سەرەکی » دۆسێ » شوناس و ناسیۆنالیزمی کوردی لە سەرەتاکانی سەدەی بیست و یەکدا

دۆسێ

شوناس و ناسیۆنالیزمی کوردی لە سەرەتاکانی سەدەی بیست و یەکدا

مارتن ڤان برونەسن

کوردناس و پسپۆڕی توێژینەوە ئیسلامییەکان لە زانکۆی ئوتریخ/ هۆڵەندا

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

مارتن ڤان برونەسن Martin Van Bruinessen
توێژەر و زانایەکی ئەنترۆپۆڵۆجیی هۆڵەندییە و ساڵی 1946 لەدایکبووە. ژمارەیەکی زۆری توێژینەوەی لەسەر کەلتوری کورد، ئیندۆنیسی، تورک، فارس، زازا نووسیوە و بەگشتیش لەسەر کەلتوری ئیسلامی باس و توێژینەوەی بەرچاوی هەیە. لە ئینستیتیووتی دەوڵەت بۆ لێکۆڵینەوە ئیسلامییەکان لە ئیندۆنیسیا موحازەرەی لەسەر سۆسیۆلۆجیای ئایین وتووەتەوە. هەروەها لە ساڵی 1994وە لە زانکۆی ئوتریخت لە هۆڵەندا موحازەرەی لەباری توێژینەوەی کوردی و تورکی وتووەتەوە. باس و لێکۆڵینەوەشی لەسەر قۆناغە بەراییەکانی ئیسلام لە جاوادا نووسیوە. ئەمانەی خوارەوە بەشێکی کەمن لە توێژینەوە و کتێبە بەرچاوەکانی لەسەر کورد:

ئاغا و شێخ و دەوڵەت، لێکۆڵینەوەیەکە لەسەر بنیاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە کوردستاندا.

مەم و زینی ئەحمەدی خانی و رۆڵی لە پەیدابوونی هۆشیاریی نەتەوەیی کورددا.

توێژینەوە کوردییەکان لە ئەوروپای ناوەند و رۆژئاوادا.

دەرسیم و داڵەهۆ: لەبارەی ئایینی عەلەویی کوردی و ئەهلی هەقەوە.

مەلا و سۆفی و بێباوەڕان: رۆڵی ئایین لە کۆمەڵگەی کوردیدا.

ئیتنۆناسیۆنالیزمی کورد لە بەرانبەر بنیاتنانی دەوڵەتی نەتەوەییدا.

شێخ عەبدولقادری گەیلانی و تەریقەتی قادری لە ئیندۆنیسیادا.

شەبەک، کۆمەڵگەیەکی قزڵباشن لە کوردستانی عیراقدا.

لەگەڵ دەیان باس و لێکۆڵینەوەی جۆراوجۆری تر لەسەر کورد

من ئەوە چل ساڵە لەسەر کورد دەنووسم و هێشتا هیچ رێگە و شێوەیەکی قەناعەتبەخشم نەدۆزیوەتەوە بۆ دەستنیشانکردنی ئەوەی کە کورد کێن و چییان دەوێت. لە هەوڵدانی یەکەممدا، کە خۆشبەختانە بەبڵاونەکراوەیی مایەوە، وام باسکردوون کە «میللەتێکی خێڵەکیی کۆچەر و نیمچە کۆچەرن کە ئارەزوویان لە پێکهێنانی دەوڵەتێکی نەتەوەیی تایبەت بەخۆیان درەنگ کەوتووە، پاش ئەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابەشکرایە سەر دەوڵەتانی فارس و تورک و عەرەبدا. پسپۆڕێکی شارەزا لە ناوچەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ماوەیەکی دوور و درێژە زۆربەی زۆریان نیشتەجێکراون و من فاکتەرە گرنگەکانی زمان و ئاینم لابردووە و ئێستا وا پێشنیاز دەکەم کە بەم جۆرە وەسف بکرێن کە «میللەتێکی جووتیاری موسڵمانن و بە زمانێکی هیندۆئەوروپی دەئاخڤن». بە گەڕانەوە بۆ دواوە، دێتەوە یادم رەنگە هەموو ئەو کوردانەی تا ئێستا گفتوگۆم لەگەڵ کردبێتن لەبارەی کوردستان و کوردەوە جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ئەوان نە خێڵی کۆچەر بوون و نە جووتیار، بەڵکو هەر دانیشتووی شار بوون–بەڵام راستییەکەی ئەوەیە ئەو کەسە شارنشینانەش کەوا گفتوگۆیان لەگەڵ کراوە گرێدراوی کوردێتی و خێڵ و مێژوویەکی دوورودرێژی نەیاری و بەرهەڵستیی دژی دەوڵەتن لەبری شێوازی تایبەتی ژیانی خۆیان و بەشێوەیەکی پچڕپچڕ بوون بە بەشێکی ئەو ژیانە. من لەو دەمەوە چارەسەرێکی پراگماتیی خۆ پێناسەکردنی خەڵکم قبووڵ کردووە، کەوا تاکی کورد ئەو کەسەیە ناوی کورد لە خۆی دەنێت و بەو پێیە لەلایەن دەوروبەریشیەوە وا لەقەڵەم دەدرێت. کورد لەسەرچاوە مێژووییەکاندا بە چاکی دۆکۆمێنت کراوە وەک گەلێکی تایبەتمەند، بەڵام هەرگیز بە روونی پێناسە نەکراون١.

هێشتا وابەستەیی بە عەشیرەت و زمان و ئایین و ناوچەیەکەوە توخمی گرنگی شوناسی کوردن، بەڵام هەوڵدان بۆ دیاریکردنی بەم روون و ئاشکراییەوە و بەم خاسییەتانەوە شکستخواردووە، چونکە وابەستە بوون بە خێڵێکی کوردییەوە(لانی کەم) دەتخاتە ناکۆکی و ململانێوە لەگەڵ خێڵە کوردییەکانی تر و کۆمەڵگە ناخێڵەکییەکاندا. لەلایەکی ترەوە کۆمەڵە زمان یان دیالێکت و هەروەها پابەندی ئایینی درز و ناتەبایی گەورە پێکدێنێت لە ناو میللەتی کورددا بە باوەڕی ناسیۆنالیستەکان و شوناسە ناوچەییەکان، وەک لە کوردستانی عیراقدا بەئاشکرا دەبینرێت، بەردەوام دەبێت لە زاڵبوون بەسەر هاوکۆیی و یەکگرتنی گەورەتردا. لەنێو ئەوانەی کە بەئاشکرا لە ناسنامەی کوردییان دەدوێن کەسانێک دەبینین کە سەر بە خێڵ نین. ناسنامەی سیاسیی کورد – ئەوەی من مەبەستمە کە پلەیەک لە خۆناسینی هەبێت، یان بەشدار بووبێت لە بزووتنەوە کوردییە بەرفراوانەکەدا – رەنگە ئەو کوردانە یەکبخات کە زمان و زاراوە و ئایینی جیاوازیان هەبێت و پاشخانی گوند یان شاریان هەیە و خەڵکی شوێنی جیاوازی کوردستان یان لە تاراوگە بن و تەنانە بە زمانی کوردیش قسە ناکەن یان موسڵمانی سوننە نین، یان بۆ چەندین نەوە دوور لە کوردستان ژیاون. بەڵام ئەمە ئەو کوردانە ناگرێتەوە کە تاڕادەیەکی زۆر بزووتنەوە نەتەوەییە سێکولارەکان دەدەنە دواوە و بە پلەی یەکەم خۆیان وا دەناسێنن کە موسڵمانن یان یەزیدین یان عەلەوی و هەستێکی وایان لا درووستبووە کە بزووتنەوە و حزبە ئاینییەکان نوێنەرایەتییان دەکەن٢.

لە بواری کردەییدا، بەزۆری وا باسی شوناسی کەسێک دەکرێت کە هیچ خاسییەتێکی ئیجابی نەیگرێتەوە و خەڵک بەپێچەوانەی ئەوانیتری پەیوەندیدارەوە شوناسیان لەسەر بناغەی هەڵوێست لێکدەدەنەوە کە رەنگە ئەوانیتر زیاتر پەیوەندییان پێوە هەبێت. هەڵبەت لە سوریا یان عیراق عەرەب نین و لە ئێران ئازەری یان فارس نین و هەروەها لە تورکیاش تورک نین، هەندێک حاڵەتی لێبەدەر، بەڵام ئەم ناسنامە ئیتنیکیانە بەتەواوی ئاڵوگۆڕ پێکراو نین. ساڵی 1975 لە ئێران پرسیارم لە یەکێک لەو کەسانە کرد کە دەمدواندن ئاخۆ ئازەرییە فارسە یان کورد و پیایدا دیاربوو کە تەنانەت لە پرسیارە ساویلکانەکەشم تێنەگەیشتووە کە ئاخۆ «بەڕاستی» چیە و لە تورکیاش چاوپێکەوتنم لەگەڵ کەسانێکی کورددا کرد کە بە قەناعەتەوە وایان دەردەبڕی کە لەڕووی «ئیتنیک و نەژادەوە» تورکن. بەدڵنیاییەوە کرێکارێکی کوردی کۆچبەر لە ساڵانی شەستەکاندا لە ئەڵمانیا کەسێکی ئەلمانی نەبووە بەڵام لە ناخیدا پێویستی بەوە نەبووە بەتەواوی خۆی لە کرێکارە کۆچبەرە تورکەکان جیابکاتەوە. بێگومان شەڕ و پێکدادانە چەکدارییەکانی ساڵانی هەشتاکان و نەوەتەکان کاریگەریی توندی هەبوو لەسەر ئەم هەستەی ئێستای خەڵک. من هەرگیز جارێکیتر ئەو کەسە ئێرانییەم نەبینییەوە کە پێشتر چاوم پێکەوتبوو، بەڵام جێی سەرسوڕمان دەبێت ئەگەر ئێستا ناچار نەبێت یەکێک لەو سێ نەژادە دەستنیشان نەکات، لەکاتێکدا کە توندوتیژیی لە تورکیادا خەڵکێکی زۆری رۆژهەڵات «بەئاگەدێنێتەوە» لەبارەی ناسنامەی نەژادییانەوە. لە هەمان ماوەدا دیاسپۆرای کورد لە ئەوروپای رۆژئاوا دەرکەوت و تادەهات جیاوازیی لەگەڵ دیاسپۆرای تورک رووی لە زیادی دەکرد٣.

هەڵبەت «ئەوانیتری» بە زیاد لە مانایەکەوە پەیوەندیداری توندوتۆڵ، کاتێ کە ناسنامەی سیاسیی کورد فۆرمی خۆی وەردەگرێت، لە دیالۆگ و گفتوگۆ لەگەڵ ئەوانیتردا ئەو کارە دەکات. بزووتنەوەی کورد لە عیراقدا ئایدیا سیاسییەکانی شێوازی کارکردنی پەرەپێدا بە گفتوگۆ و مشتومڕ لەگەڵ بزووتنەوە سۆشیالیستی و ناسیۆنالیستییە عەرەبییەکاندا و پشتی بە گەلێ لە گوتارەکانی بەست. لە توركيادا، بزووتنەوەی کوردی پەیوەندییەکی توندوتۆڵی پەیداکرد لەگەڵ چەپی تورکیدا و بەهەمان شێوەش لەگەڵ بزووتنەوەی کوردی لە عیراقدا و بە پێی جیاوازیی حاڵەتەکانیش دەکرێت هەمان شتیش بوترێت لەبارەی پەرەسەندنی ناسنامەی سیاسیی کورد لە ئێران و سوریادا. کوردەکان، ئەوانەی خوێندن و شارستانییەتیان دەستەبەر کردبوو، لەم وڵاتە جیاوازانەدا شێوازی تەواو جۆراوجۆری سیاسییان پەرەپێدا کە لە زۆر رووەوە لە هاوشێوە عەرەبی و فارسی و تورکییەکانیان دەچوو بە بەراورد لەگەڵ کوردەکانی وڵاتانی دەراوسێدا. هەڵبەت هەر بەشێک لە کوردستان بزووتنەوەیەکی کوردیی تایبەت بە خۆی هەبوو کە لە مۆرکیدا جیاواز بوو لەوانی بەشەکانی تر هەرچەندە پەیوەندییان هەبوو و جارجارەش هاوکاریی هەبوو لە نێوانیاندا.

