سەرەکی » وتار » سعودیە و پاشەکشە لە بەرامبەر ئێراندا

سعودیە و پاشەکشە لە بەرامبەر ئێراندا

سیامەند موهتەدی

لە لایەنی مێژوییەوە تا پێش شۆڕشی گەلانی ئێران لە 1979، پەیوەندییەکانی ئێران و سعودیە، سەرەڕای هەندێک ئاستەنگی جاربەجار ئاسایی بوو و تەنانەت لە دەورانی محەممەد رەزاشای پەهلەویدا، ئەم پەیوەندییە لە ژێر قبوڵکردنی هەژموونی ئەمریکا و دژایەتیکردنی سۆڤێتدا پێی ‌نابووە قۆناغی هاوکارییەکی دۆستانەوە. بەڵام لەپاش 1979ـوە ئێران خۆی بە پێشەنگ و ئاڵاهەڵگری مسوڵمانانی دنیا پێناسە کرد، واتە هەمان رۆڵ کە سعودیە بەرلە ئێران خاوەندارێتی دەکرد و ئێستاش هەردووکیان مکوڕن لەسەری و ئەمە بوو بە هەوێنی جۆرێک رکابەرایەتی بنچینەیی و ئێستاشی لەگەڵدا بێت، هیچ کامیان سەروەریی و تەنانەت رەوایی ئەوی ‌تری قبوڵ نەکردووە. کەوابێت دەتوانین بڵێین کێشەی ئەم دوو وڵاتە پێناسەییە و گرێدراوی فەلسەفەی رەوایی دەسەڵاتەکەیانە و هەر بەو هۆکارەش لانیکەم تائێستا چارەسەرێکی بنەڕەتی و یەکلاکەرەوە لەبەردەستدا نییە.

لەدوای ساڵی 2016 گرژییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە پێی‌ نایە قۆناغێکی جیاوازەوە و هیچ پەیوەندییەکی دیپلۆماسی رەسمی لە نێوانیاندا نەما، ئێران هەموو هەوڵی خۆی خستبووەگەڕ بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتە ناوچەییەکانی و لە بەرامبەردا سعودیەش دژایەتی بەشار ئەسەدی دەکرد، هەوڵی جددی دەدا بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرە شیعەکان لە بەحرێن، هێرشی کردە سەر حوسییەکانی یەمەن و هەر لەو سەروبەندەدا شازادەی جێنشینی سعودیە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی MBCدا وتی: «لەئاست دەستێوەردانەکانی ئێران بێدەنگ نابین و شەڕ دەگوازینەوە بۆ ناوخۆی ئێران» و ئەم دۆخە پڕ لە ناکۆکییە تا کۆتایی سەرۆک ‌کۆماریی ترەمپ بەردەوام بوو. بەڵام سێ هەفتە لەمەوبەر و لە 9ی مانگی نیساندا، رۆژنامەی «فاینەنشال تایمز»ی بەریتانی دانیشتنی چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمنی سعودیە و ئێرانی ئاشکراکرد کە بە میواندارێتی کازمی سەرۆک وەزیرانی عیراق لە بەغدا بەڕێوەچووە. دواتر رۆژی سێشەممە 28 نیسان، شازادەی جێنشینی سعودیە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبییەدا وتی: «حەز دەکەین پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ ئێراندا هەبێت»، «ئێمە لە ئێران بەرژەوندیمان هەیە و ئێرانیش لە سعودیە بەهەمان شێوە»، «بەڵام هەرجۆرە گۆڕانێکی باش لە گرەوی گۆڕانی رەفتاری ئێراندایە». ئەو قسانەی شازادەی سعودیە کە ئەگەر پاشەکشە نەبێت، ئەوە بەئاشکرا وەرسوڕانە لە هەڵوێستەکانی پێشووی ئەو وڵاتە، دەبێت چ هۆکارێکی لەپشتەوە بێت؟ ئایا سعودیە و ئێران بە بنەماکاندا چوونەتەوە و دەیانەوێت وەرزێکی نوێ لە پەیوەندییەکانیان دەست پێبکەن، یان نەخێر بەردەوامیی ئەم سیاسەتە (هێرشبەرانە- سەربازیی)یە بۆ هەردوولا، تێچووەکەی زیاترە لە قازانجی؟ یان لە راستیدا ئەوە ئێرانە کە لەلایەن ئەمریکاوە گوشاری خراوەتە سەر و لەپێناوی گەڕانەوە بۆ رێکەوتنی ئەتۆمی و لابردنی گەمارۆ ئابوورییەکان، قبووڵی کردووە به سیاسەتە ناوچەییەکانیدا بچێتەوە؟

بۆ وڵامی ئەم پرسیارانە پێویستە چەند هەنگاوێک بگەڕێینەوە دواوە و بزانین چی لە دۆخەکە گۆڕاوە؟ ئەگەرچی دنیای سیاسەت داینامیکە و بەردەوام لە گۆڕاندایە، بەڵام پێدەچێت لە ئاست ئەم بابەتە و پەیوەندیی ئەو دوو وڵاتە، رۆیشتنی ترەمپ و هاتنی بایدن و پاشان گەڕانەوە بۆ نەخشە‌ڕێگەی ئۆباما بە مەبەستی چەسپاندنی سەقامگیریی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لەپێناوی روبەڕوبوونەوە لەگەڵ روسیا و چین وەک ئەولەوییەتی پلە یەکی ئەمریکا، بەرچاوترین گۆڕانکاریی بێت. گۆڕانێک کە دیارترین هێماکانی بریتین لە بڕیاری کشاندنەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە ناوچەکە، دانوستان لەگەڵ ئێران و هەوڵ بۆ بوژاندنەوەی رێکەوتنی ئەتۆمی، قەدەغەکردنی فرۆشتنی چەکی پێشکەوتوو بە سعودیە، سڕینەوەی حوسییەکان لە لیستی تێرۆر و هەوڵ بۆ بەڕێخستنی دانوستان لەنێوان حوسییەکان و لایەنگرانی حکومەتی پێشووی یەمەن.

ئەگەر ئەم گۆڕانکارییانەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاوێتە بکەین لەگەڵ

1 – وتەکانی فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە کە 5ی نیسان لە چاوپێکەوتن لەگەڵ کەناڵی France24 دا دەڵێت: «ئەمریکا بەڵێنی پێداوین پرسی مووشەکیی ئێران لەناو هەر جۆرە رێککەوتنێکدا بگونجێنێت».

2 -وتەکانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کە دەڵێت: «ئێمە لایەنگری دانوستانی حوسییەکان و باقی هێزە یەمەنییەکان دەکەین»، تا رادەیەک بۆمان رووندەبێتەوە کە

ا – ئەو گۆڕانی ئاراستەی سیاسییە لە تاران و ریاز، پەیوەندیی بە بنەماکانی دژایەتی ئێران و سعودیەوە نییە و ئەوان لەجێی خۆیان باقین.
ب – ئەو گۆڕانە لە زمان و ئاکاری سیاسی هەردوولادا دەبیندرێت و بەوجۆرە نییە کە بۆ یەکییان پاشەکشە بێت و بۆ ئەوی ‌تر سەرکەوتن.
جــ – وێدەچێت سعودیە دڵنیاکرابێتەوە لە سنوردارکردنی سیاسەتە ناوچەییەکانی ئێران و ئێرانش متمانەی هەڵگرتنی حەسارە ئابورییەکانی پێدرابێت.

 400 جار بینراوە