سەرەکی » زانست » سینی ‌و زەرفی ئەمساڵ وەك ساڵانی رابردوو گەرموگوڕ نییە

سینی ‌و زەرفی ئەمساڵ وەك ساڵانی رابردوو گەرموگوڕ نییە

نووسینگەی كەركوك، هێمن ئەحمەد

یاری سینی ‌و زەرف لە شاری كەركوك‌ و لە گەڕەكەكانی ئیمام قاسم و بڵاخ و بەرتەكییە و موسەڵڵا و پیریادی و قۆریە و بەگلەر و شاترلوو دەكرا، لەم گەڕەكانەوە بڵاوبۆوە بۆ گەڕەكەكانی تری كەركوك تەنانەت بۆ هەولێریش.

یاری سینی و زەرف هاوشێوەی یاری (كڵاوێن)و (محێبس) تەنها لە مانگی رەمەزاندا دەكرێت، یارییەكی میللییە لە نێوان گەڕەكەكاندا دەكرێت، یاری سینی و زەرف كۆمەڵێك تایبەتمەندی خۆی هەیە وەك لەگەڵ یارییەكدا ئاهەنگ گێڕان و دەهۆڵ و زووڕنا لێدان دەست پێدەكات، گۆرانی و سەما، شیرینی دابەشكردن تا بەسەربردنی شەو.

سینی و زەرف پێكدێت لە (سینیەك و 11 زەرف یان كوپ، كوپەكان لە برۆنز + موروو) چۆنییەتی یاریكردنی سینی و زەرف لەدوای بانگی مەغریب و باربانگکردن و لەسەر بانگێشتی گەڕەكێكی تر دەبێت. زۆربەی جار تیپەكان خۆیان گۆرانیبێژو دەهۆڵ و زوڕنا لەگەڵ خۆیان دەبەن بۆ هاندانی یاریزانەكان، هەر تیپێك بریتییە لە سێ بۆ چوار كەس و بەرانبەر یەكتریی دادەنیشن و هاندەرانیش لە دەوریان دادەنیشن، جاری وا هەیە تیپی گەڕەك دەبنە چەندین بەشەوە، بەمانایەكی تر تیپی سەرەكی و چەند تیپێكی تریارییەكە بریتییە لە 3 گێم یان لایەنێك دووجار لەسەر یەك دەیباتەوە، خاڵی كۆكردنەوەی یارییەكە بریتییە لە (101) خاڵ.

جۆری یارییەكە، سینیەكە شیلەی شەكری لێدەدرێت بۆ ئەوەی زەرفەكان (كوپەكان) بگرێت، مورووە كە كەپێی دەڵێن (بونجق) دەخرێتە ژێر یەكێك لەزەرفەكان ئەمە لەژێر پارچە قوماشێك یان بەتانیەك بەڕێوە دەچێ‌ بۆئەوەی كەس نەیبینێ‌.

دواتر دەخرێتە بەردەم تیپی بەرامبەر بۆ دۆزینەوەی، ئەو یانزە زەرفە دووانی گوڵەو یەكێكیان دوو خاڵ دەژمێردرێت، یەكێك لەتیپەكەی بەرامبەر سینیەكە بۆ لای خۆی رادەكێشێت و راوێژ بەهاوڕێكانی دەكات، دواتر بۆی هەیە بەگوڵەكان دەست پێبكات یان زەرفەكان فت بكات، ئەگەر زەرفێكی دەستنیشان كردو وتی: ئەم دوو بوونجقە دەرچێت ئەوە دووخاڵ حساب دەكرێت.

زۆربەی جار سینیەك پاقلاوا دەكڕدرا بۆ یارییەكە، لەگەڵ یاری سینی و زەرف دەهۆڵ و زوڕنا و مەقام و قۆریات بەردەوام میوانی شەوانی مانگی رەمەزانی كەركوكن.