لە بەشێکی کوردستاندا هەندێک گرووپ و کۆمەڵگە هەبوون تانە و توانج لە کوردبوونیان دەدرا یان لەلایەن خۆیان و دراوسێکانیانەوە نکووڵی لێدەکرا. یەزیدییەکان و عەلەوییەکان و ئەوانەی بە دیالێکتەکانی زازا و گۆران قسەیان دەکرد (بێجگە لە دیالێکتی کرمانجی و سۆرانی) و جووتیارە نەبەستراوەکان بە خێڵ و عەشیرەتەوە لە ناوچەکەدا، ئەوانە خۆیان دەناسێنن یان ناناسێنن. بۆ هەموو ئەوانە، کوردە سوننەکانی ئەو عەشیرەتانەی کرمانجی زمانن «ئەوانەن» کە بایەخیان زیاتر بوو، بەپێچەوانەی ئەوانەی کە شوناس یان ناسنامەیان دیاریکرابوو. بەتایبەتیش یەزیدی و عەلەوییەکان وەک کەمینە مەسیحییەکان یادگاریی تاڵیان هەبوو لە خراپ مامەڵە کردن لەسەر دەستی دراوسێ کوردە سوننەکانیان. زۆرێک لە ئەندامانی ئەم کۆمەڵگە و گرووپانە نایانەوێت تێکەڵی کوردە (سوننەکان) ببن و خۆیان دوور دەگرن لە هەر پەیوەندییەک. فرەیەک لە کوردە سوننە موحافزکارەکانی کە لە ساڵانی هەفتاکاندا چاوم پێیان کەوتبوو نەیاندەویست دان بە کوردبوونی یەزیدی و عەلەوییەکاندا بنێن، سەرەڕای ئەوەی کە بە زمانی کوردیش قسەیان دەکرد. لەنێو سەرکردە سیاسییەکانی کورددا لە ساڵانی١٩٦٠کانەوە یەزیدییەکان و بەتایبەتیش عەلەوییەکان بەهێزەوە دەرکەوتن و نوێنەرایەتییان دەکرد و ئەو سەرکردانە هەوڵێکی باشیان دا بۆ بەئاگاهێنانەوەی هۆشیاریی کورد بە شوناسی کوردی لە کۆمەڵگەکانیاندا و پاشان و بە تایبەتیش لە ساڵانی١٩٨٠کان بەدواوە تووشی کێبەرکێ بوون لەگەڵ ئەو چالاکوانە سیاسییانەی لەو ماوەیەدا تادەهات بەهێزتر دەبوون و سوور بوون لەسەر ناسنامەی نەژادیی تری وەک زازا و عەلەوی و یەزیدی٤.

بەو پێیە دەکرێت لەبارەی گەلی کوردەوە بدوێین کەوا لە کرۆکێک پێکدێت بە شوناسێکی کوردیی روون و بەهێزەوە و دەوروپشتێکی گەورەی تاک و کۆمەڵگەکان بە پلەی جیاجیاوە لە وابەستەیی بە شوناسی کوردی و ئەگەری شوناسی نەژادیی ترەوە. مەبەستم لە دەستەواژەی دەوروپشت مەجازییە، بەڵام زۆرێک لەم کۆمەڵگایانە لەڕاستیدا لەڕووی جوگرافییەوە هەر دەوروپشتن. لە تورکیادا کرۆک بەتەواوی لەگەڵ ناوچەی باشووری رۆژهەڵاتی ئەنەدۆڵدا وێکدێتەوە و دەوروپشت یان چواردەوریش لەگەڵ ئەو ناوچانەی لەڕووی نەژادی یان ئیتنیکییەوە تێکەڵن وەک غازی عەنتاب و ئەرزنجان و ئەرزڕووم. لە عیراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی بەسەر زۆربەی ناوچە دوورەدەستەکاندا دەشکێت و بەشێکی گەورەی کەرکووک و مووسڵ دانیشتووانی زۆری دەوروپشتیان تێدایە کە پەیوەندییەکی زیاتر دژواریان هەیە لە گەڵ ناسنامەی کوردیدا. سەرکردەکانی سوننە و شیعە و ناسیۆنالیستەکانی عەرەب و تورک و هەروەها کوردیش هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ راکێشانی ئەو خەڵکانە بە لای خۆیاندا5. لە ئێران، سنووری نێوان کوردی (سوننە) و ئازەرییە (شیعەکان) روون و دیارە لە باکوور. بەڵام لای باشووری کوردستانەوە کرۆکە کوردییەکە دابەش دەبێتە سەر ناوچەیەک کە دانیشتووانەکەی زیاتر کوردی شیعە و ئەهلی هەق (یارسان) و قسەکەرانی زاراوەکانی هەورامی و گۆرانی و لەکین و هەر هەموویان لە بژاردەی ناسنامەیەکیان زیاتر هەیە و تاڕادەیەک رۆڵی پەراوێزیان هەبوو لە جووڵانەوەی کورددا.

ئاین هێڵی درز و ناکۆکی پێکدێنێت بە شێوەیەک کە زیاتر بایەخدارە لە زمان/زاراوە. لە تورکیادا، هێشتا هەر دابەشبوونی سوننی – عەلەوی قووڵە و مۆرکی نەبوونی باوەڕی پێوە دیارە و هەرچەندە ناکۆکی و ململانێی سوننە – شیعە مەترسیدار نیە لە نێو کوردەکانی ئێران و عیراقدا لە حاڵی حازردا، بەڵام ئەم کۆمەڵگایانە پێدەچێت زیاتر دابڕاوتر بن وەک لەپێشتر و وەک ئەنجامێک بۆ بووژانەوەیەکی گشتیی ئیسلامی. یەزیدییەکان لە کۆمەڵگەکانی تری ناوچەکە زیاتر هاوسەرگیریی داخراوی خزمایەتی بەتوندی پەیڕەو دەکەن و ئەمەش بەربەستە لە رێی تێکەڵبوونیان بە کوردەکانی تر. ئەوان هەڕەشەی داعش وایلێکردوون کە پشت بە کورد ببەستن بۆ پارێزگاری لێکردنیان، بەڵام کۆمەڵگەی یەزیدییەکان یادەوەریی تاڵیشیان هەیە لە خراپیی مامەڵە و ئازاردانی کوردەکان، بەڕادەیەک کە پەیوەندییان لەگەڵ دەراوسێکانیان لە کوردە سوننەکان تایبەتمەندییەکی ئاست نزمی بروا و متمانەی تێدایە. کەمینە ئاینییەکانی تری وەک – ئەهلی هەق (کە بە یارسان و کاکەییش ناسراون)، شەبەک، سارلی – بەهەمان شێوە بەرەوڕووی مەترسی بوونەتەوە و لە رابردوودا بەوە هەوڵی خۆپاراستنیان داوە بە خۆناساندنیان کەوا کورد یان تورکمان یان تەنانەت عەرەبن بە خۆبەستنەوەیان بە دەسەڵاتدارانی شیعە یان سوننەوە.

ناسنامەی کوردی (یان ناسنامەکان) و ناسیۆنالیزمی کوردی (یان ناسیۆنالیزمەکان) بە شێوەی جیاواز و لە بارودۆخی جیاوازدا گوزارشی لێوەکراوە و ئەو داخوازییانەی پەیوەندییان بە ناسنامەیەوە هەیە بەو پێیە گۆڕاون. لەسەرەتاکانی سەدەی بیست و یەکەوە دوو پەرەسەندنی سەرەکی هاتنە کایەوەوە، کە ئەوانیش درووستبوونی حکومەتێکی هەرێمیی کوردی ئۆتۆنۆمیدار لە عیراقدا و جاڕدانی کانتۆنەکانی خۆڕێوەبەری لە ناوچە کوردییەکانی سوریادا، کە بەئاشکرا دید و بۆچوونی رکابەری سیاسیی بۆ درووستبووە و بزووتنەوە سیاسییە باڵادەستەکانی ئەم دوو هەرێمە دوو شێوازی ناسیۆنالیزمی کوردیی تەواو جیاوازن. لەپاڵ ئەم دوانەدا گرووپێکی سێهەمی ئیتنیکی کوردیی خۆسەلمێنی تەواو جیاواز هەیە کە بەردەوام بایەخی روو لەزیادبوونە لە دەمی شۆڕشی ئێرانییەوە و ئەویش ئیسلامیزمی کوردییە. لە بەشەکانی داهاتووی ئەم نووسینەدا، هەوڵ دەدەم نەخشەی ئەوە بکێشم کە چۆن ئەم سێ جۆرەی ناسیۆنالیزمی کوردی فۆرمەڵە بووە لە پشێوییە سیاسییە گەورەکانی دوادواییەکانی سەدەی بیست و سەرەتاکانی سەدەی بیست و یەکدا.

بزووتنەوەی کورد لە عیراقدا: ناسیۆنالیزم قورسایی خۆی دەخاتە سەر کۆنترۆڵکردنی خاک

بزووتنەوەی کوردیی عیراقی لە ساڵی1961وە شەڕ و ململانێیەکی چەکداریی دژ بە حکومەتی ناوەندی بەرپا کردووە، کە تێیدا بەدیهێنانی ئامانجەکەی بەوە دەسنیشان کردووە کە ئۆتۆنۆمی (حوکمی زاتی) بێت بۆ کوردستانی عیراق و بەرجەستە کردنی دیموکراتی لە دامودەزگا ناوەندییەکانی دەوڵەتی عیراقدا. ئەم دوو ئامانجە بە هەمان ئاست گرنگ نەبوون بۆ هەموو کەرتەکانی بزووتنەوەی کوردی و بەرجەستە کردنی دیموکراسی لە ناوەنددا تەنها جێی بایەخی خەڵکە شارستانییەکە بوو، لەکاتێکدا خێڵ و عەشیرەتەکان دەستێوەردانی کەمتری حکومەتیان دەویست. بزووتنەوەکە هەمیشە پێکهاتبوو لە هاوپەیمانییەکی ناجێگیری توخمی جۆراوجۆر کە بریتی بوون لە چالاکوانە سیاسییە خوێندەوارەکانی ناوچە سارستانییەکان کەوا هێزی بزوێنەری دەزگای حزب بوون کە (پارتی دیموکراتی کوردستان) بوو، لەگەڵ خێڵ و عەشیرەتەکان کە بەشێکی زۆری هێزی سەربازیی بزووتنەوەکەی دابین دەکرد، بەڵام دڵسۆزییان مەسەلەیەکی مسۆگەر و بڕاوە نەبوو، لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی و شوێنکەوتووە قاڵبووەکانیان لە شەڕدا، کەوا کرۆکی هێزی شەڕکردنی جووڵانەوەکەیان پێکدەهێنا. لە ساڵانی ١٩٦٠کاندا، ئەندامە چالاکەکانی حزب بەزۆری خەڵکی سلێمانی و شارەکانی تری سۆرانی زمان بوون، لەکاتێکدا کە بارزانییەکان و هاوپەیمانە خێڵەکییەکانیان و (بەهەمان شێوەش دوژمنە خێڵەکییەکانیان) بەزۆری خەڵکی ناوچەی بادینانی باکووری کرمانجی زمان بوون.

کاتێ رکابەریی و ناکۆکی سەریهەڵدا لە نێوان مەلا مستەفای بارزانی و مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا (بە سەرۆکایەتیی ئیبراهیم ئەحمەد و…) سەبارەت بەو رێباز و ئاڕاستەیەی کە بزووتنەوەکە پێویستە پەیڕەویی بکات، بارزانی زۆر بە سادە و ساکاری گرووپەکەی ئەحمەد– تاڵەبانیی دەرکرد و کەسانی دڵسۆزی خودی خۆی لە جێیان دانا بۆ سەرکردایەتیی پارتی.
باڵەکەی ئەحمەد – تاڵەبانی، کە لە نێوان بەغدا و پیاوەکانی بارزانیدا گیریانخواردبوو، لەساڵی 1966دا بۆ ماوەیەکی کورتخایەن بەکردەوە کەوتنە شەڕ و پێکدادانەوە دژ بە بارزانی. ئەم ناکۆکی و ململانێیە بوو بە هۆی دابەشبوونێکی سیاسیی هەمیشەیی بۆ بزووتنەوەی کوردی لە عیراقدا و قۆناغەکانی شەڕ و پێکدادانی توند ماوە نا ماوە دەگۆڕا بە قۆناغی رێککەوتن و هاوکاری. دواجار لە پاش ساڵێک لە شکستی مەلا مستەفای بارزانی لە ساڵی 1975دا، حزبێکی نوێی دامەزراند، کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (PUK) بوو و خوێندکاران و رۆشنبیرانی ناوچەی سلێمانیی لەخۆگرت شانبەشانی پێشمەرگە دڵسۆزەکان بۆ تاڵەبانی، هەروەها تاڵەبانی بنکەیەکی سەرەکیی لەسەر سنووری عیراق– ئێران دامەزراند. لەلایەکی ترەوە مەسعوود و ئیدریسی کوڕانی بارزانی سەرلەنوێ پارتی دیموکراتی کوردستانیان رێکخستەوە و بنکەیەکی هاکەزایی پێشمەرگەیان لە نزیک سنووری تورکیا دامەزراند. ساڵانی دواتر و بەدرێژایی ماوەی جەنگی ئێران – عیراق هەردوولا بەزۆری کاری رەمزییان ئەنجامدەدا و داواکارییان نوێنەرایەتی کردنی بەشەکانی خوار و ژووری کوردستانی عیراق بوو، بەڵام خۆیان دەپاراست لە بەرەنگاربوونەوەی گەورە لەگەڵ سوپای عیراقدا، هەرچەندە گەلێ جاریش شەڕی گەورە لە نێوانیاندا بەرپا دەبوو و لە یادەوەریی هەردوولادا مایەی تووڕەییە٦.

