سەرەکی » ئابووری » عیراق ستراتـیژێكی نوێ‌ بۆ بووژانەوەی زۆنگاوەكان دەگرێتەبەر

عیراق ستراتـیژێكی نوێ‌ بۆ بووژانەوەی زۆنگاوەكان دەگرێتەبەر

یەکەی ئابووری

وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عیراق ستراتیژێكی نوێ‌ بۆ بووژانەوەی زۆنگاوەكان لە باشووری عیراق پەیڕەو دەكات، كە خۆی لە جێبەجێكردنی پلانێكی درێژخایەنی 25 ساڵیدا دەبینێتەوە.

لەو بارەیەوە، سەمیرە عەبد روحی بەڕێوەبەری سەنتەری بووژاندنەوەی زۆنگاوەكان لە وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عیراق رایگەیاند، وەزارەتەكەیان ستراتیژێكی نوێی پەسەندكردووە، كە لەلایەن لایەنە بیانییەكانەوە پێشكەشكراوە و خۆی لە پلانێكی 25 ساڵیدا دەبینێتەوە بۆ بووژانەوەی زۆنگاوەكان، بەڵام گرفتی سەرەكی پلانەكە ئەوەیە تێچوویەكی زۆری دەوێت و ئێستاش هەوڵ لە ئارادایە بڕی پارەكەی لەلایەنە نێودەوڵەتییەكانەوە دابین بكرێت.

وتیشی: «هەرچەندە بۆ ئەمساڵ توانراوە بڕی پێویستی ئاو بۆ زۆنگاوەكان دابین بكرێت، بەڵام ئێستاش تەنیا رووبەری سەدا 73ی زۆنگاوەكان ئاویان تێدایە».

ئاشكراشیكردووە، رووبەری گشتیی زۆنگاوەكان لە عیراق 5 هەزارو 556 كیلۆمەتر چوارگۆشەیە و ژینگەیەكی بەپیتە بۆ بەخێوكردنی بەشێك لە مەڕو ماڵات و باڵندە كێوییەكان و بەرهەمی سامانی ماسی.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئێستا زۆرێك لە زۆنگاوەكان لێكتر دابڕێنراون و وەزارەتەكەشیان جۆگەی ئاوی نوێی بۆ گەیاندنی ئاو بە زۆنگاوەكان دروستكردووە، تا بە درێژایی ساڵ بە پڕ لە ئاوی بیانهێڵێتەوە.

 129 جار بینراوە