سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » ئەمریكا پێویستییەكی جیهانییە؟

رای ئازاد

ئەمریكا پێویستییەكی جیهانییە؟

كشانەوەی ئەمریكا لەهەر وڵات و ناوچەیەكی جیهان، تەنها كشانەوە و دەرچوونێكی ئەمنییە كە لە چوارچێوەی سوپاكەیدایە، ئەگینا ئەمریكا هەمیشە تارمایی دەسەڵاتی بەسەر تەواوی جیهانەوەیە و هەرگیز ئەمریكا لە ناوچە و كیشوەر و وڵاتێك بەتەواوی لە رووی ئەمنی و بەرژەوەندی و سیاسەت و دیپلۆماسیی و جەمسەربەندییەوە ناكشێتەوە، كشانەوەی ئەمریكا كشانەوەی جەمسەرێك نییە لەبەرامبەر جەمسەرێكدا و بەرژەوەندییەك نییە لەبەرامبەر بەرژەوەندییەكی دیكەدا بكشێتەوە، كشانەوەی ئەمریكا تەنها كشانەوەی ئەمریكایە لە پڕۆژە و پرسێك كە خەونی بووە پێی بگات و پێی نەگەیشتووە.

لەدەرەوەی بیری سیاسیانە و هەندێكجاریش دینی، قبوڵمان بێت یان نا، ئەمریكا پێویستییەكی جیهانییە، ئەمریكا بەتەواوی وجودی خۆیەوە ئەوەی بۆ وڵاتان سەلماندووە كە هەر وڵاتێك ئەمریكای تێدا نەبێت ئەگەری پێكدادان و جەنگ و ماڵوێرانی تێیدا زیاتر و زۆرتر دەبێت، ئەم وێنەیە بۆ جەمسەرێكی وەك روسیا هەمان شت نییە، ئەگەر روسیا لە وڵاتانی جیهان بكشێتەوە چاوەكان وەك ئەمریكا لەسەر روسیا نابێت و وەك ئەمریكاش داوای مانەوەی روسیا ناكرێت، جگە لەو وڵاتانەی كە لەبەرەی روسین، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەمریكا جەمسەری تەواوە لە رووی «سیاسی، ئابووری، دیپلۆماسیەت»ەوە، لەكاتێكدا جەمسەرەكانی دیكەی دژی ئەمریكا هیچیان جەمسەری جیهانی تەواونین لە بەرامبەر ئەمریكادا، كاتێك دەڵێین ئەمریكا پێویستییەكی جیهانییە، ئەوا بەو مانایە دەڵێین كە ئەمریكا بەهەردوو هێزی رەق و نەرم، بە سیاسەت و ئابووری و دپلۆماسییەتی تەواوە شەڕی نەیارەكانی دەكات، لەكاتێكدا جەمسەرەكانی دیكە وەك ئەمریكایان پێناكرێت. ئەمریكا چەندە لە رووی سەربازییەوە لە چوارچێوەی وڵاتان دووربكەوێتەوە، دوو هێندە لە رووی ئابووری و دیپلۆماسییەوە لە وڵاتان نزیكە و سیاسەتی ئەمریكا وەهایە كە نایەوێت جیهان لە دەرەوەی خۆی ببینێت، نەخاسمە وڵاتێك و كیشوەرێك و بەرژەوەندییەكی گەورە، ئەمریكا دەیەوێت هەمیشە جیهان و سیاسەت و تیڤی و نەوت و هێزی رەق و نەرم و هتد، لەجیهانی ئەمریكادا بێت، بۆیە كشانەوە و چوونە دەرەوەی ئەمریكا لە وڵاتێك مانای بەجێهێشتنێكی تەواوی ئەو وڵاتە نییە بۆ ئەمریكا، مەگەر لە هیچ یەكێك لە رووەكانی سیاسەت و ئابووری و دیپلۆماسییەوە هیچ سوودێكی بۆ ئەمریكا نەبێت و هۆكارێك نەبێت ئەمریكا لەو وڵاتەدا بهێڵێتەوە. زەرووریەت بوونی ئەمریكا لەو خاڵەدایە كە وڵاتان پێیانوایە ئەمریكا لەهەر وڵات و جوگرافیایەكدا بێت ئەو شوێنە نزیكە لەئاشتی، بەپێچەوانەشەوە ئەمریكا هەر شوێنێكی جێهێشت و لێی دووركەوتەوە، ئەگەری شەڕ و ناكۆكی لێدەكرێت، باشترین نموونەی ئێستاش ئەفغانستان و عیراقە، هەموو لێكدانەوەكان بەو ئاراستەیەن ئەفغانستان لەسایەی تالیباندا بۆ چەندان دەیە پاشەكشێ دەكات و ئەمریكا لەو وڵاتەدا بمایەتەوە باشتر دەبوو بۆ ئەفغانستان، هاوكات ئێستا بەشێكی زۆری عیراقییەكانیش ترسیان لەسەر ئەوە هەڵچنیووە كە ئەمریكا عیراق جێبهێڵێت و بۆ هەمیشە لەم خاكە بچێتە دەرەوە، نەك هەر ئەمە، قەتەرییەكانیش پێیانوایە ئەمریكا كشانەوەی هێزەكانی لە وڵاتەکەیان خستۆتە بەرنامەوە و لەدوای عیراق لەو وڵاتەش دەكشێتەوە، بەڵام هەریەک لە عیراق و قەتەر نەیانشاردۆتەوە كە دەیانەوێت ئەمریكا لە وڵاتەكانیاندا بمێنێتەوە و نەكشێتەوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە ئەمریكا پێویستییە یان لانیكەم زۆرجار ئەمریكا بۆ وڵاتان وەك زەمانەتی ئاشتی و دوور لە جەنگ و دڵنیایی سەیردەكرێت، ئەگەرچی ئاراستە پێچەوانەكەش هەیە كە ئەمریكا بە هۆكاری جەنگی خۆرهەڵات و جیهان دەبینێت، بەڵام لەباری گشتیدا ئەو وڵاتانەی كە هێزی ئەمریكای تێدایە نایانەوێت ئەمریكا بكشێتەوە، ئەمەش پێویستی بوونی ئەمریكایە بۆ جیهان.

 188 جار بینراوە