سەرەکی » دۆسێ » ئەنجومەنی ئاسایش تاوانەكانی داعش لە عیراق تاوتوێ‌ دەكات

(یونیتاد) راپۆرتی خۆی پێشكەش كرد

ئەنجومەنی ئاسایش تاوانەكانی داعش لە عیراق تاوتوێ‌ دەكات

كەریم خان، راوێژكاری تایبەت و سەرۆكی لێكۆڵینەوەی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ لێپێچینەوە لەو تاوانانەی لەلایەن رێكخراوی داعش لە عیراقدا كراون (یونیتاد)، شەشەم راپۆرتی بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێشكەش كرد.

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، دانیشتنێكی كراوەی بۆ تاوتوێكردنی راپۆرتەكە و گفتووگۆ لەگەڵ كەریم خان سازكرد، بە هەمان شێوە راپۆرتێكی تر لەو بارەیەوە لەیەن رێكخراوێكی ناحكومییەوە پێشكەش كرا.

ئەم راپۆرتەی خان كە لە 10ی ئایاری 2021، پێشكەشی ئەنجومەنی ئاسایشی كرد لە نیویۆرك، بە دوایین راپۆرت دادەنرێت لە پۆستەكەیدا، چونكە هەر لەم مانگەدا پۆستی داواكاریی گشتی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەكان وەردەگرێت و لەجێگەی فاتۆ بنسودا دەستبەكاردەبێت كە ماوەی مانەوەی لەو پۆستەدا تەواو بووە.

كەریم خان لە شەشەم راپۆرتیدا، جەختی لەسەر پرسی ئەو هێرش و پەلامارانە كردەوە كە لەلایەن داعشەوە كرانە سەر ئێزدییەكان لە ناوچەی شنگال لە مانگی ئابی 2014، و كۆمەڵكوژی خوێندكارانی هێزە ئاسمانییە ناچەكدارەكان لە ئەكادیمیای ئاسمانی تكریت لە حوزەیرانی ساڵی 2014.

تیمی لێكۆڵینەوە توانی بووی ناوی 1444 كەس لە تاوانباران و گومانلێكراوان لەڕیزەكانی رێكخراوی داعش كە تاوانەكانیان دژ بە ئێزدییەكان كردووە، دیاریی بكات.

لە هەمان كاتدا 14 كەس دیاریی كراون كە تۆمەتبارن و بەرپرسن لە سامناكترین تاوان، وردەكاریی بەرپرسیارێتییەكان جیاكراونەتەوە و جیاكارییش لەنێوان تاوانی جەنگ یان كۆمەڵكوژی یان تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی كراوە.

سەبارەت بە ئەكادیمیای ئاسمانی تكریت، تیمی لێكۆڵینەوە توانی ناوی بیست كەس دیاریی بكات كە بەرپرسیارێتی گەورەیان لە هێرشەكاندا هەبووە. لە هەمان كاتدا تیمەكە راپۆرتێكی سەرەتایی ئامادەكردبوو لەبارەی كۆمپانیاكان و ئەو كەسانەی لە كۆمەككردنی رێكخراوی داعش و چالاكییەكانی تێوەگلاون.

ئەو زانیاریانەی لەلایەن خانەوە پێشكەشكراون، پێشكەوتنێكی باش سەبارەت بە لێكۆڵینەوەكان دێننەدی لە دۆسێ‌ جیاجیاكان كە زانیاریی پێنج راپۆرتەكەی پێشوو لەخۆدەگرن، لەوان تاوانەكانی داعش دژ بە زیندانیانی گرتوخانەی بادوش لە موسڵ لە مانگی حوزەیرانی 2014، لەگەڵ ئەو تاوانانەی دژ بە توركمانە شیعەكان و شەبەك و كاكەییەكان و مەسیحییەكانی عیراق كران.

لە شەشەم راپۆرتدا، باس لە تاوانەكانی داعش كرا دژ بە مسوڵمانە عیراقیە سوننەكان، و بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن داعش و بەكارهێنانی ئەو چەكە قەدەغەكراوە لەدژی مەدەنییەكان لەنێوان ساڵانی 2014 و 2016.

راپۆرتەكە كە لە 10ی ئایاری 2021 بڵاوكراوەیەوە، پێشكەوتنێكی باشی لەبارەی لێكۆڵینەوەكانی تایبەت بە تاوانە سێكییەكان هێنایەدی، بە بەكۆیلەكردنی سێكسی كچان و ژنان، لەگەڵ ئەو تاوانەی لە دژی منداڵان لەلایەن داعشەوە كراون.

