سەرەکی » وتار » هیوا محەمەد » حزبایەتی لە حزبدا

یەکبێژ

حزبایەتی لە حزبدا

هیچ حزبێک مانای وشەکە نادات ئەگەر یەکەیەکی فیکریی نەبێت( وەحدەی فیکری) واتا هەر هەموو ئەندامانی حزب دەبێت کۆک و هاوڕابن لەسەر ئەو بیروباوەڕەی کە حزبەکە دیاری کردووە وەک ئامانج و داوا لە ئەندامان و دۆستان و هەوادارانی دەکات کە هاوکاریی بکەن بۆ سەر خستن و گەیشتن بەو ئامانجە.

لینین رابەرایەتیی شۆڕشی کرد( هەڵبەتە ئەو تەنها نەبوو) و سەرکەوت بەسەر فەرمانڕەوایی قەیسەری دەرەبەگیدا، ئەوان چەوسانەوەی سەدان هەزار جووتیاری ژێر دەستی ستەمی دەرەبەگ و کرێکاری ژێر دەستی سەرمایەدارانی کارخانەکانیان کردە هەوێن بۆ خڕکردنەوەی خەڵک و سەرخستنی شۆڕش.

شۆڕشی نوێ بە پێشڕەویی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەوێنەکەی ئەو ستەمانە بوو کە رژێمی بەعسی ئەوکات دەرهەق بە خەڵکی دەکرد، لەگەڵیشیدا نەبوونی رۆڵی کاریگەری حزبی دیکە، هەستێک بوو بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڵوێستە شۆڤێنیستانەکەی رژێمی بەعس و بەعسییەکان، ئەوەی کە خەڵکی لە یەکێتی لە زووترین ماوەدا کۆکردەوە، بوونی دروشمی سەرەکی و ئامانجی دیاری کراو بوو.

ئەوەی کە ئەمڕۆ دەیبینین، نەبوونی بەرنامەیەکی دیاریکراوی سەرتاسەری حزبە کوردستانییەکانە لە هەرێم، ئایا خەبات بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دەکەن؟ ئایا بۆ خۆبردنە پێشەوە و بەدەستهێنانی کورسی و ئیمتیازاتە؟

ئامانج نادیارە، رۆژێک ئەرکی سەرەکیمان لەناوبردنی داعشە، رۆژێکی دیکە لابردنی لێبڕینی مووچە و دابینکردنی مووچە لەکاتی خۆیدا، هەرچی ناوماڵی خودی خۆشمانە بەلایدا ناچین و لەمەیاندا هێندە دیموکراتین و باوەڕمان پێیەتی، رۆژانە حزبی جیاجیا دروست ببێت و بێتە مەیدان بەلامانەوە ئاساییە، ئەگەرچی زۆر و بۆریش بن.

تیمێکی فوتباڵ بێ ئەوەی بەخۆی بزانێت تەنها لەرێگەی باش یاری کردنەوە بە ملیۆنان هەوادار بۆخۆی پەیدا دەکات، حزبیش بەهەمان شێوە دەتوانێت تەنها لەرێگەی هەنگاوی باش و کردەوەی باشەوە زۆرینەی دەنگی خەڵک بۆلای خۆی ببات، بەڵام ئەمە بێ رێکخستنی پتەوی پۆڵایین نابێت و نایەتەدی.
ئەندامانی هەر حزبێک دەبێت پەیڕەوی ناوخۆی حزبەکە پەسەند بکەن و لەگەڵیشیدا هاوڕابن لەگەڵ تاکتیک و ئامانجی حزبەکە و لێی لانەدەن.

دیموکراتی لەناو حزبدا بێ بوونی ناوەندێتی نابێت، ناکرێت لەناو حزبدا ئەندام بیت و بیروباوەڕی حزبێکی دیکەت بەلاوە پەسەندبێت، نابێت سەربە حزبێک بیت و سەرچاوەی پەیگیرییت بۆ میدیاکانی حزبێکی دیکە بێت و بەشان و باڵی دروشم و بانگەوازەکانی ئەواندا هەڵبدەیت.

هەر حزبێک ناوەندێتی نەبوو یان لاواز بوو، ئەوا ناتوانێت لە گۆڕەپانی سیاسیی و ململانێکاندا بەرەوپێشچوون بەدەست بێنێت و دەبێتە لانکەی پەروەردەکردنی کەسانی سیاسیی لەناو حزبەکەی خۆیدا بۆ خزمەتکردنی حزبی تر.

لەگەڵ بوونی رێکخستنی پۆڵاییندا، دەبێت حزب ئامانجی کورت مەوداو درێژ مەودای هەبێت، دەبێت ئەو ئامانجە لەلای خەڵک گرنگ و پێویست بن کە بهێندرێنەدی، نەک تاکی کۆمەڵگە بڵێت من پێویستم بەوە نییە، پێویستە ئەندامانی حزبەکە هەست بەوە بکەن کە ئەوان بۆ مەسەلەیەکی پیرۆز تێدەکۆشن و ئەگەر لەژێر دەستی ئەواندا بێتەدی، ئەوا جێگەی شانازیی و ئیفتیخار پێوەکردنە، نەک ئەوەی بڵێن ئێمەش نەبین خۆی هەر بەسەر رێڕەوی خۆیدا دەڕوات، یان بڵێن هۆکاری سەرخستنەکە ئێمە نەبووین.

ئامانجی دیرای کراو پێویستی بەشێوازی خەباتە بۆ بەدیهاتنی، شێوازەکە و ئامانجەکە دەبنە بیروباوەڕی ئانیی حزبەکە تا بەدیهاتنی.

حزب بۆ ئەوەی رێکخستنێکی باش و پتەوی هەبێت پێویستی بە پێداگریی و بڕیاری یەکلاکەرەوەیە، دەبێت سزادان یەکێک لە هەرە چالاکترین شێوازی مامەڵە لەگەڵ ئەندامان بێت، سزادان لەگەڵ پاداشت دوو شێوازی مامەڵەن بەڵام ئەوە سزادانە کەموکوورتییەکان ناهێڵێت و رێکخستنەکە پتەو دەکات نەک هەر پاداشت کردن و بەرز کردنەوەی پلە و پۆست بەرامبەر مێژووی کارکردن و هەڵوێست کڕینەوە لە قینی بەرامبەر و رێگرتن لێی تا نەچێتە ناو حزبت رکابەر.

سازدان بۆ هەر ئەندامێک کە سوکایەتی بەهەر بەشێکی حزبەکەی خۆی بکات، یان بەهەر ئورگانێک و هەردەستەیەک یان کەسێکی سەرکردایەتییەکەی، دەبێت رۆژنامە و بڵاوکراوە حزبییەکانی دیکەی حزبەکەی خۆشبوێت و کار بۆ پێشخستنیان بکات، نووسەری سەر بە حزبێک، نابێت لەبەرامبەر وەرگرتنی بڕە پارەیەک بۆ میدیای حزبێکی تر بنووسێت، ئەمە پێی ناوترێت حزبایەتی، بەڵکو هیچ مانایەک بۆ حزب ناهێڵێتەوە و دەبێتە قسەی باوی خەڵک کە دەڵێت من باوەڕم بە حزب نەماوە.

 261 جار بینراوە