سەرەکی » ئاراستە » ئەزموونی سیرالیۆن لە بارەی ئاشتیی و لێبووردەییەوە

ئەزموونی سیرالیۆن لە بارەی ئاشتیی و لێبووردەییەوە

ئەحمەد فەوزی سالم

وەرگێرانی: کوردستانی نوێ

ئەگەر سەیری مێژوویی ئەم نیوە سەدەیەی پێشووی کیشوەری ئەفریقا بکەین، ئەوا چیرۆکی سیرالیۆن مایەی سەرنج و تێڕامانی گەورەیە، ئەم وڵاتە گیرۆدەی دەستی حوکداریی خراپ و سیاسەتمەتداری گەندەڵ بوو، کە وڵاتیان وێران کرد و تەواوی سامانی وڵاتیان تاڵان کردووەو دیموکراسیان لەناوبردووە، هەروەها گەلەکەیان لەوپەڕی هەژاریی و نەداریی دەژیان و ببوونە نێجێرێکی باش بۆ توندوتیژیی سیاسییەکان. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چیرۆکی ئەم وڵاتە لە رووی ئاشتەوانیی و لێبوردەیی کۆمەڵایەتییەوە مایەی گرنگی پێدانە و دەشکرێت ببێتە ئەزموونێکی باش بۆ زۆر گەلی تر کە بە دەست جەنگی ناوخۆیی و گەندەڵیی و خراپی حوکمڕانییەوە دەناڵێنن.

جەنگی ناوخۆ
سیرالیۆن کە دەکەوێتە کەناری باشووری کیشوەری ئەفریقا، لە 23 مارسی 1991 جەنگێکی ناوخۆی گەورە هەموو وڵاتی گرتەوە، ئەم جەنگە بووە هۆی کوژرانی هەزاران هاووڵاتی بێتاوان، کە لەلایەن هەردوو بەرەی جەنگەکەوە کوژران، کە ئەوانیش بریتی بوون لە بەرەی حکومەت و هێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن. ئەم جەنگەش هەموو شیرازەیەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتی وڵاتی تێکدا و هێندەی تریش ستەم و زۆردارییەکەی دەزگاکانی حکومەت زیاتر بوو، ئەوەش بەهۆی بڵاوبوونەوەی گەندەڵی لەناویاندا، کە مێژووی بۆ پێش جەنگی ناوخۆ دەگەڕایەوە و هۆکاری سەرەکیش بوو لە هەڵگیرساندنی ئەم جەنگە.

هۆکاری جەنگەکە
بۆئەوەی لە هۆکاری سەرەکی جەنگەکە تێبگەین، پێویستە سەرەتا باسی ئەو کێشە زۆرانەی بکەین کە ماوەی چەندین ساڵە لەسەریەک کۆبوونەتەوە و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵی سیرالیۆنی گرتبۆوە، بەتایبەتی گەنجەکان، کە ماوەی چەندین ساڵ بوو فەرامۆشکرابوون. سیرالیۆن خاوەنی دەوڵەتێکی پەرتەوازە و لاواز بوو، دەتوانین بڵێن خراپترین جۆری دەوڵەت بوو کە کۆڵۆنیالیزمی بەریتانی لەپاش خۆی بەجێیهێشت. پشتگوێخستنی گەنجان وایکرد، کە زۆر بە ئاسانی هێزە چەکدارەکان بۆ لای خۆیان رایانبکێشن، ئەو هێزانەی کە دژی زوڵم و ستەمی دەوڵەت وەستانەوە، ئەمانیش لەناو «بەرەی شۆڕشگێڕی یەکگرتوو» خۆیان رێکخستبوو. بەڵام بزووتنەوە شۆڕشگێریەش وەکو زۆرێک لە بزووتنەوە هاوشێوەکانی، لە بنەما سیاسیی و فکرییەکانی خۆی لایداو، ئەویش پارەو دەسەڵات بۆگەنی کردو لە مەسەلەی یەکسانی کۆمەڵایەتی دوورکەوتەوە، کە مەسەلەیەکی دادوەرانە بوو.