لە کاتی دەستێوەردانی نێودەوڵەتییەوە لە ساڵی 1991دا و بە هۆی پارێزگاریی بەردەوامی نێودەوڵەتییەوە، بەشێکی گەورەی کوردستانی عیراق بە شێوەی دیفاکتۆ کەوتە ژێر دەسەڵاتی هەردوو حزبی سەرەکی، کە لە پێکەوەژیانێکی ناجێگیردا بەیەکەوە حوکمیان دەکرد و هەر لایەکیان کۆنترۆڵی بەشێکی ئەو هەرێمەیان کردبوو و پشکێکی یەکسانیان هەبوو لە حکومەتی هاوبەشدا. پارتی دیموکراتی کوردستان (پدک) کۆنترۆڵی ناوچەکانی سنووری تورکیای کردبوو و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (ینک) کۆنترۆڵی زۆربەی ناوچە سنوورییەکانی ئێرانی کردبوو، بەڵام بایەخێکی ئابووریی کەمتری هەبوو. لە ناوەڕاستی ساڵانی ١٩٩٠کانەوە، هەردوک پدک و ینک کەوتنە شەڕی ناوخۆی براکوژییەوە، کە یەک لە هۆکارەکانی دووبارە دابەشکردنەوەی داهاتی هەرێمەکە بوو. پدک توانی ینک لە هەولێر دەربکات (کە بۆ ئەمەش پەنای بردە بەر هاوکاریی سەدام حوسێن!) و لەو کاتەوە بوو بە حزبی باڵادەستی هەرێمەکە7. فشاری نێودەوڵەتی کوردەکانی قەناعەت پێکرد کە شەڕی ناوخۆ کۆتایی پێبێنن و بۆ ماوەی چەند ساڵێک دوو حکومەتی کوردییان دامەزراند، یەکێکیان لە هەولێر و ئەویتر لە سلێمانی و تەنها لە دوای داگیرکردنی ئەمریکا بۆ عیراق لە ساڵی 2003دا هەردوو حکومەتەکە یەکیانگرتەوە و حکومەتی هەرێمی کوردستان (KRG) دامەزرا، کە بەشداریکرد لەو دانوستانەدا کە ویلایەتە یەکگرتووەکان سەرپەرشتیی دەکرد بۆ دانانی دەستوورێکی سەرەتایی عیراق و تێیدا حکومەتە یەکگرتووەکەی هەرێم دەسکەوتی سیاسیی گەورەی بەدستهێنا.

لەکاتێکدا کە ئەمریکییەکان پشتگیریی عیراقێکی یەکگرتووی ناوەندییان دەکرد، یاسای بەڕێوەبردنی کاتی کە لە ناوەڕاستی ساڵی 2004دا دەرچوو رێگەی کردەوە لە بەردەم فیدراڵییەتدا و بواری دەسەڵاتی بەرفراوانیدا بە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاروباری هەرێم و پشکێکی رەوای بودجەی نیشتمانی و هەروەها نوێنەرایەتییەکی گەورە لە حکومەتی ناوەندیدا. لە دوای هەڵبژاردنی ساڵی 2005، مەسعوود بارزانی بوو بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و هۆشيار زێباریی خزمی نزیکی بوو بە وەزیری دەرەوە لە حکومەتی بەغدادا و پۆستی سەرۆک کۆماری عیراقیش درا بە ٨. پۆستە وەزارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە نێوان (پدک) و (ینک)دا دابەشکران و هەردوولا رێککەوتن لەسەر دامەزراندنی سەرۆک وەزیران بەنۆرە.

لە نێو جووتە ئامانجی ئۆتۆنۆمی (مەبەستی سەربەخۆییە – وەرگێڕ) و نوێنەرایەتی کردن، کە هەردووکیان دوو ئامانجی درێژخایەنن، وادیارە پدک و بنەماڵەی بارزانی بەشێوەیەکی سەرەکی قورسایی خۆیان خستووەتە سەر یەکەمیان و تاڵەبانی و ینک رۆڵێکی پێشەنگ دەبینن لە دووەمدا. بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ تاڵەبانی ئەو سیاسییە کوردە بوو کە سیاسییە عەرەبەکان متمانەیەکی زۆریان پێی هەبوو و باوەڕیان وابوو کە لە نیگەرانییان تێدەگات. بەڵام زۆرینەی زۆری کوردەکانی عیراق چیتر بایەخیان بە پارچەکانی تری عیراق نەدەدا وەک دەوڵەتێکی یەکگرتوو و لەسەربەخۆیی بەولاوە هیچیتر ناخوازن. ئەزموونی شاڵاوی جینۆسایدی ئەنفال لە ساڵی 1988دا (کاتێ کە بەلای کەمەوە پەنجا هەزار یان رەنگە زۆر زیاتر بووبێت لە گوندەکانیاندا رەشبگیر کران و راپێچی کوشتن کران)* ئەو بیر و باوەڕەی تێکشکاندن کەوا ئۆتۆنۆمی بەس بوو بۆ ئەوەی بیانپارێزێت. ئەگەرچی سەرکردە سیاسییەکان باش ئاگاداری ئەو کۆسپ و تەگەرە سەختانە بوون کە دێنە رێگەی سەربەخۆیی، بەڵام فشاری خوارەوە ناچاری کردن و بە تایبەتی بارزانی کەوا گوتاری سەربەخۆیی تەواو بکەن بە ئامانجی کۆتایی. هەروەها کۆدەنگییەکی بەرفراوان هەیە لە ناو کوردە عیراقییەکاندا کەوا پێویستە هەرێمە ئۆتۆنۆمیدارەکەیان فراوان بکەن بۆ ئەوەی شاری کەرکووک و زۆربەی پارێزگاکەی بگرێتەوە و دیسان ئەو ناوچانەی تریش کە زۆرینەی کورد تێیدا نیشتەجێن. هەڵکشانی کوتوپڕی داعش لە ساڵی 2014دا، کە موسڵی گرت و بەرەو کەرکووک و هەولێر کشا و سوپای عیراق لە بەردەمیدا خۆی پێنەگیرا و هەڵات، هەل و دەرفەتێکی باشی بۆ کورد رەخساند. هێزەکانی پێشمەرگە هێرشەکەی داعشیان وەستاند و کۆنترۆڵی ناوچە کێشەلەسەرەکانیان کرد و لەو کاتەوە ئیتر بەجێیان نەهێشتووە، بەڵام بەتەواوی دوودڵ بوون کە شەڕی دژی داعش بخەنە ناوچە عەرەبنشینەکانەوە و پێداگرییان لە بەرگری کرد لە ناوچە کوردنشینەکان و ئەمەش وێکدەهاتەوە لەگەڵ خولیا و ئاواتی نەتەوەیی کلاسیکی بەوەی سنووری سیاسی و ئیتنیکی هاوزەمان بێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، خولیا و چاوتێبڕینی خاک هێشتا هەر لەسەر کوردستانی عیراقە و تەواوی حزبەکان و سیاسییەکان بیرۆکەی کوردستانی یەکگرتوو رەتدەکەنەوە. بەم دواییە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا دیالێکتی سۆرانی تەنها زمانی رەسمی بێت و ئەمەش پێگەی دیالێکتی کرمانجی لە بادیناندا کەمدەکاتەوە و دواجار وادەکات کە دیالێکتەکە هاوسنوور بێت لە نێوان کوردستانی تورکیا و عیراقدا و ئەمەش زیاتر پاڵ بە کوردستانی عیراقەوە دەنێت وەک قەوارەیەکی تایبەت و جیاواز. لەگەڵ ئەوەشدا پدک وا خۆی دەردەخات کە برا گەورەی حزبە پەیوەندیدارەکانی بەشەکانی تری کوردستانە، بەتایبەتیش لە سوریا و تورکیادا. زۆربەی حزب و بزووتنەوە کوردییەکانی وڵاتانی دراوسێ بوون و تەنانەت بنکەی سەربازیشیان هەیە لە کوردستانی عیراقدا – بەو حزبانەشەوە کە پدک ناکۆکیی ئایدیۆلۆجیی هەیە لەگەڵیان، وەک پەکەکە.

هەرێمە کوردییەکە ئەو بەشەی عیراقە کە زۆرترین ئازادی و سەقامگیری تێدایە و بە شێوەیەکی فەرمی، یان بەپێی دەستوورەکەی، دیموکراتییەکی لیبراڵییە و هەڵبژاردنی دەوریی تێدا دەکرێت و سەرۆکی هەڵبژێردراویش ماوەیەکی دیاریکراوی هەیە. لە بواری پراکتیکیدا، سیستەمەکە بەتەواوی پشتی بە مەحسووبییەت و خزم خزمێنە بەستووە و زۆربەی سەرچاوە و داهاتەکان لەلایەن (پدک و ینک)وە کۆنترۆڵ کراوە و هەل و دەرفەتیش لەسەر پەیوەندیی خەڵک وەستاوە بە یەکێک لەم دوو لایەنەوە. ئەو خاوەن کارانەی پەیوەندیی باشیان هەیە دەتوانن سامان بەدەستبێنن بەڵام ئەوانەی ئەم جۆرە پەیوەندییانەیان نیە ئەوە دەرفەتی بەدەستهێنانی کار و خوێندن و خزمەتگوزاریی تر کەمە. ئابوورییەکەی لە هی دەوڵەتێکی کرێچی دەچێت و زۆربەی داهاتەکەی لە بازرگانیی نەوت و ترانزێتەوەیە و لەلایەن هەردوولاوە بەسەر ئەندام و بریکارەکانیاندا دابەش دەکرێت9. عەشیرەتەکان، بەوانەشیانەوە کە لە ساڵانی 1980کاندا هاوپەیمانی حکومەتی ناوەندی بوون و شەڕی بزووتنەوەی کوردییان دەکرد، دایانە پاڵ هەردوو حزبە سەرەکییەکە و چوونە ژێر رکێفیانەوە و ئەم سیستەمەش پێگەی سەرۆک هۆزەکانی بەهێز کرد.

جووڵانەوەی کورد لە تورکیا و سوریا: لە ناسیۆنالیزمی کوردایەتییەوە بۆ «خۆڕێبەریی دیموکراتی»

وەک حاڵەتی عیراق، جوولانەوەی کورد و ئەو حزبە نهێنییانەی کە لە تورکیا و سوریادا پەیدابوون لە 1960کان و دوای ئەوەشەوە، پاڵپشتی یەکەم و بەهێزی خۆیان لە نێو ئەندامە رۆشنبیر و شارستانییەکاندا دۆزییەوە لە دەستەبژێرە نەریتییەکە و پاشان وردە وردە بنکەی چینایەتیی خۆیان بەرفراوان کرد کاتێ خوێندنی بە ئاستێکی بەربڵاوتر دەستەبەر بوو. زۆربەی جووڵانەوەکان ئەمجۆری یان ئەوجۆری ئایدیۆلۆجیای سۆشیالیستییان پەیڕەوی کرد، هەرچەندە دەستەبژێری خێڵەکی هێشتا هەر ئامادەییەکی باشی هەبوو لەسەرکردایەتییەکانیاندا. هەڵبەت پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بواردووی سەرەکی بوو تێیاندا، کە هەر لەسەرەتاوە هەوڵیدا چینە چەوساوەکانی تێدا لەپێش و خاوەن بڕیار بێت و دەستەبژێری خێڵەکییان بە هاوکاری کۆڵۆنیزەکردنی کوردستان دادەنا10 .بێجگە لە هاوپەیمانیی ناوبەناو لەگەڵ گرووپێکی خێڵەکی لە ناکۆکی و ململانێیەکدا دژ بە گرووپێکی خێڵەکیی تر، ئەم حزبە هەر بە بەرهەڵستیی توندی پەیوەندییەکانی هێزی خێڵەکی و هەروەها بەها نەریتییە خێڵەکییەکان مایەوە. بەدرێژایی پانزە ساڵی شەڕی گەریلایی گشتگیر و بەرفراوان، پەکەکە لەگەڵێ ناوچەدا توانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بگۆڕێت و خراپترین شێوەی چەوساندنەوەی دەرەبەگایەتیی هەڵبوەشێنێتەوە. (ئاشکرایە کە پرۆسەی دژە یاخیبوون لەلایەن دەوڵەتەوە کاریگەریی گەورەی هەبوو لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، بە هۆی سیستەمی کۆروجو korucu و راگواستنی زۆرەملێی گوندەکان کە بوو بە مایەی پەرەسەندنی گەڕەکە شارنشینە هەژارەکان و لاوازبوونی پەیوەندییە خێڵەکییەکان).

لە ساڵانی پێکهاتنیدا، ئەو گرووپەی کە بوو بە پەکەکە گوتارێکی مارکسی – لینینی و پرۆلیتاری و دژە کۆڵۆنیاڵیزمی هەڵگرت و کوردستانی وا پێناسە دەکرد کە لەلایەن چینە حوکمڕانەکانی وڵاتانی ناوچەکەوە داگیرکراوە و ئەمیش خەبات بوو بۆ رزگارکردن و یەکخستنی هەموو پارچەکانی دەکات. ناسیۆنالیزمی ئەم حزبە ئیتنیکی یان نەژادیی تەواو نەبوو، چونکە هەمیشە دانی بە بوونی گرووپی ئیتنیکیی تردا دەنا لە کوردستاندا و هەمان مافی بە گرووپە ئیتنیکی یان نەژادییەکانی تر دەدا لە کوردستاندا و هەروەها هاوکاری و هەماهەنگی کردنی لەگەڵ ئەو رێکخراوە غەیرە کوردیانەی کە لەڕووی ئایدیۆلۆجییەوە لێیەوە نزیک بوون. بوونی غەیرە کورد لە نێو ئەندامە دامەزرێنەر و سەرکردە سیاسییەکانیدا مەسەلەیەک بوو کە جێی شانازی بوو و بە شۆڕشگێڕیی نێونەتەوەیی لەقەڵەم دەدرا. پەکەکە بە چالاکییەوە ئەندامان و هاوکارانی لە بەشەکانی تری دەراوسێی کوردستان دەگرتەخۆی و ئەمەش تەحەدایەک بوو بۆ هەموو ئەو حزبانەی کە هەبوون.

