سەرەکی » وتار » هیوا محەمەد » چەک بۆ پاراستنی یاسا و سەقامگیری

یەکبێژ

چەک بۆ پاراستنی یاسا و سەقامگیری

هەمیشە ئەوانەی کە هێزی چەکدار دەکەنە وەسیلە بۆ قاییم کردنی جێپێی خۆیان، ئەوە دەکەنە بیانوو کە گوایە بەزەبری ئەم چەکە نەبێت مافەکانمان ناپارێزرێت. لەشەڕی دوو بەرەدا چەک بەکاردێت و دەتوانرێت یەکلایی بکرێتەوە بە زەبری چەک، بەڵام لە حکومڕانیی ئاساییدا چەک نابێتە پارێزەری مافەکەن، لە دەرەوەی سوپای فەرمی ناسێندراو، بەڵکو ئەوە دەستوور و یاسایە کە هەموو مافەکانی تاکی کۆمەڵگە دەپارێزێت.

مامۆستا پەشێوی شاعیر دەڵێت: «ئەگەر ئەو چەکانەی لای خۆمان خڕ کەینەوە و بیهێنین دابەشیان بکەین بەسەر خەڵکی وڵاتی سوید دا، هێندە نابات ئێرەش هەموو کێشەکانی تێدەکەوێت، بەتایبەتی شەڕی یەکترکوژی.

ئەگەر مافی تاکی کورد لەو وڵاتانەدا کە تیایدا دەژی لە چوارچێوەی دەستووردا و وەک هەموو تاکێکی دیکە تەماشا بکرێت، ئیدی بیانوویەک نامێنێت بۆ پەنابردنە بەر چەک.

هەندێک بەرژەوەندییەکانیان لەوەدایە کە چەکیان پێبێت، چەکی ناپێویست و لە دەرەوەی شۆڕشێکی چەکداریی یان سوپای رەسمی، واتا خۆسەپاندن لە رێگەی چەکەوە، ئەمەش هەموو ئەو گروپە چەکدارییانە دەگرێتەوە کە لە عیراقدا سەریان هەڵداوە، ئەوان رێگری سەرەکین لەبەردەم سەقامگیربوونی ئارامیدا.

بۆ هەر حزبێکی سیاسیی بەتایبەتی لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەراستدا بوونی هێزێکی چەکداری پاسەوانی پێویستە، لەگەڵیشیدا هێزی پاراستنی قەوارەی حکومڕانی کە پێکدێن لە پۆلیس و پارێزەرانی سنوور و ئاسایش و پێشمەرگە(لەم هەرێمەدا).

هەموو ئەمانەش بەکار دەهێندرێن بۆ پاراستنی ئەو بوارانە کە بەچەک دەپارێزرێت، ئاساییش دەبێت چەکی پێ بێت تا بتوانێت تاوانباران دەستگیر بکات هەروا پۆلیس و پێشمەرگە.

بەڵام کاتێک ببینین هێزێکی چەکدار لە دەرەوەی ئەمانە هەیە و مومارەسەی ژیانی رۆژانەی خۆی دەکات و بەزەبری ئەو چەکەش لە سنوورێکی دیاریکراودا خۆی دەسەپێنێت، ئەوە نائاساییە و بەدوو شت پێناسە دەکرێت، یان دەستەیەکن بەو چەکە خۆیان دەسەپێنن و بێ ئەوەی هیچ هەژموونێکیان هەبێت، یان کرێگرتەی دەستێکی بەهێزترن و دەیانەوێت بیانکەنە کرمی ناوخۆ و ئەو میللەتەیان پێ لاواز بکەن. حاڵەتێکی وا ئێستا لە هەریەک لە لیبیا، یەمەن، سوریا و عیراق هەیە، هەر هێزێکی چەکدار سەربە لایەنێکی دەرەکییە و ئەجێندای ئەوان جێبەجێ دەکات. ئەم هێزە چەکدارانە بە دیوێکی دیکەدا خۆشیان دەخزێننە ناو ئۆرگانە سیاسییەکانەوە و لەوێشەوە پەرلەمان و دامودەزگا حکومییەکان.

لە هەرجێگەیەک ئارامیی سەقامگیر نەبوو، ئەوا یاساش دەکەوێتە ژێر مەترسییەوە، لەمەشدا هەموو لادانەکان روودەدەن، هیچ شت لەجێگەی خۆیدا نامێنێتەوە، گەندەڵی دەچێتە لووتکە و ئەوەی هێز و هەژموونی نەبێت ئیشی ناڕوات.

کاتێک فڵان دەبینیت و چەند سەیارەیەک چەکداری لەگەڵدایە و روودەکاتە ئەو شوێنەی تۆ بەڕێوەی دەبەیت، دەبێت چی لەخۆتدا بەدی بکەیت، کاتێک داوای شتێکت لێبکەن و رەتی بکەیتەوە؟ ئەی ئایا کێن ئەوانەی لەپشتی بڵاوکردنەوەی ئەم چەکەن و کۆمەڵگەی پێ دابەش دەکەن؟

ئێمە لە هەرێمی کوردستان رادەیەکی باش هێزی چەکداری جۆراوجۆرمان هەیە کە دەستە دەستە گرێدراون بە ئۆرگانە رەسمییەکانەوە، بەڵام لەراستیدا کەمتر فەرمان لەوان وەردەگرن، هەرچەندە جیاوازییەکی گەورە لە نێوان ئەم جۆرە چەکدارانەی ئێمە و ئەوانەی ناوەڕاست و باشووری عیراق هەن، ئەویش لەو رووەوە کە هیچ دەستەیەکی چەکدار لە هەرێمی کوردستاندا رەفتاری شەخسی ناکات و نائارامی بۆ هیچ کەس دروست ناکات(هەرچیش لەم بابەتە رووبدات ئەوە زوو دەستی بەسەردا دەگیرێت)، بەڵام لەناو خودی بەغدا هێزی چەکدار بە چەکی سووک و مامناوەندییەوە بە چەندین ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە بە شەقامەکاندا دەگەڕێن و نمایشی خۆیان دەکەن، بەمەش سەقامگیریی شارەکە و وڵاتەکەش تێکدەدەن.

لە وڵاتێکی وادا هیچ شتێک وەک خۆی بەڕێوەناچێت، ئێمە چاوەڕوانی ئەوەین کە رێکەوتنەکانمان لەگەڵ بەغدا سەبارەت بە بودجە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام کاتێک دەبینین هێزێک دێت و بەو جۆرە خۆی دەنوێنێت و بەرپرسەکانیشیان لێرە و لەوێ لێدوانی ئاگریین دەدەن لە دژی ئەم رێکەوتنەی نێوان هەرێم و بەغدا، ئیدی دەبێت ئێمەش حسابێک بۆ لایەنی بەرامبەر بکەین و بزانین لە ژێر چ گوشارێکدان.

کاتێک هێز و چەکی ناشەرعی بەکارهات بۆ یەکلاکردنەوە، ئەوا دانوستانە دیپلۆماسییەکان بێ ئەنجام دەمێننەوە و بڕیارە کۆتاییەکانیش دەکەونە ژێر مەترسییەوە، ئەگەر یاسا سەروەر بێت، ئەوا چەکەکان دەبێت لە شوێنی تایبەت هەڵبگیرێن بۆ کاتی تەنگانە و پێویست، هۆڵی پەرلەمان دەبێتە شوێنی دەرکردنی یاساکان، حکومەتیش بڕیاری جێبەجێکردنی دەدات و هێزەکانی ئاساییش و پۆلیسیش یاساکان دەپارێزن.

 342 جار بینراوە