سەرەکی » دۆسێ » سەدرییەكان چاویان لە بردنەوەی هەڵبژاردنی…

ساعدی: هەندێك لایەن نایانەوێت پرۆسەكە بكرێت

سەدرییەكان چاویان لە بردنەوەی هەڵبژاردنی…

سەدرییەكان چاویان لە بردنەوەی هەڵبژاردنی داهاتووە

هاوپەیمانی سائیرون كە لەلایەن موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدرەوە سیاسەتەكانی ئاراستە دەكرێت پێیوایە، هەندێك لایەن نایانەوێت هەڵبژاردن بكرێت، چونكە دەزانن فراكسیۆنی سەدری دەیباتەوە، باس لە زیانەكانی بەرزكردنەوەی بەهای دۆلاریش دەكات كە لێوەی بە پێویستی دەزانێت، پارێزگاری بانكی ناوەندی لێپێچینەوەی لەگەڵ بكرێت.

سەباح ساعدی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرون لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند»كەمكردنەوەی دەوامی فەرمانگەكان بەهۆی پەتای كۆرۆناوە، قەبارەی بێكاریی فەرمانگەكانی خستەڕوو، سەیریشە ئەنجومەنی نوێنەران بایەخ بە ژمارەی تووشبوان نادات، هەرچەندە ئەنجومەنەكە لەگەڕكەوتووە بەهۆی تەنگژە سیاسییەكان و ئەو یاسایانەی لەم ماوەیەی دواییدا لەژێر گوشاری میللی دەنگیان لەسەردرا».

لەلایەكی ترەوە، ساعدی رایگەیاند»وەزیری بازرگانی 350 ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە و ئەو پێداویستیانەی دابەش نەكردووە لە بەشەخۆراكی مانگانە كە ساڵانە بە بەهای 276 ملیۆن دۆلار لە سوریاوە هاوردە دەكرێن، لەگەڵ ئەمەشدا وەزیرەكەی رەتیدەكاتەوە ئەو بەرپرسانەی تۆمەتبارن بە گەندەڵی لەسەركارلاببات، ئەمەش خۆی لەخۆیدا بە كەمتەرخەمی دادنرێت».

بە وتەی پەرلەمانتارەكەی هاوپەیمانی سائیرون»پارێزگاری ئێستای بانكی ناوەندی، لەڕووی یاساییەوە شیاوی ئەو پۆستە نییە، ئەنجومەنی وەزیرانیش شانازی بە بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار دەكات لەبری داوای لێبوردن كردن لە گەل»، ئاماژەی بە لایەنێكی سیاسی دیاریكراویش كرد (بەبێ‌ ئەوەی ناوی ببات) كە بە بۆچوونی ئەو»دەیەوێت ئەنجومەنی نوێنەران لەگەڕبخات، پاكێجی سپیش كە لەلایەن وەزیری داراییەوە پێشكەشكراوە، جگە لە وێنەیەكی تێكەڵ و پێكەڵ چی دی نییە».

ساعدی دەڵێت»هۆكارێك نەماوە بۆ بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار، بۆیە پێویستە لێپرسینەوە لەگەڵ پارێزگاری بانكی ناوەندی بكرێت، عیراقیش پێویستی بە پشتیوانی دەرەكی هەیە و دەبێت لەڕووی داراییەوە هاوئاهەنگی لەگەڵ وڵاتانی تر هەبێت».

ساعدی لە كۆتایی قسەكانیدا رایگەیاندبوو»هەندێك لایەن هەن نایانەوێت هەڵبژاردن بكرێت، چونكە دەزانن فراكسیۆنی سەدری دەیباتەوە».

