سەرەکی » دۆسێ » كۆمسیۆن: هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا دەكرێت

گومانی دواخستنیشی هەیە

كۆمسیۆن: هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا دەكرێت

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن لە عیراق، جەحت لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكات لە وادەی دیاریی كراوی خۆی، سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگریش لە پەرلەمان، بەدووریدەزانێت حكومەت لە سایەی كۆنترۆڵنەكردنی چەكی لەدەستدەرچووی شەقامدا بتوانێت پرۆسەكە بەڕێوەببات.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لە عیراق، ئامادەیی تەواوەتی خۆی خستەڕوو بۆ سازدانی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریی كراوی خۆی كە دەی تشرینی یەكەمی داهاتووە، دابینكردنی ئاسایش بۆ هەڵبژاردنیش بە بەرپرسیارێتییەكی گەورەی حكومەت دادەنێت كە «لەپێاویدا هەموو هەوڵی وەزارەتەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ رەخساندنی هەلی گونجاو بۆ پرۆسەكە، خراوەتەگەڕ».

بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن ئەنجومەنی كۆمسیارانەوە لە 22ی ئایاری 2021 بڵاوكرایەوە»كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، لەڕێی ناوەندە پەیوەندیارەكان لە پەیوەندی و ئامادەكاریی كۆتاییدایە بۆ سازدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆی لە 10ی تشرینی یەكەمی 2021».

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە»پێوستە لەسەرمان، لایەنێكی زۆر گرنگ روونبكەینەوە كە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە، ئەنجومەنی كۆمسیاران بە دادوەرە سەربەخۆكانی، هەموو تیرە و توانج و رەخنەیەك بە هەند وەردەگرێت كە لەلایەن شاقامی عیراقییەوە لەبارەی كاری كۆمسیۆن لەماوەی رابردوودا دەخرێتەڕوو، ئەمەش بە ئاشكراكردنی پرەنسیپی روون و راشكاوانە و بەرهەمدار لە هەموو قۆناغەكانی خۆئامادەكردن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی، لە قۆناغی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانەوە بگرە، تا دەگاتە قۆناغی تۆماری حزب و كاندیدەكان بۆ هەڵبژاردن، لە كۆتاییشدا لەڕێی بەكارهێنانی شێوازیی دیالۆگی راستەوخۆ لەگەڵ كەسێتییە نیشتمانییەكان و دامەزراوە پەیوەندیدارەكان لە وڵات كە دەستییان كردووە بە گفتووگۆ لەگەڵ نوێنەرانی میدیا بینراو و نوسراوەكان، لەگەڵ ئەو گفتووگۆیانەی لەگەڵ دەنگە كاریگەرەكان دەكرێن لە رای گشتی و سەندیكا و یەكێتییە پیشەییەكان».

ئەنجومەنی كۆمسیاران دەڵێت»كۆمسیۆن سوپاسی توێژی لاوانی عیراقی لەدایكبووی (2001، 2002، 2003) دەكات كە بەدەم بانگەشەی نوسینگەكانی تۆماری بایۆمیترییەوە هاتوون و نزیكەی نیوەی ئەو توێژە كە مافی دەنگدانیان هەیە لە هەڵبژاردندا، ناوی خۆیان تۆماركرد».

ئەنجومەنەكە جەخت لەسەر خەمخۆری و بەتەنگەوەهاتنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەكات بۆ بەجێگەیاندنی ئەركی سازدانی هەڵبژاردنی چاوەڕوانكراو بەشێوەیەكی ئاست بەرز و بەرچاوڕوون و بێخەوش، بۆ ئەو مەبەستەش «نوسینگەكانی كۆمسیۆن لە هەموو پارێزگاكان، جەخت لەسەر دابینكردنی هەموو میكانیزمەكان دەكاتەوە بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن و دەستەبەركردنی متمانەی عیراقییەكان و هێزە نیشتمانییەكان».

كۆمسیۆن، تەئكید لەسەر ئادەیی تەواوەتی خۆی دەكاتەوە بۆ وادەی 10ی تشرینی یەكەمی داهاتوو، بەو پێیەی هەڵبژارددنەكە گرنگییەكی زۆری هەیە و كاردانەوەی لەسەر تەواوی رەوشی عیراق دروست دەكات.

ئەنجومەنی كۆمسیاران دەڵێت»بابەتی ئاسایشی هەڵبژاردن بە جومگە جیاجیاكانی، لە بەرپرسیارێتییە گەورەكانی حكومەتە كە هەموو هەوڵی وەزارەتەكان و لایەنە پەیوەنیدارەكان بۆ هێنانەدی خراوەتەگەڕ و كار بۆ رەخساندنی كەشی گونجاویش كراوە لەپێناو بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، هەر لەسەر ئەم بنەمایەش لیژنەی باڵای ئەمنی بۆ هەڵبژاردنەكان بەپێی فەرمانی دیوانی ژمارە 35، پێكهێنرا».

لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە، ژمارەیەك پێشێلكاریی ئەمنی لە چەند پارێزگایەكدا روویاندا، ئەمەش گومانی لای هەندێك دروستكرد، سەبارەت بە نەبوونی زەمینەیەكی ئەمنی لەبار بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن لە وڵات.

لەم ماوەیەی دواییدا پارێزگا رزگاركراوەكان، پاشەكشەیەكی بەرچاویان لە دۆسێی ئەمنی بەخۆوەبینی، بەو پێیەی پاشماوەی چەكدارانی داعش هێرش و پەلاماری نیمچە رۆژانەیان لە پارێزگاكانی دیالە و كەركوك و نەینەوا و سەڵاحەدین كردە سەر هێزە ئەمنییەكان و حەشدی شەعبی و مەدەنییەكان.

لەلایەكی ترەوە لیژنەی بەرگری و ئاسایش لە پەرلەمانی عیراق، پێشبینی كرد، هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا سازنەكرێت، لە حاڵەتی كۆنترۆڵنەكردنی چەكی لەدەستدەرچوو لەلایەن حكومەتەوە كە بە مەترسییەكی گەورە لە شەقامی عیراقیدا دادەنرێت.

گاتع رەكابی، ئەندامی لیژنەكە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی لە 22ی ئایاری 2021 رایگەیاند»هێزە سیاسییەكان ترسی ئەوەیان هەیە حكومەت نەتوانی چەكی لەدەستدەرچوو كۆنترۆڵ بكات و نەتوانرێت هەڵبژاردنێكی ئازاد و بێخەوش لە سایەی ئەم رەوشەدا سازبكرێت، بە تایبەت كە شكستی حكومەت لەو لایەنەوە كاریگەریی نەرێنی لەسەر بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە وادەی خۆیدا دروست دەكات».

بە وتەی رەكابی»حكومەت و كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و هێزە سیاسییەكانیش پێداگرن لەسەر سازدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆی لە دەی تشرینی یەكەمی داهاتوو، بۆ ئەو مەبەستەش چاوپێكەوتنی چڕ لەگەڵ سەرۆكی حكومەت سازدەكرێت لەلایەن هێزە سیاسییەكان بۆ تەئكیدكردنەوە لەسەر ئەو بابەتە، بەڵام ئەگەر حكومەت نەتوانێ‌ میكانیزمێك بدۆزیێتەوە بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ تاكەكان و كۆمەڵگە و لەنێوان پێكهاتەكان و ئەو لایەنانەی چەكیان پێیە، كازمی ناتوانێت رەوشەكە كۆنترۆڵ بكات، ئەمەش پێویستی بە پشتیوانی فراكسیۆنە سیاسییەكانە بۆ گوشارخستنە سەر ئەو لایەنانەی چەكییان هەڵگرتووە».

دوای بەرپابوونی خۆپیشاندانێكی فراوان لە بەغدا و پارێزگەكانی تری ناوەڕاست و باشووری عیراق لە مانگی تشرینی یەكەمی 2019 كە داوای چاكسازیی و بنبڕكردنی گەندەڵی و باشكردنی ئاستی خزمەتگوزارییان دەكرد، پاشان داواكارییەكانیان گەیشتە ئاستی گۆڕینی سیستمی سیاسی، حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی پێشوو، ناچار بوو دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەش بكات.

لەگەڵ دەستلەكاركێشانەوەكەی عەبدولمەهدیش، پشێبڕكێیەكی ماراسۆنی بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی راگوزەر دەستیپێكرد، هەریەك لە محەمەد تۆفیق عەللاوی و عەدنان زورفی هەوڵەكانیان بۆ پێكهێنانی حكومەت خستەگەڕ، بەڵام هیچ كام لەو دوانە نەیانتوانی لە وادەی دیاریی كراوی خۆی كە مانگێك بوو، حكومەت پێكبهێنن، دواجار مستەفا كازمی سەرۆكی ئەو دەمەی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی، لە مانگی ئایاری 2020، حكومەتی راگوزەری پێكهێنا و شەشی حوزەیرانی 2021ی بۆ سازكردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاریی كرد، كۆمسیۆن لەبەر نائادەیی لەڕووی لۆجستی و تەكنیكی، رەتیكردەوە بتوانێت لە شەشی حوزەیرانی داهاتوو پرۆسەكە بەڕێوەببات، بۆیە لەگەڵ حكومەتدا رێكەوتن كرا، تا هەڵبژاردنەكە بۆ 10ی تشرینی یەكەمی داهاتوو دوابخرێت، ئەمەش لەكاتێكدایە هەندێك لە بۆچوونەكان روولەوەن، پرۆسەكە بۆ دوای كۆتایی خولی ئێستای پەرلەمان و بۆ ساڵی 2022 دوابخرێت.

 98 جار بینراوە