سەرەکی » ئاراستە » لە گۆڕەپانی جەنگدا دیوێکی تر هەیە

جەنگی دژی داعش

لە گۆڕەپانی جەنگدا دیوێکی تر هەیە

عومەر ئەحمەد مەرگەیی

1-2

ئێوارەی 2ی ئابی2014، هێزی پێشمەرگە لە چاوەڕوانی شەوێکی سامناكدا بوو، کە سەرەتای پەلامارەکانی داعش ئەو شەوە دەستی پێدەکرد. سەنگەرەکان کەلەبەرێکی گەورەیان هەبوو، سەنگەرسازییەکی پتەو و خۆپارێزییەکی باش کرابوو بە هۆی کەمی کات و فراوان بوونی بەرەکانی جەنگ، هەر لە خانەقینەوە تاکو سنووری شنگال. پڕۆژەی ئاوی کەرکوكیش هێڵی جیاکەرەوەی نێوان پێشمەرگە و رێکخراوی «داعش» بوو، ئەوان لە گوندەکانی «بەشیر و شەمسیە و مەرعیە» بە چواردەوری خۆیاندا کێڵگەی مین و تەڵەی بەهێزیان لەڕێگا و پرد و زەوییە کشتوکاڵییەکان جێگیرکردبوو، سەنگەرەکانی ئێمەش «لیوای 106ی هــ70» کە «لیوا حەمە هەژار میراودەلی» فەرماندەیی دەکرد، دەکەوتە بەرامبەر ئەو گوندانە، لە خۆرهەڵاتی ناحیەی تازەخورماتو.

داعش بۆردوومانی سەنگەرەکانی پێشمەرگەی کرد
چەکدارانی داعش ئەو ئێوارەیە تاکو نیوەی شەو بە چەکی هاوەن و چەکی قورس بۆردومانی سەنگەرەکانی پێشمەرگەیان کرد، بۆردومانەکان هێندە فراوان و بەهێز بوون تەنیا قۆڵی تازە خورماتووی نەگرتەوە، بەڵکو سنووری گوندەکانی مریەم بەگ و مەلا عەبدوڵڵا و نەهرەوان و تەلەلوەردیشی گرتەوە، شەوێکی شوم و ئاڵۆزبوو، چەکدارانی داعش بۆ کەشفکردنی سەنگەرەکان «تەڵقەی تەنویر»یان ئاڕاستەی ئاسمانی سەنگەرەکانی پێشمەرگە دەکرد و لەلایەكی ترەوە بە سەختی بۆردومانی سەنگەرەکانیان دەکرد، بەشێك لە بۆردومانەکان روو لە تازەخورماتو بوو، خەڵکی سڤیلی تازە، کەوتبوونە جموجۆڵ بۆ چۆڵکردنی ناحیەکەیان. سەنگەرەکان هەر بە مەودای 100 مەتر، چەند سەبێکی چیمەنتۆ کە بۆ پرد دروست کرابوون بە قەبارەی دوو مەتر بەرز و مەتر و نیوێك پان، لە شێوەی قەفەز، بە درێژایی سەنگەرەکان جێگیرکرابوون، وەك قەڵغانی خۆپارێزی بۆ بۆردومانی چەکی «هاوەن و نارنجۆك و چەکی قورس» سوودیان لێ دەبینرا.

