سەرەکی » وتار » رۆشنبیر

لاپەڕە هەڵنەدراوەكان هەر جارەی لاپەڕەیەك

رۆشنبیر

ئامادەكردنی: مامۆستا پێشڕەو (پێشڕەو ئیسماعیل)

هەر كە گوێم لە وشەی رۆشنبیر بوو بێ، دەستم بردووە بۆ دەمانچەكەم.

گۆبڵز وەزیری پڕوپاگەندەی نازییەكان

كێ رۆشنبیرە! پێناسەی رۆشنبیر چییە؟ مەرجە رۆشنبیر خاوەنی بڕوانامەی باڵا بێت؟ ئەمانە و زۆر پرسیاری تر لەسەر رۆشنبیر لەم لاپەرەیەدا بخوێنەوە.

ڤیكتۆر هۆگۆ دەڵێت: «رۆشنبیر ئەو كەسەیە كە خۆی لەو شتانە هەڵدەقورتێنێت كە پەیوەندیی بەخۆیەوە نییە، یان مەرج نییە كێشەی خۆی بن. رۆشنبیران ئەو كەسانەن كە هۆشیارییان هەیە لەسەر دیاردەكانی دەوروبەریان، لەبارەیانەوە خوێندنەوەی تایبەتیان هەیە، هەروەها لە یەكێك لەو دیاردانەدا دەتوانن زۆرترین زانیاریی و جوانترین روونكردنەوە پێشكەش بكەن». یان دەڵێت: «رۆشنبیر كەسێكە كە لە هەموو كایەكانی ژیاندا زانیارییەك یان شتێك دەزانێت و لە یەكێك لەو بوارانەدا هەموو شتێک دەزانێت. پێناسەیەكی تری رۆشنبیر ئەوەیە كە لەهەر شتێك، شتێك بزانێت».

كاپتن دریفۆس کەسێکی سەربازیی فەرەنسی بوو، لەساڵی 1894ز) لەلایەن پیاوانی دەسەڵاتەوە حوكم دەدرێت، ئەم حوكمەش كۆمەڵێك لە ئەدیب و نووسەرە ناسراوەكانی ئەوكاتە بێزار دەكات، هەر ئەم تووڕەبوونەیان وایان لێدەكات كە ناڕەزایینامەیەك بەرزبكەنەوە بۆ حكومەت و داوای بە دواداچوون و هەڵوەشاندنەوەی حوكمەكە بكەن، لە ناوە دیارەكانی ئەو نووسەرانە(ئێمیل زۆلا و مارسێل پروست) بوون، نامەكەشیان بەناوی دەستەیەك لە رۆشنبیرانەوە بەرزكردەوە، ئەم نامەیە سەرەتا و سەرچاوەی پەیدابوونی زاراوەی رۆشنبیرە و لە دوای ئەم رووداوە وشەی رۆشنبیر پەیدا بوو، ئیتر بڵاوبۆوە بەناو نووسەران و چینە جیاوازەكانی كۆمەڵگەدا.

رۆشنبیران بە دوو گروپ پۆلێن دەكرێن:

گروپی یەكەم: ئەو رۆشنبیرانەن كە خاوەنی پیشەن وەك: مامۆستایان، ئەندازیاران، پزیشكان، میدیاكاران، كارمەندانی دامودەزگاكانی حكومەت.

گروپی دووەم: ئەو جۆرە رۆشنبیرانەن كە لە پەیوەندیەكی ئۆرگانی راستەوخۆدان لەگەڵ چین و پێكهاتە جیاوازەكانی كۆمەڵ، وەك: شاعیران، هونەرمەندان، چیرۆكنووس و رۆماننووسان.

بەرای بەندە رۆشنبیر ئەو كەسەیە كە لە هەر شتێك، شتێك بزانێت. واتە مەرج نییە هەموو شتێك بزانیت دەربارەی بابەتێك، بەڵام مەرجە شتێك بزانیت، مەرجیش نییە هەر كەسێك خاوەنی بڕوانامەی باڵا بوو رۆشنبیر بێت، جۆن مێجەر خاوەنی بڕوانامەی سێی ناوەندی بوو، بەڵام پیاوێكی رۆشنبیر و تێگەیشتوو بوو، بووە سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا.

لە كۆتاییدا گاندی دەڵێت: «ئەوەی رۆژی رۆژنامەیەك نەخوێنێتەوە، نەخوێندەوارە». لینین-یش دەڵێیت: «رۆشنبیران چرایەكن بۆ پڕۆلیتاریا». ناپلیۆنیش دەڵێیت: «جیڕەی قەڵەمی رۆژنامەنووسێك لە100هەزار سەرباز زیاتر دەمترسێنێت».

 88 جار بینراوە