مێژووی نوێی سیرالیۆن
مێژووی نوێی سیرالیۆن بەتایبەتی ئەو نەخشە جوگرافیایەی ئێستای، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1787، کاتێک سوپای بەریتانیا بنکەیەکی سەربازی لە باکووری سیرالیۆن دروستکرد و کردیە بنکەیەک بۆ هێزی دەریایی بەریتانی لە کەنارەکانی کیشوەری ئەفریقا، بەڵام گرنگی ناوچەکە شەهیەی ئینگلیزەکانی جووڵان و ساڵی 1896 کردیان بە کۆڵۆنیاییەکی خۆیان.

کۆڵۆنیالیزمی بەریتانی
کۆڵۆنیالیزمی بەریتانی رۆڵی خراپی گێڕا لە گەشەنەسەندنی ئەم وڵاتە لە هەموو لایەکەوە « ئابووریی، کۆمەڵایەتی، سیاسی» ئەو شێوازەی کە بەکاریانهێنا، تەنها ئامانجی خزمەتکردنی کۆڵۆنیای بەریتانی بوو، ئەمەش وایکرد کە جیاوازی چینایەتی لەناو کۆمەڵی سیرالیۆن دروستبێت، چینێک هەمووشتێکی هەبێت، چینێکی زۆرینەش هیچی نەبێت.

لەپاش درز خستنە ناو کۆمەڵی سیرالیۆن و جوداکاری، بەریتانیا دەستیکرد بە دابەشکردنی سیرالیۆن بەسەر کۆمەڵێک مەشایخی بچووکدا، تاوەکو لە رێگەی ئەمانەوە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بتوانێت کۆنتڕۆڵی وڵات بکات، لەجیاتی ئەوەی بچێت بیرۆکراسیەتێکی ناوەندی بەهێز دروستبکات، پشتی بە کۆمەڵێک سەرۆک هۆز و عەشیرەتی ناسراو دەبەست، بەتایبەتی ئەوانەی کە دەیانویست سەرۆکایەتی وڵات ببێتە میراتگیریی و لەباوکە و بۆ کوڕ بگوێزرێتەوە.

کۆڵۆنیالیزمی بەریتانیاش باش دەیزانی چۆن سوود لە پێكهاتە کۆمەڵایەتییەکانی سیرالیۆن وەربگرێت، هەتا بۆیکرا هانی جەنگ و ململانێی نێوان خێڵەکانی دەدا، جەنگیش لەسەر دەسەڵات هەتا دەهات خوێناویتر دەبوو لە نێوان بنەماڵە دەسەڵاتدارەکاندا، لە گوندەکانیشدا هەتادەهات ژیانی خەڵکی خراپتر دەبوو ئەوەش بەهۆی پێشلکارییە زۆرەکانی سەرۆک خێڵەکان لە دژی خەڵکیی و سەپاندنی باج و سەرانەی زۆر بە شێوەیەکی توند، جگە لەوەش بەشێکی زۆری چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بەتایبەتی « گەنج، ژن، هەژارەکان» لە دەسەڵات و خێروبەرەکەتی وڵاتەکە بێبەش بوون.

ئەم سیاسەتەش رێگەی خۆشكرد بۆ دروستبوونی دەوڵەتێکی شکستخواردوو لەپاش سەربەخۆبوونی ئەم وڵاتە لە چنگی داگیرکەر، هاووڵاتیانی ئەم وڵاتە دڵیان پڕبوو لە تووڕەیی و ناڕەزاییی، هەربۆیە بوونە مادەیەکی باش و ئامادەکراو بۆئەوەی لە داهاتوودا ببنە تیرۆریست و ئامادەبن بۆ شۆڕش و راپەرین، بەتایبەتی کاتێک زۆربەی سەرۆک خێڵەکان بوونە کۆیلەی دەستی داگیرکەران، لەبەرامبەر بەردەوام بوونی حوکمی ئەم نوخبەیە لە دەسەڵات، کە بە دڕندەترین شێوە خەریکی ویرانکردنی شار و گوندەکان بوون.

