سەرەکی » ئاراستە » هەڵسەنگاندنێکی زانستییانە بۆ فکر و فەلسەفەی کارل مارکس

هەڵسەنگاندنێکی زانستییانە بۆ فکر و فەلسەفەی کارل مارکس

کارل مارکس یەکێکە لەو فەیلەسوفانەی ماوەی سەدە و نیوێک دەبێت جیهانی بەخۆیەوە خەریک کردووە، تارمایی ئەم فەیلەسوفە گەیشتۆتە کوردستانیش. بەداخەوە لای خۆمان دوو بۆچوون لەبارەی مارکسەوە هەیە، یەکێکیان وەکو شێخێکی تەریقەت سەیری مارکس دەکات و دەروێش ئاسا دوای کەوتووە. رەوتێکی تریش بەبێ ئەوەی یەک وشەی مارکسی خوێندبێتەوە، دژایەتی دەکات و بە شەیتان و کافر و مولحیدی دادەنێت.

هەربۆیە پێم باشبوو وتاری ئەم پرۆفیسۆرە ئەڵمانییە بکەم بە کوردی، کە هەڵسەنگاندنێکی زانستیی و بێلایەنانەی بۆ فکر و فەلسەفەی مارکس کردووە. بەو هیوایەی خوێنەری کورد دیدگایەکی نوێی لەبارەی ئەم فەیلەسوفە ناسراوەی جیهانەوە هەبێت.

د. ئارمین پفاڵ ترواگبێر*

لە ئەڵمانییەوە: ئەردەڵان عەبدوڵڵا

3 و کۆتایی

دانانی دەسەڵاتێکی تاکڕەو و دیکتاتۆر بۆ گواستنەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی ئازاد
ماوەی چەندین ساڵ بوو مارکس و ئەنگلس ئیداعای ئەوەیان دەکرد، کە ئەوان هەڵگری نەمانی دەسەڵاتی دەوڵەتیین، ئەویش لەرێگەی پرۆسەی گواستنەوەی کۆمەڵگەکان لە قۆناغی سۆشیالیزمەوە بۆ کۆمۆنیست. کەچی لەهەمانکاتدا، پێویستە بۆ دەستپێکی ئەم قۆناغە، دەوڵەتێکی تاکڕەو ئۆتۆریتێت و دیکتاتۆر دروست بکرێت، بۆئەوەی کۆتایی بە چینی بۆرجوازی و کۆمەڵگەی کەپیتالیزمی بهێنێت. لەم قۆناغەشدا دەوڵەت دەبێتە، دەوڵەتێکی ئۆتۆریتێت و توندڕەو تۆقێنەر و سیستم و دەسەڵاتێکی ناوەندی توند پێڕەو دەکات.

ئەم رەخنەیەش هەرزوو لەلایەن ئەنارشیستە هاوڕێکانی، لە مارکس گیرا بەتایبەتی لە یەکێکی وەکو « میشێل باکۆنین» چونکە ئەوان پێیان وابوو، کە مارکس کەسێکی تاکڕەو کۆمۆنیستێکی سەنتڕاڵیستە، واتە هەموو دەسەڵاتێک لە ناوەندێکدا کۆ دەکاتەوە کە خۆی بەسەریدا زاڵە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی حوکمێکی دیکتاتۆری و ستەمکار، کە دەیەوێت کۆمەڵگەیەکی یەکسان دروست بکات. هەربۆیە پاشتر مارکس رێکخراوی « ئەنتەرناسیۆنالی کرێکارانی» کردە دەوڵەتێکی دیسیپلینی توند و تەواوی دەسەڵاتەکانی بۆ خۆی قۆرخ کرد. هەربۆیە زۆرێک لە دەوڵەتە کۆمۆنیستەکان کە پاشتر لەسەدەی بیستەمدا دروست بوون، ئەم رەخنەیەی ئانارشیستەکانی سەلماند، چونکە ئەوان» واتە دەوڵەتە کۆمۆنیستەکان» مارکسیان وەکو پێخەمبەرێک سەیر دەکرد.

