سەرەکی » مانشێت » پەلامارەکانی داعش لە عیراق روو لە زیادبوونە

نۆژەنکردنەوەی مۆزەخانەی موسڵ

پەلامارەکانی داعش لە عیراق روو لە زیادبوونە

حکومەتی عیراق سەر لە نوێ بە هاوکاری چەند وڵاتێک دەست بە نۆژەنکردنەوەی مۆزەخانەی موسڵ دەکات، کە لە شوباتی ساڵی 2015دا لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە زۆربەی ئاسەوارەکانی تێکدران و شکێندران.

مۆزەخانەی موسڵ دووەم مۆزەخانەی گەوەرەیە لە عیراق و ئێستا بە هاوکاری دامەزراوەی سمیت سۆنیان-ی ئەمریکی نۆژەنکردنەوەی دەستپێکردووە. ریچارد کورن، لێکۆڵەر لە دامەزراوەکە دەڵێت: نۆژەنکردنەوەی مۆزەخانەی موسڵ هاوکاری کۆمەڵگەی عیراق دەکات تا سەردەمی وێرانکارییەکانی داعش تێپەڕێنێت.

هاوکات عومەر محەمەد، سەرپەرشتیاری پێگەی»چاوی موسڵ» دەڵێت: «باشترین رێگە بۆ راگەیاندنی کۆتایی داعش نۆژەنکردنەوەی مۆزەخانەی موسڵە».

بەڵام وێرای سڕینەوەی ئاسەوار و وێرانکارییەکانی داعش لە عیراق، ئێستا ئەو گروپە تیرۆریستییە بەراورد بە سێ ساڵی رابردوو خۆی رێکخستۆتەوە و پەلامارەکانی بۆ سەر هاووڵاتیان و هێزە ئەمنییەکانی عیراق و هێزی پێشمەرگە زیاتر بوونە.

لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا داعش لە کەرکوک، دیالە، ئەنبار و ناوچەکەکانی نزیک بەغدا چەندان پەلاماری تیرۆریستی کردۆتە سەر هێزە ئەمنییەکان و هێزی پێشمەرگەش کە لە هەفتەی رابردوودا لە «زورگەزراو»ی لەنێوان پردێ و دوبزدا و بەهۆیەوە سێ پێشمەرگە شەهید بوون و دوانی دیکەش بریندار بوون.

لە دوای شکستی داعش لە کۆتایی ساڵی 2017دا، ئێستا ئەو گروپە دەستی بە خۆڕێکخستنەوە کردووە، لەسەر ئەم پرسەش چەندین وڵات هۆشدارییان داوە لەبارەی سەرهەڵدانەوەی داعش و دووبارە تێکچوونی ئاسایشی عیراقەوە.

ئێستا بۆ رێگریکردن لە خۆڕێکخستنەوە و پەلامارە بەردەوامەکانی داعش بەتایبەت لە سنووری ناوچە دابڕێندراوەکان و ئەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنی تێدایە، هەریەکە لە وەزارەتی بەرگری عیراق و وەزارەتی پێشمەرگە دەستیان بە گفتوگۆ کردووە بۆ دانانی بەرنامەیەکی هاوبەش و پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان.

 371 جار بینراوە