ئەو شەوە، کاتێك بۆردومانی داعش دەستی پێکرد، سەگێك خۆی خزاندا نێو سەنگەرەکانمانەوە لە ترسی بۆردومانەکان، ئێمەش دڵمان نەهات لە خۆمانی دورخەینەوە و بیانوو بهێنینەوە بڵێین سەگەکە گڵاومان دەکات، ئامر فەسیلێکمان هەبوو ناوی «شوانە سوور»بوو، شوانە پێشمەرگەیەکی ئازاو چاونەترس بوو ئەزموونی پێشمەرگایەتی هەبوو، هیچ کاتێك کەمتەرخەم نەبوو لە ئەركەکانیدا، ئەو تەنها دوژمنایەتی لەگەڵ داعش دا نەبوو، بەڵکو لەگەڵ خەوتنیشدا هەیبوو، لە سێ ساڵ و نیوی جەنگ دژبە داعش بە شایەتی هەموو هاوڕێکانی ئەو راستییەی سەلماند، شوانە رووی لە سەگەکە کردو وتی: هەی ترسنۆك تۆش لە مەرگ دەترسی؟ خۆ ئەوە دەبینم هیچ بەچکەیەکت بەدواوە نییە، خەمی بۆ بخۆی، هەروەها وتی: من دوو بەچکەم هەیە وەك پشیلە کوناو کونیان پێ دەکەم، یەکێكیتر لە پێشمەرگەکان رووی لەسەگەکە کرد و وتی: ئەزانی ئەمڕۆ یەکێك لە منداڵەکانم تەلەفۆنی بۆ کردم و وتی باوکە سبەی رۆژی لەدایكبوونمە ئەوە بە نیاز نیت بگەڕێیتەوە؟ وتیشی من چاوەڕێی دیاری تۆ دەکەم چیم بۆ ئەکڕیت؟ بە رەئی تۆ دەکرێت لە نێو ئەم بۆردومانەدا داوای مۆڵەت بکەم؟ من ئێستا لە بیری ئەوەدام دەبێ بتوانین خۆڕابگرین و سەرکەوین لەم جەنگەدا، دەبێ ئەم رۆژگارە سەختە تێپەڕێنین، ئایا ئەوە رەوایە هاوڕێکانم بەجێ بهێڵم و خواستی کچە شەش ساڵانەکەم جێ بەجێ بکەم یان بمێنمەوە لە سەنگەردا، ئەو هەر قسەی بۆ سەگەکە دەکرد و وتی: بە رەئی تۆ کام بژاردەیان هەڵبژێرم؟.

هاوڕێکانی ئەو پێشمەرگەیە بەتەنزەوە پێیان وت «مووت نەرمە» بۆ پێی ناڵێی لای «هیوا سمێڵ» مۆڵەتەکەشت بۆ وەربگرێت، هیوا فەرماندەی فەوج بوو، بەدرێژایی شەو وەك ئێشکگر بەسەر رەبیەکاندا دەسوڕایەوە، بەدەم قسەی خۆشەوە رێنمایی بەسەنگەرەکان دەدا، فەرماندەیەکی چاو نەترس بوو، لە هەردوو باری ئاسایی و جەنگدا چاودێریی هەڵسوکەتیم دەکرد، بە حوکمی ئەوەی لەبەر پرسیارییەتیدابوو، منیش رابەری سیاسی فەوجەکە بووم، جگە لە خەمی سەنگەرەکان، خەمێکیتریشی بە کۆڵەوەبوو هاوسەرەکەی تووشی نەخۆشی شێرپەنجە ببوو، لای هیچ کەسێكیش ئەو ئازارەی بەر با نەدەدا و ئامادەش نەبوو هاوڕێکانی دڵتەنگ بکات.

بۆ سبەی کچەکەی ئەو پێشمەرگەیە دووبارە تەلەفۆنی بۆ باوکی کردبۆوە و وتبووی: باوکە لەبەردەمی دەرگای حەوشەکە چاوەڕێتم. کچەکەی ئاگاداری دوا دەنگوباسی ئەمشەو نەبوو چی روویداوە، ئەو نەیئەزانی شەو فیشەك وەك زەردەواڵە بە ناو سەنگەرەکاندا دەهات و دەچوو، بەڵام ئەو پێشمەرگەیە ئەو مافەی هەر بەخۆی نەدا هاوڕێکانی بەجێ بهێڵێت و بەشداری لە ساڵڕۆژی لە دایكبوونی کچەکەی بکات، هەموو هەڤاڵەکانی دوایی داوایان لێ کرد بۆ یەك کاتژمێریش بێت بگەڕێتەوە و دڵی كچەکەی خۆش بکات و لە چاوەڕوانیدا نەیهێڵێتەوە، هەر بۆ ئەو مەبەستەش هەڤاڵەکانی پێیان وت بگەڕێرەوە و دیاری ئێمەشی بۆ بکە بە «سوپرایز». بەڵام ئەو هەوڵیدا لە رێگەی هاوسەرەکەیەوە هەر چۆنێك بێت کچەکەی تێ بگەیەنێت، کە رۆژی ئەوە نییە هاوڕێکانی لە ناو ئاگردا بەجێ بهێڵێت.

