سەرەکی » هەمەڕەنگ » لە پەیوەندی خۆشەویستییەوە بۆ جەنگی نێو دادگا

براد پیت و ئەنجلینا جولی

لە پەیوەندی خۆشەویستییەوە بۆ جەنگی نێو دادگا

هەردوو ئەستێرەی دیاری هۆلیوود کە لەلایەن هەوادارانیانەوە بە» Brangelina-برانجلینا» ناونراون دوای ئەوەی لە فیلمی ئاکشنی (مستەر ئاند مسس سمیس -Mr and Mrs Smith)دا پێکەوە رۆڵیان گێڕا لە ساڵی 2004 دا پەیوەندی خۆشەویستییان پێکەوە بەست و بۆ ماوەی 10 ساڵ پێکەوە ژیان تا لە ساڵی 2014 دا زەماوەندیان کرد، بەڵام ژن و مێردایەتییەکەیان تەنیا 2 ساڵی خایاند و لە ساڵی 2016دا وەکو ئەنجلینا ئاماژەی بۆ کرد کێشەکانیان چارەسەر ناکرێت و جیادەبنەوە و بەشێوەیەکی یاسایی لە ساڵی 2019 دا جیابوونەوە.

ئەنجلینا و براد خاوەنی 6 منداڵن سیانیان هی ئەنجلینا و برادە و سیانەکەی تریان پێشتر ئەنجلینا بە شێوەیەکی یاسایی بووە بە دایکیان و دوای بەستنی پەیوەندی لەگەڵ براد ئەویش بە یاسایی بووە بە باوکیان.

هۆکاری ناکۆکییەکان
ئەنجلینا پێش پێشکەش کردنی داوای تەڵاق بە فەرمی، براد بیت-ی بەوە تۆمەتبار کرد کە خراپ مامەڵەی لەگەڵ منداڵەکانی کردووە، بەڵام دادگا برادی بە بێتاوان لەقەڵەم دا، پاشان دەربارەی وەرگرتنی مافی بەخێوکردنی 5 منداڵەکەیان لە دادگا کێشەکانیان پەرەی سەند، دوای ئەوەی لە ساڵی 2018دا رێکەوتنی نێوانیان بۆ سەرپەرشتیکردنی منداڵەکانیان شکستیهێنا، واتا ئەوانەی تەمەنی یاساییان تەواو نەکردووە ئەوانیش (باکس-ی 17 ساڵ، زەهرا-ی 16 ساڵ، چیلۆ-ی 15 ساڵ، دووانەکەشیان بەناوی نۆکس و ڤیڤیان-ی 13 ساڵ)بەڵام مادۆکس–ی کوڕە گەورەی ئەنجلینا کە تەمەنی 19 ساڵە لەو جەنگەدا نییە.

سەرکەوتنی براد
لە مانگی پێنجی ئەمساڵدا دادوەر «جۆن ئۆدرکیرک» دوای پێنج ساڵ لە جەنگی دادگا بۆ بەدەدستهێنانی مافی سەرپەرشتیکردنی منداڵەکانیان بە یەکسانی لەگەڵ ئەنجلینادا، براد ئەو مافەی پێدرا، بەڵام ئەنجلینا سووربوو لەسەر بەردەوامیدان بەو جەنگە و وایدانا ئەو بڕیارە دادوەرانە نەبووە و دادوەر نەیهێشتووە منداڵەکانی لە دادگا شایەتی بدەن و گوێیان لێنەگیراوە و ئەو بەڵگانەی پەیوەستن بە سەلامەتی و خۆشگوزەرانی و تەندروستی منداڵەکانییەوە دوورخراونەتەوە، بە وتەی ئەنجلینا بێت ئەو بەڵگانە یەکلاکەرەوە دەبوون لە داواکەیدا.

بۆیە لە هەوڵەکانی لەگەڵ پارێزەرەکەی بەردەوام بوو تا دواجار لەم مانگەدا بە پێی پێگەی بی بی سی بێت «رۆبەرت ئۆلسۆن» ی پارێزەری ئەنجلینا داوای پێداچوونەوەی بە بڕیارەکەدا پێشکەشکرد و هەروەها داوای دوورخستنەوەی ئەو دادوەرەی کرد بە تۆمەتی ئەوەی پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ پارێزەرەکەی براد بیتدا هەیە و لە بەرژەوەندی کەسیی ئەو بڕیارەی داوە، بەو شێوەیە لە دادگای پێداچوونەوەی کالیفۆرنیادا جولی لە دوورخستنەوەی دادوەرەکەدا سەرکەوتوو بوو، هەربۆیە جارێکی تر جەنگی وەرگرتنی مافی سەرپەرشتیکردنی منداڵەکانیان لەبەردەم دادوەرێکی نوێدا دەستپێدەکاتەوە.

کۆمێنتی بیت لەو بارەیەوە
قسەکەر بەناوی براد بیت-ەوە لەبارەی دوورخستنەوەی ئەو دادوەرەوە باسی لەوە کرد کە کێشەکە مەسەلەیەکی تەکنیکی بووە و بەڵگە واقیعییەکان پاڵنەر بوون بۆ ئەوەی ئەو دادوەرە بەو شێوەیە بڕیار بدات و ئەوە هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەهاتووە.

شایەنی باسە جولی پێش براد دووجاری تر شووی کردووە و ئەمە شووی سێیەمێتی دوای ئەکتەران «بیلی بۆب سۆرنتۆن» و «جۆنی لی میلرە» بەڵام براد پێش ئەنجلینا تەنیا یەک جاری تر ژنی هێناوە ئەویش ئەستێرە و یەکێک لە ئەکتەرانی زنجیرەی فرێندز «جێنیفەر ئەنستۆن» بووە.

سەرچاوە: سیدتی

 197 جار بینراوە