سەرەکی » راپۆرت » قەرەباڵغی لە بەنزینخانەكانی كەركوک دروستبۆتەوەپەڕە 27

50 لیتر بەنزین بە 450 دینار بە كۆبۆن دەدرێتە شۆفێران

قەرەباڵغی لە بەنزینخانەكانی كەركوک دروستبۆتەوە

راپۆرت: هێمن ئەحمەد

ماوەیەکە قەرەباڵغییەكی زۆر بەنزیخانەكانی كەركوكی گرتۆتەوە، شۆفێرێكی زۆر ریزیان گرتووە بۆ وەرگرتنی بڕی 50 لیتر بەنزین بە نرخی 450 دینار ئەویش بە كۆبۆن و لەگەڵ ئەوەشدا گلەییەکی زۆر لە كوالێتی بەنزینەكە دەكەن.

سەرچاوەیەك لە كۆمپانیای بەرهەمە نەوتییەكانی كەركوك رایگەیاند: یەك رۆژ قەیران دروستبێت بە مانگێك چارەسەر نابێت، دوای ئەوەی بەغدا-یان ئاگاداركردۆتەوە لە دروستبوونی قەیرانەکە، بەشە بەنزینی بۆ کەرکوک زیادكردووە.

خاکی كەركوك هەمووی زێڕی رەشە
ئارام حەسەن گەنجێكی شاری كەركوكە و ئۆتۆمبێلێكی جۆری ئۆپڵی پێبوو لە سەرەی بەنزینخانەكەی 10ی نیسان وەستا بوو، بۆ كوردستانی نوێ وتی: هەر ماوەی جارێك ‌و بە بیانووی جیاجیاوە قەرەباڵغییەكی زۆر لە بەنزینخانەكانی شاری كەركوك دروست دەبێت، ئەمەش لە شارێكی وەك كەركوك روودەدات كە ژێر خاكەكەی هەمووی نەوت و كانزای سروشتییە. وەک شۆفێریک هۆكاری قەرەباڵغییەکە تەنها بۆ قاچاخچیەكان دەگەڕێنمەوە، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەم رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ كۆنترۆڵكردنی بارودۆخەكە.

وتیشی، باشترە رێسایەک بۆ دابەشكردنی بەنزین بەسەر شۆفێرانی كەركوكدا دابنرێت، وابکرێت هەر شۆفێرێك كۆبۆنی تایبەت بە ئۆتۆمبێلەكەی نەبێت بەنزینی پێنەدرێت بەمەش چارەسەری قەرەباڵغییەكە دەکرێت.

بەنزینخانەکان تا دوانزەی شەو كراوەن
سەرچاوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی كۆمپانیای بەرهەمە نەوتییەكانی كەركوك بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: یەك رۆژ قەیران دروست بێت بە مانگێك نایەتەوە سەر رێ و دۆخەکە ئاسایی نابێتەوە، دوای دروستبوونی قەیرانی بەنزین، وەك بەڕێوەبەرایەتی كۆمپانیای بەرهەمە نەوتییەكانی كەركوك بڕیارمانداوە لە سەعات حەوتی بەیانیەوە تا دوانزەی شەو بەنزینخانەکان كراوە بن بۆ ئەوەی ئەو قەرەباڵغییەکە كەمبێتەوە.

لە شارەکانی دیکەوە بۆ بەنزین دەگەنە کەرکوک
مستەفا كەریم، شۆفێرێكی ترە، بۆ كوردستانی نوێ وتی: ئەگەر تەماشای بكەین زۆربەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی وەستاون ژمارەی تایبەتی سلێمانی و هەولێرن و ئۆتۆمبێلی تازە مۆدێلن، نازانرێ بەشە بەنزینی كەركوك كەمیكردووە یان ئەو گرانییەی نرخی بەنزین لە سلێمانی و هەولێر كاریگەریان بەسەر بەنزینی ئەم شارەش دروستكردووە.

شۆفێرێكی دیكە بە ناوی مام كەرەم دەستخۆشی لە هێزەكانی پۆلیس دەكرد كە نایەڵن كەس نۆرە بڕی بكات و بچێتە پێش ئۆتۆمبێلەكانی تر.

کێشەی بەنزین چارەسەر دەکرێت
سەرچاوەکە رایگەیاند، کێشەی بەنزین چارەسەر دەبێت، جونکە چەند چاکسازییەکیان کردووە، پێشووتر هەر ئۆتۆمبێلێك بە كەركوكدا تێپەڕببوایە لە بەنزینخانەكانی شارەكە بەنزینی وەردەگرت یان كۆبوونی لە دەرەوەی بەنزینخانەكان دەكڕی، بەڵام ئێستا دەبێت كۆبۆنی بەنزینەكە بەناوی خۆیەوە بێت، ئەگەر نا بۆی نییە بەنزین وەربگرێت، هەروەها پێشتر بەشە بەنزینی كەركوك ملیۆنیك و 200 لیتر بوو، بەڵام دوای دروستبوونی گرفتی بەنزین، نووسراومان ئاراستەی وەزارەتی نەوت كرد و رامانگەیاند ئەو بەشە بەنزینەی بۆ شارەكە تەرخانكراوە كەمە، خۆشبەختانە بڕەكەیان بۆ زیاد كردین.

سەرچاوەکە دەڵێت، ئێستا رۆژانە میلۆنێك و 350 سێ سەد و پەنجا هەزار لیتر دابەش دەكرێت و بەمەش قەیرانی بەنزین چارەسەر دەبێت، ئاماژەی بەوەشكرد بەنزینخانە ئەهیلییەكانی كەركوكمان ئاگادار كردۆتەوە كە بەنزین بە كۆبوون بدرێت بە شۆفێران بە هەمان نرخ.

 176 جار بینراوە