ئەنتەرنێتی بەکاردەهێنا بۆ ترساندن و تۆقاندن
لەسەنگەردا، داعش، ترس و تۆقاندنی دەبەخشییەوە، دواتریش نیوەی جەنگەکەی گواستەوە بۆ ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئینتەرنێت، وەك: تویتەر و فەیسبوك و ئیمەیلی نەخوازراو، بە مانایەکی تر گواستنەوەی جەنگ بۆ ناو میدیای سەردەم. ئەم جەنگە لە ناو موبایلەکانی پێشمەرگەدا دەستا و دەستی دەکرد و بڵاودەکرایەوە و سەرسامیان بەم دڕندەییە دەهات، شەوانیش هەر لە ناو سەنگەرەکاندا دەبووە دوا دەنگوباسی مەیدانی جەنگ. زۆربەی پێشمەرگەکان موباییلەکانیان پڕببوون لە گرتەی ڤیدیۆیی سامناکی داعش، «سەر بڕین، دەست بڕین، سوتاندن، گرتن و بە کۆمەڵ کوشتن، لە ناوبردنی شوێنەوارە دێرینەکان، بڵاوکردنەوەی ترس لە ناو خەڵکی سڤیل، دەست درێژی نامووس (جیهادی نیکاح) و بە کۆیلە کردنی منداڵ و ژنان و سروودی تایبەت بە خەلافەتەکەیان، دیمەنی پێشمەرگە دیلەکانی قەزای حەویجە کاتێك بە بازاڕی حەویجەدا دەیانسوڕاندنەوە و جەللادەکانی داعش و بەعسییە شۆڤێنیەکان بەرد بارانیان دەکردن» ئەم دیمەنانە تارماییەکی سامناك و ناخ هەژێنی مرۆیی سەنگەرەکان بوو.

لە ناو گفتوگۆی شەواندا کۆمەڵێك پرسیاری سەخت رووبەڕووی سەنگەرەکان دەبوونەوە: چۆن رووبەڕووی ئەو توندوتیژییە ببینەوە؟ بۆچی بە هەزاران چەکداری بیانی رۆژانە پەیوەندیی بە گروپی داعشەوە دەکەن؟ داعش چی دەوێ؟ ئەمانە لەکوێوە سەریان هەڵداوە؟ رابەری سیاسی چۆن دەتوانێت زۆرانبازی لەگەڵ پڕوپاگەندەی میدیایی داعشدا بکات و پێشمەرگە نەڕووخێت؟ هەموو ئەم پرسیارانەو چەندانی تر دەبوونە باسی نێو سەنگەرەکان.

سوپایەکی «جیهاد!»ی دڕندە
کاتێك دەمانڕوانییە گرتە ڤیدیۆییە کوالێت بەرزەکان، دەمانبینی کە ئەم گروپە پێکهاتووە لە سوپایەکی «جیهاد!»ی زۆر دڕندە و کۆنتڕۆڵ نەکراو، بەشێوەیەکی رەسمی لە لایەن قاعیدەوە نکۆڵی لێکراوە، رێکخراوێک تا بڵێی دڕندە، پەیامەکانی خۆی بەشێوەیەکی نامۆ، بەڵام سامناك و فراوان دەفرۆشتە بینەر و بیسەرانی سەرتاسەری جیهان. داعش پەیامەکانی وەك شێوازێکی بە بازاڕکردن، گۆڕی، بۆ ئەوەی دڕندەیی بهێنێتە ناو ژیانی ئێمەوە، هەوڵی دەدا دەوڵەتێکی ترسناک لە ناو ناخی ئێمەدا بچەسپێنێت.

