سەرەکی » ئاراستە » جیاوازی نێوان سەرۆك و سەركردە

جیاوازی نێوان سەرۆك و سەركردە

و: کوردستانی نوێ

رۆژێك بەڕێوەبەری یەكێك لە لقەكانی كۆمپانیایەكی گەورە كۆبوونەوە بە كارمەندەكانی دەكات و كۆبوونەوەكە بەم شێوەیە بەڕێوە دەچێت:

بەڕێوەبەر: ئەرێ ئێوە گەمژەن یان چی؟ من سەرۆكم، دەبێ هەرچییەكم وت جێبەجێی بكەن.

كارمەندێك كە وا دەردەكەوت تازە لە كۆبوونەوەكەدا لەبەر خۆیەوە وتی: تۆ راست دەكەیت گەورەم تۆ سەرۆكیت.

بەڕێوەبەر باش تێنەگەیشت و لێی پرسی: كارمەندی تازە وتت چی؟

كارمەندەكە: وتم تۆ راست دەكەیت گەورەم، تۆ سەرۆكیت. تۆ خۆت زۆر بە روونی وتت من سەرۆكم.

بەڕێوەبەر: بەڵێ وایە.

كارمەند: لەبەر ئەوە دەمەوێ ئەمڕۆ شتێكت بدەمێ.

بەڕێوەبەر: كارمەندی تازە ئەو شتە چییە؟

كارمەند: دەست لە كار كێشانەوەكەمە.

بەڕێوەبەر: تۆ بە راستیتە كارمەندی تازە؟ ناتەوێ لێر كار بكەیت؟ هەڵەیەكی گەورە دەكەیت.

كارمەند: ئاخر من وەك كارمەندێكی نوێ، لێنەهاتووییت لە سەركردایەتی كردندا نیگەرانی كردووم.

لەبەر ئەوە ئەگەر رێگەم پێ بدەیت، بەر لە رۆیشتنم دەمەوێ شتێكت بدەمێ، ئەویش وتاری ماڵاواییە.

بەڕێوەبەر: دەتەوێ چیم فێر بكەیت؟ تامەزرۆم بۆ بیستنی، كارمەندی تازە دەست پێ بكە.

كارمەند: باشە گەورەم، من پێم وا نییە تۆ كەسێكی خراپ بیت، بەڵام هەست دەكەم شتێكت ون كردووە، وابزانم تۆ دەتویست ببیتە سەركردە، بەڵام ئێستا تەنیا سەرۆكیت و هیچی دی.

بەڕێوەبەر: جیاوازیی چییە؟

كارمەند: سەرۆك دەڵێ من، بەڵام سەركردە دەڵێ ئێمە، سەرۆكەكان لەخۆباییبوون كوێری كردوون، بەڵام سەركردەكان دەبینن، سەركردە هەمیشە دەپرسێ، بەڵام سەرۆكەكان هەمیشە فەرمان دەكەن، سەرۆك هەمیشە بە پەنجە ئاماژە دەكات، بەڵام سەركردە هەمیشە بە دەستی كراوە ئاماژە دەكات، سەرۆك دەڵێ بڕۆ، سەركردە دەڵێ بابڕۆین، سەركردە گرنگی بە بیرۆكەكان دەدات، بەڵام سەرۆك هەمیشە دەڵێ نا، سەرۆك بە كەمت دەزانێت، بەڵام سەركردە بەرزت دەكاتەوە، لەبەر ئەوە سەركردە خۆشەویستی دەبەخشێت، سەرۆك هیچ نابەخشێت، سەرۆكەكان كەسانی دەوروبەریان بەكار دەهێنن و رەفتاری خراپیان بەرامبەر دەكەن، بەڵام سەركردەكان كارمەندان فێر دەكەن و بە دوای شتە باشەكانی ناخی دەوروبەرەكانیاندا دەگەڕێن بۆ ئەوەی باشتری بكەن، سەركردە هونەری ئیلهامبەخشینی هەیە، بەڵام سەرۆكەكان هونەری یاریكردن بە خەڵك دەزانن، سەرۆك بەردەوام هاوار دەكات و دەشیڕێنێت وەك ئەوەی لە نمایشدا بێت، سەركردە وا رەفتار لەگەڵ كرێكاری پاكەرەوەدا دەكات كە هەستی خاوەنداریی كۆمپانیاكەی پێ ببەخشێت، لەبەر ئەوەی سەركردە هەستیارەو لەوە تێ دەگات كە پەیوەندی كۆمەڵایەتی لە پێش هەموو شتێكەوەیە، سەرۆكەكان پێیان وایە رۆشنبیریی ئەتەكیەت تەنیا لە ماستخواردندا هەیە، گەورەم ئەو پرسیارە لە خۆت بكە، من نامەوێ ببم بە مامۆستای تۆ، بەڵام پێشتر هیچت لەبارەی سەرۆكەوە بیستووە؟

بەڕێوەبەر: نا نەمبیستووە.

