سەرەکی » وتار » ڕه‌سوڵ بۆسكێنی » كورد و پەیوەندیی نێوان روسیا و توركیا

كورد و پەیوەندیی نێوان روسیا و توركیا

هەرچەندە فراوانخوازی روسیا لە نیوەی دووەمی سەدەی حەڤدەهەمەوە دەست پێكرد، بەڵام تا كۆتایی سەدەی هەژدەهەم و دەسپێكی سەدەی نۆزدەهەم ئەو سیاسەتە بەرهەمێكی بەرچاوی نەبوو. لێكدانەوەی وردەكاری و ڕووداوەكانی نێوان ئەو ماوەیە پێویستی بە توێژینەوەی مێژوویی ورد هەیە، ئێمە لێرە تەنیا ئەوەندە لێی دەدوێین كەپەیوەندی بەم باسەوە هەیە.
لە ڕووداوەكانی‌نێوان ئەو ماوەیە روسیا یەكێك بووە لە گەمەكارانی كێشەی ڕۆژهەڵات و زۆرترین تەماع و چاوی بڕیوەتە خاكی توركیا بەو هۆیەوە پەیوەندی نێوان ئەم دوو دەوڵەتە روسیا و توركیا مێژوویەكی خوێناوی بووە و شەڕ و شۆڕی زۆر لەنێوانیاندا ڕوویداوە، لە هەموو شەڕەكانیشدا توركیا دۆڕاوه و لەسەر حیسابی توركیا روسیا خاكەكەی فراوان كردووە.‌
لە هەموو سەردەمەكانی (قەیسەری و كۆمۆنیستی و لیبڕالی) ڕوسیا بەرامبەر سەردەمەكانی(عوسمانی و عیلمانی و ئیسلامی) توركیا پەیوەندی ئەم دوو دەوڵەتە هەمیشە گرژی و ئاڵۆزی بەخۆیەوە بینیوە و هیچ كات پەیوەندیەكی دۆستانە نەبووە، روسیا هیچ كات توركیای وەكو لایەنێكی هاوپەیمانی سەرەكی خۆی نەبینیوە، لەبەرامبەردا توركیا هەمیشە لە جەمسەری دژ بە روسیا بووە، لەلایەك ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆ و لەلایەكی تر هەمیشە هەوڵی داوە ببێتە ئەندامی یەكێتی ئەوروپا.
ئەگەرچی ئەم دوو دەوڵەتە لە ڕووی سیاسی و ستراتیژییەوە لەیەكتر دوور بوون، بەڵام لەڕووی ئابوورییەوە پاش هاتنەسەركاری پارتی دادوگەشەپێدان لەیەكتر نزیك بوونەوە و دواتر ئەو پەیوەندییە ئابوورییە زۆر بەهێز بووە، كێشە ئاڵۆز و بەردەوامەكانیان نەبووە هۆی تێكدانی ئەو پەیوەندییە ئابوورییەی نێوانیان.
قۆناغی یەكەم لەدەستپێكی ئەم سەدەیە و لەساڵی 2000 لەگەڵ دەستبەكاربوونی (ڤلادیمێر پۆتین) وەك سەرۆكی روسیا، كە ئەو كات ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك وەزیران بوو، لەو ماوەیەدا ئەو دوو وڵاتە هەمیشە لە خەمی بەرزكردنەوەی ئاستی پەیوەندییە ئابوورییەكانیان بوون، سەركەوتووش بوون، بەشێوەیەك پەیوەنییە ئابووریەكەیان گەیشتووەتە ئاستێكی باش و روسیا بۆتە گە‌ورەترین هاوبەشی بەرژەوەندی ئابووری توركیا، ئەمەش سەرەڕای كێشەكانی نێوانیان نەبووتە هۆی كاریگەری لەسەر بواری ئابووریان و زیاتر بەرەو پێشەوە ڕۆیشتووە، جگەلەوەش لەساڵی 2010 پەیوەندیەكانیان چووە ئاستێكی بەرزتر.
