سەرەکی » راپۆرت » ئاماره‌كان ژماره‌ی مه‌ترسیدار له‌باره‌ی كاریگه‌ری نه‌رێنی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌دركێنن

ئاماره‌كان ژماره‌ی مه‌ترسیدار له‌باره‌ی كاریگه‌ری نه‌رێنی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌دركێنن

راپۆرتی : تانیا ئاوارە

ژماره‌یه‌ك له‌ ده‌سته‌بژێری كۆمه‌ڵگای كوردی باشووری كوردستان، هه‌ڵمه‌تێك بۆ راگرتنی خراپ به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆژیای زانیاری به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ش زۆرتر پشت به‌ ریكلامی ته‌له‌فزیۆنی ده‌به‌ستێت و تێیدا داوا له‌ هاونیشتمانیان ده‌كه‌ن «به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست» تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌كاربهێنن و خۆیان دوور بگرن له‌ هه‌ر جۆره‌ به‌كارهێنانێك كه‌ كاریگه‌ریی نه‌رێنی بكاته‌ سه‌ر كه‌سانی تر.
تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دوای دروست بوون و په‌یوه‌ست بوونی مرۆڤایەتی پێیانه‌وه‌، پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆیان له‌سەر ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگا دروست کردووە. به‌تیبه‌تیش تۆڕه‌كانی فه‌یس بووك و ئینستاگرام و تویته‌ر و سناپچات، كه‌ به‌ربڵاوترین تۆڕی سۆسیال میدیا (میدیای كۆمه‌ڵایه‌تی)ن.
،بەربڵاو ترینیان لە ئێستەدا کە زۆربەی دەنگۆکانی لەسەرە تۆڕی کۆمەڵایەتی فیسبووک و ئینستاگرامە. لەچەند ڕۆژی ڕابردووشدا هەڵمەتی نا بۆخراپ بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ڕاگەیەنرا لەتێیدا پەیامی چەندین کەسایەتی دیاربڵاوکرایەوە.
ئامارەکان ژماره‌ی مه‌ترسیدار له‌باره‌ی كاریگه‌ریی نه‌رێنی تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌ده‌ن. به‌تیبه‌تیش له‌ ده‌رئه‌نجامی خراپ به‌كار بردنی تۆڕه‌كان له‌ لایه‌ن به‌كاربه‌رانیانه‌وه‌. بەجۆرێک کە
75% ی دانیشتوانی گۆی زەوی مۆبایل بۆپەیوەندی و تۆڕەکان بەکاردەهێنن.
73% ی بەکارهێنەرەکان توشی ترس و دڵەڕاوکێ دەبن بەتایبەت خانمان.
51% ی خەڵکی ئەمریکا ڕەفتاریان بەهۆی تۆڕەکانەوە خراپ ببووە.
به‌ گوێره‌ی ئه‌نجامی راپرسییه‌ك: 66%ی به‌كاربه‌ران، دوای بەکارهێنانی تۆڕە كۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان هەست بەنائارامی دەکەن.

کاریگەری تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەسەر منداڵ و خێزان
ڕەنگین نوری عزیز، ڕێنماییکاری دەرونی ده‌ڵێ: لەسەردەمی تەکنەلۆژیادا بەکارهێنانی ئامێرە تەکنەلۆژیەکان زۆرو هەمە چەشنن و بەشێوەیەکی بەرچاو بەبێ جیاوازی تەمەن وڕێنمای بەکارهێنان لەناکاو کەوتە بەردەستمان. بۆیە منداڵ هەیە زیاتر لەئەپێکی هەیە لەسۆشیاڵ میدیا، ئەمەش کارێکی ناتەندروستە ، بەگشتی جگە لەپێشکەوتن و کارئاسانیەکانی سۆشیاڵ میدیا و ڕاگەیاندنەکان بۆ هۆشیاری و خۆشگوزه‌رانی مرۆڤایه‌تیی، زیانی زۆریشیان هەیە کاتێک خووگرتن دروست دەبێت و دەبێتە هۆی دورکەوتنەوەی تاک لەپەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان، ئه‌مه‌ جگە له‌ تێکچونی باری تەندروستی بەتایبەت چاوکزی، شان و مل ئێشان، بەدخۆراکی ، کەم خەوی، شەکەتی، نەخوێندنی فێرخوازو نەخوێندنەوەی کتێب سه‌باری هه‌موو ئه‌مانه‌ش ده‌بنه‌ هۆی به‌فیرۆچوونی كات به‌بێ ده‌ستكه‌وتێكی ئه‌وتۆ، هه‌روه‌ها مرۆڤ ده‌خه‌نه‌ ژێرباری ده‌روونی شه‌ڵه‌ژاو و نائارام و زیاد كردنی دڵه‌ڕاوكێ.