زانیاریی تەواو لەبارەی چۆنێتی دروستکردنی دەوڵەتێکی دیکتاتۆریی و تۆقێنەر
لەناو کارەکانی مارکس و ئەنگلسدا لە زۆر شوێندا بەئاشكرا و بەعەلەنی داوای دروستبوونی دەوڵەتێکی دیکتاتۆری و ستەمکارو تۆقێنەر دەکەن. بۆ نموونە لە شوێنێکدا دەڵێن:
پێویستە کرێکار، لەتەواوی کۆماری ئەڵمانیادا، داوای تەواوی دەسەڵاتەکان بکەن و دەسەڵاتێکی ناوەندی تۆکمە دروست بکەن. چیتریش نابێت خۆیان بەو قسەو دروشـانەوە بخەڵەتێنن کەباس لە دیموکراسی و کۆمەڵگەی ئازاد و خۆبەرێوەبردن و ئەمجۆرە شتانە دەکات. (MEW, Bd. 7, S. 252).
یان لە شوێنیکی تردا دەڵێن:
دەوڵەت تەنها دەزگایەکی کاتییە، کە مرۆڤ بەکاریدەهێنێت بۆ خەبات و خزمەتی شۆڕش دەکات، بۆئەوەی بەوپەڕی بێرەحمییەوە، نەیارانی شۆڕش لەناوبەرێت. لەبەرئەوە ئەمە قسەی قۆرە ئەوانەی کە باس لە دەوڵەتێکی ئازاد دەکەن. پرۆلیتاریا دەوڵەتی پێویستی نییە بۆ بەرژەوەندیی و ئامانجی ئازادی، بەڵکە بۆ لەناوبردنی نەیارانی.) (MEW, Bd. 34, S. 129

بەکورتی: لەکاتێکدا کە ئەوان باسیان لەوە دەکرد کە مەزهەبی ئەوان، مەزهەبێکی تاکو تەنیا و هەقیقییە، ئەوا دەبێت مرۆڤ چاوەڕوانی ئەم جۆرە دەرئەنجامە خراپانەشیان لێبکات و شتێکی ئاسایی بێت بەلامانەوە.

جەختکردنەوە لەسەر ئابووریی و فەرامۆشکردنی پلورالیزم
مارکس لە قۆناغی ناوەڕاستی تەمەنیدا، کاری جددی دەکرد بۆ توێژینەوەو لێکۆڵینەوە لەبارەی یاسا بنەڕەتییەکانی سیستمی سەرمایەداری. لەوکاتەوە جەختی تەواوەتی لەسەر ئابووری کردەوەو هەر لەو کاتەشەوە گەیشتە ئەوەی کە گرنگی مرۆڤ بە شوێنی لە پرۆسەی بەرهەمهێنانەوە بەستراوەتەوە، ئەمەش زیاتر بەپشت بەستن بە مۆدێل و تیۆری « ژێرخان و سەرخانی « ئابوورییەوە هەیە.

تەواوی بیرکردنەوەی بەپلەی یەکەم جەختی لە هەلوومەرجە ماتریالەکانی دەوروبەری مرۆڤ دەکردەوە. دیارە هەرلەوکاتەوە تێڕوانین و پێشبینییەکانی مارکس هەڵە دەرچوون، چونکە گەر بەو بۆچوونانەی مارکس بوایە، دەبوایە کرێکاران بەرێژەیەکی زۆر و هەموومیان ببنە کۆمۆنیست و هەڵگری بیری کۆمۆنیستی بونایە و خۆیان لە رێکخراوە کۆمۆنیستەکاندا ئۆرگانیزە بکردایە، بەڵام ئەمە وا دەرنەچوو.

مارکس هەڵگری ئەم تێڕوانینە بوو « واتە کە کرێکاران دەبنە کۆمۆنیست.و.ک» چ پێش و چ لەکاتی شۆڕشدا. لەم دیدگایەوە، پرۆلیتاریا کە زۆرینەی کۆمەڵگە پێکدەهێنێت، تەنها هەڵگری ناسنامەی کۆمەڵایەتیەتی، بەڵام لەراستیدا ئەوان « واتە پرۆلیتاریا» تەنها هەڵگری ئەم ناسنامە و ئینتامایە نین، بگرە ئەوان ئینتمای ئێتنی و کەلتوریی و سیاسی تایبەت بەخۆشیان هەیە. ئەم دیدگایەش رووبەروی هەڵەیەکی گەورە بۆوە، چونکە مرۆڤ تەنها ئینتمایەکی ئابووریی نییە. هەروەها ئەم دیدگایە هەموو تێڕوانین و دیدگایەکی جیاواز بەخۆی رەت دەکاتەوەو دژی کۆمەڵگەیەکی پلورالیزمە.

