سەرەکی » ئەدەب و هونەر » واسینی ئەلئەعرەج: بە خوێنەری کورد دەڵێم، بۆ ئەوەی بمناسیت رۆمانەکانم بخوێنەرەوەپەڕە 3

واسینی ئەلئەعرەج: بە خوێنەری کورد دەڵێم، بۆ ئەوەی بمناسیت رۆمانەکانم بخوێنەرەوە

واسینی ئەلئەعرەج لە دایکبووی (8/8/1954) لە دێی سیدی بوجنانی سنووری شاری تلمسان لە جەزائیر. رۆماننووس و مامۆستای زانکۆیە لە زانکۆی سۆربۆن لە پاریس و زۆربەی زانکۆکانی جەزائیر. یەکێکە لە دەنگە گرنگە ئەدەبی و رۆماننووسەکانی جیهانی عەرەب. واسینی ئەلئەعرەج بە پێچەوانەی نەوەی پێش خۆیەوە، بە هەردوو زمانی عەرەبی و فەرەنسی دەنووسێت، خاوەنی قوتابخانەیەکی تایبەت بە خۆیەتی لە نووسیندا کە ناتوانرێت بە شێوازێکی جێگیر پێناسە بکرێت، بەڵکو لە گۆڕان و داهێنانی شێوازی دەربڕینی زیندوو تازەدایە دوور لە نووسینی نەریتی و باو، شکاندنی شێوازە کۆنەکان و پەیبردن بە شێوازی تازە جار بە جار لە رۆمانەکانیدا.

ئەلئەعرەج خاوەنی 31 کتێبی چاپکراوە، کە زۆربەیان رۆمانن و چەند دانەیەکیان چیرۆکن، رۆمانەکانی (زرمەی چەکمە رەقەکان) لەلایەن بەکر دەروێشەوە بۆ کوردی وەرگێڕدراوە، (مرۆڤێک ناوی لە ناواندا نییە) و (ماڵە ئەندەلوسیەکە) لە لایەن سەباح ئیسماعیلەوە کراون بە کوردی و رۆمانی (سەربردەی دواین عەرەب) لەلایەن فەیسەڵ هەمەوەندییەوە کراوە بە کوردی.

رۆمانەکانی واسینی ئەلئەعرەج بۆ چەندین زمانی زیندووی جیهانی وەرگێڕدراون لەوانە: فەرەنسی، ئەڵمانی، ئیتالی، سویدی، دانیمارکی، عیبری، ئینگلیزی و ئیسپانی. بەشداری و سەرپەرشتی سەدان لێکۆڵینەوەی زانستی و فیکری لە زانکۆکانی جەزائیر و وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی کردووە و ئێستا لە زانکۆی سۆربۆن لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا مامۆستایە.

سازدانی بە عەرەبی و وەرگێڕانی: ڤینۆس فایەق

1-4

*سەرەتا بە پرسیارێکی سادە و ئاسایی دەستپێدەکەم، چۆن واسینی ئەلئەعرەج بۆ خوێنەری کورد پێناسە دەکەیت؟

دڵخۆشم لەم دیمانەیەدا بە خوێنەری کورد دەگەم، دوای ئەوەی لە رێی وەرگێڕانی هەندێ لە رۆمانەکانمەوە پێیان گەیشتم. هەندێ لە هاوڕێکانم بانگهێشتیان کردم بۆ کوردستان، بەڵام بەداخەوە بۆم رێکنەکەوت، بەهۆی ئەوەی هەلومەرج گونجاو نەبوو، چالاکی ترم هەبوو، بانگهێشتەکە درەنگ هات. زۆر سوپاسگوزارم بۆ ئەوەی چوار رۆمانم بۆ زمانی کوردی وەرگێڕدراون. من باوەڕم وایە زمانێکی بچووک و زمانێکی گەورە وجودنیان نییە. بەم شێوەیە لە بارەی وەرگێڕانی رۆمانێکمەوە بۆ زمانی کوردی جارێکیان نووسیم. ئەوەی هەیە زمانێکە و میللەتێک قسەی پێدەکات، رۆشنبیرییەک و مێژوویەک هەیە، ئەم میللەتە بیردانێکی هەیە. تەنانەت ئەگەر ئەو زمانە سەد هەزار کەسیش قسەی پێ بکات، زمانێکی بەڕێزە، چ جای زمانی کوردی کە چەندین ملیۆن کەس قسەی پێدەکەن لە ناوچەکەدا، بەشەکانی عیراق، سوریا، تورکیا و ئێران. هتد. ئەو زمانەش زمانێکی بچووک و ئاسایی نییە، بەڵکو من زۆر دڵخۆشم بەوەی رۆمانەکانم وەرگێڕدراون بۆ ئەو زمانە.