كێشه‌ و مه‌ترسییه‌كانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌ر له‌و چه‌ند خاڵه‌دا چڕ نابنه‌وه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌یان پێكرا، به‌ڵكو هه‌ندێك گرفت و مه‌ترسی تر به‌دوای خۆیاندا ده‌هێنن كه‌ پێویستییان به‌ هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ر كردنی زیاتر هه‌یه‌، له‌وانه‌ ئه‌و ئاسانكارییانه‌ی سۆسیال میدیا ده‌یكات بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندی سۆزداری به‌تایبه‌ت لای مێرد منداڵان، كه‌ په‌یوه‌ندی شكست خواردون و زۆرینه‌ی كات به‌ تێكشكان یان گرفتی تر كۆتاییان دێت. هه‌روه‌ها بوونی دیمه‌نی توندوتیژی كه‌ ده‌بنه‌ هانده‌ری به‌كارهێنه‌ران بۆ چه‌ندین جۆر توندوتیژی. مه‌سه‌له‌ی بوونی چه‌ندین جۆر یاری ئه‌لیكترۆنیش كه‌ كڕین و فرۆشی پێوه‌ده‌كرێت یه‌كێتی تره‌ له‌ مه‌ترسییه‌ گه‌وره‌كانی تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر هه‌رزه‌كاران.

باشترین ڕێگا بۆئەوەی زیانەکانی ڕابگیرێت
بەکارهێنانی ئامێری تایبەتبە پێی تەمەن، بۆنمونە ئایپاد بۆمناڵ (2-18)ساڵ بەکاربهێنرێت و دوربێت لە تێل و نێت و سۆشیاڵ میدیا.
بەکارهێنانی یاری گونجاو و پەروەردەیی بەپێی تەمەن، چونکە یاریە پەروەردەییەکان خوگرتوت ناکەن هێندەی یاری ئەکشن و کەیف خوشیەکان.
بەپێی کات بەکاربهێنرێت، دایک و باوک کۆنتڕۆڵی کاتەکان دابنێن یان وەک و پاداشت بەکاری بهێنن و لەکاتی خوێندنیش پێویستە نە ئایپاد نە پلەیستەیشن و ئێکس بۆکس هەر بەکارنەیەت جگە لەپشووەکان. پسپۆڕان هانی داكان و باوكان ده‌ده‌ن بەگشتی پێویستە چاودێری مناڵەکانیان بكه‌ن، له‌ كاتی به‌كارهێنانی یارییه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان هه‌م له‌ پێناو باشترین به‌كارهێنان، هه‌م له‌ رووی كاتی به‌كارهێنانه‌وه‌.

تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و خوێندنەوە
پۆلان حه‌سه‌ن، خوێنەری كتێبه‌ وبه‌ شێوه‌یه‌كی رۆژانه‌ كتێب ده‌خوێنێته‌وه‌، بڕوایه‌كی پته‌وی هه‌یه‌ به‌و بۆچوونه‌ی كه‌ پێی «تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان جێی خوێندنەوە ناگرنەوە و لە ڕووی مەعریفەوە له‌ ئاستێكی نزمدان.» هەروەها باس لەوەدەکات کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەری خراپی هەبووە بەسەر خوێندنەوەوە و کاتێکی زۆری خوێنەرانی گرتووە، بەتایبەت ئەو پەڕە ئەلیکترۆنیانەی بە زمانی کوردی هەیە و بێجگە لەوەی لە ڕووی مەعریفییەوە کەم ئاستن، کەمتەرخەمن لە خزمەت کردن بە خوێنەران و کتێب. پۆلان ده‌ڵێ: خوێندنەوە لە فەیسبووکەوە، خوێندنەوەی خێرایە. چاوپیاخشاندنێکی بەپەلەیە. دەتوانی تەنها وتارێک بخوێنیتەوە، یان شیعرێک بەڵام کتێبێک نا. دەکرێت فکرەی کتێبەکە وەربگریت یان بەشێکی زۆر بچووکی بخوێنیتەوە بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی وەک کتێبەکە سودبەخوێنەر بگەیەنێت.
ئاوات ئەحمەد عبدوڵڵا، خوێنەرێکی دیکەیەو رایه‌كی پێچه‌وانه‌ی هه‌یه‌ و پێی وایە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان ئەگەر بەمەبەستی باشە بەکاربهێنرێت سودی خۆی هەیە .
له‌وانه‌ «دەتوانی بۆ پەیدا کردنی هاوڕێی تازە لە دەرەوەی ژینگەکەی خۆت بۆنموونە هاوڕێیەکی بەریتانی یان کەسێکی ئیسپانی یان کەسێکی میسری، بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا یان گەڕان بەدوای زانینی داب و نەریتی وڵاتانی دوورە دەست یان گەڕان بەدوای ئەو سەر چاوانەی لای کەسی بەکارهێنەر دەست ناکەوێت سودی لێ وەربگریت. ئاوات نكۆڵی له‌وه‌ ناكات كه‌ تۆڕەکان کار لە پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکان دەکات ئەگەر تەندروستانە بەکاریان نەهێنیت.
بوونی توڕەکۆمەڵایەتیەکان و قەیرانی دارایی خوێنەری دورخستۆتەوە لە کڕین و خوێندنەوەی کتێبەکان.
ئاری مستەفا، فرۆشیاری کتێب، ئاماژە بەوەدەدات کە بوونی ئەم تۆڕانە کاریگەری نه‌رێنی بەسەرخوێندنەوەوکڕینی کتێبەوە هەیە. هەندێ جار کتێبەکان داونلۆد دەکەن و ناشخوێنرێتەوە و هیچ سودێکی نابێت، تۆڕەکان تینوێتی خوێنەرناشکێنن هەروەها بوونی ئەم قەیرانەش وایکردووە خوێنەر کتێب نەکڕێت هەرچەندە ئیستا نرخی کتێبەکان زۆر گونجاون، به‌ڵام هەندێک له‌ تۆڕەکان بوونەتە جێگرەوەی کتێب.
پەی بردن بە نهێنیه‌ کەسییەکان و بڵاو بونەوەی زانیاری و چونە ناو ئەکاونتەکان بەناوی ( هاککردن) یەکێکی ترە لەوگرفتانەی ڕووبەڕووی بەکارهێنەرەکان ، به‌تایبه‌ت ئەو کەسانەی کە خاوەنی ناو ناوبانگن.
داناعەسکەر، ڕەخنەگر و نووسەر دەڵێت : ئەم دیاردەیە پەیوەندی بە غیابی هوشیاری کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیەوە هەیە ، لەهەموو کونجێکی ئەم سەرزەمینە ململانێ پەیوەندی بەهوشیاریەوە هەیە تەنها لە کۆمەڵگە کۆنەپەرستەکان ململانێی فیکری لەدۆخێکی ناعەقڵانیدا گوزارشتی لێدەکرێت. واتا کۆمەڵگەیەک جیاوازی فیکر و بیری جیاواز قبوڵ نەکات گرفتی گەورەی لەماهیەتدا هەیە بۆیە پەنا بۆ تایبەتمەندیەکان دەبات ، ئەمە نەک تەنها لەئاستی فیکردا بەڵکوو لەئاستی کۆمەڵایەتیشدا کۆمەڵگەی ناهوشیار لەوفەزا ناعەقڵایەدا هەڵدەکات.
