سەرەکی » هەواڵ » پیرۆزبایی بافڵ تاڵەبانی بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە

پیرۆزبایی بافڵ تاڵەبانی بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە

بە بۆنەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان و کیمیاباران، کەمئەندامانی سەنگەر و پێشمەرگە و تێکۆشەرە دێرینەکان و زیندانیانی سیاسی و پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەم. هیوادارام یٔەم بۆنەیە ببێتە مایەی خێر و خۆشی و ئارامی بۆ هەموو لایەک.

ئومێدەوارم یٔەم جەژنە بکەینە دەرفەتێک بۆ پێداچوونەوە بە سیاسەتمان و داڕشتنی ستراتیژێکی نوێی نیشتمانی لە نێوان هێز و لایەنە سیاسییە کوردییەکان تاوەکو پێکەوە بەسەر کێشە و گرفتەکانمان زاڵ بین و پێکەوە بتوانین لە رێی حکومەتەوە کێشە بنچینەییەکانی وەک مووچە و بژێوی خەڵک و خزمەتگوزاری چارەسەر بکەین.

ئێمە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سیاسەت و ستراتیژێکی نوێوە پەرۆشیی خۆمان بۆ یەکخستنی هێز و تواناکان بۆ خزمەتکردنی هەرێمەکەمان دەردەبڕین و باوەڕی تەواومان بە یەکڕیزی گەلەکەمان هەیە لەپێناو ئایندەیەکی گەشتر و ئاوەدانی زیاتر.

دەمەوێت لەم دەرفەتەدا دووپاتی بکەمەوە کە یەکێتی نوێ بەرپرسیار دەبێت بەرامبەر سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و خۆی بە خاوەنی هەموو جیاوازییەکان دەزانێت. درێژە بە سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال دەدەین و بە گیانی لێبووردەییەوە خەبات دەکەین بۆ کوردستانێکی نوێ.

یەکێتییەکان، دۆستان و لایەنگران دڵنیابن ئێستا یەکێتییەکی نوێ هەیە، هەموومان خاوەنی یەکێتین و پێکەوە چەپکە گوڵەکە گەشاوەتر دەکەین.

درێژە بە خەباتی مەدەنی و دیموکراسی و ئازادی دەدەین و هەنگاوەکانمان دەخەینە خزمەتی گشتی، کە ئەمەش رێگا دروستەکەیە و لەمەودوا لە هەموو کایەکانی ژیانی رێکخراوەیی پەیڕەوی دەکەین.

دووبارە جەژنتان پیرۆز و هەر شاد و سەرفراز بن.
بافڵ تاڵەبانی
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

 94 جار بینراوە