سەرەکی » راپۆرت » چاکسازی خانەنشینی کۆتایی بە پاشەکەوتی مووچە دەهێنێت؟

چاکسازی خانەنشینی کۆتایی بە پاشەکەوتی مووچە دەهێنێت؟

بوار عەلی

پڕۆژەیاسای چاكسازیی خانەنشینی لە پەرلەمانی كوردستانە و شەش لیژنە كاری لەسەر دەكەن، لەبەر ئەوەی لە پڕۆژەیاساكەدا تەمەن و خزمەت بەبێ بەڵگەی سەلمێندراوەو كراوە بە پێوەر.
پڕۆژەیاسای ״چاكسازی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە״ لە هەشت بەش و 20 ماددە و ٣٧ بڕگە پێك هاتووە بۆ چاكسازی لە بواری مووچە و خانەنشینی، بە بڕیاری ژمارە 129ی ئەنجومەنی وەزیران لە بەرواری ٣٠/١٢/٢٠١٧ پەسەند كرا و ڕەوانەی پەرلەمان كرا، بۆ ئەوەی لە ماوەی سێ مانگدا پڕۆژەیاساكە بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەگەرچی بەشێكی زۆری پەرلەمانتاران پڕۆژەكە بە گرنگ دەزانن، بەڵام گومانیان هەیە پڕۆژەكە وەك ئەوەی پێویستە جێبەجێ بكرێت.
د.عیزەت سابیر ئەندامی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ئەم پرۆژەیە رادەستی شەش لیژنەی پەرلەمانی کراوە بۆ پێداچونەوە و سەرجەم شەش لیژنە پەرلەمانیەکە راپۆرتی خۆیان ئامادەکردووە و دوای کۆبونەوەی لیژنەکان پێکەوە راپۆرتی کۆتایی دەدەنە سەرۆکایەتی پەرلەمان.
عزەت سابر باسی لەوەشکرد ئەم پڕۆژەیاسایە رێگری لە گەندەڵییەکی زۆر دەکات و دوو مووچە نامێنێت، تەنانەت دوو مووچەی یاسایی و خەرجیەکی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ حکومەت.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد لیژنەی دارایی پەرلەمان خاڵێکیان بۆ زیاد کردووەو کە بریتیە لە هەڵوەشاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە، لە ئەگەری پەسەندکردن و جێبەجێکردنی ئەو پرۆژە یاسایە پاشەکەوتی مووچەش نامێنێت.
لە بارەی سوودەکانی ئەو پڕۆژە یاسایەش وتی: سودەکانی ئەم پڕۆژەیاسایە خۆی دەبینێتەوە لە رێکخستنەوەی دەرماڵەو رێگری لە دوو مووچەیی، هەروەها ئەوانەی لە سیستەمی بایۆمەتری تۆمار نەکراون مووچەیان پێنادرێت و خانەنشینی نائاسایی هەڵدەوەشێتەوە، لێکۆڵینەوەی تێدا دەکرێت ئەگەر تەمەنی خانەنشینی نەبوو دەگەڕێتەوە بۆ کارەکەی یان ئەگەر بە پلەیەکی بەرز خانەنشین کرابوو بە پێی خزمەت و ئاستی خۆی خانەنشین دەکرێت.
لە بارەی خانەنشینی پلە باڵاکانیشەوە ئەو ئەندام پەرلەمانە وتی: ئەوەی بە پلەی وەزیر خانەنشین کراوەو وەزیر نەبووە پلەی وەزیری نامێنێت، مووچەیەکی شایستەیان دەدرێتێ، ئەو کەسانەی لە بزافی رزگاری گەلی کورد بەشداریان کردوە و وەزیر نەبوون، یاخود ئەوانەی پلەی باڵایان هەیە پلەکانیان رێکدەخرێتەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*