بۆ ئەوەی خۆم بە خوێنەری کورد بناسێنم، هیچی وام نییە جگە لەوەی دەڵێم بچۆ کتێب و رۆمانەکانم بخوێنەرەوە، بۆت دەردەکەوێت ئەم ئادەمیزادە لە تایبەتمەندییەکدا لەناو کتێبەکانیدا کێیە. ئەم ئادەمیزادە لە ناوچەیەکی دابڕاو و هەژار گەورە بووە، لە ناوچە دوورەدەستەکانی کوردستانەوە دوور نییە، لەناو کەشێکی سەختی ناوچەیەکی شاخاوی و لە هەندێ شوێنیش ناوچەی دەریاییدا پەروەردە بووم، کە زۆر شتی لێ فێربووم، ویستێکی پۆڵایین، داکۆکی لە راستی، من خۆم بە منداڵی جەنگ پێناسە دەکەم. ساڵی 1954 رێک لەو رۆژانەدا کە شۆڕشی جەزائیر هەڵگیرسا لە دایکبووم، منداڵیم لەناو بۆکڕووز و سووتووی جەنگدا بەسەربرد. باوکم کە خەباتگێڕێکی سەرسەختی دژ بە داگیرکاری فەرەنسی بوو لە شۆڕشی رزگاری جەزائیردا شەهید بوو، ئەمانە و زۆر فاکتەریتر، لەوانە هەژاری و دایکێکی خێرلەخۆ نەدیو کە دەبوو بەهێزەوە ئیش بکات بۆ ئەوەی نانی شەش منداڵ دابین بکات. دە ساڵی یەکەمی تەمەنم و ژیانم لە گوندەکەدا بنەما بوون بۆ پێکهێنانی کەسایەتیم لە پاشەڕۆژدا، دوای ئەوە گوێزامانەوە بۆ شاری تلمسان بۆ خوێندن لە ژووری ناوخۆیی بۆ ماوەی حەوت ساڵ و دوای ئەوەش چوار ساڵ لە شاری وەهران. دە ساڵی پاش ئەوە خوێندنی زانکۆ و خوێندنی ئەکادیمی باڵا، ماجستێر و دکتۆرا لە نێوان دیمەشق و جەزائیردا. دوای ئەوە لەگەڵ هەڵگیرسانی بزووتنەوەی ئیسلامی لە جەزائیر ئیتر ساڵەکانی سووتوو دەستیان پێکرد. لەگەڵ هاوڕێکانم بەرگریمان کرد، زۆرێکیان شەهید بوون، بەڵام دوای ئەوە لەسەر بانگهێشتێک بۆ خوێندن بۆ ماوەی شەش مانگ رۆشتم بۆ فەرەنسا لە زانکۆی پاریسی هەشتەم، دواجار لە زانکۆی سۆربۆن کە زانکۆیەکی بەناوبانگی کۆنە و هەتا ئێستا لەوێ وەکو مامۆستا کاردەکەم و هەمیشە لە نێوان فەرەنسا و جەزائیردا ژیاوم. زۆرجار بە نهێنی چوومەتەوە بۆ جەزائیر بە رێکەوتن لەگەڵ هاوڕێکانم لە زانکۆکان بە شێوەیەکی نهێنی وانە بە قوتابیەکانم بدەم، ئەمەش بەدرێژایی ساڵەکانی سووتوو بەردەوام بوو، کە ئێمە بـــــە (دەیەی رەش)ی ناودەبەین و کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ژیان لە جەزائیر دانا. ئەمە گەشتی ژیانمە. بێگومان لەم گەشتەدا چەندین دەق دروستبوون، کە دوایینیان رۆمانی (شەوەکانی رەمادە) کە لەبارەی شاری وەهرانەوە نووسیومە، رۆمانی (قەرەجەکانیش خۆشەویستی دەکەن) هەمووی لەبارەی وەهران و لایەنی ئیسپانییەکەیەتی…