لە ساڵانی سەرەتای 1990کاندا گۆڕانکارییەکی گەورە روویدا لە ئاڕاستە و بۆچووندا، کاتێ پەکەکە هەوڵیدا ناوبانگی خۆی لە کارامەیی سیاسیدا بگۆڕێت بۆ سەرمایەیەکی سیاسی و هانی هەوڵ و کۆششی بنیاتنانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکیی حزبە یاساییەکانی دەدا لە چوارچێوەی سیستەمی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئێستای تورکیادا. لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا کە ساڵی 1993 لە دیمەشق بۆ ئۆجەلان بەسترا و تێیدا جاڕی ئاگربەسی یەکلایەنەی دا، ئەم خولیا و ئاواتی حزبەکەی بە مافی کورد لە چوارچێوەی ئێستای دەوڵەتی تورکیادا پێناسە کرد، ئیشارەتی بەوەش دا کە باوەڕی وابووە کە دەکرێت بگەنە چارەسەرێکی سیاسی لەگەڵ سەرۆک ئۆزالدا11. تازەترین پرۆسەی «Turkiyelileşme»، هەرچەندە لە ئیلهامبەخشیی ئایدیای وەرچەرخانی دیموکراتیی رادیکاڵییەوە سەرچاوەی گرتووە و دواتر بەدرەنگەوە هاتە سەر پەیڕەویکردنی، بەڵام لەگەڵ ئەم ئاڕاستەی گۆڕانەدا یەکدەگرێتەوە کە لە دوو دەیە زیاترە دەستی پێکردووە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئایدیای دیموکراتی لەسەر ئاستی بنکە و پێکهاتەی کۆنفیدراڵی لە خوارەوە بۆ سەرەوە، کەوا بەشێک لە ئایدیۆلۆجیای نوێ پێکدەهێنێت، بریتییە لە دابڕانێکی گەورەی بەتوندی سێنتراڵیزەکراوی لەسەرەوە بۆ خوارەوەی رێکخستنی حزبیی رێکخراوەکە، کەوا پەکەکە بەئاسانی لێی رزگار نابێت.

پەکەکە لە حزبێکەوە کە ئامانجی دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆی یەکگرتوو بوو لە رێگەی شۆڕشێکی پرۆلیتارییەوە، بوو بە بزووتنەوەیەکی بەشدار لە کۆمەڵێکی فرە و فرەوانی چالاکیی سەربازی و سیاسی لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتانەدا کە هەن و بە پلەی یەکەم سەرنج خستنە سەر تورکیا، بەڵام بە شێوەی جۆراوجۆر چالاک بێت لە وڵاتە دراوسێکاندا. ئایدیا و بۆچوونەکانی وەرچەرخانی دیموکراتیزە کردنی رادیکاڵی و حوکمی خۆڕێبەری، کە لە نووسینەکانی موڕای بووکچینی سۆشیالیست و ئیکۆلۆجیستی لیبراڵییەوە سەرچاوەی گرتووە، خۆڕێکخستن و بڕیار درووستکردن لە ئەنجومەنە لۆکاڵییەکاندا و رێکخستنی لە بنەوە بۆ سەرەوە لە رێگەی یەکگرتنی ئەنجومەنە لۆکاڵییەکانەوە و نوێنەرایەتی کردن لە ئەنجومەنە ئاست بەرزەکاندا12. پەکەکە چیتر بە جووڵانەوەیەکی نەتەوەیی نەماوە بەڵکو بووەتە جووڵانەوەیەکی پشت نەتەوەیی (پۆست ناسیۆنالیست)، کە تێیدا ئایدیای دەوڵەت – نەتەوەیەکی کوردی بایەخی خۆی لەدەستداوە، ئەگەرچی کوردستان وەک قەوارەیەکی هەرێمی وەک بەهایەکی رەمزیی یەکلاکەرەوە دەمێنێتەوە.

بنەما ئیتنیکی یان نەژادییەکانی کورد بە توخمی دیاریکراوی ئەنجومەنەکانی خۆڕێوەبەریی دانانرێت کەوا پەکەکە و رێکخراوەکانی سەر بە پەکەکە پەیڕەویی دەکەن، کە هەندێکیان فرە ئیتنیکن و رەنگدانەوەی بارودۆخی ناوچەیین و رەنگە هەندێکیشیان بەتەواوی پێکهاتبێتن لەو کەمینە ئاینی و ئیتنیکیانەی لە ناو کورددا دەژین. ئایدیای ئۆتۆنۆمی و خۆژێن (ئیکتیفای زاتی) لەسەر ئاستی گەڕەکی شارستانی یان گوند جیاوازە بە گرێدانی لەگەڵ کۆنفیدراڵییەتی خۆبەخشی کۆمەڵگە هاوشێوەکان و ئەمە جیاوازییەکی گەورەی هەیە لەو ئۆتۆنۆمییە نەریتییە ئایدیاڵەی کوردستانی عیراق یان تورکیا.

کۆنفیدراڵییەتی ئەنجومەنە ناوخۆییەکان سنوورەکانی ئیتنیک و نەژاد و هەرێمەکان رەچاو ناکات. هێشتا کوردستان هەر ناسنامەی جوگرافیی هەموو بزووتنەوەکانە، بەڵام لەڕووی تیۆرییەوە دەکرێت ئەم شێوازی رێکخستنە بەشی گەورەی تورکیا یان سوریا بگرێتەوە و کۆمەڵگە ئیتنیکییەکانی تر بە یەکسانی تێکەڵ بکات – وەک دەردەکەوێت لە هەرێمە کوردییەکەی سوریادا (رۆژاڤا)، کە پەیەدە PYDی رێکخراوی دەستەخوشکی پەکەکە کۆنترۆڵی کردووە. کەجەکە (کۆما جڤاکێن کوردستان) کە لە ساڵی 2007دا دامەزرا، دەستەیەکی کۆنفیدراڵیی ئاست بەرزە و رێکخراوێکی چەترە بۆ تۆڕە سەربازی و سیاسی و مەدەنییە جۆراوجۆرەکان، بە پەکەکە و حزبە دەستەخوشکەکانی وڵاتانی دەراوسێوە. سەرەڕای ئایدیاڵی دیموکراتیی رادیکاڵی، کەجەکە هێشتا هەر لەسەرەوە رابەرایەتی دەکرێت، لەلایەن یەکێک لەسەرکردە سەربازییە باڵاکانی پەکەکەوە13.

راپەڕین لە سووريادا تاقیگەیەکی بۆ کوردەکان رەخساندووە بۆ ئەزموونکردنی چەمک و تێگەیشتنیان لەبارەی دیموکراسیی رادیکاڵەوە. ژمارەیەکی زۆر لە حزب و رێکخراوی کوردی لە سوریادا هەن و گەلێکیان بە هەر شێوەیەک بووە سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان یان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن و شوێنکەوتووانێکی کەم و دیاریکراویان هەیە. بەڵام پارتی پەیەدەی دەستەخوشکی پەکەکە یەکێکە لەو حزبە کەمانەی پێچەوانەی ئەوانیتر شوێنکەوتەی زۆری خۆی هەیە و بێجگە لەوەش ژمارەیەکی زۆری چەکدار هەیە و توانیوێتی باڵادەست بێت لە هەر سێ ناوچەکەی باکووری سوریا کە چڕیی دانیشتووانی کورد تێیاندا بەرزە – تەنانەت لە ناوچەی جزیرەش لە باکووری رۆژهەڵات کە پێشتر زۆر کاریگەر نەبوو تێیدا14. لەسەرەتادا ناوچە کوردییەکان بە پارێزراوی مانەوە لەو ناکۆکی و شەڕوشۆڕەی لەسەرانسەری سوریادا تەشەنەیان کردبوو، لەبەرئەوەی پارتی یەکێتیی دیموکراتی و هێزە چەکدارەکانی (یەکینەکانی پاراستنی گەل YPG و یەکینەکانی پاراستنی ژنان YPJ) راستەوخۆ بەرەنگاری حکومەتی ناوەندی نەبوونەوە و قەناعەتیان بە سوپای سوریا کرد خۆبەخشانە لە ناوچەکە پاشەکشە بکات و کۆنترۆڵی رادەستی پارتی یەکێتیی دیموکراتی بکات. بڵاوبوونەوەی داعش لە ساڵی 2014 دا و هێرشکردنی بۆ سەر کۆبانی بوو بە هۆی بەرپابوونی پشێوی و شڵەژان و بەشێکی زۆری خەڵکەکە لە شوێنی خۆیان هەڵکەنران، بەڵام لەهەمان کاتدا بوو بە هۆی ئەوەی کە پارتی یەکێتیی دیموکراتی و هێزە چەکدارەکانی، کە قارەمانانە بەرگرییان لە ناوچەکە کرد، هاوسۆزییەکی نێودەوڵەتیی بەرفراوان بەدەستبێنێت.

ئەو رێکخستنە سەربازی و بەڕێوەبردنە مەدەنییەی پارتی یەکێتیی دیموکراتی دایمەزراندبوو پشت بە ئایدیای دیموکراتیی رادیکاڵ دەبەستێت، لەگەڵ ئەنجومەنە ناوخۆیی و هەرێمییەکانی خۆبەڕێوەبەری و یەکسانیی نێوان رەگەز و ئیتنیک و رێکخستنی کۆنفیدراڵی لە بنەوە بۆ سەرەوە. هەر سێ کانتۆنەکەی عەفرین و کۆبانی و جزیرە کە پێکەوە کوردستانی رۆژئاوا یان کوردستانی سوریا (رۆژئاڤا) پێکدێنن، گەورەترین قەوارەی ناوچەیین. لەسەر هەموو ئاستێک، پارێزگاریی لەسەرەتای سەرۆکایەتیی هاوبەش دەکرێت (واتە پێگە و پۆستە وەزیفییەکان ژنێک و پیاوێک تێیدا هاوبەشن)، هەروەها هەوڵی ئاوێتەکردنی گرووپە نەژادی یان ئیتنۆ– ئاینییە غەیرە کوردەکان دەدا، وەک عەرەب و تورکمان و سریانی و یەزیدی. هەندێک لە حزبە کوردییەکانی تر قایل بوون بە هاوکاری و کارکردن لە چوارچێوەی ئەم سیستەمەدا، بەڵام ئەوانیتر هەر بە نەیار و بەرهەڵستکاری نەرێنی ماونەتەوە. بەهەمان شێوە، هەندێک لە کۆمەڵگە کریستیانەکان رۆڵێکی باش دەبینن لە چالاکییە مەدەنی و سەربازییەکاندا و روون و ئاشکرا ئەوانیش هەر بە یەکسانی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، بەڵام ئەوانیتر ئەو دانپیانانە رەتدەکەنەوە کە حوکمی پارتی یەکێتیی دیموکراتی شەرعی بێت.

بە هۆی بارودۆخی جەنگەوە، زۆر زەحمەتە ئەگەر مەحاڵیش نەبێت چۆنێتیی کاری ئەنجومەنەکانی خۆڕێبەری دیاری بکرێت لە پراکتیزەدا و من ئاگام لە هیچ سەرنج و تێبینییەکی راستەوخۆی جیددی نیە15. هەڵبەت ژمارەیەکی زۆر راپۆرتی رۆژنامەوانی هەن کە هاوسۆزن لەبارەی بەرگری کردن لە کۆبانی و بەتایبەتی ژنە جەنگاوەرەکانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان YPJ، کە سەر بە پەیەدەن PYD و ئەمە هۆش و سەرنجی رۆژنامەوانە بیانییەکانی بۆ لای خۆی راکێشاوە. ئەکادیمییە رادیکاڵەکان زۆر پەسنی ئەم ئەزموونەیان داوە بەو پێیەی یەکێکە لە گرنگترین ئەزموونەکانی خۆڕێکخستنی بێدەوڵەت، بەڵام هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەزموونەکە پشتی بەوە بەستووە کە خانەخوێکانیان بۆیان باسکردوون، نەک سەرنج و تێبینیی راستەقینەی خۆیان16.

سەردانیکەرە هاوسۆزەکان وێنەیەکی رەنگاوڕەنگ دەکێشن کەوا شۆڕشەکە بەردەوامە17، لەکاتێکدا کە رێکخراوە کوردییەکەی کورد وۆچ Kurd Watch، کە رێکخراوێکی ناحکوومیی ئاگادارە و پەیوەندیدارە بە بزووتنەوەیەکی سیاسیی رکابەرەوە، بەولایەدا دەیشکێنێتەوە کە رەخنەی توند بگرێت لە هەر شتێک کە پەیەدە PYD ئەنجامیدەدا١٨. بەهەرحاڵ، ئەوە روونە کەوا زۆرێک لەو ئەنجومەنانە پێکهاتوون کە لە رێگەیانەوە بەشێکی سەرەکیی دانیشتووان بەشدارن لە بڕیارداندا. بێگومان تا چ مەودایەک ئەم ئەنجومەنانە دەتوانن بگەنە بڕیارگەلی سەربەخۆ لە ئامۆژگاری و راسپاردەکانی سەرکردایەتیی سیاسی و سەربازیی پەیەدە و یەپەگە ئەوە هێشتا جێی مشتومڕە.

