سەرەکی » زانست » داوای پاراستن و پەرەپێدانی كەرەستە و كەلوپەلی كۆنی كوردەواری دەكرێت

داوای پاراستن و پەرەپێدانی كەرەستە و كەلوپەلی كۆنی كوردەواری دەكرێت

راپۆرتی، تەها، عەبدوڵڵا، هەولێر

ماوەیەكە خەڵكی بە رێژەیەكی زۆر حەزو ئارەزوویان بۆ كەلوپەلی كۆنی كوردەواری گەڕاوەتەوە، كە سەردەمانێك لەلایەن باب‌و باپیرانمانەوە بۆ ژیانی رۆژانەیان بەكارهاتوون، زۆربەی ئەو كەلوپەلانەش كاری دەستی گوندنشینەكان خۆیان بوون، ئێستاش كاربۆ زیندووكردنەوەو پەرەپێدانی ئەو بوارە دەكرێت.

بۆ ئەو مەبەستە لە رێگای كردنەوە دوكان و شوێنی تایبەت كە زیاتر كەوتۆتە ژێر قەڵا، ئەو كارە دەستیانە نمایشكران و رۆژانە بە تایبەتی لەكاتی پشووەكان كڕیارێكی زۆر سەردانیان دەكەن.

وەك بەشێك لەخاوەنی ئەو شوێنانە ئاماژەی بۆ دەكەن ئەوانەی سەردانیان دەكەن زیاتر گەشتیار و خەڵك بیانین. داواش دەكەن لەجیاتی چەند دوكانێك بازاڕێكی تایبەت بە فرۆشتن و نمایشكردنیان بكرێتەوە.

بڕوا حمەد ئەمین عەزیز خاوەنی یەكێك لەو شوێنانە، ئەو كاتەی لەبەردەم دوكانەی بەجلوبەرگی كوردی چاوەڕوانی كڕیاران و گەشتیاران بوو، قسەی بۆ كوردستانی نوێ كرد، ئەو باسی هۆكاری كردنەوەی دوكانێكی تایبەت بە كەلوپەلی كۆنی كوردەواری لەو شوێنەكرد‌و پێیوتین: لەماوەی چەند ساڵی رابردوو بەهۆی كەمبونەوەی ژیان لە گوند‌و دێهاتەكان خەڵكی زیاتر حەزو ئارزوویان بۆ ئەو كەرەستانە چووە كە پێشتر باب‌و باپیرانمان بۆ ژیانی رۆژانەیان بەكاریان هێناون، ئەمە جگە لەوەی دیمەنێكی جوان و كوردەواریانە دەبەخشێ و وادەكات خێرا سەرنجی كڕیارو گەشتیاران رابكێشێت.

وتیشی: ئەو هۆكارانە وایكردووە ژمارەیەك دوكانی تایبەت بەوجۆرە پێداویستیانەی ئەوێ رۆژێ بكرێتەوە لەگرنگتریان (كڵاش و بەڕە و پەستەك و جاجم وجانتا)ن، كە بەشێك لەوانە مێژووی دروستكردنیان بۆ ساڵانی زوو دەگەرێتەوە، بەڵام زۆربەیان لەسەر شێوازی كۆن لەلایەن كەسانی شارەزا و دەستڕەنگین دروست دەكرێنەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد: كڕیارانی شوێنەكەمان زیاتر خەڵكی گەشتیارو بیانین، ئەوان وەك كەلوپەلێكی نایاب و دەگمەن سەیری دەكەن‌و وەك رەمزی ژیانی كوردەواری لەكەڵ خۆیان دەیبەنەوە وڵاتەكانیان، بەڵام لەلایەن خەڵكی ناوخۆ كەمتر داوا كاری لەسەرە، ئەوانەشی سەردانمان دەكات زیاتر بۆ سەیركردن و وێنەگرتنە لەگەڵ ئەو كەلاوپەلانە.

خاوەنی دوكانەكە ئەوەشی خستەروو: بەهۆی ئەوەی زۆربەی ئەو دوكانانە لە دامێنی قەڵای هەولێرن و لە تەنیشت چاخانەی كەلتوری مەچكۆن، بەشێكی زۆری لە كونسوڵ و نوێنەری وڵاتان بۆ وێنەگرتن و سەیركردنی ئەو كارە دەستیانەی نەتەوەكەمان سەردانمان دەكەن و وێنەی یادگاری لەگەڵ دەگرن. بەتایەتی رۆژانی پێنج شەممە و هەینی.

هەروەها وتی: جگە لەو كەسانەی وەك حەز و ئارەزوو داوای ئەو كەلوپەلانە دەكەن، هاوكات لەم سەردەمە بەشێكی زۆر لە قاوەخانە و كافتریاو تەنانەت دیوەخانی ماڵەكان و بەرنامە كەلتورییەكانی تیڤییەكان، دیزاین‌و دیكۆرەكانیان بەو كەرەستە كوردەوارییانە دەڕازێنەوە، بۆ دابینكردنی ئەو پێداویستیانەش سەردانی دوكانی هاوشێوەی ئێمە دەكەن.

باسی لەوەشكرد: ئەو كارە دەستییانە بەشێكی لە ناوخۆ و بەشێكی تری لەلایەن كوردانی پارچەكانی كوردستان دروست دەكرێت، لەگەڵ ئەوەش زۆر سوودمان لە گوند و دێهاتەكان وەرگرتووە و پەیوەندیەكی باشمان لەگەڵیان هەیە، چونكە ئێستا بەشێكی كەم لە خەڵكی دێهاتەكان ئەو كەرەستانە بەكار دەهێنن، بۆیە ئێمە لێیان دەكڕینەوە، دواتر وەك نموونە لەلای خۆمان دەیپارێزین، بۆئەوەی لەلایەن كەسانی شارەزا‌و دەست رەنگین لەسەر هەمان شێواز دروستی بكەنەوە، بۆ دابینكردنی كەرەستانەش زیاتر سوود لە بەرهەمی ئاژەڵ وەردەگیرێت، وەك موی بزن و خوری مەڕ.

پێشنیاری ئەوەشكرد: بۆئەوەی پەرە بەو بوارە بدرێت و ئەو كەلوپەلە كۆنانە لە فەوتان رزگار بكرێن، پێویستە حكومەتی هەرێم و لایەنی پەیوەندار ئاوڕی زیاتر لەو بوارە بدەنەوەو و وەك سامانێكی نیشتیمانی سەیریان بكەن ، ئەویش بە دابینكردنی بازاڕێكی تایبەت بە كەلوپەلی كۆن كوردەواری، هەروەك چۆن لەوڵاتان هەیەو خەڵكەی بەپارە سەردانی دەكەن، ئەمەش دەبێتە داهاتێك بۆ كاسبكاران و حكومەت خۆشی، ئەو كاتەش دەتوانی گرنگی زیاتر بە بەرهەمە ناوخۆیەكان و كاری دەستی بدەیت.

 159 جار بینراوە