سەرهەڵدانی داعش و شەڕی ناوخۆی سوریا و ڕووداوەكانی تر
ڕووداوەكانی ئەم دواییەی سنوورەكە و هەڵتۆقینی داعش و دروست بوونی جەنگی ناوخۆی سوریا و چالاكیەكانی كورد كاریگەرییان لەسەر پەیوەندی ئەم دوو دەوڵەتە گۆڕانكاری زۆری بەسەر داهێنا، هەرچەندە لەسەر بارودۆخی سوریا تەواو دژبەیەك بوون، لە كاتێكدا روسیا پشتگیری ئەسەدی دەكرد، توركیا دوژمنی ئەسەد بوو، هەڵمەتی سەربازی روسیا بۆ سەر نەیارانی حكومەتی سوریا لەسەر داوای حكومەتی سوریا، توركیای توڕەكرد، لەگەڵ ئەوەشدا بەرژەوەندییە هاوبەشەكەیان نەبووە هۆی تێكچوونی نێوانیان و پەیوەندییەكەیان بەردەوام بوو، بەڵام پاش خستنە خوارەوەی فڕۆكەكەی روسیا لەلایەن توركیاوە كاتێك سنووری وڵاتەكەی بەزاندبوو، لەمانگی تشرینی دووەمی 2015 پەیوەندییەكەیان تەواو بەڕەو گرژی و ئاڵۆزی چوو، توركیا هەموو هەوڵێكی دا بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكەیان تا كار گەیشتە ئەوەی توركیا داوای لێبوردنی لەروسیا كرد و پەیوەندییەكەیان ئاسایی بووەوە و گەرموگوڕی كەوتەوە نێوانیان، دواتر بەهۆی كوژرانی باڵیۆزی روسیا لەئەنقەرە كێشە و ئاڵۆزی نێوان هەردوو دەوڵەت گەیشتە لێواری مەترسی ڕوودانی شەڕ و ئاژاوە، ئەگەرچی بۆ ماوەیەك پەیوەندییەكانیان ساردی تێكەوت، بەڵام دیسان بەهۆی دووركەوتنەوەی توركیا لە ئەوروپا و نزیك بوونەوەی لە روسیا پەیوەندییەكانیان بەردەوام بوو.
ساردی پەیوەندی نێوان ئەمریكا و توركیاش ڕۆڵی كەم نەبوو لەو بارەیەوە، بەتایبەت دوای ڕووداوەكانی كودەتای ئەم دواییەی توركیا و ئاڵۆزییەكانی نێوان ئەردۆگان و فەتحوڵڵا گولەن، سەرۆكی بزوتنەوەی خزمەت، كە ئەردۆگان بەڕكابەری خۆی دەزانی و بە هەوڵدانی كودەتا شكستخواردووەكەی توركیا تۆمەتباری دەكات، توركیا داوای ڕادەست كردنەوەی فەتحوڵڵا گیولەنی لە ئەمریكا كرد، بەڵام ئەمریكا هۆكارێكی بۆ ئەم داوایەی توركیا بەدی نەكرد، بۆیە‌ داواكەی توركیای پشت گوێ خست، ئیتر نیگەرانی توركیا بەرامبەر ئەمریكا زیاتر بوو، بەمەش پەیوەندی نێوان روسیا و توركیا بەهێزتربوو.
ئامانجەكانی نزیك بوونەوەی پەیوەندییەكان دوولایەنەیە، روسیا لەژێر گوشارەكانی ڕۆژئاوا و مەترسی نزیك بوونەوەی هاوپەیمانی ناتۆ لە سنووری روسیا، سەرەڕای ئەوەش ئامانجی‌ لەمێژینەی روسیا ئەوەیە ڕۆڵی سیاسەتی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەرامبەر سیاسەتی جیهانیدا بەهێز بكات، لەلایەكی دیكە توركیا دەیەوێت لەڕێگای نزیك بوونەوەی لە روسیا گوشار بخاتەسەر ئەمریكا دەربارەی كێشەی فەتحوڵڵا گولەن، لەلایەكی تر یارمەتیدانی ئەمریكا بۆ كوردەكانی ڕۆژئاوا نیگەرانیەكی تری ئەردۆگانە بەرامبەر بە ئەمریكا، لەم ڕووەوە روسیاش دەیەوێت سوود لە كێشەی نێوان توركیا و ئەمریكا وەربگرێت.