پێویستە ئەزموونی بەشداری لە گفتوگۆ و مشتومڕەکان لە ئەنجومەنەکانی خۆڕێبەریدا لە خۆیدا پرۆسەیەکی شۆڕشگێڕی بێت، وەک توانادار کردنی ژن لە رێگەی بنەمای هاوسەرۆکییەوە و هاوکاری و هەماهەنگی کردنی یەکسانی لە نێوان کۆمەڵگە ئیتنیکی و ئیتنۆ – ئاینییە جۆراوجۆرەکاندا. بەهەمان شێوە، لە تورکیادا ئەزموون و تاقیکردنەوە هەیە لەگەڵ ئەم ئەنجومەنانە لە گەڕەکە شارستانییەکاندا، نەک تەنها لە شارەکانی باشووری رۆژهەڵاتدا، بەڵکو دیسان لە رۆژئاوای تورکیاشدا. لەڕووی تیۆرییەوە، ئەم فۆرمی خۆڕێکخستن و کۆنفیدراڵییەتە رەنگە فراوان بێت و تەشەنە بسێنێت بۆ دوورتر لە ناوچە کوردییەکان و پەنا و پەسێرە کوردییەکان و ببێتە نموونەیەک بۆ رێکخستنی هەموو سوریا و تورکیا بەتەواوی. رەنگە ئەمەش هەڕەشەیەک نەبێت بۆ سیستەمی ئێستای دەوڵەت، ئەگەر بتوانن پەیڕەویی ئاستێکی گەورەی ناسێنتراڵ بکەن. ئەوپەڕی زەحمەتە دیموکراتییەت بەدیبێنێت لە خوارەوە بۆ ترۆپکی سەرەوە، چونکە پێویستی بە هەڵوێست و رێگەیەکی بیرکردنەوەی تەواو جیاواز هەیە و لەڕووی پارادۆکسەوە پەکەکە لەوانەیە بتوانێت ئەوە بەدیبێنێت بە هۆی توندوتۆڵیی سێنتراڵیزە سەرکردایەتی و دەسەڵاتیەوە، کە لە رابردووە مارکسی – لینینییەکەیەوە بەجێماوە. هەڵبەت ئایدیاکانی ئیکۆلۆجی و دیموکراتییەتی میللیی رادیکاڵی و کۆنفیدراڵییەت لەلایەن کەسانی هەموو ئاستەکانی رێکخراوەکەوە دەخوێنرێت و دەتوانن بە ئەقڵانییەتەوە روونی بکەنەوە – هەرچەندە ئەمان لەڕووی سۆزەوە هێشتا نەیانتوانیوە لە خەونی سەربەخۆیی کورد جیاببنەوە.

ناسیۆنالیزمی پدک و پشت ناسیۆنالیزمی پەکەکە دوو ئایدیۆلۆجییەتی رکابەری سەرەکین، کە رەنگدانەوەی رێگەی تەواو جیاوازن بۆ گوزارش کردن لە خودی کورد و جەختکردنەوەی خود19. هەروەها ئەم دوو حزبە هەردوکیان دوو هێزی سیاسیی سەرەکین و رکابەریی سیاسییان روون و ئاشکرایە لەسەرانسەری کوردستاندا. بێگومان هەندێ حاڵەتی دەگمەنی هاوکاریی هەبوو، وەک ئەوەی مانگی نۆڤەمبەری 2014 کاتێ کۆمەڵێکی بچووکی پێشمەرگەی کوردی عیراق، بە چەکەکانیانەوە، بەسەر تورکیادا رۆیشتن بۆ کۆبانی بە مەبەستی بەشداری لە بەرگری کردن لەو شارە2٠، بەڵام زۆربەی کات لایەنەکان دژ بە یەکتری کاریان دەکرد. پدک پشتیوانی لە هاوپەیمانییەکی حزبە کوردییەکانی سوریا دەکات، کە زۆریان هاوکاری کردنی پەیەدە رەتدەکەنەوە.

باسی ئەوەش هەیە کە پەیەدەش بە رۆڵی خۆی رێگە بە ئەندامانی ئەو حزبانەی تر نادات بچنە رۆژئاوا، کە مەشق و راهێنانی سەربازییان لە کوردستانی عیراقدا کردووە. پەکەکە زۆر بەتوندی رەخنە لە پدک دەگرێت بە هۆی «فیوداڵیزم» و گەندەڵییەوە کە ئەو حزبەی تێوەگلاوە، لەولاشەوە پدک لۆمەی پەکەکە دەکات لەبەر سیاسەتی توندی و تائیفییەت و ئامادە نەبوونی کە هاوکاری لەگەڵ ئەوانیتر بکات بێجگە لە هاوبەشە سەرەکییەکەی٢١. حزب و جووڵانەوە کوردییەکانی تورکیا، کە نەچوونەتە ناو بزووتنەوە بەرفراوانەکەی هاوپەیمانن لەگەڵ پەکەکە مەیلیان بەلای پارتی دیموکراتی کوردستانەوەیە و خۆشەویستی بۆ شەخسی مەسعوود بارزانی دەردەبڕن وەک سەرکردەیەکی دیاری کوردەکان. ئەوانەی کە لە پەکەکە جیابوونەتەوە خۆیان خستووەتە ژێر رکێف و پارێزگاریی پدک. پێدەچێت کێبڕکێ و ململانێ لە نێوان ئەم دوو حزبە رکابەرە بمێنێتەوە و ئایدیۆلۆجیا فاکتەری گرنگ بێت بۆ چەند کاتێک لە داهاتوودا.

«ناسیۆنالیزمی ئیسلامیی» کوردی
ژمارەیەکی زۆری کورد و رەنگە زۆرینەش بێت موسڵمانی سوننەی ئیماندارن، لەبەرئەوە رەنگە تاڕادەیەک جێی سەرسوڕمان بێت کەوا هەموو حزبە سیاسییە گرنگەکان سێکولار بوون و هیچ کاتێک پشتیوانی بەجێهێنانی گشتیی رێوڕەسمی ئاینیی نەبوون. مەلا مستەفای بارزانی وا ناسرابوو کە پیاوێکی موحافزەکار و لەڕووی ئاینیشەوە ئیماندار بووە، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان کە لەژێر سەرکردایەتیی ئەودا بوو هەر بە سێکولاری تەواو ماوەتەوە. پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەسەرەتاوە دژی ئاین بوو، بەڵام دواتر تا ئاستێک ئیسلامی قبووڵ کردووە بە هۆی گرنگی و بایەخیەوە بۆ کەرتە سەرەکییەکانی کۆمەڵگەی کوردی. بەهەرحاڵ، لەم چەند دەیەی پێشوودا، ژمارەیەک لە جووڵانەوە ئیسلامییەکان دەرکەوتن کەوا لەهەمان کاتدا ئیسلامین و شانازیش بە ناسنامەی کوردییانەوە دەکەن و من زیاتر بەو لایەنەدا دایدەشکێنم کە ناوی «ناسیۆنالیزمی ئیسلامییان» لێبنێم، ئەگەرچی زۆربەشیان لەبنەڕەتدا بەرهەڵستیی ناسیۆنالیزم یان نەتەوەپەرستیی دەکەن. لە کوردستانی تورکیا، ئەوە چەند گرووپێکی بچووکی جووڵانەوەی نورسو دەگرێتەوە22، هەروەها بزووتنەوەی حزبوڵڵای ریفۆرمیست و دەستپێشخەریی ئازادی کە نوێترینە، لە ئێرانیش مەکتەبی قورئان کە کۆچکردوو ئەحمەدی موفتیزادە دایمەزراندووە23، لە کوردستانی عیراقیش کۆمەڵی ئیسلامیی عەلی باپیر و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان24. من پێموایە ئەم ناسیۆنالیزمی ئیسلامییە کوردییە گرووپێکی سێهەمی گرنگ لە ناسیۆنالیزمی کوردی پێکدێنێت و رەنگە کاریگەرییەکانی روولەزیاد بێت لە دەیەکانی داهاتوودا.

پێکهاتووە کۆمەڵایەتییە ئیسلامییەکانی کەوا کوردە باوەڕدارەکانیان تێدا بەشدارە حەز بە کەمکردنەوەی ناسنامەی کوردی دەکەن، یان هەر ئیتنیک و نەژاد بەشێوەیەکی گشتی. زۆرێک لە خاوەن کارانی بچووک و مامناوەند کەوا نەجمەدین ئەربەکان لە حەفتاکانی سەدەی رابوردوودا لێیان نزیکدەبووەوە، کاتێ کە یەکەم جووڵانەوەی ئیسلامیی مۆدێرنی لە تورکیادا دامەزراند، ئەویش جووڵانەوەی میللی گوێرویش بوو، کە زۆربەی ئەندامانی کورد بوون بەڵام نە ئەربەکان و نە کەسانی تری پەیوەندیدار هیچ سەرنج و تێبینییەکی ئاشکرایان نەبوو لەسەر پاشخانی نەژادییان٢٥، (کە دواتر ئەم حزبە سەریکێشایەوە بۆ زنجیرەیەک حزبی سیاسی، وەک میللی نیزام پارتیسی و میللی سەلامەت پارتیسی، کەوا رەگ و ریشەی پارتی داد و گەشەپێدانیشی AKP دەچێتەوە سەر). حزبەکانی میللی گوێرویش نوێنەرایەتیی بەرژەوەندییەکانی ئەوەی کە پێیدەوترێت پایتەختی ئەنەدۆڵیان دەکرد، کە بریتی بوون لە کۆمپانیا بچووک و مامناوەندییەکانی ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی ئەنەدۆڵ و لە رکابەرییەکی ناهاوسەنگدا لەگەڵ کۆمپانیا گەورە و زۆر نوێکانی کە لە رۆژئاوای تورکیادا چڕبووبوونەوە، چنگیان گیردەکرد. هەڵبەت ئەنەدۆڵی ناوەڕاست و رۆژهەڵاتیش ئەو ناوچانە بوون کە لە ساڵانی ١٩٧٠کاندا حزبی میللیی سەلامەت پارتیسی MSP رێژەیەکی بەرز دەنگی تێدا دەهێنا. لەڕووی ئایدیۆلۆجییەوە بزووتنەوەی میللی گوێرویش زۆر بەتوندی لە ژێر کاریگەریی ئیخوان موسلیمیندا بوو، هەرچەندە ئەربەکان بیروباوەڕەکەی لەگەڵ بارودۆخی تورکیادا گونجاندبوو26. مەبەست و مانای تێرمی «میللی» (نیشتمانی یان نەتەوەیی) بزووتنەوەکە ئاماژە نیە بۆ ئیتنیک یان نەژاد یان رەگەزی مەدەنی و سێکولاری «تورک» یان «تورکچێتی»، بەڵکو مەبەست کۆکردنەوەی موسڵمانە سوننە مەزەبەکانی ئیمپراتۆرێتی عوسمانییە و بە شێوەیەکی زیاتر دیاریکراو لە ئەنەدۆڵدا.

بێگومان شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و نووسینەکانی عەلی شەریعەتی و ئەو برەوسەندنە میللییەی بەدوایدا هات کاریگەریی گەورەیان هەبوو بە سەر بیر و بۆچوون و رێکخستنی ئیسلامییە کوردەکانەوە لە تورکیا و عیراقدا. لە پاش کوودەتاکەی 12ی سێپتەمبەری 1980 لە توركيا و لە کاتی جەنگی عیراق – ئێراندا کە لە هەمان مانگدا هەڵگیرسا، چالاکوانی ئیسلامی لە کوردستانی تورکیا و عیراقەوە هەڵاتن بۆ ئێران و لەوێشەوە بۆ ئەفغانستان، کە هەندێکیان بۆ ماوەیەکی کورت لە جیهاددا بەشدارییان کرد دژ بە داگیر کردنی رووسی27. لەناو کوردستانی تورکیادا، گەلێ رێکخراوی ئیسلامیی لۆکاڵیی جۆراوجۆر دەرکەوتن بەڵام زۆربەیان هەر زوو نەمان و لەناوچوون. گرنگترین بزووتنەوەی ئیسلامی دەرکەوتبێت حزبوڵڵا بوو، کە لە ساڵانی ١٩٩٠کاندا لە شەڕ و ململانێیەکی سەختدا لەگەڵ پەکەکە تێوەگلا. حزبوڵڵا لەو ساڵانەدا بەتەواوی هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی دژە یاخیبوونی دەوڵەتدا دەکرد و لەسەر ئاستێکی بەرفراوان وا تەماشا دەکرا کە دەسکەلای ئەو هێزانەیە و نازناوی «حزبی کۆنترای» درابوویە. حزبوڵلا بێجگە لە نەتەوەییە کوردەکان، گرووپە ئیسلامییەکانی تریشی کردبووە ئامانج، لەوانەش تاقمی نورسو زەهرای کوردی کەوا عیزەدین یڵدرمی سەرکردەیان رفێنرا و ئازار ئەشکەنجەی زۆریان دا و پاشان کوشتیان، بەهەمان شێوە تاقمی مەنزیلی ئیسلامیی رکابەریش28.

