سەرەکی » وتار » هیوا محەمەد » خێر و شەڕ و بەرژەوەندی لە رووداوەکاندا

خێر و شەڕ و بەرژەوەندی لە رووداوەکاندا

خێر و شەڕ، نێگەتیف و پۆزەتیف، چاک و خراپ، کە لەروانگەی کەسێکەوە دەبیندرێت، ئەگەر لای کارێکی باش بوو ئەوە خێرە و پێچەوانەکەشی شەڕە.

کێ دەتوانێت بڕیار بدات کێ لەسەر خێرە و کێ لەگەڵ شەڕە؟ ئەو پێوەرانە چین کە بەکاردەهێندرێت بۆ هەڵسەنگاندن؟ هەرکەسە بەلای خۆیدا دایدەتاشێت، ئەوەی لای تۆ لەسەر خێرە لای من لەبەرەی شەڕدایە، ئەوەش لای ئەو لە بەرەی شەڕدایە لای ئەوی تر لە بەرەی خێردایە.

لە سیاسەتدا خێر و شەڕ ئەگەر شیتەڵی بکەیتەوە و گشت گیری نییە.

ئێمە هەرچیەکمان دەکرد لە دژی رژێمی بەعس بە کارێکی باشمان دەزانی و بەمەش دەچێتە بەرەی خێرەوە.

هەرچیەکیش رژێم دەیکرد لە دژی ئێمە، هەر لە گرتن و ئازار دانەوە تا لەسێدارەدان و کوشتنی بەکۆمەڵ و ئەنفال و کیمیاباران هەمووی بەلای خۆیانەوە کاری باش بووە و لای خۆشیان لەبەرەی خێردا بووە، هەر بۆیەش هێرشەکانیان بۆ سەر ئێمە ناوی ئایەتەکانیان لێناوە.

کتێبە ئایینیەکانیش هەر پێوەریان داناوە
لە جیهاندا شتەکان هەمووی بەو جۆرە دابەش کراون. ئەگەر کار بە پێوەرە جیهانییەکان و بیردۆزەکان و کتێبە ئایینەکان بکرێت ئەوە تیایدا دوو هێڵی شەڕ و خێر جیاکراوەتەوە، بەڵام لە روانگەی مسوڵمانێکەوە کتێبی قورئان دروست و راسترە تا تەورات، بەلای یەهودییەکانیشەوە بە پێچەوانەوە.

لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان هەر لەسەردەمی عوسبەتول ئوممەوە تا ئەمرۆ سەدان یاسا دارێژراوە بۆ چۆنێتیی بەڕێوەبردنی ئەم کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییە، تیایدا دیاری کراوە کە تاکەکانی ئەم زەوییە مافیان هەیە و دەبێت پارێزراو بێت و وەک گەل و نەتەوەش دەبێت خاکی باو و باپیرانیان موڵکی خۆیان بێت و نیشتیمانێکیان هەبێت، کەچی هەر لەم کتێبی یاسایەوە یەهودییەکان بۆردومانی غەززە دەکەن و سەدان کەس دەکوژن کەس نایەتە جواب، بەڵام کە ئەمان مووشەکێک بەوانەوە دەنێن هەمووی هاواری لێ هەڵدەستێ.

لای زۆرێک لە توندڕەوە ئیسلامییەکان دەبێت ئیسرائیل نەمێنێ و بیان خەنە دەریاوە، بۆ بەدیهێنانی ئەم بۆچوونەش کار دەکەن و روو لە خودا دەپاڕێنەوە و دەڵێن پشت و پەنامان بە، لەولاوە یەهودییەکانیش بۆ چەسپاندنی جێ پێی دەوڵەتەکەیان لە هەمان سەرچاوە دەپاڕێنەوە.