دەوڵەتی قووڵ
بوونی رێژەیەکی کەمی خەڵکی خوێندەوار و کەمبوونی داهاتی تاک، وایکرد کە هەستێکی بەهێزی نیشتمانی پەیدا بێت بۆ لەناوچوونی نوخبەی دەسەڵات، بەتایبەتی کاتێک دەبینین کە سیرالیۆن خاوەنی سامانێکی زۆری سروشتییە وەکو « ئەڵماس، نەوت، گاز» هەرئەمەش بووە هۆکاری سەرەکی هەڵگیرساندنی جەنگی ناوخۆ لە نێوان دەوڵەت و هێزە چەکدارە شۆڕشگێرەکان.

هەرچەندە بەناوی سەپاندنی حوکمی «ئازادیی و دیموکراسی و دەستووری سیرالیۆن» رزگاری بوو، بەڵام بۆ ماوەی 17 ساڵ لەپاش رزگاربوونی، سیستمی تاک حزبی بەسەر خەڵکیدا سەپێنرا.

لە 27 ئەپریلی 1961 دا سیرالیۆن لەسەر دەستی میلتۆن مارجای سەربەخۆیی خۆی لە دەستی بەریتانیا بەدەستهێنا و بوو بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ و ئازاد. مارجای دامەزرێنەری حزبی سیرالیۆنی میللی بوو، بەڵام هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی لەسەر دەسەڵات مایەوەو هەرئەمەش وایکرد کە لە پاش خۆی کۆمەڵێک کێشە بەجێبهێڵێت لەپێش هەمووشیانەوە دروستکردنی « دەوڵەتی قووڵ» کە ئەمیش یەکێک بوو لە میراتییە گەورەکانی کۆڵۆنیالیزمی بەریتانی.

جێگەی ئاماژەیە لەپاش مردنی مارجای،تەواوی دەزگاکانی دەوڵەت تووشی داڕمان بوون، نوخبەی دەسەڵاتداریش هەتا دەهات گەندەڵتر و خراپتر دەبوو، ئەڵماس کە گەورەترین سامانی ئەم وڵاتەیە، بەشێوەیەکی زۆر خراپ دەردەهێنرا و دەفرۆشرا و بەبێ ئەوەی گەلی سیرالیۆن هیچ ئاگاداریی و زانیاریی هەبێت لە بارەی چۆنێتی دەرهێنان و فرۆشتن و خەرجکردنی ئەو داهاتە زۆرەی کە لە ئەڵماسەوە دەستی حکومەت دەکەوت، هیچ دەزگایەکی حکومیش بەتایبەتی پەرلەمان، نەیدەتوانی چاودێریی و لێپرسینەوە لەم دۆسێیە گرنگەدا بکات. ئەمەش هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ جەنگی ناوخۆ.

پەرلەمان لەباربرا، دادوەرەکان بەرتیلخۆر بوون، بەشێکی زۆری خەزینەی دەوڵەتیش ناپووتکرا، لەجیاتی ئەوەی حکومەت بکەویتە دیالۆگ لەگەڵ هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان، دەستیکرد بە گرتن و زیندانیکردنی ئەندامانیان، یان بە نەفیکردنیان بۆ دەرەوەی وڵات، هەروەها پۆستە حکومییەکانیش بوونە، ئامرازێک بۆ خۆدەوڵەمەندکردن و بەرژەوەندی شەخسی. هەموو ئەمانەش وایکرد کە سەرکردەیەکی نوێ لەدایک بێت، کەئەویش فودای سنکوح.

بەرەی شۆڕشگێڕی
فودای سەنکوح دامەزرێنەری بەرەی شۆڕشگێریی یەکگرتووە، رابەرێتی بەرەی ئۆپۆزسیۆنی دەکرد و جەنگی لە دژی دەوڵەت راگەیاند، لە ساڵی 1991 تاوەکو 2002 بەردەوام بوو، ئەمەش بووە هۆی کوژرانی 50 هەزار هاووڵاتیی و نیوەی دانیشتوانی وڵاتیش ئاوارە ببن، بەشێکی زۆریشیان بەشداربن لە کاری توندوتیژیی و دزین و کوشتن.