*رۆمانەکانت پڕن لە زمانێکی شیعری جوان و دوورکەوتنەوە لە وەسفی وردەکاری، وەکو وەسفی جێگە و شوێن و کەسایەتییەکان، کە هەندێجار خوێنەر تووشی بێزاری دەکەن، پرسیاری من ئەوەیە، تۆ خۆت لە چ قوتابخانەیەکی ئەدەبیدا پۆلین دەکەی؟ یان بڵێین خۆت قوتابخانەیەکی تەعبیریی تایبەت بە خۆتت دروست کردووە!

گوتەیەکی سادە هەیە کە هەمیشە لەبیرمە دەڵێ: «رۆمان بەرهەمێکی گریمانەکراوی هەمیشەییە بە مانای ئەوەی کرداری نووسین و بەتایبەت نووسینی رۆمان کردارێکی کراوەیە، واتا هەر کەسێک بڕێک لە بەهرە و رۆشنبیری و هۆشیاریی گشتی هەبێت دەتوانێت رۆمانێکی جیاواز داڕێژێت، دەتوانێت جیهانی خۆی دروست بکات. رەنگە زۆر کەس لەو جیهانە رازی بن، رەنگە کەسانێکیش لێی رازی نەبن، بەڵام لانیکەم لەوەدا کە دەینووسێت بە رۆشنبیرییەکەی و ئەزموونە سیحراوییەکەی و تێڕوانینەکانی جیاواز لەوانەی کە لە جیهاندا هەن راستگۆ بێت. ئاشنابوون بە قوتابخانە ئەدەبی و رۆمانە جیاوازەکان، بەتایبەت جیهانییەکان، کە تێڕوانینێکی جیاواز دەبەخشن دووبارە نابنەوە، تۆ ناتوانی ببیت بە گابرێل گارسیا مارکیز یان بەلزاک، و یان ئەلیخۆ کارباتی یان نەجیب مەحفوز. تاد. تۆ ئەگەر بتوانیت دەبیت بە خۆت. دەتوانی لە رێی ئەو ئەزموونە ئینسانییەوە ئەو دەقانە بنووسیت کە لە خۆت دەچن و دەنگدانەوەیان هەبێت و شتێک لە خۆتیان تێدابێت. ئێمە کە دەنووسین کەمتر لە دڵۆپێک ئاوین لە دەریایەکی فراواندا، لەگەڵ ئەوەشدا گرەوی ئینسان گرەوی تازەگەرییە، بۆ منیش ئەمە زۆر گرنگە. زۆرم لەو رۆمانانە خوێندۆتەوە کە وەسفی راستەوخۆی چڕیان تێدایە تەنها بەرگەیان دەگرم بۆ مەبەستی ئەکادیمی و ناچارم بیانخوێنمەوە و مامەڵەیان لەگەڵدا بکەم، چونکە لە زانکۆکان دەیانکەم بە وانە، بەڵام هیچ پەیوەندییەکی رۆحیم لەگەڵیان نییە، منیش دەمەوێ رۆمانێک بنووسم کە لە خۆم بچێت، بەمانای هەستەوەرییەکی زمانەوانی لە خۆم بچێت، هەستەوەری ئینسانی، تەنانەت هەستەوەریی شارستانی و فیکریش، هەڵبەت ناڵێم سیاسی و ئایدیۆلۆژی، بەڵکو ئەو هەستەوەرییە قووڵ و نزیکانە.