کەسایەتی تاک و ئینتمای کۆمەڵایەتی
ئەم دیدگا فکرییە پەیوەندییەکی توند و تۆکمەی بەوەوە هەیە، کە بۆچوونی پیشوەختی لەبارەی ئینتمای کۆمەڵایەتییەوە هەیە، کە جۆرە تەجانوسێکی بە هەژموونی سیاسی مرۆڤەکان و ناسنامەی سەرانی سیاسی وڵاتەوە هەیە. لەلایەکی ترەوە گەر باوەڕ بەو لۆژیک و ئەرگومێنتە رەهایە بکەین، کە دەبێت هەموو مرۆڤەکان لەرووی کۆمەڵایەتییەوە یەکسان ببن، ئەوا هیچ هۆیەک نامێنێتەوە بۆ بوونی جیاواز.

مارکس و ئەنگلس پێیان وایە، گەر هۆیەکانی بەرهەمهێنان سۆشیالیزە بکرێن، ئەوە نەک تەنها مەرجێکی گرنگە، بەڵکە تەنها ئەوە بەسە بۆئەوەی بتوانین کۆمەڵگەیەکی سۆشیالیستی دروست بکەین. لێ ئەوان نەیانزانی کە جیاوازی لە نێوان مرۆڤەکان تەنها لەسەر هۆکاری ئابووریی دروست نابێت، بگرە هۆکاری تریش هەیە، بۆ نموونە جیاوازی ئێتنی، هەوڵدان بۆ گەیشتن بەدەسەڵات، تێڕوانین و جیاوازی کەلتوری.

لەبەرئەوە لە دەوڵەتە سۆشیالیستەکاندا کاتێک هەر کێشەیەک پەیوەندی بە سەرخانی ئابووریەوە هەبووایە» بوونی کێشەی ئێتنیی و نەتەوەیی و ئایینی و کەلتوریی و فەرهەنگی جیاواز.وک» ئەوا یەکسەر وەڵام و رێوشوێنی توندیان هەبوو بۆ ئەم کێشانە. هەربۆیە هەر لادانێک لەسیستمی سۆشیالیستیدا، مانای خیانەت بوو لە ئیرادەی گەل و نیشتمان و ئەو کەسە بە خائین و خۆفرۆش وەسف دەکرا.

باوەڕبوون بە تێزی حەتمیەتی مێژوویی بۆ سۆشیالیزم
یەکێک لەسەنتەرەکانی بیرکردنەوەی هزری مارکسیزم باوەڕبوونە بە ماتڕیالیزمی مێژوویی، کە ئەویش پێی وایە، کە گەشەسەندنی کۆمەڵگەکان بەچەند قۆناغێکدا تێپەڕییوە، سەرەتا قۆناغی کۆیلایەتی، پاشان قۆناغی فیۆدالیزم، ئینجا کەپیتالیزم و دواتر سۆشیالیزم و دوایین قۆناغیش کۆمۆنیستە.

مارکس و ئەنگلس پێیان وایە، ئەو جیاوازییە ریشەییە کە لە نێوان تواناکانی بەرهەمهێنان» کە سەرمایە‌ی ئابووریی و تەکەنەلۆژییەکان» لە خۆدەگرێت، لەگەڵ هەلومەرجەکانی بەرهەمهێنان» مەبەست لێی پەیوەندی کۆمەڵایەتی مرۆڤەکانە بە پرۆسەی بەرهەمهێنانەوە.و.ک» ئەمانە بەشێوەیەکی دینامیکی، کۆمەڵگەکان لەپاش رێگایەکی دوور و مێژوویی، دەگەنە دوایین قۆناغی کۆمەڵایەتی کە ئەویش قۆناغی دورستکردنی کۆمەڵگەیە لەسەر سیستمی کۆمۆنیزم، ئەمەش هەقیقیەتێک و زەرورەتێکی مێژووییە.

بەمشێوەیە ئەوان گەیشتنە دەرئەنجامێکی وا، کە دەتوانین ناوی بنێین « یاسای مێژوو» یان « هەستی مێژوویی» ئەوجۆرە تێگەیشتنەش وا لە مرۆڤەکان دەکات، کە کارو چالاکییەکانی، پێش وەخت دیاری بکات و بیزانێت.

کێشەکەش لێرەدا تەنها پەیوەندی بە میتۆدی هەڵەوە نییە، بگرە زیاتر کێشەکە لەوەدایە، کە تەنها باوەڕت بە بۆچوونی خۆت هەبێت و پێتوابێت لەبارەی پرۆسێسی مێژووەوە،هەقیقیەت لای تۆیە.

