سەرەکی » راپۆرت » خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان داوای هاوكاری دەكەن

خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان داوای هاوكاری دەكەن

راپۆرتی/ رێزە حسێن

هەرچەندە ئەو بڕە موچەیەی كە وەریدەگرم بەشی دەرمانەکانم ناكات، بەڵام هیچكات رووی ئەوەم نییە داوای هاوكاری و خەرجیە پێویستییەكانم لە براكەم بكەم، چونكە خێزاندارە و لە خانوی كرێنشیندا دەژی و ئەركی بەخێوكردنی نۆ ئەندامی خێزانەکەی لە ئەستۆدایە، ئەمە قسەی هاجەر كاكە حمە بوو، ئەو كچێكی خاوەن پێداویستی تایبەتە، تەمەنی نزیكی 45 ساڵە و لای برا و براژن ژیان دەگوزەرێنێت، هاجەر ئاماژەی بەوەشكرد، جگە لەو بڕە مووچەی كەمئەندامێتیە هیچ سەرچاوەیەكی تری خۆبەخێوكردنی نییە، لەبارەی دەسەڵات و لایەنی پەیوەنداری هەرێمی كوردستانەوە هاجەر وتی:» ماندوبووین، هێندە داواكاری و پاڕانەوەمان بردە بەردەم حكومەتی هەرێم، دەسەڵات لەئاست نەهامەتی و هەژاریی و هاواری خاوەن پێداویستییە تایبەتەکاندا، نابیستە، نابینایە، بێهەست و بێهەڵوێستە، خاوەن پێداویستی تایبەت، چۆن بە مووچەیەكی كەم ژیان بگوزەرێنێت، كاتێك مرۆڤێكی تەندروست كاری بەئاسانی دەست ناكەوێت، دەبێت خاوەن پێداویستییەكی تایبەت چۆن كاری دەستبكەوێت».

زیاتر لە 120 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت هەیە
دوو ساڵە بە هەزاران خاوەن پێداویستی تایبەت لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی ناوەكانیاندان كە لەلایەن لیژنەی تایبەتمەندەوە چاوخشاندنەوە بە رێژەی كەمئەندامبوونیاندا كراوە، لەوبارەیەوە سامان حسێن سكرتێری یەكێتی كەمئەندامانی كوردستان بەکوردستانی نوێی وت، تەنها ژمارەیەك لە خاوەن پێداویستی تایبەت ناویان گەڕاوەتەوە دوای پشكنین، هاوكات زۆرینەی ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانەی كە پشكنینیان بۆ كراوە مووچەكانیان راگیراوە و تائێستا لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی ناوەكانیاندان.

بەپێی ئامارێكی رێكخراوی یەكێتی كەمئەندامانی كوردستان، بەكۆی گشتی 120 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت لە هەرێمی كوردستاندا هەیە كە تەنها 80 هەزار كەمئەندامیان لەلایەن وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە مووچەیان بۆ بڕاوەتەوە، هەروەك 40 هەزار كەمئەندامیش لە چاوەڕوانی ناونووسیندان بە مەبەستی سودمەندبوون لە وەرگرتنی بڕە مووچەی كەمئەندامان.

زیاتر لە 40 هەزار خاوەن پێداویستی نوێ هەیە
بەپێی زانیاری رۆژنامەی كوردستانی نوێ، لە ماوەی هەشت ساڵی رابردوودا بەهۆی رووداوە جۆر بەجۆرەكان وەك (زگماكی، رووداوی هاتووچۆ، جەنگ، لوغم و مین، حاڵەتی شەڕكردن) بە هەزاران هاووڵاتی هەرێمی كوردستان رووبەڕووی لە دەستدانی بەشێك لە ئەندامی جەستەیان بوونەتەوە و بەوهۆیەشەوە بوونەتە خاوەن پێداویستی تایبەت، سكرتێری یەكێتی كەمئەندامانی كوردستان لەوبارەیەوە زانیاری زیاتری بۆ رۆژنامەی كوردستانی نوێ ئاشكراكرد و رایگەیاند، لە ساڵی 2013 وە دەرگای ناونووسین لەلایەن حكومەتەوە بەڕووی كەمئەندامانی نوێدا داخراوە كە لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان، زیاتر لە 40 هەزار كەمئەندامی نوێ لە چاوەڕوانی ناونووسیندان، وتیشی، تائێستا هیچ هەنگاوێك لەلایەن حكومەتەوە لە چوارچێوەی باشكردنی ژیان و گوزەرانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان نەنراوە كە جێگەی دڵخۆشی بێت بۆیان جگە لە بڕی 100 بۆ 150 هەزار دینار كە وەك مووچەیەكی رۆتینی وەردەگیرێت.