وێڕای ئەو كەشە گوماناوییەی دروستبووە، سەبارەت بە ئەگەری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە وادەی دیاریكراوی خۆی لە 10ی تشرینی یەكەمی 2021، بەڵام خۆئامادەكردنەكان بۆ پرۆسەكە هەر لەئێستاوە بە روونی لە بەغدا دەردەكەون، ئەمەش لەڕێی سەردانی مەیدانی سیاسییەكان و پەرلەمانتاران و سەرۆك فراكسیۆنەكان بۆ گەڕەكە هەژار و زیادەڕۆكان و نوێكردنەوەی ئەو وتارانەی سۆزی شەقام دەجوڵێت، لەگەڵ دووبارەكردنەوەی بەڵێنی باشكردنی خزمەتگوزارییەكان و دۆزینەوەی هەلی كار.

چالاكی و ئامادەكارییەكانی رەوتی سەدر لە هەموان زیاتر دەردەكەوێت، بە تایبەت دوای ئەوەی سەكردەكانی رەوتەكە خواستی سەدرییەكانیان بۆ دەستخستنی سەرۆكایەتی حكومەتی داهاتوو خستەڕوو.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، سەركردەیەكی دەركەوتووی رەوتی سەدر، ئاماژەی بە ئامادەكارییە میللییەكانی رەوتەكە كردبوو بۆ هەڵبژاردن كە لێوەی سەدریەكان «دەیانەوێت لانی كەم 100 كورسی پەرلەمان دەستەبەر بكەن و مافی پێكهێنانی حكومەت بۆخۆیان بپچڕن».

سەركردەكەی رەوتی سەدر بە رۆژنامەی (العربی الجدید)ی قەتەری رایگەیاندبوو»حكومەتی داهاتوو پشكی رەوتی سەدرە، چونكە سەردەمی حزبی دەعوە و ئەنجومەنی باڵا كۆتایی هات، بەهۆی پاشەكشەكردنی ئاستی جەماوەریی و شكستخواردنیان لە بەڕێوەبردنی حكومەتەكانی پێشوو».

بە وتەی ئەو سەركردەیەی رەوتی سەدر»رەوتەكەیان بە تەنیا و بە یەك لیست دەچێتە هەڵبژاردن، ئەمەش دوای ئەزمونێكی ناسەركەوتوو لەگەڵ حزبی شیوعی عیراقی و مەدەنییەكان، لەئێستاشدا وادەردەكەوێت شیوعییەكان لەگەڵ رەوتە مەدەنییەكان و ئەوانی تر لە گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندانەوە هاوپەیمانییان بەستبێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، تا لە مۆڵگەی ئیسلامییەكانەوە لە نەجەف و كەربەلا و ناوچەكانی ترەوە ركاربەری بكەن، بۆیە ناكرێت لەگەڵ شیوعییەكان ببنەوە بە هاوپەیمان و بگرە ركابەرییان دەبن لە هەڵبژارندا».

سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەكردنی حكومەتی داهاتوو لەگەڵ ئەمریكاییەكان، لە سایەی بەرزكردنەوەی دروشمی بایكۆتی واشنتۆن، سەركردەكەی رەوتی سەدر رایگەیاندووە»مەرج نییە سەرۆكی حكومەتی داهاتوو لە رەوتی سەدر بێت، بەڵكو لەلایەن رەوتەكەوە رادەسپێردرێت. ئەگەرێكی زۆر هە لە دەرەوەی چوارچێوەی ئەوانەبێت كە پەیوەندییان بە رەوتی سەدرەوە هەیە».

«سەدر پلانی هەیە زۆرینە لە پەرلەمانی نوێ‌ دەستەبەر بكات، تا بتوانێت بۆخۆی سەرۆك وەزیران هەڵببژێرێت، بەبێ‌ ئەوەی كەسێتییەكی سەدری بێت، یان نزیك بێت لێوەی، بەڵكو پەیوەندی لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكان باش بێت و لەلایەن ئێران و ئەمریكاشەوە پشتیوانی لێبكرێت. سەدر دەزانێت قورسە كەسێتییەك پێشكەش بكرێت، لەنێوان ئێران و ئەمریكاییەكاندا رێكەوتنی لەسەر نەكرابێت».

 124 جار بینراوە