سەرەکی » کەلتوور » پرسی نۆستالژیا لە رۆمانی خۆشەویستێکی ترسناکدا

پرسی نۆستالژیا لە رۆمانی خۆشەویستێکی ترسناکدا

گوڵزار حەمە فەرەج

هاروکی موراکامی یەکێکە لە رۆماننووسە ناسراوەکانی ژاپۆن و جیهان. دیارە ئەم نووسەرەش شێوازێکی سەرنجراکێشی هەیە لە بواری نووسین و ئەدەبدا. پاش ئەوەی ماوەی چەندین ساڵ لە جیهانی ئەدەب و رۆماندا و دوای خوێندنەوەی کۆمەڵە رۆمانێک بەتایبەتی ئەمەریکی، لە ئەپریلی 1978 دا لەدوای یارییەکی بیسبۆڵ، موراکامی بڕیارێکی گرنگیدا ئەویش ئەوەبوو کە وتی: بەڵێ من دەتوانم رۆمانێک بنووسم.

زۆرجار بڕیارێک دەتوانێت ژیانی مرۆڤێک بگۆڕێت و بە تەواوەتی ژیانی لە جیهانێکەوەو بۆ جیهانێکی تەواو جیاواز بگۆڕێت، ئەم بڕیارەی موراکامییش توانی ژیانی خۆیی و ئەدەبی ژاپۆنیی و جیهانیش بگۆڕێت.

موراکامی یەکێکە لە نووسەرە دەگمەنەکانی ژاپۆن و جیهان، رۆمانەکانی هەموو جیهانی سەرسام کردووە و بەرهەمەکانی بۆ زیاتر لە 40 زمانی جیهانی وەرگێڕاون.

رۆمانی خۆشەویستێکی ترسناک یەکێکە لە رۆمانە جوانەکانی هاروکی موراکامیی و بۆ زۆربەی زمانەکانی جیهان وەرگێڕاوە. خۆشبەختانە ئەم رۆمانە لەلایەن ئەردەڵان عەبدوڵڵا لە زمانی ئەڵمانییەوە کراوەتە کوردی. لەپاش خوێندنەوەی رۆمانەکە پێمخۆشبوو چەند دێرێک لەبارەی ئەم رۆمانەوە بنووسم، بەو هیوایەی بە خوێنەرانی بناسێنم.

ناوەڕۆکی رۆمانەکە
لەم رۆمانەدا موراکامی زۆر گرنگی بە مەسەلەی نۆستالژیا دەدات و پانتایی گەورەی رۆمانەکە داگیر دەکات. موراکامی بە شێوەیەکی ئێجگار مەزن باسی گەشتی ژیانی کەسێکمان بۆ دەکات، کە کەسێکی ئاسایی ناو کۆمەڵگەی ژاپۆنییە و لە منداڵییەوە دەست پێدەکات هەتا تەمەنی سی و حەوت ساڵی.

هاجیما کە پاڵەوانی سەرەکی رۆمانەکەیە، نۆستالژیا لە کەسێکی ئاسایی و خۆشبەختەوە، دەکاتە کەسێکی بەدبەخت و تووشی کۆمەڵێک کێشەی دەروونی و کۆمەڵایەتی دەکات. شیماتۆ ئەو کچە ژیرو جوان و ناسکەیەکە کە هاجیما هیچ کاتێک ناتوانێت لە بیری خۆی بەرێتەوەو لە کۆتاییشدا دەگەڕێتەوە بۆ لای و ئەمەش بە تەواوەتی ژیانی تێکدەدات.

جگە لە نۆستالژیا موراکامی لەم رۆمانەیدا گرنگی بە کۆمەڵێک بابەتی گرنگی تر دەدات. ئەو بە شێوازێکی ئەدەبی بەرز، هەوڵیداوە مامەڵە لەگەڵ پرسی خۆشەوستی و سێکس و نەوەی 1968و تەنهایی و خۆکوشتن و چینی بورژوازی نوێی ژاپۆنی و میوزک بکات.

خاڵێکی گرنگیتر لەم رۆمانەدا، پرسی خۆشەویستی و ئیرۆتیکە، هەربۆیە وەکو وەرگێڕ دەڵێت: لەکاتی بڵاوبوونەوەی ئەم رۆمانە بە زمانی ئەڵمانی، زۆر لە رەخنەگرانی ئەڵمانیا ئەم رۆمانەیان بە رۆمانێکی ئیرۆتیکی دادەنا، بۆ نموونە رەخنەگری ناسراوی ئەڵمانیا مارسێل رایش دەڵێ : ئەم رۆمانە بەرزترین لوتکەی ئیرۆتیکە.

بەدڵنیاییەوە ئەم رۆمانەی هاروکی موراکامی یەکێکە لە کارە جوانەکانی، چ لە رووی ناوەڕۆک و چ لەڕووی شێوازیشەوە، داهێنانی گەورەی تێدا کردووە. هەربۆیە بۆ ئێمەی کورد گرنگە ئاگاداریی ئەم کارە ئەدەبییە جوانانەی ئەدەبیاتی جیهان بین، تاوەکو بتوانین ئێمەش داهێنانی جوان پێشکەش بکەین.

لێرەدا جێگەی خۆیەتی کە دەستخۆشی لە کاک ئەردەڵان عەبدوڵڵا بکەین بۆ وەرگێرانی ئەم رۆمانە جوانە و هیوای کاری جوانتر و باشتری بۆ دەخوازین.

 193 جار بینراوە