سەرەکی » راپۆرت » شێرزاد شه‌یدا: رۆمانه‌كه‌ باس له‌ جوانییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ دەکات

رۆمانی (خدرو خوناو) بڵاوكرایه‌وه‌

شێرزاد شه‌یدا: رۆمانه‌كه‌ باس له‌ جوانییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ دەکات

هه‌ولێر – ره‌وه‌ست نه‌وزاد

له‌درێژه‌ی چالاكیه‌كانیدا پێش نیوه‌ڕۆی 5/6 ساڵۆنی لاپه‌ڕه‌ نۆی ناوه‌ندی هه‌ولێری مه‌كته‌بی ناوه‌ندی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆڕێكی بۆ ناساندنی رۆمانی (خدر و خوناو) ی شێرزاد شه‌یدا بندیان سازكرد كه‌ له‌لایه‌ن نوسه‌رو رۆژنامه‌نووس نازم دڵبه‌ند به‌ڕێوه‌چوو.

له‌كۆڕه‌كه‌دا كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌فۆلكلۆریست و نوسه‌رو شاعیرو رۆژنامه‌نووس و چالاكوانی مه‌ده‌نی و راگه‌یاندنه‌ ناوخۆییه‌كانی شاری هه‌ولێر ئاماده‌یبوون، شێرزاد شه‌یدا بندیان باسی له‌ناوه‌ڕۆكی رۆمانه‌كه‌ی كردو وتی‌: من پێشتر په‌خشانم نووسیوه‌ ، به‌ڵام یه‌كه‌مجاره‌ له‌خه‌یاڵم شتێك دروستبوو به‌ناوی چیرۆك یا سه‌ربرده‌و رۆمان كه‌ من به‌سه‌رهاتێكه‌ له‌خه‌یاڵی خۆم دروستمكردووه‌، ویستم ئه‌و خه‌یاڵه‌ی كه‌ هه‌مه‌ بیخه‌مه‌ سه‌ر كاغه‌زو له‌ كتێبێكدا گونده‌كه‌ی خۆم بناسێنم و له‌مێژوودا بمێنێته‌وه‌ كه‌ سه‌ره‌تا له‌سه‌ر فه‌یسبووك بڵاومكرده‌وه‌ كه‌ چیرۆكه‌كه‌م به‌شێوه‌زاری ده‌شتی هه‌ولێر نوسیوه‌ته‌وه‌ له‌كاتێكدا ئه‌دیبه‌كانی ئێمه‌ وشه‌ی بێگانه‌ له‌ناو نوسینه‌كانیان به‌كاردێنن كه‌ من هه‌میشه‌ دژی بووم.

وتیشی‌: ئه‌و رۆمانه‌ یا به‌سه‌رهاته‌ له‌ڕاستیدا به‌سه‌رهاتی راسته‌قینه‌ نیه‌، به‌ڵكو له‌خه‌یاڵی خۆمدا دروستمكردووه‌ كه‌ خدر گه‌نجێكی خوێندكاره‌و خوناویش كچێكی ته‌مه‌ن 17-18 ساڵی كچی مه‌ڵه‌وه‌یه‌و له‌خانه‌واده‌یه‌كی پێشكه‌وتووخواز هاتۆته‌ دنیاوه‌ خۆشه‌ویستیه‌ك له‌نێوان خدرو خوناو دروست ده‌بێت و رووداوه‌كانی خۆشه‌ویستی نێوان ئه‌و كچ و كوڕه‌ له‌ساڵانی نێوان 1978 تا 1988 به‌رده‌وام ده‌بێت كه‌ چه‌ند رووداوێك به‌سه‌ر كوردستاندا دێن رووداوه‌كان له‌گوندێكی دووره‌ ده‌ستی هه‌ولێره‌ كه‌ خۆم له‌وێ له‌دایكبووم ئه‌ویش گوندی (خدرجه‌) یه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ خوار چیای قه‌ره‌چۆغی نزیك مه‌خمور كه‌ پێم باشبوو رووداوی ئه‌وكاته‌ بخه‌مه‌به‌ر دیده‌ی نه‌وه‌ی نوێی ئێستا كه‌ ئێمه‌ له‌چ كاره‌ساتێك له‌گونده‌كان ژیاوین یاخود ژیانی پێشمه‌رگایه‌تی چۆن بووه‌.

راشیگه‌یاند: دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و رۆمانه‌ له‌فه‌یسبوك به‌چه‌ند به‌شێك تا گه‌یشته‌ به‌شی 27 ، ستران عه‌بدوڵڵا به‌شێكی لای خۆی بڵاوكرده‌وه‌و ده‌ستخۆشی لێكردم تا ئه‌و ئاسته‌ی منی به‌كه‌سایه‌تی دووه‌می مامۆستا (عه‌زیزی مه‌لای ره‌ش) وه‌سفكردبوو كه‌ ئه‌ویش به‌هۆی نووسینی رۆمانه‌كه‌ بوو به‌شێوه‌زاری ده‌شتی هه‌ولێر نامه‌وێت ئه‌و شێوه‌زاره‌ بفه‌وتێت به‌هۆشیه‌وه‌ زۆر ماندوبووم كه‌ وشه‌ هه‌بوو بیرم چووبووه‌وه‌ ، وتی شێرزاد تۆ چی له‌و چیرۆكه‌ ده‌كه‌یت ئه‌مه‌ بابه‌تێكی جوانه‌ ، منیش وتم مامۆستا هه‌ر بۆخۆم ده‌نووسم و بیرم له‌هیچ نه‌كردۆته‌وه‌ ئه‌ویش وتی‌ ئه‌گه‌ر نووسینی به‌سه‌رهاته‌كه‌ت ته‌واو كرد تۆش بیكه‌ به‌كتێبێك و ئێمه‌ش یارمه‌تیت ده‌ده‌ین.

شه‌یدا باسی له‌وه‌شكرد له‌به‌سه‌رهاتی خدرو خوناودا حه‌زم له‌گێڕانه‌وه‌ ڕه‌سه‌نایه‌تی و عه‌شق و په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و هاتووچۆو خۆشه‌ویستی خه‌ڵك له‌نێوان یه‌كتری بگێڕمه‌وه‌ كه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌و زه‌مه‌نه‌ی ئێستا لێی بێبه‌شین هه‌روه‌ك ئه‌و عه‌شقه‌ جوانه‌ی خدر هه‌یه‌تی یان پاشان كه‌ ده‌بێت به‌پێشمه‌رگه‌ و ناوی خۆی بۆ مه‌لا فه‌رهاد ده‌گۆڕێت و پێشكه‌شی خوناوی ده‌كات شتێكی زۆر جوانه‌ من پێپم باشە عه‌شق ئێستاش هه‌ر وابێت.

شێرزاد شه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد من جوانیه‌كانی پێشمه‌رگه‌و عه‌شق و لادێكانم باس كردووه‌، یه‌كێك له‌به‌سه‌رهاته‌كانی ناو رۆمانه‌كه‌ به‌نه‌فره‌ت كردنی شه‌ڕی براكوژییە، له‌ناو پێشمه‌رگه‌ و پارته‌ سیاسیه‌كانی كورد كه‌ دژی شه‌ڕی براكوژی بوون خدرم کردووە بە نموونەو نوێنه‌ری هه‌موو ئه‌و شۆڕشگێرو قاره‌مانانه‌ی دژی شه‌ڕی براكوژی بوون.

 98 جار بینراوە