ساڵی 2000، کاتێ سەرکردەی حزب حوسێن وەلیئۆغڵوو لە شەڕ و پێکدادانێکدا لەگەڵ پۆلیس لە ئەستەمبووڵ کوژرا و گەورە سەرکردەکانی تری دەسگیر کران، ئەمە بوو بە خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی رێکخراوەکەدا. پاشان لە ژێر سایەی سەرکردایەتییەکی نوێی گەنجدا، ویستی خۆی لە تاقمێکی نهێنییەوە بکاتە رێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنی (موستەزعەفدەر، واتە کۆمەڵەی بێنەوایان) و هەوڵیدەدا بنکەیەکی جەماوەری بەدەستبێنێت29. وێنە کاریکاتۆرییە دانمارکییەکان لە ساڵی 2006دا دەرفەتی بۆ سازدانی کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایی رەخساند و یەکەم هەوڵی سەرکەوتووبوو بۆ جووڵاندنی جەماوەری خەڵک. لە فۆرمێکی نوێی رکابەری لەگەڵ جووڵانەوەی کوردیی سێکولاردا، کە نەورۆزی وەک بۆنەیەکی گەورەی کۆکردنەوە و جووڵاندنی خەڵک دەقۆستەوە، حزبوڵڵا کەوتە سازدانی چەندین کۆبوونەوەی جەماوەریی هاوشێوە (لە دياربەكر لە هەمان شێوەدا و پاش مانگێک لە جەژنی نەورۆز) لە یادی لەدایکبوونی محەممەدی پێغەمبەردا و لە بۆنە و ئاهەنگی کوتڵو دۆغومدا Kutlu Dogum. ئەم حزبە وایدەرخست کە دەتوانێت ژمارەیەکی زۆری خەڵک خڕبکات لەم بۆنە ئاینییە تایبەتانەدا – کە رەنگە نەگاتە ژمارەی ئەو خەڵکانەی لە ئاهەنگەکانی جەژنی نەورۆزدا کۆدەبوونەوە بەڵام ژمارەکە بەشی ئەوەی دەکرد هەمان ئەو رووبەرە گەورە و کراوانە پڕبکاتەوە. (بەپێی چاودێرە ناوخۆییەکان ژمارەیەکی زۆر لە هەردوو کۆبوونەوەی نەورۆز و کوتلو دۆغەمدا بەشدار بوون). لە ساڵی 2010دا، حزبوڵڵا کۆبوونەوەیەکی تری بەرفراوانی جەماوەریی رێکخست، کە ئاماژە بوو بۆ زیادبوونی نیگەرانی و مەترسی لە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد و ئەم کۆبوونەوەش بە بۆنەی یادکردنەوەی شێخ سەعیدەوە بوو.

لە قۆناغەکانی پێشتردا، حزبوڵڵا چووبووە سەر رێبازی نێونەتەوەیی ئیسلامی و بەتوندی ناسیۆنالیزمی (کوردیی) رەتکردبووەوە و هەموو جیاوازییەکی نێوان کورد و تورک و عەرەبی دابووەدواوە، هەرچەندە هەموو ئەندام و لایەنگرانی کوردبوون و تۆڕێک لە مەدرەسەی کوردییان بەکاردەهێنا بۆ دابینکردنی پشتیوانی (مەدرەسە لای خۆمان بە واتای خوێندنی ئاینیی ئیسلامیی حوجرە دێت – وەرگێڕ). لە دەیەی پێشوودا، ئەم حزبە لە هەوڵ و کۆششیدا بۆ مسۆگەر کردنی بنکەیەکی جەماوەری، دانی بە ناسنامەی کوردیدا دەنا و بگرە جەختیشی لەسەر دەکردەوە. لە ناوخۆدا شوێنکەوتووانی بە زمانی کوردی پەیوەندییان لەگەڵ یەکتر دەکرد و لە کۆڕ و کۆبوونەوە جەماوەرییەکانیدا شانبەشانی یەکتر پەنایان دەبردە بەر هەردوو شوناسی ئیسلامی و کوردی و زۆرێک لە رێکخەرانی و بانگخوازانی مەلای کورد بوون کە لە مەدرەسە دەرچووبوون30. لە کتێبێکدا کە خانەی چاپ و بڵاوکردنەوەی تایبەت بە حزب دەریکردبوو و لە ناسنامەی کوردی دەدوێت، دانەرەکەی راشکاوانە و بەتوندی رەخنە لە ناسیۆنالیزمی سێکولار دەگرێت (کە بە ئوڵوساڵجیلیک ناوی دێنێت ulusalcilik)، بەڵام لەبارەی «رزگارکردنی کوردەوە» وا ئیدیعا دەکات کە لە ناسیۆنالیزمی سێکولار ناوەشێتەوە. ئەمەش لەڕواڵەتدا وادەگەیەنێت کە حزبوڵا رزگارکردنی کورد، بە هەر واتایەک بێت، بە یەکێک لە ئامانجەکانی دادەنێت٣١.

لە نێو کوردەکانی رێبازی نورسوودا هۆشیارییەرکی روولەزیاد هەبوو بە گرنگیی ناسنامەی کوردییان، بە پێی بنەمای ئەو دانپێدانانەی کەوا کوردەکان بە یەکسانی مامەڵە ناکرێن لە لایەن دەوڵەتەوە یان تەنانەت لەلایەن سەرکردایەتیی بزووتنەوە باڵادەستەکانی نورسووشەوە، کە سانسۆریان خستووەتە سەر نووسینەکانی سەعیدی نوورسی و ناوە رەسەنەکەی کە سەعیدی کوردییە و هەموو ئاماژەیەکیان بە ناوی کورد و کوردستان سڕیبووەوە. سەبارەت بە گرووپەکانی مەد – زەهرا و زەهرا، قۆناغەکانی پێشتری ژیانی سەعیدی کوردی، کاتێ کە بەشداریی ئەو لە چالاکییە کۆمەڵایەتی و سیاسییە کوردییەکاندا بەشێکی دانەبڕاو بوو لە کەسایەتییە نموونەییەکەی و هەردوو گرووپ جەختیان لەسەر ناسنامەی کوردییان دەکردەوە –زەهرا لە چاندنی کەلتوری مەدرەسەی کوردی و زمانی کوردیدا و مەدزەهراش لە دەربڕینی وابەستەیی ئیسلامیی کوردیدا بەدیاریکراوی، کە لەپاڵ سەعیدی نوورسیدا شێخ سەعیدیشی وەک ئایکۆنێک دەچاند32. زۆربەی زۆری ئەم کوردانەی رێبازی نورسوو بەئازادی قسەیان دەکرد لەبارەی خۆبەختکرنیان بۆ میللەتی کورد (میللییەت – تێرمێکە بەواتایەکی ئەرێنی لەلایەن سەعیدی نورسی خۆیەوە بەکاردێت) بەڵام ئایدیای ناسیۆنالیزمی کوردیی (milliyetçilik) رەتکردووەتەوە. بەهانە و پاساویشیان ئەو مشتومڕانە دێنێتەوە یاد کە لەسەرەتاکانی سەدەی بیستدا لە ناو کۆڕ و کۆمەڵە کوردییەکاندا گەرم بووە، کە تێیدا لایەنێک هەڵگری ئایدیا و بۆچوونی نەتەوەیی سێکولار بووە و لەپێناوی سەربەخۆیی کورددا تێکۆشاوە و ئەویتر – کە سەعیدی کوردی و عەبدوڵا جەودەت پابەندی بوون – ئایدیای ناسێنتراڵی (adem – i merkeziyetçilik) بە چارەسەر زانیوە33.

لەنێو کۆمەڵگە و کۆڕ و کۆمەڵە ئیسلامییە کوردییەکاندا، کە زیاتر و راشکاوانەتر نەتەوەیی بوون دەستپێشخەریی ئازادیی ئەم دواییەیە Hak, Adalet ve Hurriyet için Kurdistan Islami,) Inisiyatifi)، کە ساڵی 2012 لە دیاربەکر لەلایەن کەسایەتییە جۆراوجۆرە پاشخان ئیسلامییەکانەوە درووستبووە. ناوی ئەم گرووپە کە ئازادییە ئیشارەتێکی بەئەنقەستە بۆ هەمان ناو کە راپەڕینەکەی شێخ سەعیدی بەرپاکرد. ئەم گرووپە لە راگەیاندنی دامەزراندنیدا ئامادەیی و ئارەزووی خۆی دەربڕی بۆ هاوکاری لەگەڵ بزووتنەوە کوردییەکاندا بە بیروڕای جۆراوجۆریانەوە، لەنێویاندا حزبوڵڵا و و تەوژمی نەتەوەی کوردیی باڵادەست و باویش34.

ئامانجە سیاسییە بنەڕەتییەکانی «ناسیۆنالیزمی ئیسلامیی» کوردی زۆر روون نین و رەنگە لە دەستە و تاقمێکەوە بۆ ئەویتر جیاواز بێت، بەڵام بۆ هەر هەموویان ئەوە هەردوک شێخ سەعید و سەعیدی نوورسی سەرچاوەی ئیلهامبەخشن. ئەمانە زۆربەی ئەندامانیان بە نەریت و رێوڕەسمی رێبازەکانی نەقشبەندی و نوورسوو فێرکردووە و ئەم دوو زاتە سەییدە بە باشترین نموونەکان دەزانن بۆ بەرجەستە کردنی بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی کورد. بەراورد بە جووڵانەوەی کوردیی باڵادەست، «ناسیۆنالیزمی ئیسلامیی» کوردی لە تورکیادا تا ئێستا لاوازە و توانای کۆکردنەوە و جووڵاندنی جەماوەری لەوە زیاتر نیە کە کۆکردنەوەیەکی ئاینی بێت. بۆ نموونە، ئەدا و خۆسەلماندنی هوداپار لە هەڵبژاردنەکاندا ئەوپەڕی لاوازە و بەراورد ناکرێت بە پارتی باڵادەستی پشتیوانی کوردەكان. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، بەراورد کردنێک لەگەڵ کوردستانی عیراقدا ئەوە دەردەخات کە کۆڕ و کۆمەڵی «ناسیۆنالیستە ئیسلامییەکان» توانای گەشەکردنیان هەیە.

هەردوک کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، کە لە پەڕگرترین و پەراوێزکەوتووترین تەوژمی ئیسلامییەوە پەرەیانسەندووە، هەوڵدەدەن و بەدوای رێککەوتندا دەگەڕێن لەگەڵ دامودەزگای سیاسیی کوردستانی عیراقدا بۆ ئەوەی بەشداربن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمە کوردییەکەدا. لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2009 دا، یەک لە دوای یەک رێژەی 4 و 6 لە سەدی دەنگەکانیان هێنا و لە ساڵی 2013دا، رێژەی دەنگەکانیان بەرزکردەوە بۆ 6 و 10. هەڵبەت کاریگەریی ناڕاستەوخۆی زۆریان داناوە لەسەر توێژە باوەڕدارەکەی خەڵکەکە و ئیدیعای ئەوە دەکرێت کە نزیکەی 80 لە سەدی فەرمانبەرە ئاینییەکان (مەلاکان) سەر بە کۆمەڵ و یەکگرتوون.

شایانی باسە کەوا هەموو گرووپە ئیسلامییەکانی کە ئەندامەکانیان کوردن بەرەو هۆشیارییەکی بەهێزی ئیتنیکی کوردیی بەهێز و «ناسیۆنالیزمێکی ئیسلامیی» پەرەیان نەسەندووە. لە هەر بەشێکی کوردستاندا، زۆرێک لە دەستە و تاقمی سەلەفی و ئیخوانی هەن کەوا بە هیچ شێوەیەک پەیوەندییان نیە بە مەسەلەی نەژاد و نەتەوەوە. رەنگە ئەم گرووپانە ژمارەیەکی زۆری شوێنکەوتوویان نەبێت بەڵام کاریگەریی گەورە دادەنێن لەسەر پەرەسەندنە سیاسییەکان. هیچکام لە تاقمی سەلەفییەکان لە کوردستانی تورکیادا، بە تاقمی نورسو و تەریقەتی جۆراوجۆرەوە (بێجگە لە زەهرا و مەد – زەهرا) بە «میللی» ماونەتەوە بە چەمک و مانای میللیی گوێرویش، بە توندی دڵسۆزی ئەکەپەن AKP و ناسیۆنالیزمی ئیسلامی و هەروەها سێکولاریش دەدەنە دواوە.

تێبینییەکانی ئەنجامگیری
حاڵی حازر، مشتومڕی گرنگی ئایدیۆلۆجی و ململانێی دەسەڵات لە نێو کوردەکاندا ململانێی جۆرەکانی ناسیۆنالیزمە کە پارتی دیموکراتی کوردستان (پدک) و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) نوێنەرایەتیی دەکەن. لە سوریا و تورکیادا، ئەو جووڵانەوانەی کە پەیڕەویی چەمک و تێگەیشتنی پەکەکە دەکەن لە خۆڕێبەریی دیموکراتی و کۆنفیدراڵیزم کە زاڵ و باون، بەڵام لە هەردوولادا گەلێ لە گرووپ و تاکەکەسان هەن کە پەکەکە و بیر و بۆچوونی دەدەنە دواوە لەبارەی سەرلەنوێ رێکخستنەوەی کۆمەڵگا و روویان لە (پدک)ە وەک تاقە ئەڵتەرناتیڤ و هێزی کاریگەر و تەواو. ئەمە لە تورکیادا، پاشماوەی ئەو بزووتنەوە سیاسییە کوردانەی پێشوو دەگرێتەوە و هەروەها ئەوانەی کە لە پەکەکە جیابوونەتەوە، بە هەمان شێوە زۆرێک لەوانەش کە من ناوی «ئیسلامییە نەتەوەییەکانم» لێنابوو. مەسعوود بارزانی، وادادەنرێت کە سەرکردەیەکی موحافزەکار و خاوەن ئەقڵییەتێکی ئاینییە لە هەر سەرکردەیەکی تری سیاسیی کورد زیاتر پەسەند کراوە لەلایەن دواین گرووپەوە کە باسی لێوەکرا.