ئەوەی مایەی سەرنجە بەرەی شۆڕشگێری بۆ دژایەتییکردنی زوڵم و ستەم دامەرزا بوو، کەچی دوایی خۆشیان بوونە بەشێک لە زوڵم و ستەم کە بەسەر خەڵکیدا دەهات، ئەمەش لە رێگەی هاندانی ئەندامانیان، تاوەکو بە رێگەی تایبەتی خۆیان بژێنن، کە زۆرجار ئەمانیش پەنایان دەبردە بەر کاری دزین و توندوتیژیی دژی خەڵكی. جگە لەوەش چەندینجار بڕیاری شەڕ راگرتنی پێشێل کرد بەتایبەتی رێکەوتنامەی ئەبیجان و لومی بۆ ئاشتی کە لە ساڵی 1999 دا بەسترا.

سەنکوح بەهیچ شێوەیەک ئامادەنەبوو بۆ راگرتنی جەنگ و ئاشتی، هەتا سوپای بەریتانیا دەستێوەردانی سەربازی کرد بەرەی شۆڕشگێڕی تێكشکاند و کۆتایی بە جەنگەکە هێنا و سەنکوح دەستگیرکرا و پاشانیش نێردرا بۆ دادگایەکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە 17 تۆمەتیان ئاڕاستە کرد بوو، هەرهەمووشیان تاوانی جەنگ بوو لەوانە: تاوان لە دژی مرۆڤایەتی، ئەتکردنی ژنان و کۆمەڵکوژی. بەڵام قەدەر وایکرد کە سەنکوح لە میانی پرۆسەی دادگاییکردنەکەدا تووشی جەڵدەیەکی مێشك بێت و بمرێت، لە بەیانی کۆتایی نەتەوە یەکگرتووەکان هاتووە: سەنکوح بە رێگەیەکی ئاشتیانە مرد، هەرچەندە هەتاوەکو لە ژیاندا بوو دژی ئەم رێگەیە بوو.

رێکەوتنی ئاشتیی و کۆتایی جەنگ
بۆ کۆتاییهاتن بە جەنگ، تاکە رێگە دروستکردنی لیژنەی « هەقیقەت و ئاشتەوایی» بوو، کە کاری سەرەکی سەپاندنی گیانی ئاشتەوایی و گەڕان و پشکنین بوو بە دوای تاوانبارەکانی جەنگ و ئەوانەی مافەکانی مرۆڤیان پێشێلکردووە، ئەم لیژنەیەش لە تەمووزی ساڵی 2002 دا دامەزرا.

ئەم لیژنەیەش لە پاش 8 مانگ لە پشكنین و بەدواداچوون و بینینی قوربانیان و جەلادەکانیش، راپۆرتی کۆتایی خۆیان پێشكەش بە سەرۆک ئەحمەد تیجان کبە کرد، کە تاکە سەرۆکی موسڵمانە لە مێژووی سیرالیۆندا. لە راپۆرتی لیژنەکاندا، باسێکی درێژی مێژووی وڵات و وردەکارییەکانی جەنگی ناوخۆ کراوە، لە کۆتاییشدا رێگە چارەی بۆ ژیانی سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتی دانابوو، بەو هیوایە کە دەرئەنجامی باشی بۆ وڵات هەبێت.

ئەم لیژنەیەش دوو ئامڕازی زۆر باشی بەرهەم هێنا بۆ قۆناغی ئینتیقالی، یەکەمیان: دروستکردنی دادگایەکی تایبەت بۆ تاوانبارانی جەنگ، ئەمەش تاکە ئامڕاز بوو بۆ دادگاییکردنی ئەوانەی کە تاوانبارن. دووەمیان: دروستکردنی دۆسێیەکی تایبەت بە مێژووی رووداوەکان و باسکردنی تاوانەکان بەشێوەیەکی بێلایەن، هەروەها دابینکردنی هەموو رێگە چارەیەک بۆئەوەی جارێکی تر هەمان تاوان و کاری خراپ روونەدەنەوە.