قەدەغەی هاتوچۆی شەوان نیگەرانی كردوون
هاووڵاتی عەمار عەلی، گەنجێكی تەمەن 32 ساڵ كە نەتەوەی عەرەبە، دەڵێ: «ئێمە چەند هاوڕێیەكین هەموو ساڵێك لە شەوانی رەمەزاندا سەردانی یەكترین دەكەین بەمەبەستی یاری سینی ‌و زەرف، خۆشیی یارییەكە لەوەدایە كە ئێمە بووینەتە دوو گروپەوە كە پێدەوترێت گروپی عەرەب ‌و گروپی كوردی‌ و توركمانیشمان لەگەڵدایە زۆرجاریش گروپەكە ئاڵۆگۆڕ لەناو یەكدا دەكەین‌و تێكەڵ دەبین، بەڵام ئەم رەمەزانە بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆ و بڵابوونەوەی پەتای كۆرۆنا و رێگریی لە گەنجان ناتوانین سەردانی گەڕەكانی تر بكەین‌ و تەنیا لەنێو خۆمان یارییەكە دەكەین.

لەسوید ئەم یارییە نییە
هۆشیار كەریم گەنجێكی تەمەن 33 ساڵ، دانیشتووی سویدە بەسەردان گەڕاوەتەوە كەركوك، ئەو دەڵێت: هەموو ساڵێك چەند رۆژێك پێش مانگی رەمەزان دەگەڕێمەوە بۆ شەوانی سینی ‌و زەرفی كەركوك، چونكە كاتێكی زۆر خۆش بەسەر دەبرێت لەو یارییە، چونكە لە سوید ئەمجۆرە یارییانەی تیایدا نییە، كە لەگەڵ هاوڕێیەكانت كۆببیتەوە شەوانە كاتی خۆش بەسەر بەریت.

هاوڕێكانی بێبەش بوون لە سینی ‌و زەرف
شاسوار عەلی، تەمەن 57 ساڵ، دانیشتووی گەڕەكی عەسكەری شاری كەركوكە سەبارەت بە یاری سینی‌ و زەرف وتی: لەپێش جەنگی ئێران‌و عیراق، ئەم یارییەمان لە گەڕەكی حەلواچییەكان دەكرت، بەڵام ئێستا بەداخەوە ناتوانم ئەو یارییە بكەم، چونكە هاو تەمەنی خۆم لەگەڵدا نییەو هەموو شتێك كاتی خۆی خۆشە، جگە لەوەی زۆربەی هاوڕێیەكانم لەسینی ‌و زەرف بێبەش بوون بەهۆی جەنگەوە، هەندێكیان لەترسی جەنگ بەرە و دەرەوەی وڵات رۆیشتن ‌و خۆشم ماوەیەكی زۆر لە بەغدا ژیانم بەسەر برد، بۆیە ئێستاش ئاواتە خوازی ئەو رۆژە خۆشانەم.

زۆربەیان گەنجن سینی و زەرف دەكەن
عەبدواڵڵا محەمەد، خاوەن كافتریای شەوانی شارەكەم، لەسەر یاری سینی ‌و زەرف بە كەشتی نوحی راگەیاند: سەرەتای مانگی رەمەزانی ئەمساڵ یاری سینی ‌و زەرف بە شێوەیەكی بەرچاو زۆر قەرەباڵغ دەبێت، بەڵام بەداخەوە ئەمساڵ بەهۆی قەدەقەی هاتووچۆ و خۆپارێزی لە كۆرۆنا، لەسەعات دەی شەوەوە قەدەغە دەستپێدەكات ئەمەش نیگەرانی لای یاریكەرانی سینی و زەرف دروستكردووە و ئەو كەسانەی یاریەكە دەكەن گەنجن.

ئاژاوەگێڕان دەستگیر دەكەن
بەرپرسێكی ئەمنی كەركوك بە كەشتی نوحی راگەیاند: مەفرەزەكانی پۆلیس چاودێریی ئەو شوێیانە دەكەن كە گەنجانی لێكۆدەبنەوە بەتایبەتی كافتریاو چایخانەكان، چونكە گەنجان ئارەزووی یاریكردنی سینی ‌و زەرفیان هەیە لەو مانگەدا، بۆیە ئێستا هەر شوێنێك قەرەباڵغ بێت دەستبەجێ مەفرەزەكانیان دەگەنە ئەو شوێنە بەمەبەستی چاودێریی كردنیان، داواشی لە هاووڵاتیان كرد هاوكاری هێزەكانی پۆلیس بن‌و لەهەر ئەگەرێكی نەخوازراو ئاگاداریان بكەنەوە.

وتیشی: هەر كەسێك لە ناو كافتریا و چایخانەكان ئاژاوەگێڕیی ‌و پشێویی دروست بكات بەپێی یاسا دەستگیر دەكرێت.

 129 جار بینراوە