سەرەکی » راپۆرت » تورکیا چەکی کیمیاویی لە عەفرین بەکارهێناوە

مشتومڕی تورکیا و ئەمریکا لەسەر پێشهاتەکانی ناوچەکە

تورکیا چەکی کیمیاویی لە عەفرین بەکارهێناوە

دیاری هەرکی

دەنگۆی ئەوە هەیە کە لە سوپای تورکیا لە هێرشەکانیدا بۆ سەر کانتۆنی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان، چەکی کیمیاوی بەکارهێناوە و بەو هۆیەشەوە چەند کەسێک بریندار بوون.
به ‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ، سوپای توركیا به‌ چه‌كی كیمیایی، گونده‌كانی سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ی شییه‌-یان له‌ عه‌فرین تۆپباران كرد و به‌و هۆیەشەوه‌ شه‌ش هاووڵاتی مەدەنی بریندار بوون.
ئاژانسی فورات نیوز بڵاویكردۆته‌وه‌، شه‌وی 16-2-2018، سوپای توركیا به‌ چه‌كی كیمیایی، گونده‌كانی سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ی شییه‌-یان له‌ عه‌فرین تۆپباران كردوه‌.
ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، به ‌هۆی تۆپبارانه‌كه‌وه‌ شه‌ش هاووڵاتی مەدەنی برینداربون و بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری پزیشكی، گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌.
له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا، وته‌بێژێك به‌ناوی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل «یه‌په‌گه‌» به‌ ئاژانسی رۆیته‌رزی وتوه‌، ئه‌و بریندارانه‌، توشی كێشه‌ بوون له‌ هه‌ناسه‌داندا و هه‌ندێك نیشانه‌ی دیكه‌ش له‌سه‌ر جه‌سته‌یان ده‌ركه‌وتوه‌، كه‌ ئاماژه‌ن بۆ هێرش به‌ جۆره‌ چه‌كێكی گاز.
لە لایەکی ترەوە، ریكس تیلرسۆن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جەختدەكاتەوە، وڵاتەكەی هەرگیز چەكی قورسی بە یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) نەداوە تا پێویست بكات لێیان بسەنێتەوە.
یەپەگە پێكهاتەی سەرەكی و سەرپەرشتیاری هێزەكانی سوریای دیموكراتە، كە بە پشتیوانی ئەمریكا و هاوپەیمانان توانیویانە روبەرێكی بەرفراوان لە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) وەربگرێتەوە.
بەردەوام حكومەتی توركیا، دەیەوێت رێ لە پڕچەككردنی یەپەگە بگرێت و بۆ ئەو مەبەستەش هەمیشە رەخنە لە ئەمریكا دەگرێت و داوای وەستاندنی پشتیوانییەكان دەكات. لە بەرامبەردا، واشنتۆن داوا لە ئەنقەرە دەكات تەركیز بخاتەسەر شكستپێهێنانی داعش.
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا داوا دەكات ئەنقەرە لە هێرشەكانیدا بۆ سەر عەفرین گیانی هاوڵاتیانی مەدەنی بپارێزێت، وەزیری دەرەوەی توركیاش دەڵێت: یەپەگە هێرش دەكاتە سەر خاكی وڵاتەكەمان و ترس و نیگەرانی خۆمان لەو بارەوە گەیاندۆتەوە لایەنی ئەمریكی.
ریكس تلیرسۆن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ مەولود چاوشئوغڵوو، وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند: هاوكاریی توركیا دەكەین لە دژایەتیكردنی تیرۆردا و پێویستە كاری زۆر بكەین بۆ ئەوەی داعش لەناوبەرین.
راشیگەیاند، داوامان لە توركیا كردووە گیانی هاوڵاتیانی مەدەنی عەفرین بپارێزێت و پشتیوانی لە هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) دەكەین لە شەڕی دژی تیرۆردا.
لای خۆشیەوە مەولود چاوشئوغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا وتی، یەپەگە هێرشدەكاتە سەر خاكی ولاتەكەمان و بە هۆیەوە هاوڵاتیانی مەدەنی قوربانی بوون و ترس و نیگەرانی خۆمان لەو جۆرە هێرشانە گەیاندۆتە لایەنی ئەمریكی، جیا لەوەش لە بارەی منج و چوونە دەرەوەی یەپەگە لەو شارە قسەمان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كردووە.
لە لایەکی ترەوە، فڕۆكەیەكی سەربازی توركیا كە لە بنكەیەكی سەربازی ئیزمیرەوە فڕیبوو، كەوتوەتەخوارەوە و لەئەنجامدا دوو فڕۆكەوانەكەی كوژران.
میدیاكانی توركیا بلاویانكردۆتەوە، فڕۆكەكە لە بنكەی سەربازیی چیغڵی ئیزمیرەوە فڕیبوو، كەوتەخوارەوە و لەئەنجامدا دوو فڕۆكەوانەكەی كوژراون.
بەپێی راگەیەنراوێكی سەرۆكایەتیی ئەركانی سوپای توركیا، ئەو فڕۆكە سەربازیە بە مەبەستی فێركاری كەڵكی لێوەرگیراوە.
تا ئێستا سەبارەت بە هۆكاری كەوتنە خوارەوەی ئەو فڕۆكەیە هیچ زانیاریەك بڵاونەكراوەتەوە.
هاوکات، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی هاوبەشی میرکڵ و یەڵدرمدا، رۆژنامەنووسێکی کورد وێنە و دۆکیۆمێنتی کوشتنی هاووڵاتیانی کانتۆنی عەفرین نیشان دەدات و دەبێتە جێگەی سەرنجی میدیاکانی جیهان.
لە میانی سەردانەکەیدا بۆ ئەڵمانیا، بینالی یەڵدرم سەرۆک وەزیرانی تورکیا لەگەڵ ئەنجیلا میرکڵ راوێژکاری ئەڵمانیا کۆبۆوە و پاش کۆبوونەوەکەش کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان ساز کرد کە تیایدا رۆژنامەنووسێکی کورد یەڵدرمی تووشی ئیحراجی و رووگیری کرد.
رۆژنامەنووسی کورد ئارمانج عەگید نێروەیی لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا بەشدار بوو و لەو کاتەی پرسیاری لە یەڵدرم کرد لەسەر کوشتنی هاووڵاتیانی مەدەنی لە هێرشی تورکیا بۆ سەرعەفرین، چەند وێنە و دۆکیۆمێنتێکی نیشان دا کە بووە مایەی سەرنجی میدیاکانی جیهان و رووگیری و ئیحراجی بۆ یەڵدرم.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*