سەرۆكی پێشووی (یونیتاد) لە راپۆرتەكەیدا باسی لەو پێشكەوتنانەش كرد كە نێردەكە هێناویەتیەدی، لەگەڵ ئەو كۆمەك و پشتیوانیەی لە گەڕان بەشوێن گۆڕە بەكۆمەڵەكان و دەرهێنانەوەی روفاتەكان دەكرێن. باسی لە 106 روفاتی ئێزدییەكانیش كرد كە لە سەرەتای شوباتی رابردوو بۆ كەسوكارییان لە گوندی كۆجۆ گێڕدرانەوە تا بەخاك بسپێردرێن، ئەمەش دوای ئەوەی لە گۆڕە بەكۆمەڵەكان دەرهێنرابوون.

پێشتر نێردەی (یونیتاد) ناوەندێكی ئەرشیفی دۆكۆمێنتاری و تاقیگەیەكی پزیشكی دادوەریی لە بەغدا دروستكردبوو، ئەمەش توانای تیمەكەی لەڕووی شیكردنەوەی بەڵگەنامە ژمارەییەكان و رێكارەكانی توێكاریی لەلایەن پزیشكی دادوەرییەوە زیاتر كرد.

نێردەكە كە لەلایەن دەسەڵاتدارانی عیراقەوە كۆمەك دەكرێت، پرۆژەیەكی لە موسڵ هەیە كە 33 هەزار دۆسێ‌ و كەیس و زانیاریی پەیوەندیدار لەخۆدەگرێت.

لەئێستادا عیراق ئەندامانی داعش وەك تاوانباریی تیرۆریست دادگایی دەكات، نەك وەك تاوانباران لە كەیسی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی كۆمەڵكوژی و تاوانەكانی جەنگ، ئەمەش هاوئاهەنگی لەنێوان لیژنەكە و دەسەڵاتی عیراقی ئاڵۆزدەكات سەبارەت بە هاوبەشیكردن لە بەڵگەكەكاندا، بە تایبەت كە عیراق كار بە سزای لەسێدارەدان دەكات.

بەپێی بڕیاری 2379 كە تیمی لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتی كاری پێدەكات، دەبێت كارەكانی لیژنەكەبەپێی «باشترین هەڵسوكەوتەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بێت»، ئەمەش لەڕووی تیۆرییەوە وادەگەیەنێت كە ناكرێت هاوبەشی لە هیچ بەڵگەیەكدا بكرێت كە پشتیوانی لە رێكارەكانی تایبەت بەو تاوانانە بكات و تاوانباران رووبەڕووی سزای لەسێدارەدان بكاتەوە كە لە عیراقدا كار بە سزاكە دەكرێت.

ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، دەبێت چاو بە یاسایەكدا بخشێنێت كە لەلایەن بەرهەم ساڵح سەرۆكی عیراقەوە لە تشرینی دووەمی ساڵی 2019 پێشنیاركرا و لێوەی رێگە بە هەمواری یاسای عیراقی دەدرێت بۆ دادگایی كردنی ئەندامانی رێكخراوی داعش لەسەر تاوانە نێودەوڵەتییەكان.

راپۆرتی شەشەم ئاماژەی بە رێكارەكانیش كردبوو لەگەڵ دادوەریی عیراقی كە رێگە بە ئاڵوگۆڕپێكردنی بەڵگەكان دەدات لەبارەی تاوانە داراییەكان، بەجۆرێك لەگەڵ پسپۆڕی لیژنەكەدا بگونجێت.

هەروەها خان باسی لە پرسی شەڕكەرە بیانییەكانی ئەندامانی داعش و وەرنەگرتنەوەیان كردبوو لەلایەن زۆرێك لە حكومەتەكانیان، تا لە وڵاتەكانیاندا دادگایی بكرێن.

تیمی لێكۆڵینەوەی (یونیتاد) بەپێی بڕیاری ژمارە 2379ی ساڵی 2017ی ئەنجومەنی ئاسایش پێكهێنرا، بەپێی بڕیاری 2544یش لەسەر داوای حكومەتی عیراق لە ساڵی 2020، ماوەی كاركردنی درێژكرایەوە.

وەك نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژەی پێدەكات، لەنێوان ئەرككانی لیژنەكە، پشتیوانییە لە هەوڵە خۆجێییەكان بۆ لێپێچینەوە لە داعش لەڕێی كۆكردنەوە و هەڵگرتن و پاراستنی بەڵگەكان لە عیراق سەبارەت بەو كردەوانەی دەگەنە ئاستی تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی كۆمەڵكوژی كە لەلایەن رێكخراوەكەوە كراون، ئەمەش لەپێناو زامنكردنی بەكارهێنانی بەڵگەكان لەبەردەم دادگا نیشتمانییەكان و تەواوكردنی ئەو لێكۆڵینەوانەی لەلایەن دەسەڵاتدارانی عیراق یان ئەو لێكۆڵینەوانەی لەلایەن دەسەڵاتدارانی وڵاتانی ترەوە دەكرێن لەسەر داواكاریی خۆیان.

 142 جار بینراوە