دانا، ده‌ستبردنی بۆ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی تاكه‌كان له‌ لایه‌ن هه‌ندێك كه‌سه‌وه‌ په‌یوه‌ست ده‌كات به‌ بوونی ئه‌و جۆره‌ عه‌ڵیه‌ته‌ له‌ كلتوری كۆمه‌ڵگاكه‌دا «ئەم گرفتانە ڕیشەیەکی کولتووری قوڵی هەیە، تەکنەلۆجیا و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان راستی ئەم کۆمەڵگە دەخەنەروو، واتا ئەم گرفتانە بۆ ئێمە تازەنین، بەڵام تۆڕە کۆمەڵایەتەکان سایکلۆجیای ئێمەیان وەک خۆیان خستەڕوو، ئەم دیاردەیە نەخۆشیەکی کوشندەی ئەم جۆرە کۆمەڵگەیانەیە و درێژە دەکێشێت.»
کچان و ژنانیش لەبەرامبەر لایەنە خراپەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان وبێزارکردنیان قسەوباسی خۆیان هەیە .
هەژان کەمال، نوسەر، پێی وایه‌: «سۆشیال میدیا بەهەمووجۆرەکانیەوە ڕیگەیەک و سەرچاوەیەکن بۆ ئەزیەت دانی تاک بەگشتی و ژن بەتایبەتی».

یاسا هه‌یه‌، به‌ڵام
گۆران ئەنوەر، مافناس، له‌ رووی یاساییاوه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ی خراپ به‌كار بردن و ده‌ستبردن بۆ تایبه‌تمه‌ندێتییه‌كانی تاك ده‌دوێ و ده‌ڵێ: بێگومان لەبەرامبەر بێزارکردن یان ناوزڕاندن و هەرشتێکی تر کە زەرەربە خودی تاکەکان و کۆمەڵگا بگەیەنێت یاسا بێدەنگ نابێت و کۆمەڵێ مادەی تایبەتی بەم بوارە هەیە و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ند ده‌قێكی یاسای به‌ نموونه‌ ده‌هێنێته‌وه‌. كه‌ ته‌رخان كراون بۆ دیاریكردنی سزادانی ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌ست بۆ تیبه‌تمه‌نێتی كه‌سانی تر ده‌به‌ن، وه‌ك به‌شێك له‌ خراپ به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆژیا: كه‌ یاساكه‌ به‌ ده‌ق ده‌ڵێ:
سزائەدرێت بەحەپسکردنی ماوەیەک کەمترنەبێت لە شەش مانگ و زیاتر نەبێت لە پێنج ساڵ، بە بژاردن کەمترنەبێت لە یەک میلیۆن دینار بەیەکێک لەم دووسزایە هەرکەسێک بەخراپی تەلەفۆنی خانەی ( مۆبایل) یان هەر ئامێرێکی پەیوەندی بەتەل یان بێ تەل یان ئینتەرنێت یان پۆستی ئەلیکترۆنی بەکارنهێنێت. ئەوەش لە ڕێگای هەڕەشەیان تۆمەت هەڵبەستن یان جنێودان یان بڵاوبونەوەی هەواڵی جۆراوجۆرکە ترسی لێبکەوێتەوە دزەپێکردنی گفتووگۆکان یان وێنەی جێگیریان جوڵاویان کورتەنامە کەدژی ڕەفتارو ڕەوشتی گشتی بێت. یان وێنەگرتنی بێ مۆڵەت یان بێ ڕەزامەندی یان دانە پاڵی بارێکی وا کە ئابڕوو بڕوشێنێت یان گاڵدان لەسەرئەنجامی تاوانیان کردەوەکانی بەدڕەوشتی و داوێن پیسی یان بڵاوکردنەوەی زانیاری پەیوەندیداربەنهێنی ژیانی تایبەتی یان خێزانی تاکەکان ئەوەی بەدەستی هێناوە بەهەر ڕێگایەک بێت هەرچەندەڕاستیش بێت ئەگەرهات و بڵاو کردنەوەودزەپێکردن و دابەشکردنی ببێتەهۆی خراپە پێگەیاندنیان یان زیانیان پێ بگەیەنێت .