لێکدانەوەکان دەکەونە ژێر هەژموونی بەرژەوەندییەوە
دووکەس لێیان دەبێتە شەڕ و یەکیان زیانی پێدەگات، لێکدانەوەکانی ئێمە و هەڵسەنگاندنمان بۆ ئەو شەڕە لە روانگەی نزیکیی بەرژەوەندیەکانمانە لەو دوو کەسەوە.

دوو حزب یان هێزی سەر بە یەک نەتەوە لێیان دەبێتە شەڕ، هەڵسەنگاندنەکانی تاکەکانی کۆمەڵگە دابەش دەبێت بەسەر دوو لایەنگرەوە و هەر بەشەیان لایەکیان بەراست دەزانێت، وەک ئەمەی ئێستا لە هەرێم روودەدات.

زۆرینەی هەڵسەنگاندنەکان وا بووە کە لەبەر ئەوەی یەک لەو دوو کەسە لە خۆمەوە نزیکە، بەبێ لێکدانەوە ئەوەی دیکە تاوانبار دەکەم و هەڵەکە دەخەمە پاڵ ئەو.

ئەگەر بۆ هەموو رووداوەکان کۆمەڵگە بکەین بە دوو بەشەوە، چونکە ئەگەر هەڵسەنگاندنەکان لەودیو چاویلکەی بەرژەوەندییەوە بێت و پلەی نزیکیی لە باسەکەوە و سۆز و خۆشەویستی بۆی بەکار هات، ئەوە هەمیشە لایەنێک نییە لای هەمووان وەک یەک بۆی بڕوانن.
سەدام لە لووتکەی نامرۆڤیدا بوو بۆ گەلانی عیراق بەتایبەت کورد، کەچی ئێستاش موردیدی خۆی ماوە و سوێند بەگۆڕی دەخۆن و پێیان وایە شەهیدی رێگەی راستییە، هەزار هێندەی ئەو بۆچوونەش هەیە کە کوشتن و لەسێدارەدانی سەدام بە ساڕێژکەریی دڵی دایکی شەهیدان دادەنێت.

ئەوەی لای من خێرە لای ئەوی دیکە شەڕە
ئەنجامدانی هەرکارێک ئەگەر لایەنی خراپی نەبوو ئەوە بە باش بۆی دەڕوانین و پێمان وایە کارێکی خێرە، بەڵام لەملاوە زۆرێک لە دژی دەوەستنەوە چونکە بە بیری ئەوان ئەمە باش نییە و بەرژەوەندی خۆیانی تیادا نابینن، ئەمانەش وای کردووە کە ململانێکان بەردەوامن و ناکۆکییەکان زیاتر دەبن.

نابینین کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە ئارامیدا بژی و هەمووان پەیڕەوی یاسا و رێساکان بکەن.

ئەوەی باوکێک بەئەندامانی خێزانەکەی خۆی رادەگەیەنێت ، هەموویان وەک یەک پێی خۆشحاڵ نین و بۆی ناڕوانن، تیاشیاندایە پشتی باوکی دەگرێت، تا بیر و بۆچوون یان بڕیارەکەی بچەسپێنێت.

کەوابوو دەڵێین بەرژەوەندییەکان هەمیشە لە پلەی یەکەمدان، لەکاتێکدا دەمانەوێت شتێک بەرامبەر بە رووداوێک یان کارێک، کەسێک، لایەنێک، تیئورێک بڵێین، هیچکات بێ رەچاوکردنی بەرژەوەندی تێڕوانین سەرچاوە ناگرێت، تەنانەت ئەگەر بەرژەوەندیی گشتیش بێت، ئەوەی رابەرێتیی شۆڕشێکیش دەکات لەدژی دوژمنەکانی دەبێت لە دیدی پاراستنی بەرژەوەندییەکانەوە بڕوانێت بۆ رووداوەکان و بەرەژەوەندیی خۆشی لەگەڵ ئەوەی گروپەکەی یان هەوادارانی یەکدەگرێتەوە، بەلام لەلایەن نەیارەکانیانەوە بە پێچەوانەوە دەبیندرێن.

 254 جار بینراوە