سەرەکی » وتار » بۆ هاوڕێم عەبدولڕەزاق فەیلی

بۆ هاوڕێم عەبدولڕەزاق فەیلی

عیماد ئەحمەد

ئەو لە ئاسمانێك دەچوو بەردەوام بارانی وەفا و ئەمەكی لێ ببارێت، رووبارێك بوو هەمیشە تینوێتی گەرمەسێری دەشكاند و ئاوی سازگاری دەپڕژاندە سەر لێوی هەڵقرچاوی ئەنفالكراوان. هاوڕێیەتیی عەبدولڕەزاق؛ دەرگایەكی هەبوو كردنەوەی ئاسان بوو، بەڵام داخستنی گران و ئەستەم بوو. ئەو لە كۆڕی دۆستان دەم‌ و لەبزی گەزۆی پێكەنین و هاتنەكەی شیلەی خۆشەویستی بوو. ئەو لە كوێی مەجلیس بوایە، هەنگی رێز و تەقدیر، بەسەر شان و ملی ئەوەوە دەنیشتنەوە. ئەو رووبارێك بوو، هەموو جۆگەلەكانی بۆ باوەشی خۆی رادەكێشا.

ئەو رێبوار و تێكۆشەر و دامەزرێنەری سادەی یەكێتی بوو. هەڵپەهەڵپی كورسی و مەراقی خۆدەرخستن و دانیشتنی سەرووی خەڵك و پێشەوەی نەبوو، ئاخر ئەو لەكوێ بوایە مەعنا و مەغزای بە شوێن و كورسی دەدا. ئەو لە كەنزی قەناعەت دەچوو، دەستی لە گەنجینەی پڕی باوك و باپیرانی؛ بۆ كورد و یەكێتی هەڵگرت. ئەو سێكوچكەی چەوسانەوە و غەدر و دەربەدەری بوو. هەم كورد، هەم شیعە، هەم فەیلی بوو.

رەزاق فەیلی، یەكێك لە دەروێشەكانی جەفا و وەفای رۆژگارە سەختەكانی یەكێتی بوو، هاوڕێیەكی دانسقەی هەمووان بوو، وەكو مروارییەك لە هەموو دەریایەكدا نەبوو، ئەستێرەیەكی جیاواز بوو، لە هەموو ئاسمانێكدا پەیدا نەدەبوو.

عەموو گیان، وەكو چۆن بەهێمنی ژیای، بەهێمنی خەباتت كرد، ئاواش بەهێمنی لە یادو یادەوەریی ئێمەدا بۆ هەمیشە زیندووی.

 91 جار بینراوە