سەرەکی » کەلتوور » شارە هەمەڕەنگەكەی زیقار

شارە هەمەڕەنگەكەی زیقار

كوردستانی نوێ‌

شاری سوق ئەلشیوخ 300 كیلۆمەتر لە باشووری خۆرئاوای بەغدای پایتەختەوە دوورە و لە سەدەی هەژدەدا بە فەرمانی میرێكی خێڵەكی لەسەر گردێك دروستكراوە كە لە كۆندا بە گردە رەش ناوبراوە و كۆمەڵێك دوكانی لە قوڕ دروستكراو و لە قامیش دروستكراوی تێدا دامەزراوە، لەگەڵ ئەمەشدا سەنتەرێكی جێگیری كۆبوونەوە و دانیشتنی شێخەكان بووە لەگەڵ ئەو میرە عەرەبیانەی لە دوورگەی عەرەبی و لە وڵاتی شامەوە هاتوون و بارەگای عەمباركردنیان بووە و پەناگەشیان بووە لەكاتی پێویستیدا، بەڵام ئێستا نزیكەی 200 هەزار كەس لە هۆزە جیاجیاكانی تێدا نیشتەجێن كە لە تایەفەی جیاوازی عەرەبی سوننە و شیعە و جولەكە و مەسیحی پێكدێن.

شارەكە چەندان ناوی هەبوو كە یەكێكیان سوق ئەلشیوخە و بەوە ناسراوە كە بەریەككەوتنی نێوان هۆزەكانی دەوروبەری تێدا روویداوە، بە هەمان شێوە بە سوگ مارۆش ناوبراوە كە مانای بازاڕی دانا دەكات، لە لایەكی ترەوە شارەكە بە یەكێك لە دێرینترین شارەكانی پارێزگای زیقار دادەنرێت، بەو پێیەی لە ساڵی 1870ی زایینی دامەزراوە، ناوەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە سەنتەری بازرگانی ناوچەكە و باشترین گۆڕەپان بووە بۆ ئاڵوگۆڕی كاڵا و شتومەكە جیاجیاكان، بە هەمان شێوە ناوەكەی بۆ دامەزرێنەرەكەی توینی بن عەبدوڵڵاش دەگەڕێتەوە كە لە خانەوادەی سەعدون حاكیم میرنشینی موتەفیك و یەكێك بووە لە میری هۆزەكانی- خانەوادەی شێخانی سەر بە هۆزە یەكگرتووەكانی مونتەفیكی گەورە و نەوەكانیشی نازناوی شێخ و شێخانی مونتەفیكیان هەڵگرتووە، بۆتە پایتەخت و جێگەی پایتەختی پێشوو گرتۆتەوە كە شاری عەرجا بوو.

گوندەكان و بیابانەكان بەرەو خۆرئاوا چواردەورەی سوق ئەلشیوخیان گرتووە، ئاو و سەوزاییش بەرەو خۆرهەڵات و باشوور، لەگەڵ بوونی زۆنگەكان و دارخورما داخوراوەكان، لەلایەكی ترەوە شارەكە رووباری فوراتی لە ئامێزگرتووە، بەو پێیەی شارە كۆنەكە لەسەر رۆخی خۆرئاوای رووبارەكە دروستكراوە و ئەو پیشەگەرانەی لە ناوچە جیاجیاكانەوە هاتوون تێیدا نیشتەجێ‌ بوون، رۆخەكەی تری بە تێپەڕینی كات، ئەو كۆچەرانە تێیدا نیشتەجێبوون كە لە نێوان ناحیە و پارێزگاكانی تردا هاتوچۆیان كردووە.

كارەكانی دانیشتوانی شارەكە لەنێوان كەمێك لەوانەی كار لە وەزیفە حكومییەكان دەكەن دابەش بووە، لەگەڵ ئەوانی تر كە كڕۆكی ئابوری شارەكەیان لە دەستدایە كە لە بازرگان و خاوەن خانووبەرە و زەوییە كشتوكاڵییەكان پێكهاتوون، بەتایبەت خاوەن باخە خورماكان كە بەرهەمێكی زۆرییان هەیە و زۆرێكی بۆ نێوخۆی عیراق و هەندێكیشی بۆ دەرەوەی وڵات هەناردە دەكرێت.

بە دیوێكی تردا دەكرێت بڵێین، زۆربەی دانیشتوانی سوق ئەلشیوخ پیشەگەرن و خاوەن پیشەی بچوكن كە قوتی ژیانی رۆژانەی خۆیانی لێوە پەیدا دەكەن.

شارە كۆنەكەی سوق ئەلشیوخ بەشێوەیەكی سەرەكی لە 4 گەڕەك پێكهاتبوو، یەكەمیان نەجدییەكان بوون كە لە بادیە و بیابان و نەجد و حیجاز پێكهاتبوو، دوومیان بەغاییەكان كە بە دڵی شارەكە لە باكوورەوە دادەنرا و تێیدا ئەوانە نیشتەجێبوون كە لە بەغداوە هاتبوون، سێیەمیان حوێزە كە بۆ ئەهوازی ئێرانی دەگەڕێتەوە و لە رووبار و زۆنگەكان پێكدێت، چوارمیان لە دانیشتووە هەمەجۆرەكان پێكهاتبوو كە لە شارەكان و گوندە جیاجیاكانەوە روویان لە سوق ئەلشیوخ كردبوو.

شاری سوق ئەلشیوخ سیمای مێژووی جیاجیا لەخۆدەگرێت، ئەمەش وایكرد كۆلێژی شوێنەواریی سەر بە زانكۆی زیقاری تێدا بكرێتەوە كە یەكەم كۆلێژی پسپۆڕە لە شوێنەوارەكان لە عیراق، بە هەمان شێوە بەناوبانگترین سیماكانی شارەكە پەیوەندی بە ئیشانەكانەوە هەیە كە بە سۆمەری واتای گرد دەگەیەنێت، بۆ نمونە ئیشانی ئوم عەباس هەیە كە مێژووەكەی بۆ 2100ی پێش زایین دەگەڕێتەوە، ئیشانی ئوم ئەلحەلفە یان سكیكە و ئیشانی ئوم ئەلوەداع هەن كە مەزاری سەید نیعمە رەزەوی تێدایە، وێڕای ئیشانەكانی مارۆ و ئیشان كیسیكا یان گردی ئەللـەحم و گردی جەدیدە.

سوق ئەلشیوخی عیراقی بەر لە دامەزراندنی، یەكێك بووە لە پاشماوەكانی بابلی و سۆمەریییەكان و دەوروبەری بە ئاو و گۆمەكان گیراوە كە وایكردووە ببێتە نیمچە بەندەر بۆ هەندێك لە كاڵا ناودارەكان لە ناوچەكانی دەوروبەر ببێتە بازاڕ بۆ كاروانی بەدوەكان، تائێستاش شارەكە گرنگیەكی زۆری هەیە و ناوە كۆنەكانی لەنێو دانیشتوانەكەی بە گرنگییەوە تەماشا دەكرێت، بە تایبەتیش سوق ئەلمەواشی.

 221 جار بینراوە