پیشاندانی مارکسیزم وەکو مەزهەبێکی رزگاری جیهان
زۆر نین ئەوانەی کە رەخنەی ئەوە لە مارکسیزم دەگرن و پێیان وایە، کە مارکسیزم سیمایەکی ئاینیانی لە خۆگرتووە، بەڵام لە رووی فۆرم و ناوەرۆکەوە لە ئایین جیاوازە، چونکە دونیابینی و تێڕوانینەکانی مارکس و ئەنگلس، تیۆرییەکی عیلمانی بووە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە هەندێک شوێندا، چەند سیمایەکی ئاینیانەی پێوە دیارە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە پێشبینییەکانەوە هەیە، لەوانە باوەڕبوون بە نەمانی موڵکداری شەخسی هۆکانی بەرهەمهێنان و پاشتریش دروستکردنی کۆمەڵگەی سۆشیالیزم، ئەم دووانە وەکو رێگەی « رزگاربوون، خەلاص» پیشانی مرۆڤایەتی دەدرێت.

هەروەها دەستنووسەکانی مارکس، وەکو هیوا و فەرموودەی پێخەمبەرانە سەیر دەکران، نەک تەنها بۆ ئەنالیزەکردن و توێژینەوە لەسەر سیستمی کەپیتالیزمی، بەڵكە وەکو رێگاپیشاندەرێکی باش و نەگۆڕیش بۆ سەرهەڵدانی شۆڕش و گەیشتن بە کۆمۆنیزم.

لەلایەکی ترەوە هەمیشە و بە بەردەوامی، لەبیرکردنەوەو تێڕوانینەکانیدا، لایەنی ئایدۆلۆژی زاڵبوو بەسەر لایەنی زانستیدا. لەهەمانکاتدا مارکس بەناوی زانستی بوونی میتۆدەکەیەوە، پێی وابوو کە ئەمە راسترین جۆری بیرکردنەوەیە بۆ ئەنالیزەکردن و توێژینەوە لەسەر کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، هەروەها ئەوانەشی کە دژی ئەو بیریان دەکردەوە، تۆمەتی نازانستی و نالۆژیکی بوونی بیرکردنەوەکانی دەخستنە پاڵ.

دوایین قسە و دەرئەنجامی کۆتایی
بەدڵنیاییەوە نابێت هزری مارکسیزم تەنها لە توانا سیاسییە رادیکاڵەکانی کورت بکەیەنەوە، هەروەها کاتێک سەیری ئەو ململانێ و شۆڕشە کۆمەڵایەتییانە بکەین کە لە مێژوودا روویانداوە، شرۆڤە سیاسییەکانی گرنگی خۆیان هەیە.

لەلایەکی تریشەوە هەرچەندە توێژینەوەکانی مارکس بۆ سیستمی کەپیتالیزم، چەند هەڵەیەکی تێدایە، بەڵام مارکسیزم باسی کاریگەرییە خراپەکانی سیستمی کەپیتالیزمی کردووە کە لە ئێستادا لە شێوەی گلۆبالیزمدا خۆی دەبینێتەوە، کە بۆتە هۆی دروستبوونی تەنگەژەی ئابووری گەورە، کە مرۆڤایەتی بەرەو هەژاریی و بەدبەختی دەکات. هەربۆیە ناتوانین بەشێوەیەکی گشتگیرانە، تەواوی تێزەکانی مارکس و ئەنگلس رەتبکەینەوە.

خاڵێکی گرنگی تر ئەوەیە، مارکسیزم لەیەک کاتدا راستە سۆنگەیەکی ئایدۆلۆژی هەیە، بەڵام سیمایەکی زانستشیانەشی هەیە. بەڵام زۆرجار کۆمۆنیستەکان رەگەزی بابەتی بوونیان بەکاردەهێنا، تاوەکو شەرعیەت بددەنە بۆچوونە سیاسییەکانیان بەتایبەتی لەبارەی چالاکی و رەوایی سیستمەکەیانەوە.

لەلایەکی ترەوە دونیابینی و تێزەکانی مارکسیزم، دەبێتە رەگەزێکی بنەڕەتی بۆ بزووتنەوە توندڕەوەکان و سیستمە دیکتاتۆرییەکان، بەشێوەیەک چ لە رووی فۆرم یان ناوەڕۆکەوە، دەبنە تەواوکەری یەکتری.

*Prof. Dr. Armin Pfahl-Traughber، پرۆڤیسۆر.د. ئارمین پفاڵ ترواگبێر. کۆمەڵناس و پسپۆرێکی سیاسییە، وەکو مامۆستا لەزانکۆکانی کۆڵن و بۆن،وانە دەڵێتەوە.

سەرچاوە: Der Marxismus zwischen Ideologie und Wissenschaft.www.bpb.de. Prof. Dr. Armin Pfahl-Traughber

 422 جار بینراوە