كەمپینێكی خێرخوازی بۆ كاسەی جەژن
سامان حسێن لە بارەی ژیان و گوزەرانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانەوە ئاماژە بەوە دەكات كە ئێستا لەوپەڕی خراپی ژیان و گوزەراندان، بە شێوەیەك هەزاران ئەندامان هەیە، توانای نییە ژەمە خواردنێك بۆ خێزانەكەی دابین بكات، هەروەك ئەوەی جێگەی نیگەرانییە، لایەنی پەیوەندیدار لە حكومەت، خۆی بە خاوەنی كەمئەندامانی ئەم هەرێمە نازانێت و حكومەتی ئەوان نییە، جگە لە سوكایەتی پێكردن، هیچ هەڵوێستێكی ئەرێنی نەناوە بە مەبەستی هاوكاریكردن و باشكردنی بژێوی ژیانیان، هەروەك تەنها ئومێدیان بە خەڵكی خێرخواز و سەرمایەدارانی هەرێمی كوردستانە بۆ خواردنی سفرە و خوانیان لە مانگی رەمەزاندا، هاوكات بۆ كاسەی جەژنی رەمەزان، ئێستا كەمپینێكیان راگەیاندووە لە چوارچێوەی فریاكەوتنی توێژی كەمئەندامان و رزگاركردنیان لە نەبوونی و برسێتی و دابینكردنی كاسەی جەژن.

بەمەبەستی باشكردنی ژیان و بژێوییان، هاوكات رزگاربوونیان لە هەژاری، رێكخراوی یەكێتی كەمئەندامانی كوردستان لە ماوەی پێشتردا بە چەندین جۆر هەڵوەستەیان كردووە، هەروەك هەنگاوی مەدەنیانەیان ناوە لە چوارچێوەی خۆپیشاندان و مانگرتن تا حكومەت لە بارودۆخی كەمئەندامان حاڵی بێت و هەڵوەستە وەربگرێت، هەروەك بەپێی زانیارییەكانی ئەو رێكخراوە تائێستا حكومەت لە ئاستی داواكاری و پێویستییە سەرەتاییەكانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکاندا نادیار و بێ هەڵوێستە.

دەنگی هاواریان بۆ سەرمایەداران و خێرخوازانە
سامان حسێن لە دوا قسەیدا ئاماژەی بەوەكرد، هیواخوازە لە رێگەی رۆژنامەی كوردستانی نوێ وە دەنگی هاوار و برسێتی توێژی كەمئەندامانی كوردستان بگاتە بەرگوێ و هەستی خەڵكانی خێرخواز و سەرمایەداران و وتی:» لە هاوارێكماندا پێیان دەڵێم تكایە خێرخوازان، سەرمایەداران، بگەنە فریای خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە برسێتی و هەژاری رزگاریان بكەن».

بەمەبەستی چاكسازی لە لیستی كەمئەندامانی هەرێمی كوردستان، لەماوەی دووساڵی رابردوودا، بە هەزاران كەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت لە لایەن لیژنەی تایبەتمەندەوە پشكنینان بۆ كراوە، هەروەك بەپێی زانیاری رۆژنامەی كوردستانی نوێ، زۆربەی زۆری پشكنیینەكان، ٪95 بۆ ٪100 رێژەی كەمئەندابوون دەرچووە، بەڵام ئەوەی شایەنی ئاماژە بۆكردنە تائێستا ناوی زۆرینەی ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانە نەگەڕاوەتەوە، تا مووچەیان بۆ خەرج بكرێت، بەو هۆكارەش ژمارەیەكی زۆری خاوەن پێداویستی تایبەت لە مافی سەرەتایی خۆیان بێبەشكراون كە مووچەی كەمئەندامبوونە، هاوكات بە هەزاران خاوەن پێداویستی تایبەتی نوێ لە چاوەڕوانی ناونووسین راگیراون تا وەك كەمئەندامێك هەژمار بكرێن لە هەرێمی كوردستان.

 144 جار بینراوە