ئەمەش بێگومان ماندووبوونێکی گەورە دەخوازێت، بۆیە دەبینی نووسینی من بەشێکە لە زمانی شیعری، چونکە باوەڕم وایە قووڵایی ئینسان هێندە تەمومژاوی و ناکۆکە کە زمانی وەسفکردنی ئاسایی دەرەقەتی نایەت بۆ ئەوەی بگاتە قووڵاییەکەی. زمانی وەسفکردن، دەتوانێت هەڵهاتنی خۆر، رووداوێکی هاتوچۆ، بوومەلەرزەیەک و قوربانییەکان وەسف بکات، چونکە ئەمە زمانێکی رووتە، زمانێکە هەر کەس بێت دەتوانێت پێی بنووسێت، وەکو رۆژنامەنووس، راگەیاندکار، تەنانەت ئەدیب، بەڵام لە کوێدا ئەدیب جیاواز دەبێت؟ ئەوکات جیاواز دەبێت کە بتوانێت ئەم زمانە نەک تەنها لە شکڵی دەرەوەیدا، بەڵکو بە ئاڕاستەی قووڵایی هەستەکانی ئینسان بگوێزێتەوە، منیش باوەڕم وایە زمانی وەسفکردنی ئاسایی ناتوانێت ئەمە بکات، بۆیە پێویستت بە زمانێکی تر دەبێت، ئەوەش کێشەیەکی گەورەیە، با بڵێم ئەو زمانەی کە سێبەری هەیە، نەک زمانە راستەوخۆکە، چونکە دەبێت بە ئاگابین، دەقی رۆمانەکە نەبێتە قەسیدەیەکی شیعریی، مەبەستم بە مانا شیعرییەکەی. بەڵام زمانە شیعرییەکە دەتوانێت ببێتە پاڵپشتێکی راستەقینە بۆ نووسەرەکە، چونکە ئەو قووڵاییە تەمومژاوییە چارەسەر دەکات و زمانە شیعرییەکەش لێرەدا زمانێکی خواستراوە، واتا چۆن بتوانیت ئەم زمانە خواستراوە بارگاوییە لە هەموو رووەکانەوە بگوێزیتەوە، بە مەرجێک لە توانایدا بێت بەرگەی ئەو هەموو دژبەیەکییەی ناو کەسایەتییەکان بگرێ، چ ژن بن چ پیاو، بەڵام بخزێتە ناخیانەوە، بۆیە من باوەڕم وایە خوێنەریش پێوستی پێیەتی هەندێ جار هەڵفڕێت و کەمێک هەست بەوە بکات کە دەیخوێنێتەوە، ئەگەر یەکەم چرکە لێشی تێنەگات، بەڵام بە قووڵبوونەوە دەگاتە ئەوەی دەیەوێت بیگاتێ.

*لە یەکێک لە دیمانەکانتدا دەڵێی هەموو رۆمانێک بە برینێکەوە بەستراوەتەوە، ئەمە بەو مانایە دێت کە رۆماننووس خۆی دەنووسێتەوە؟ زۆرجاریش کە رۆمانەکانتم خوێندۆتەوە، هەستم کردووە هەمیشە خۆت لە رۆمانەکەدا ئامادەیت.