پێدەچێت بایەخی روولەزیادی ئیسلامی و گرووپە ئیسلامییەکان لە ناو کورددا کاریگەریی فرە رەهەندیان هەبێت لەسەر جووڵانەوەکانی شوناس و ناسیۆنالیزمی کوردی. لەلایەکی ترەوە بزووتنەوە کوردییە سێکولارەکان ناچار بوون هەندێک ئاماژەی سیمبۆڵی بنوێنن کە گوتاری ئیسلامی و بەها موحافزکارەکانیان پێ پەسەندە و ئەمەش بەرۆڵی خۆی رەنگە ببێتە هۆی هەندێک فشار لەسەر کەمینە غەیرە سوننییەکاندا.

لە كوردستانی عیراقدا، بەتایبەتی لەو ناوچەیەی کە لە ژێر دەسەڵاتی (پدک)دایە، بوونی ئیسلام لە ژیانی گشتیدا بایەخێکی گرنگی پەیداکردووە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەشێوەیەکی روولەزیاد بەها و پێوەرە موحافزکارەکان بەسەریاندا زاڵ دەبن. لەکاتێکدا کە لە رابوردوودا یەزیدی و کاکەیی و کەمینە ئاینییەکانی تر بێ هیچ گومان و دوودڵییەک بە کورد دادەنران، بەڵام لە ئێستادا مەسەلەکە وانەکەوتووەتەوە و تەنانەت لەپێش داگیرکردنی شنگالیش لەلایەن داعشەوە، پەیوەندیی نێوان یەزیدییەکانی شنگال و پدک گرژیی تێکەوتبوو. تا ئێستاش کاکەییەکان بەچاکی تێکەڵی دامودەزگا سیاسی و سەربازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانن، بەڵام رەنگە بەهێزبوونی ئیسلامی سوننی لە ناوچەکەدا ببێتە مایەی ورووژاندنی نیگەرانی و گومان لە ناو ئەم کەمینەیەدا لەبارەی پاشەڕۆژیانەوە لەناو کورددا، بە دەردی ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت لە ناو کەمینە بچووکتر و لاوازترەکەی کۆمەڵگەی شەبەکدا٣٥.

لە تورکیادا پارتی گەلی دیموکراتی (هەدەپە HDP) دەستیکردووە بە دیالۆگ لەگەڵ دەستە و تاقمە ئیسلامییە چالاکەکان لە کوردستاندا، بەڵام هەر بە توندوتۆڵی بە سێکولار ماوەتەوە و لەهەمان کاتیشدا لایەنگرانە یەزیدی و عەلەوییەکانیشی تێدا چالاک و گەرموگوڕن. بەهەرحاڵ، هێزە گەشەکردووەکانی جووڵانەوە ئیسلامییەکان لە ناو کورددا رەنگە سەربکێشێتەوە بۆ لێکتر دوورکەوتنەوەی نێوان عەلەوی و یەزیدییەکان لەلایەک و سوننە لەلایەکی ترەوە. لەلایەنی تیۆرییەوە، پێویستە ئایدیاکانی پشت نەتەوەیی (پۆست ناسیۆنالیزم) کە خۆیان دەبیننەوە لە ناسێنتراڵیزمی دیموکراتیی رادیکاڵ و دیموکراسیی میللیدا، کە بزووتنەوەی باڵادەستی کوردی پەیڕەویی دەکات، بەتواناتر بێت لە باوەش کردنەوە بۆ ئەو ناسنامە جیاوازانەی بەندن بە ئاین و زمانەوە بێئەوەی هیچکامێکیان ملکەچی ئەویتر بێت. بەڵام رەنگە بۆ زۆرێک زەحمەت بێت کە دەستبەرداری رەچاوکردنی نەتەوەپەرستیی کۆن (بەڵام مۆدێرنە) ببێت لەو ناوچانەی بە باشی دەستنیشان کراون و سنووری ئیتنۆ – نەتەوەییان روون و ئاشکرایە.

سەرچاوە:
مارتن ڤان برونەسن
شوناس و ناسیۆنالیزمی کورد لەسەرەتاکانی سەدەی بیست و یەکدا
ئەم باسە لە نۆڤەمبەری ٢٠١٥دا، لە ئەستەمبووڵ پێشکەش بە زانکۆی مەڕمەڕە – فاکەڵتیی زانستە سیاسییەکان و رێکخراوی فەریدریش ئیبەرتی ئەڵمانی کراوە.

Martin van Bruinessen, ‘Kurdish identities and Kurdish nationalisms in the early twenty – first century’ Published in Turkish as: ‘Erken 21. Yuzyulda Kurt Kimlikleri ve Kurt Milliyetçilikleri’,

پەراوێزەکان                                                                  

1- لە کتێبەکەمدا،  ( “ئاغا وشێخ و دەوڵەت: لەبارەی رێکخستنی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە کوردستاندا” زانکۆی ئوتریخت، ١٩٧٨)، من خۆم دوور گرتووە لە پێناسەکردنی شوناسی کورد بەڵکو قسەم لە سەر کوردستان وەک خاک و ناوچە کردووە و دەوردانی بە چەندین دەوڵەت، کە کورد تێیدا رەگەزی باڵادەستی دانیشتووان پێکدێنێت

2-  مارتن ڤان برونەسن، “رێگاکانی کورد بەرەو نەتەوەبوون Kurdish paths to nation”، لە کتێبی: فالح عەبدولجەبار و هیشام داود، “کوردەکان: ناسیۆنالیزم و سیاسەت The Kurds: Nationalism and Politics“، لەندەن: خانەی ساقی بۆ بڵاوکردنەوە، ٢٠٠٦، ل ٢١ – ٢٤ (لە بنەڕەتدا بە فەرەنسی نووسراوە …).

3- بەهار بەشیر، “دیاسپۆرای تورک – کورد  Diasporada Türk – Kürt sorunu. Almanya ve İsveç’te ikinci kuşak göçmenler, “، İstanbul: İletişim، ٢٠١٣.

4- برونەسن، “رێگاکانی کورد بەرەو نەتەوەبوون  Kurdish paths to nation“”؛ مارتن ڤان برونەسن، “ئەسڵنی ئینکار ئێدن حەرامزادەدر!: مشتومڕ لە سەر ناسنامەی ئێتنیکی کوردی عەلەویAslını inkar eden haramzadedir!: the debate on the ethnic identity of the Kurdish Alevis”، لە کتێبی کریستینا کەهل – بۆدرۆگی، “کۆمەڵگە ئاینییە باوەڕ گونجێنەکان لە رۆژهەڵاتی نزیکدا Syncretistic religious communities in the Near East“،  لەیدن بریڵ، ١٩٩٧، ل ١ – ٢٣.

5- لەبارەی ئاڵۆزییە ئیتنیکییەکانی کەرکووکەوە، بڕوانە مارتن ڤان برونەسن، “عێراق: بەرەنگارییەکانی کورد Iraq: Kurdish challenges”، لە کتێبی واڵتەر پۆش، “تێڕوانینێک بۆ عێراق”، پاریس: ئینستیتیوتی یەکێتیی ئەوروپا بۆ لێکۆڵینەوەی ئاسایش Paris: European Union Institute for Security Studies Looking into Iraq,، ٢٠٠٥، ل ٤٥ – ٧٢. www.academia.edu.

لەبارەی شەبەکەوە کە یەکێکە لەو کۆمەڵگانەی بنەمایەکی ئیتنیکیی نادیاریان هەیە، بڕوانە میشێڵ لیزنبێرگ،          “کۆتایی هێتەرۆدۆکسی یان جیاکاری، شەبەک لە عێراقی دوای سەددامدا”

The end of heterodoxy The Shabak in post – Saddam Iraq

لە کتێبی خاننا ئۆمەرخاڵی،  “کەمینە ئاینییەکان لە کوردستاندا: لە پشت باڵادەستییەوە”

“، ڤیسبادن، هاڕاسۆڤیتس، ٢٠١٤، ل ٢٤٧ – ٢٦٧.  Religious minorities in Kurdistan: beyond the mainstream”،

6- مارتن ڤان برونەسن، “کورد لە نێوان عێراق و ئێراندا   The Kurds between Iran and Iraq “، میدڵ ئیست ریپۆرت MERIP، ژمارە ١٤١ (١٩٨٦)، ل ١٤ – ٢٧.

7-  عوسمان ئەیتار، “کوردستانا ب فیفتی – فیفتی”، ئیستانبوڵ: وەشانێن نوژین، ١٩٩٥؛ فەیسەڵ داغڵی، “براکوژی ” (Kürtlerin iç savaşı)، ئەستەمبووڵ: بەڵگە یاینلەری، ١٩٩٤؛ میشێڵ م. گونتەر، “گرفتاربوونی کورد لە عێراقدا، شیکردنەوەیەکی سیاسی The Kurdish predicament in Iraq: A political analysis، نیویۆرک: چاپی سانت مارتن، ١٩٩٩.

8- بەم پێیە کورد دوو سەرۆکایەتییان گرتەدەست لە دەیەی رابوردوودا: مەسعوود بارزانی هێشتا هەر سەرۆکی هەرێمی کوردستانە و کاتێ تاڵەبانی لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق خانەنشین بوو لەبەر هۆکاری تەندرووستی، فوئاد مەعسوومی کەسی نزیکی لە حیزبدا جێیگرتەوە.

9- میشێڵ لیزنبێرگ، “بەشارستانیکردن، بەتایبەتکردن و خزمایەتی: ئابووریی سیاسیی کوردستان عێراق The Kurdish predicament in Iraq. A political analysis“، لە کتێبی فالح عەبدولجەبار و هیشام داود، “کوردەکان: ناسیۆنالیزم و سیاسەت The Kurds: nationalism and politics، لەندەن خانەی بڵاوکەدنەوەی ساقی، ٢٠٠٦، ل ١٥١ – ١٧٩؛  دێنیز ناتالی، “شێوەدەوڵەتی کورد: گەشەکردن و پشت بەویتر بەستن لە پاش جەنگی کەنداوی عێراق The Kurdish Quasi – State: Development and Dependency in Post – Gulf War Iraq“، سیراکۆز، نیویۆرک: چاپی زانکۆی سیراکۆز، ٢٠١٠.

10- مارتن ڤان برونەسن، “لە نێوان شەڕی گەریلایی و کوشتنی سیاسیدا: پارتی کرێکارانی کوردستان Between guerrilla war and political murder: the Workers’ Party of Kurdistan “، MERIP  گۆڤاری میدڵ ئیست ریپۆرت، ژمارە ١٥٣ (١٩٨٨)، ل ٤٠ – ٤٦؛ یوست جۆنگەردەن و ئەحمەد حەمدی ئەککایا، “لەدایکبوون لە چەپخوازییەوە: درووستبوونی پەکەکە Born from the left: the making of the PKK ، لە کتێبی مارلیس کاسیێر و یوست جۆنگەردەن، “ناسیۆنالیزم و سیاسەت لە تورکیادا: ئیسلامی سیاسی، کەمالیزم و مەسەلەی کورد Nationalisms and politics in Turkey: political Islam, Kemalism and the Kurdish issue “، لەندەن: رۆتلێج، ل ١٢٣ – ١٤٢.

11- مارتن ڤان برونەسن، “تورکیا و کوردەکان لە ساڵانی سەرەتای ١٩٩٠کاندا: گەریلا، دژە یاخیبوون و دەرکەوتنی کۆمەڵگەی مەدەنی Turkey and the Kurds in the early 1990s: Guerrilla, Counter – insurgency, and Emerging Civil Society””، لە مارتن ڤان برونەسن، “ئیتنۆناسیۆنالیزمی کورد لەبەرانبەر دەوڵەتە نەتەوەییەکاندا   Kurdish Ethno – Nationalism versus Nation – Building States ، بابەتە کۆکراوەکان، ئەستەمبووڵ: ISIS، ٢٠٠٠؛ لەبارەی پەرەسەندنە سیاسییەکانەوە لە ساڵانی ١٩٩٠کاندا، بڕوانە ئەیهان ئیشک، بوڵند بیڵمەز، رۆنایی ئۆێنەن و تاهیر بایکوشاک، “1990’larda Kürtler ve Kürdistan“، İstanbul Bilgi Üniversitesi Yayınları، ٢٠١٥.

12- بۆ روونکردنەوەی جیاوازی “ئۆتۆنۆمیی دیموکراتی” کە ئایدیۆلۆجیای پەکەکە پەیڕەوی دەکات بڕوانە: جومعە چیچک ،”Demokratik özerklik üzerine”، گۆڤاری بیلکیریم، ژمارە ٢٦١ (٢٠١١)، ل ٤٥ – ٥٣ ؛ ئەحمەد حەمدی ئەککایا و یوست جۆنگەردەن، پێکهێنانەوە و سیاسەت: پەکەکە و پرۆژەی دیموکراسیی رادیکاڵ Reassembling the Political: The PKK and the project of Radical Democracy”، جۆرناڵی ئەوروپی بۆ توێژینەوە تورکییەکان، ژمارە ١٤ (٢٠١٢)، بە ئۆنلاین لەم پێگە ئەلیکترۆنییەدا: http://ejts.revues.org/index4615.html ؛ جانێت بیهڵی دۆستی بووکچین بیروڕای خۆی لە سەر جێبەجێ کردنی پەکەکە بۆ ئایدیاکانی بووکچین نووسیوە، “راپۆرت لەبارەی کۆڕبەندی کۆمەڵایەتیی میزۆپۆتامیاوە Report from The Mesopotamian Social Forum، (٢٠١١). زۆرێک لە کتێبەکانی بووکچین بە وەرگێڕانی تورکی لەبەردەستدان بۆ نموونە: “Geleceğin Devrimi: Halk Meclisleri ve Doğrudan Demokrasi”, (Ankara: Dipnot, 2015).