دیارە ئەم لیژنەیەش رووبەروی کۆمەڵێک ئاستەنگ و گرفتی گەورە بۆوە، لە پێش هەمووشیانەوە ئەگەری دووبارە گەڕانەوەی تارمایی جەنگی ناوخۆ هەبوو، هەروەکو چۆن لە پاش رێکەوتنی ئاشتی لومی کە لە ساڵی 1999 دا لەنێوان حکومەت و بەرەی شۆڕشگێڕ مۆرکرا، بەڵام پاش ماوەیەک ئەم رێکەوتنە هەڵوەشایەوەو دووبارە جەنگی ناوخۆ دەستیپێکردەوە.

هەربۆیە ئەم لیژنەیە هەوڵێکی گەورەی نیشتمانیی و نێودەوڵەتی دا بۆ سەرکەوتنی کارەکانیان، لەپێش هەمووشیانەوە لە مارسی 2002 دا ئەمانەتێکی وەختی بۆ سەرۆکایەتییکردنی لیژنەی هەقیقەت و ئاشتەوایی دروستکرد، لە 5 تەموزی 2002شدا بنکەی سەرەکی خۆی دانا. هەروەها داوای لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، کە لە رووی دابینکردنی کادیری باشی دادوەریی هاوکاری بکات، بۆئەوەی بەباشیی و پیشەییی کاری پشكنین و لێکۆڵینەوەکانی بکەن. هەروەها دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵێک دەزگا و رێکخراوی مەدەنی جیهانیی و مەحەلی، بۆئەوەی بتوانن بە باشی کارەکانیان بکەن.

یەکێکی تری بەرهەمی ئەم لیژنەیە دروستکردنی رێکخراوی سیرالیۆنی ناحکومی بوو کە لە ساڵی 2007 دا دامەزرا، کاری سەرەکی کارکردن بوو بۆ نەمانی ئەو زوڵم و ستەمەی کە لە کاتی جەنگدا کرا بوون، هەروەها چاندنی رۆحی ئاشتیی لەناو کۆمەڵگەدا بەتایبەتی لە ناوچە گوندنشینەکان و ئەو ناوچانەی کە بەشێوەیەکی خوێناوی جەنگی تێدا کرا بوو. هەروەها دروستکردنی گروپی « دایکانی ئاشتیخواز» بۆ بەهێزکردنی گیانی ئاشتەوایی و دروستکردنی کۆمەڵێک چالاکی ئابووریی، کە تێیدا ژنان بتوان کاریان دەستبکەوێت.

لەگەڵ ئەوەی کە گرفت و ئاستەنگی زۆر، هاتە رێگەی بەرنامەی ئاشتەوایی، لێرەولەوێش وردە رووداوی توندتیژی روویدەدا، بەڵام دەتوانم بڵێم سەرکەوتووبون لە سەپاندنی ئاشتیی و رۆحی لێبوردەیی بەتایبەتی لەبەرامبەر تاوانباران، هەروەها ئەم لیژنەیە توانی هەڵوێستی زۆرێک لە جەنگاوەرە دێرینەکان بگۆڕێت و کەمترین ئەگەری بەشداربوونیان لە جەنگ و کاری توندتیژی هەبێت لە داهاتوودا، هەروەها توانیشی بەشداری زۆرینەی خەڵكی زیاتر بکات لە پرۆسەی حوکمداری وڵات، ئەمەش کاردانەوەی باشی هەبوو بۆ سەپاندنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و لێبوردەیی، هەموو ئەمانەش وادەکات، کە ئەزمونی سیرالیۆن لە بواری ئاشتیدا، مایەی لێکۆڵینەوەو بەدواداچوون بێت لە لامان.

سەرچاوە:
noonpost.com

 117 جار بینراوە