سه‌باری ده‌ستنیشان كردنی سزا بۆ خراپ به‌كاربه‌رانی ته‌كنه‌لۆژیا، یاسا چه‌ند ئه‌ركێكیشی خستووه‌ته‌ سه‌ر كۆمپانیاكانی په‌یوه‌ندی له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ نموونه‌ی ئه‌و ماده‌یه‌ی كه‌ ده‌ڵێ:
لەسەر کۆمپانیاکانی پەیوەندی کردنە کەلەهەرێم کار دەکەن ئەمانەی لای خوارەوە پیادەبکەن :
یەکەم : تۆمارکردنی پسوڵەی ئەلیکترۆنی مۆبایل وئامێرەکانی پەیوەندیە ئەلیکترۆنییەکان و تەلەفۆنە گوازراوەکانی تر کە لەلایەن ئەوانەوە دەرچووە بەرلەدەرچوونی ئەم یاسایە بەناوی ئەوکەسەی هەیەتی و هاوبەش نییە ئەوەش لەمیانەی ماوەی شەش مانگ لەمێژووی بەکاربوونی یاساکەوهەڵوەشاندنەوەی پسوڵەی ئەوکەسەی لە لایەتی ئەوەی بە پێچەوانەوە لەوماوەیە سەردانی کۆمپانیاکە نەکات .
دووەم : پێشکەشکردنی هەرزانیاریەکی پەیوەندی دار بەپسوڵەی بەشاربوون و هاوبەش بە دادگای تایبەت مەند لەکاتی پێویست .
سێ یەم : کۆمپانیای سەرپێچیکاری هەردووبڕگەی ( یەکەم و دووەم ) لەم ماددەیە سزا دەدرێت بە بژاردن کەمترنەبێت لە پەنجا ملیۆن دینارو زیاترنەبێت لە سەد میلیۆن دینار.
سامان سەنگاوی، پیاوی ئاینی (موسڵمان) ده‌ڵێ: تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌كرێت وه‌ك ده‌ستكه‌وتێكی مرۆڤایه‌تی هه‌ژمار بكرێن و بكرێنه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی خۆشگوزه‌رانی بۆ مرۆڤایه‌تی، به‌ڵام بەداخەوە به‌هۆی ده‌ستگه‌یشتنی هه‌ندێك كه‌سی خراپه‌كار به‌و تۆڕانه‌ و هه‌ندێك جار له‌پاڵ سوود و خزمه‌توزارییه‌كان تۆڕه‌كان ده‌بنه‌ مایەی لێکترازان و ناوزڕاندن و ئاژاوەی خێزانی. ئێمەی مامۆستایانی ئاینیش لەم حاڵەتە بێ بەش نەبووین و هه‌ندێك جار هه‌ندێكمان كه‌وتووینه‌ته‌ بەرهێرشی تۆڕە كۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان . له‌ ڕووی ئاینەوە هەرشتێ ببێتە مایەی ئازاردانی بەرامبەر حەرامەونادروستە، بۆیە باهەوڵبدەین تۆڕەکان بەباشی بەکاربهێنین و دوربین لەدەرچون له‌ یاسا و راسپارده‌ و فه‌رمانه‌ شه‌رعییه‌كان.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*