێكار دەكات و دەڵێت: «كارەكانی پڕۆژەكە نەوەستاوە و لە نزیكترین كاتدا تەرخانكراوی ساڵانە بۆ پڕۆژەكە دەستنیشان دەكرێت».

ئەندازیار عەدنان خەلیل، بەڕێوەبەری رێگاوبانی گەرمیان بە كوردستانی نوێ‌-ی راگەیاند، دروستكردنی رێگای سەرەكی (كەلار – سلێمانی Lot 4 & 5) بەدرێژی (41) كیلۆمەتر، لە پڕۆژە ستراتیژییەكانی ناوچەكەیە و رێژەی كاركردن تێیدا گەیشتۆتە (53 %) و پێشینەیەكی كۆمپانیای جێبەجێكار بە بڕی زیاتر لە (10) ملیار دینار ماوە و تائێستا خەرجنەكراوە و بۆ بەردەوامی كارەكانی پڕۆژەكە؛ كۆمپانیاکە داوای خەرجكردنی شایستە داراییەكانی دەكات.

وتیشی: «ئێمە داواكاری ئەو كۆمپانیایەمان بۆ وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن بەرزكردۆتەوە و دڵنیایی دراوە لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا، تەرخانكراوی ساڵانە بۆ پڕۆژەكە دەستنیشان بكرێت».

 365 جار بینراوە