کە دەڵێم لە پشت هەموو رۆمانێکەوە برینێک هەیە، بێگومان ئەزموونی ئینسانی رۆڵی یەکلاکەرەوە دەبینێت. بەڵام نابێت لەبەردەم ئەزموونە تاکەکەسییەکەدا بوەستین، چونکە ئەگەر لەوێدا وەستایت ئەوە ژیاننامە دەنووسیت نەک رۆمان. لەم حاڵەتەشدا دەبێت ستراتیژی نووسین بگۆڕیت بۆ ژیاننامە. بەڵام تۆ رۆمان دەنووسیت، ئەمەش رێگر نییە لەوەی ئەزموونی کەڵەکەبووی ژیانی ئینسان ئامادەبێت، بەڵام دەبێت سەرلەنوێ دایڕێژرێتەوە و تێکهەڵکێش بکرێتەوە، بۆ ئەوەی لە دەقێکی هەستیی تاکەکەسی دەرچێت و ببێت بە دەقی رۆمان پڕ لە خەیاڵ، بەو مانایەی خەیاڵ بەشێوەیەکی رێژەیی ئەو (خود)ە لەناوبەرێت، بەوشێوەیەش خوێنەر هەست بە هەردووکیان بکات، واتا هەست بکات رۆمانەکە لە نووسەرەوە نزیکە، راستگۆیی تێدایە، لە هەمانکاتیشدا لێوەی دوورە، چونکە لەناو سیستمی رۆماندا ئیش دەکات کە لە بنەمادا لەسەر پڕۆسەی خەیاڵ کردن بینابووە، بێگومان جگە لە ژیاننامە، کە لەگەڵ رۆماندا جیاوازە لە رووی گێڕانەوە و جیا لە وێناکردنی بینای رۆمان.

*ئەی رۆمانی (تاجەگوڵینەی بەیبوون) لە رێی کەسایەتی (عید العشاب) بۆ نموونە ژیاننامە نەبوو؟

زۆر لە رەخنەگران بڕوایان وابوو رۆمانی (تاجەگوڵینەی بەیبوون) ژیاننامە بووبێت، بەڵام لەڕاستیدا ژیاننامە نەبوو. راستە لێوانلێوە لە کۆمەڵێ شت کە ئەو هەستە دەبەخشێت، دەشێ هەندێ توخمەکانی راستەقینە بووبن، بەڵام لەناو سیستەمی رۆمانەکەدا تەواو گۆڕدراون. بەڵێ، (عید العشاب) کەسایەتییەکی راستەقینەبوو، دەمناسی، مسوڵمان بوو، کچێکی گاوری خۆشدەوسیت، لەگەڵ ئەوەی کتێبە ئاسمانییەکان رێگەیان بە زەماوەند لەگەڵ گاور و جوولەکە و غەیرە موسڵمان داوە، بەڵام لە واقیعدا مەسەلەکە زۆر ئاڵۆزە. ئەو سیستەمە، ئەوەی لە مێشکمدا بوو گۆڕی، کاتێکیش ئەو رۆمانەم نووسی، چەقی رۆمانەکە چیرۆکی خۆشەویستییەکە نەبوو، بەڵکو ئەو سیستەمە دینییەی کە چۆن لایەنی سۆزدای لەناودەبات و ئەو ناتێگەیشتنە بوو. چونکە ئێمە وا باوەڕ دەکەین کە سیستەمە دینییەکان بریتین لە بەخشندەیی و لێبووردەیی، کەچی لە حاڵەتەکانی خۆشەویستیدا وەکو گوێزانی ریشتاشینیان لێدێت ملی ئاشقەکان دەبڕنەوە، بۆیە ئەو خۆشەویستییە بەهۆی دینەوە لەناوبرا. من لەو رۆمانەدا تەرکیزم لەسەر کێشە دینییەکەیە زیاتر لە کێشە سۆزدارییەکە، زۆر بەوردی لایەنی گێڕانەوەی ژیاننامەکەم نەهێشت و بە ئاڕاستەی پرسێکی ئینسانی رۆمانەکەم داڕشت، بۆ ئەوەی بڵێم: بە چ مافێک دینەکان هەستەکانی ئادەمیزاد دەکوژن و وا لە گەنجەکان دەکەن ون بن، ئیتر لەمەدا زۆر کەس هاوڕابوون و زۆر کەسی تریش دژ بوون.

 443 جار بینراوە