روسیا و كورد و جەنگی عەفرین
عەفرین شارێكی ڕۆژئاوای كوردستانە و هیچ پەیوەندییەكی بەخاكی توركیاوە نیە، بەڵام چالاكیە سیاسی و سەربازییەكانی یەپەگە بووەتە هۆی نیگەرانی توركیا، سەرەڕای دروست بوونی مەترسی ئەو كیانە كوردییەی هەمیشە دژی دەوەستێت، هەموو هەوڵێك دەدا بۆ ڕێگرتن لە كوردەكانی سوریا كە كیانێكی سەربەخۆ لە خاكی سوریادا دروست بكەن و دەسەڵاتی كورد بگاتە سەر دەریا، ئەمەش خاڵێكی ترە بۆ پەیوەندی و لێك نزیك بوونەوەی توركیا و روسیا، ئەگەرچی توركیا هێشتا لە جەمسەری ئەمریكا- ئەوروپادایە و‌ هەوڵەكانی بەردەوامن بۆ چوونە ناو یەكێتی ئەوروپا، سەرەڕای ئەوەش هێستا سیاسەتی توركی لەبەرامبەر پەیوەندی و كێشە ئاڵۆزەكانی ڕابردوو بەرامبەر بەروسیا نەگۆڕاوە، بەڵام بێگومان هەڵگیرساندنی جەنگی عەفرین لەلایەن توركیاوە لەگەڵ روسیا لەڕێكەوتنێكی ژێر به ‌ژێردا پەیوەندیەكی دوولایەنە هەیە، روسیا دەیەوێت بەهۆی ئەم شەڕەوە توركیا لەجەمسەری ڕۆژئاوا داببڕێت و بیخاتە ژێر ڕكێقی خۆیەوە، هەروەها بۆ كاریگەری توركیا بەسەر خاكی سوریا و لەكاتی دانوسان و كێشە و ئاڵۆزییەكانی سوریا ڕۆڵی توركیا بوونی هەبێت، لەلایەكی دیكەش پیشاندانی نیگەرانی و گوشارەكانی بەرامبەر بەئەمریكا پیادە دەكات.
نەتەوەی كورد هەمیشە چاوی هاوكاری بڕیوەتە روسیا تا لەبەدەستهێنانی مافەڕەواكانی هاوكاری بكات، بەڵام روسیا ئەمجارەش وەكو پێشتر هیواكانی كوردی كردە بڵقی سەرئاو و ئەوەی بەخەیاڵدا نەدەهات ئەنجامیدا، روسیا ئاسمانی عەفرینی بەڕووی توركیادا كردەوە تاكو بۆردومانی بنكە سەربازییەكانی یەپەگەی پێ بكات، هەروەها یەپەگە لای وایە روسیا خیانەتی لێ كردووە، چونكە لەبەرامبەر داگیركردنی عەفرین لەلایەن توركیاوە،‌ مەرجی داناوە ئەویش فەرمان بەچەكدارەكانی ئەحرار شام و بەرەی نوسرە بكات ئیدلیب چۆڵ بكەن، روسیا لەبەرامبەر ئیدلیب بۆ داگیركردنی عەفرین ئاسانكاری بۆ توركیادەكات.
هێرشە چڕ و بەردەوام و خوێناوییەكانی توركیا بۆسەر ڕۆژئاوای كوردستان بەهاوكاری و ڕێگادانی بۆردومانی ئاسمانی عەفرین لەلایەن روسیاوە جارێكی تر كوردی لە گەشبینیەكانی بەرامبەر بەروسیا نائومێد كردەوه، ئەگەرچی ئەمە كۆتایی كارەكە نیەو دەبێ چاوەڕوانی هاوكێشەكانی داهاتوو بین‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

شاری كه‌ركوك و هه‌ڵبژاردن و چه‌واشه‌كاریی

ڕه‌سوڵ بۆسكێنی شاری كه‌ركوك قودسی كوردستانه‌ و كورد سۆز و ...