سەرەکی » زانست » ئەم خواردنانە لە لەبیرچوونەوە دەمانپارێزن

ئەم خواردنانە لە لەبیرچوونەوە دەمانپارێزن

ئا: تارا شێخ عوسمان

هەندێك كەس هەستدەكەن ناوبەناو شتیان بیردەچێتەوە و بەئاسانی ناوی كەسەكان و شوێن و كاتێكی دیاریكراویان بیر ناكەوێتەوە و بەهۆیەوە تووشی هەڵوێستی ناخۆش دەبن، كە زۆرجار هەست بە بێزاری و هەندێك جاریش ترسی تووشبوون بە زهایمەریان لەلا دروست دەبێت ، پسپۆرانیش هۆكاری ئەو لەبیر چوونانە دەگەرێننەوە بۆ نیگەرانی و ماندوێتی زۆر و كەمخەویی، لە هەمان كاتدا رێنمایی ئەو كەسانە دەكەن بۆ خواردنی هەندێك بابەتی خۆراكیی كە رۆڵیان هەیە لە باشتركردنی ئەركەكانی مێشك و چالاككردنەوەی یادگە.

پێگەی (Medical Express) میدیكەڵ ئێكسپرێسیش لە زمانی پسپۆڕانی خۆراكییەوە و بە مەبەستی بەهێزكردنی یادگە و روبەڕوبوونەوەی لەبیرچوونەوە، پێنج خۆراكیان دیاریكردووە بۆ یارمەتیدانی ئەوانەی هەستدەكەن شتیان بیر دەچێتەوە، كە ئەمانەن:

یەكەم: هێلكە
هێلكە سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندی چەندین توخمی خۆراكیی گرنگە بۆ راگرتنی بەهێزیی مێشك، لەوانەش ڤیتامینەكانی (B6،B12) و فولات و كۆلین، كۆلین یارمەتی لەش دەدات لە بەرهەمهێنانی ئسیتیل كە جۆرێكە لە گوێزەرەوە دەمارییەكان و مەگێز رێكدەخەن و یادگە چالاك دەكەنەوە، زەردێنەی هێلكە دەوڵەمەندە بە كۆلین.

دووەم: سەوزە
پسپۆڕان هەمیشە رێنماییمان دەكەن بۆ خواردنی سەوزە بە تایبەت ئەوانەی رەنگیان سەوزە و یارمەتیدەرن لە كەمكردنەوەی ئەو زیانانەی رەنگە بەر مێشك بكەون و بە هۆیەوە یادگە لاواز بێت، باشترین سەوزەكانیش (بروكلی و كەلەرم و بیبەر و سپێناخ)ە و هەموویان سوودی زۆریان هەیە بۆ یادگە.

سێیەم : ماسی
ماسی بە تایبەت سەلەمون و ساردین زۆر گرنگن بۆ چالاككردنەوەی یادگە، چونكە دەوڵەمەندن بە (ئۆمیگا- 3) ئەم مادەیە پەرە دەدات بە ئەركەكانی مێشك و یارمەتی چالاكبوونەوەی یادگە و لە بیرنەچوونەوە دەدات، پسپۆڕان ئامۆژگاریمان دەكەن هەفتەی دووو جار ماسیی بخۆین.

چوارەم: چەرەسەكان
چەرەسەكان بەسەرچاوەی گرنگی ڤیتامین(H)دادەنرێن كە دژە ئۆكسانە و یارمەتیدەرە بۆ كەمكردنەوەی كەمیی تێگەیشتن، ئەم حاڵەتەش لە زۆربەی ئەو كەسانەدا دەبینرێت كە چوونەتە تەمەنەوە، بەپێی چەندین توێژینەوەش دەركەوتووە (بادەم) یەكێكە لەو چەرەسانەی بە شێوەیەكی بەرچاو یادگە چالاك دەكاتەوە.

پێنجەم: توو
توێژینەوە جیاوازەكان دەریانخستووە خواردنی توو پەرە بە یادگە دەدات و رێگە لە لەبیرچوونەوە دەگرێت ، چونكە دژە ئۆكسانە و یارمەتیدەرە بۆ زیادكردنی هوروژمی خوێن و ئۆكسجین بۆ مێشك.

سەرچاوە: CNN

 63 جار بینراوە