13- لەبارەی بۆچوونی ئایدیاڵی رێکخستنی کەجەکەوە، بڕوانە بیهڵ، “راپۆرت لەبارەی کۆڕبەندی کۆمەڵایەتیی میزۆپۆتامیاوە Report from The Mesopotamian Social Forum. کەجەکە لەلایەن هەردوو سەرکردەی دەستباڵای سەربازیی پەکەکەوە، موراد قەرەیەڵان و جەمیل بایک، رابەرایەتی دەکرێت کە مامەڵەیان لەگەڵیدا توندوتۆڵە.

14- هاڕێت ئاڵسۆپ، “کوردەکانی سووریا: حیزبە سیاسییەکان و ناسنامە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا The Kurds of Syria: Political Parties and Identity in the Middle East، لەندەن: ئای. بی. تۆریس، ٢٠١٤؛  هەروەها هەمان نووسەر، “مەزاتی ئۆتۆنۆمیی کورد لە سووریادا: ئالینگاری و کاردانەوەکان The Kurdish Autonomy Bid in Syria: Challenges and Reactions، لە کتێبی محەمەد م. ئە. ئەحمەد و میشێڵ م. گوینتەر، “بەهاری کوردی: گۆرانکارییە جیۆپۆڵەتیکەکان و کورد The Kurdish Spring: Geopolitical Changes and the Kurds The Kurdish Spring: Geopolitical Changes and the Kurds The Kurdish Spring: Geopolitical Changes and the Kurds، کۆستا مێسا، کالیفۆرنیا: مازدا، ٢٠١٣؛ هەروەها Thomas Schmidinger, “Krieg und Revolution in Syrisch – Kurdistan: Analysen und Stimmen aus Rojava”, Wien: Mandelbaum Verlag, 2014. (بە ئەڵمانی).

15- شمیدینگەر “شۆڕش لە کوردستانی سووریادا” جیددیترین توێژینەوەکانی ئێستایە. شمیدینگەر چاوپێکەوتنی لەگەڵ خەڵکی قەناعەت سیاسیی جۆراوجۆردا بەڵام جیاوازییەکی ئەوتۆیان لە بۆچووندا نەبوو. .

16-  ئی. جی. دەڤید گرەیبەر، “بۆچی جیهان کوردە شۆڕشگێڕەکانی سووریایان پشتگوێ خستووە؟ Why is the world ignoring the revolutionary Kurds in Syria، رۆژنامەی گاردیان، ٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٤؛    میشێڵ تاوسیگ، “باڵادەستیی ناباڵادەستان The mastery of non – mastery” لە سیمینارێکی گشتیدا،     ٧ی ئابی ٢٠١٥. بڕوانە ئەم سایتە: www.publicseminar.org/2015/08/the–mastery–of–non–mastery

17-  ئی. جی. ئەرزو دەمیر، ” Devrimin Rojava hali“، ئەستەمبووڵ: جەیلان یاینلەری، ٢٠١٥.

18- بڕوانە سایتی رێکخراوی کورد وۆچ www.kurdwatch.org. ئەم رێکخراوە سەر بە جووڵانەوەی “داهاتووی کوردە” Pêşerojê ya Kurdî) (Şepêla، کە پێی باشە هەماهەنگی بکرێت لەگەڵ عەرەبە ئۆپۆزسیۆنەکانی دژ بە رژێمی ئەسەد. ئەمان پەیەدە بە بەندکردن و ئەشکەنجەدان و رەشەکوژ کردنی نەیاران تۆمەتبار دەکەن و هەروەها بەزۆرەملێ چەکدار کردنی مێرمنداڵان و شێوەی جۆراوجۆری تری سەرپێچی و پێشێلکاری.

19-  لەپێناوی روونکردنەوەدا من لێرەدا باس لە لایەنە کوردییەکانی تر ناکەم، چونکە هیچکامیان لەو پێگەیەدا نین کە رکابەری لەگەڵ ئەم دوانە بکەن. ئەگەرچی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە هەر شێوەیەک بووە دۆستترە لەگەڵ پەکەکە، بەڵام هەمان شێوازی ناسیۆنالیزم و هەڵسەنگاندنی پارتی دیموکراتی کوردستانی هەیە.

20- بڕوانە ئەم پێگە ئەلیکترۆنییە:

http://www.theguardian.com/world/2014/nov/01/kurdish–peshmerga–kobani–isis–syria.

21- بڕوانە ئەم پێگە ئەلیکترۆنییە:

http://www.theguardian.com/world/2015/nov/13/peshmerga–forces–sinjar–isis–oust–gunfire – kurdish.

22-  فوڵیا ئەتاجان، “گرووپێکی ئیسلامیی کورد لە تورکیای مۆدێرندا: ئەمبەر و ئەوبەر کردن لە ناسنامەدا”، گۆڤاری توێژینەوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست Middle Eastern Studies ،  ٣٧ (٣) (٢٠٠١)، ل ١١١ – ١٤٤.

23- سەباح موفیدی، “ئاین و سیاسەت لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا (لەگەڵ رۆشنایی خستنەسەر مەکتەب قورئاندا لە کاتی شۆرسی ئیراندا، ساڵی ١٩٧٩) Religion and Politics in Eastern Kurdistan (With a Focus on Maktab Qur’an During Iranian Revolution, 1979) ، جۆرناڵی سیاسەت و یاسا ٨ (٣) (٢٠١٥)،    ل ٣٦ – ٥٠، بە ئۆنلاین لەم پێگە ئەلیکترۆنییە:   www.ccsenet.org/journal/index.php/jpl/article

24- میشێڵ لیزنبێرگ، “ئیسلامی سیاسی لە ناو کورددا Political Islam among the Kurds”، لە کتێبی فالح عەبدولجەبار و هیشام داود، “کوردەکان: ناسیۆنالیزم و سیاسەت The Kurds: nationalism and politics “، لەندەن: خانەی بڵاوکەرەوەی ساقی، ٢٠٠٦، ل ٢٠٣ – ٢٠٣.

25-  چۆن پشتیوانیی یەکلاکەرەوەی کورد بۆ پرۆژەکەی ئەربەکان لە لایەن فەهمی چەڵمەکەوە ئاشکرا کرا ،

“Erbakan’ın Kürtleri: Milli Görüş’ün Güneydoğu Politikası”, İstanbul: Metis, 2001.

26- روونترین پێکهاتنی ئایدیۆلۆجی لە کتێبێکدا بڵاوکراوەتەوە لە ناوەراستی ساڵانی ١٩٧٠کاندا: “نەجمەدین ئەربەکان، میللی گوێرویش  Necmettin Erbakan, Millî Görüş، ئەستەمبووڵ: دەرگا یاینلەری، ١٩٧٥.

27- زانیاریی کەم هەیە لە سەر ئەزموونی ئەم چالاکوانە ئێرانی و ئەفغانیانە، هەرچەندە دەبوو کاریگەریی سەرەکییان ببوایە لە سەر شکڵ گرتنی پەرەسەندنە یەک لە دوای یەکەکان. یەکێک لەوان یاداشتەکانی خۆی بڵاوکردووەتەوە کە خوێندنەوەی چەشیکی خۆشی هەیە. یاقووب ئەسڵان، Bir rüyanın ardından gerçekleşen sessiz devrim, Istanbul: Ozan Yayıncılık, 2014.. ئەسڵان زۆر خراپ نائومێد کرابوو لە لایەن موجاهیدە ئەفغانەکانەوە و زۆربەی ژیانی لە تاراوگە لە ئێراندا بەسەربرد و لەوێ پەیوەندیی پەیداکردبوو لەگەڵ گرووپی مەکتەبی قورئانی موفتیزادەدا، کە رێکخراوێکی سوننەی ریفۆرمخواز بوو. بەناوبانگترین کوردی عێراق کە چووبێتە پاڵ جیهادی ئەفغانی مەلا کرێکار بوو، کە دواتر وەک جیهادییەکی رادیکاڵ گەڕایەوە بۆ کوردستان و (حاڵی حازر لە نەرویج خراوەتە زیندانەوە بە تۆمەتی تێرۆریزم)، ( بۆ ئاگاداری ساڵی ٢٠١٥ ئەم نووسینە ئامادە کراوە – وەرگێڕ). لەو باوەڕەدام کە کوردە عێراقییە ئیسلامییەکانی تر لە سەردەمی جەنگدا لە لایەن دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێرانەوە مەشق و راهێنانیان پێکرابێت.

28- باشترین لێکۆڵینەوە لە سەر حیزبوڵڵا لەم قۆناخەدا ئەوەی رۆشەن چاکرە، “دێرین حیزبوڵڵا: ئیسلامچی شیددەتن گێلەجەغی”،  ئەسەمبووڵ: مەتین یاینڵەری، ٢٠٠١ و ساڵی ٢٠١١ بە پێداچوونەوە چاپکراوەتەوە. کورتە چاوپێداخشانێک لە سەر توندوتیژی دژ بە گرووپە ئیسلامییە رکابەرەکان لە لاپەڕە ٧٨ – ٨٥ دایە. سەبارەت بە پەرەسەندنەکانی دواتر، گرنگترین لێکۆڵینەوە ئەوەی محەمەد کوردە، “توندوتیژیی ئاینی و لێکەوتەکانی: حیزبوڵڵای تورکیا Din, şiddet ve aidiyet: Türkiye’de Hizbullah “، ئەسەمبووڵ: İletişim، ٢٠١٥.    

29-  موستەزعەفدەر ساڵی ٢٠٠٣ دامەزراوە و ساڵی ٢٠١٢ لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە داخراوە. بۆ جێگرتنەوەی بە ئامرازێکی یاسایی، حیزبوڵڵا پارتێکی سیاسیی دامەزراند بە ناوی هورداڤا پارتیسی، کە کورتکراوەکەی (هوداپارە).

30- یەکەم کەس کە سەرنجی دابێتە دەرکەوتنی حیزبوڵڵا وەک ئەڵتەرناتیڤێکی سیاسیی هەڵگری شوناسی کورد ئەمرە ئوسڵوو بوو لە نامەی دوکتۆراکەیدا: ئەمروڵڵا ئوسڵوو، “گواستنەوەی شوناسی سیاسیی کورد لە تورکیادا: کاریگەریی مۆدێرنیزە و دیموکراتیزە و گڵۆباڵیزە بوون”، نامەی دوکتۆرا، زانکۆی یوتا، ساڵت لەیک سیتی، ٢٠٠٩.  ئوسڵوو بوو بە ئەفسەر لە بەشی دژە تیرۆری بارەگای سەرەکیی پۆلیسی تورکیا و دواتر بوو بە گۆشەنووسێکی کاریگەر لە رۆژنامەکانی تەرەف و تودەی زەماندا.

  1. “Ulusalcılık, laik milliyetçiliktir. () Ulusalcılık Kürtleri özgürleştirmez”. Abdulkadir Turan, “Ümmetin bir azası olarak Kürtlerde İslamî kimliğin gelişmesi”, Istanbul: Dua Yayıncılık, 2011, p. 328. تورکی

32- لەبارەی مێد – زەهراوە، بڕوانە ئەتاجان، “گرووپێکی ئیسلامیی کوردی” و لە لایەن محەمەد سدیق شێخانزادە (سەرۆکی گرووپەکە)، “Nurculuğun tarihçesi: medeniyet – i İslamiyye,، ئەستەمبووڵ: تەنویر، ٢٠٠٣. زەهرا لە گۆڤاری نەوبەهاری مانگانەدا Nûbihar زۆری لە سەر دەنووسرا و ئەم گۆڤارە لە سەرەتای ساڵانی ١٩٩٠کانەوە دەردەچوو، کە تەمەندرێژترین گۆڤاری کولتووریی کوردی بوو.

33-  من دەخوازم سوپاسی بەشدارانی گفتوگۆکانم بکەم لە Demokratik Hukukçular Derneği لە هاسەکیی ئەستەمبووڵ بۆ مشتومڕ کردن لە سەر ئەم بابەتانە لەگەڵمدا و یارمەتیدانیان بۆ روونکردنەوەی تێگەیشتنەکانم. ئەوان هەر هەموویان لە نێو رێباز و نەریتی نوورسوودا پێگەیشتبوون بەڵام نەچووبوونە ریزی هیچکامێک لە دەستە و تاقمی نوورەوە Nur cemaati و دید و بۆچوونی شەخسییان لە نێوان رەتکردنەوە و دوودڵیی لە قبووڵکردنی ناسیۆنالیزمی کوردیدا ئەمسەر و ئەوسەری دەکرد.

  1. İslami Kürt hareketi yola çıktı: Azadi İnisiyatifi”, Demokrat Haber, 9 Haziran 2012, online at: http://www.demokrathaber.net/guncel/islami–kurt–hareketi–yola–cikti–azadi–inisiyatifi–h9338.html. (تورکی)

35- لەبارەی کۆمەڵگەی ئەم دواییەوە، بڕوانە میشێڵ لیزنبێرگ، “کۆتایی جیاکاری (هێتەرۆدۆکسی)، شەبەک لە عێراقی دوای سەددامدا”، لە کتێبی خاننا ئۆمەرخاڵیدا، “کەمینە ئاینییەکان لە کوردستاندا: لە پشت ئاڕاستەی باوەوە”، ڤیسبادن: هەڕاسۆڤیتز، ٢٠١٤، لاپەڕەکانی ٢٤٧ – ٢٦٧ ئە.

 

 

 62 جار بینراوە