ژن

(27)

نیوەشەو پاسەوانیی مێردەكەی تەواو دەبێت، بۆیە دەزانێت كەی دێتەوە، هیچی لەم ناوێت، چونكە نان و چاشی خواردووە. تۆزێك قسە و باس و پێكەنین، ئەگەر مناڵەكەیان نەخەوتبێت هەر لە بێشكەكەدا كەمێك یاریی لەگەڵ دەكات و دەخەون، بەڵام ئەم هەموو شەوێك چاوەڕێی دەكات، هەتا ئەو نەیەتە پاڵی و گوێی لە مشەی نەبێت خەو ناچێتە چاوی، مشەی ئەو لەلای ئەم خۆشترین مۆسیقایە، ناخی دڵی ئارام دەكاتەوە.

مناڵەكە لای چەپەوە و ئەو لای راستەوە، لە ناوەڕاستیاندا دەخەوێت و ئەم دوو هۆدە و هەیوانە بە كۆشكی پاشا ناگۆڕێتەوە. دیتە بێكەسە مێردەكەی بۆتە هەموو كەسی.

سەیری سەعاتەكە دەكات، كاتی هاتنەوەی نزیك دەبێتەوە. ئێستا تەنیا یەك شتی لە دڵدایە و ئاواتی ئەوەیە ئەمشەو مێردەكەی هاروهاجی نەكات، چونكە نازانێت لەو كاتەدا دەبێت چی بكات؟ ویژدانی قبووڵ ناكات درۆی لەگەڵ بكات و بڵێ …

لە دەرگا دەدات، خێرا لێیدەكاتەوە و باوەشی پێدا دەكات. بە گوێیدا دەچرپێنێت، « ئارامبە دڵەكەم، جەرگەكەمان لە ئێوارەوە دەمی لێك نەناوە، تۆزێكە خەوی لێكەوتووە.» بە ئاماژەی سەر بەڵێی بۆ دەكات. هەروا بێدەنگ، بێ ئەوەی هیچ تەقە و رەقەیەك بكات، ددانی دەشوات لەسەر پێخەفەكە رادەكشێت، ئەمیش پشتی تێدەكات، دڵی خۆشە پێی وایە ئەو لە شەكەتیدا یەكسەر خەو دەیباتەوە. كەچی روو دەكاتە لای ئەم و دەست لە سنگ و سمت و كەفەڵی دەدات. ئەم یەكسەر خۆی شل دەكات، دەیەوێ زوو کۆتایی بێت، وەك ئەوەی تەواو خۆی ئامادەكردبێت ماوەیەك تێی دەئاڵێت، ئەم فرمێسك بە چاوانیدا دێتەخوارەوە، ئەو خاو دەبێتەوە و دەكشێتە دواوە، ئەم باوەشی پێدا دەكات تا گوێی لە مشەی بێت و خەو بیباتەوە، بەڵام خەو تۆراوە!
بەیانی ئەم بەكاوەخۆ بە ماچ خەبەری دەكاتەوە، ئەو چاوانی هەڵدەگڵۆفێ.

گیانەكەم، خۆ ئیشم نییە بۆچی خەبەرت كردمەوە؟
قوربانت بم! لە ئێوارەوە مناڵەكەمان مردووە، نەمویست بەو ماندووییە ئیسراحەتت لێ تێك بدەم.

 313 جار بینراوە