كارمەند (بەردەوام دەبێت لەسەر قسەكانی): یان لەبارەی سەركردەیەكی جیهانییەوە، یان سەركردەی ئایینیی، سەركردەی كۆمەڵایەتی، سەركردەی كار، ئەمانە نابینیت؟ تۆ دەبوو سەركردە بیت، سەرۆك تەنیا بەڕێوەبەرێكەو هیچی دی، بەڵام پێشەوای كار بەرپرسیاریی زۆر لە ئەستۆیە، من لەو باوەڕەدام ئەوە ئێمەین كە دەتوانین هەموو جیهان رزگار بكەین، ئێمە نەك سیاسییەكان و حكومەتەكان، ئەوەش لە رێگەی ئایینەوە ناكەین، بەڵكو لە رێگەی پێشكەش كردنی باشترین خزمەتگوزارییەوە بە كڕیارەكانمان ئەو كارە دەكەین.

بەڕێوەبەر: كڕیار؟

كارمەند: لەوانەیە پێت وابێ خزمەتگوزاریی باش بە هیچ شوێنێكت ناگەیەنێت، رەنگە پێت وابێ ئەگەر دەست بكەیت بە پێشكەش كردنی خزمەتگوزاریی لە خەزێنەكەمان كەم دەبێتەوە.

بەڕێوەبەر: خەزێنە؟

كارمەند: ئەوە ئەو شتەیە كە هنری فۆردی مەزن پێی بێزار دەبوو، ئەو دەیوت: كارێك بە تەنیا تەرخان كرابێت بۆ خزمەت كردن بە ئیدارە، نیگەرانیی سەبارەت بە قازانجی لێ دەكەوێتەوە، بەڕاست؟ ئەمە واتای چییە؟ واتای ئەوەیە كە دەبێتە هۆی زیانێكی گەورە، گەورەم ئەوە ئاماژەیەكی بەهێزە، تۆش وای نابینیت؟ ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی خەونێك بەدی بهێنین، نەك تەنیا بۆ ئەوەی مووچە وەربگرین، ئێمە لێرەین تا ئەوەی سەرسامكەرو سەرسوڕهێنەر بین، نەك لە پێناو پاداشتدا، بەڵكو لە پێناو پێشكەوتندا، قازانج بەدەست دێت و چاویشمان لە ئامانجە، گەشە دەكەین و گەورە دەبین، كاتێك سور دەبین لەسەر بەدیهێنانی ئامانج. گەورەم پێویستە شێوازی كاركردنت بگۆڕیت و بەسەر كۆسپەكاندا زاڵ بیت، تۆ لێرە فێری سەركردایەتی كردنی كاروبارەكانمان دەكەیت، بەڵام زۆربەی ئەو شتانەی فێری بووین ئەوانەن كە نابێ بیكەین.

بەڕێوەبەر: راوەستە.. راوەستە، چۆن دەتوانی لافی ئەوە لێ بدەیت كە زۆر دەزانی لەبارەی كارەوە؟ یان بڵێی پشكەكانی خۆمان؟ تۆ كێیت؟

كارمەند: باشە، لە راستیدا من درۆم لەگەڵ كردی، من كارمەندی تۆ نیم.

بەڕێوەبەر: ئەی تۆ كێیت؟

كارمەند: لە راستیدا تۆ كارمەندی منیت، من دامەزرێنەری ئەم كۆمپانیایەم، تۆ پێویستت بەوەیە یەك دوو شت فێر بیت لەبارەی جەوهەری بنەڕەتی ئێمەوە، سبەینێ لەگەڵ دەستپێكی كاردا دەمەوێ لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی كارگێڕیدا بتبینم.

سەرچاوە: youtube

 287 جار بینراوە