ئەم گروپە لە مانگی ئابی 2013دا، بە ناوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام «داعش» لە سوریا راگەیاند و شاری رەقەی کۆنتڕۆڵکرد. ساڵێك دواتر لە شەوی 9 لەسەر 10ی حوزەیرانی2014، شاری موسڵی داگیرکرد کە یەکێک لەشارە گەورەکانی عیراقە. موسڵ ناوەندی بازرگانی عیراق و گرنگترین شاری هەڵکەوتووە لەسەر رێگەی عیراق – سوریا. لە 28ی حوزەیرانی2014، کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەمین رۆژی مانگی رەمەزاندا، داعش ناوی خۆی گۆڕی بۆ دەوڵەتی ئیسلامی و خەلافەتی ئیسلامی و ئەبوبەکری بەغدادی وەکو خەلیفە دیاری کرد و ئەوەشی بە گرتەیەکی ڤیدیۆیی بیست خولەکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا بەغدادی لە مزگەوتێکی موسڵ وتاری دا و تیایدا نوقڵیان بەسەر منداڵاندا بۆ بەربانگی یەکەم رۆژی رەمەزان دابەش دەکرد. دیمەنی پێکەنینی منداڵان باڵی کێشابوو بەسەر شەقامەکانی شاری رەقەشدا، بە دیمەنی موهاجیرەکانەوە لە وڵاتەکانی بەریتانیا، فینلەندا، ئەندۆنیسیا، مەغریب، بەلجیکا، ئەمریکا، ئەفریقای باشوور، کە هەرکەیان بە زمانی جیاوازی خۆی هەمان پەیامیان دەوتەوە. یەکێك لە چەکدارانی فینلەندی بەڕەگەز سۆماڵی وتی: من بانگهێشتی سەرجەم ئەو موسڵمانانە دەکەم کە لە خۆرئاوای ئەمریکا و ئەوروپا و شوێنەکانی تر دەژین، لەگەڵ خێزانەکانیان بێن بەرە و خاکی «خەلافەت» هیجرەت بکەن. ئەو چەکدارە فینلەندیە دەیگوت، لێرە تۆ دەچیتە جەنگ و پاشان دەگەڕێیتەوە ناو ماڵ و منداڵەکەت. ئەگەر کوژرایت، بە ئیزنی خودا دەچیتە بەهەشت، خودا چاودێریی ئەو کەسانە دەکات کە لە دوای خۆت بەجێت هێشتوون، لێرە خەلافەت ئاگای لە ئێوە دەبێت. داعش دەیویست وا خۆی وێنا بکات گوایە هاوشێوەی بڵاوبوونەوەی ئیسلام لە سەدەکانی حەوت بۆ هەشتی کۆچیی دەکات سەردەمی «هیجرەت» کە لە زمانی عەرەبیدا بە مانای کۆچ دێت، واتە وروژاندنی خەڵک بە کۆچە مێژووییەکەی پێغەمبەری ئیسلام محەمەد «د.خ» کە لە مەککەوە بەرەو مەدینە کردی. داعش ویستی خەلافەتی ئیسلامی لە سوریا و عیراق بۆ پانتاییەکی گەورەتر بە ناوی وڵاتی ئیسلامی، بگوازێتەوە. بەو واتایەی سوریای ئێستا، لوبنان، ئوردن و فەلەستین، وەك چەقی ئیمپراتۆریەتی ئیسلامی بخاتە ژێر چنگی خۆیەوە.

وای دەزانی پێشوازیی لێدەکرێت
داعش بڕاوای وابوو، پاش دەیان ساڵ هەژموونی خۆرئاوا بەسەر خۆرهەڵاتەوە، چەمکی خەلافەتی ئیسلامی دەگەڕێنێتەوە بۆ بنەما کەلتووری و ئایینییەکان و یەکگرتنەوەی سیاسەتی گەلانی موسڵمان و پێشوازیی لێ دەکرێت لە ناوچەکە. لە عیراق کاتێك دەستی بەسەر شاری موسڵدا گرت، رەشماڵی خۆی لەسەر ناوچە سوننە نشینیەکان هەڵدا و پەیوەندیی ژیر بەژێریشی لەگەڵ هەندێک وڵاتی ناوچەکە دروستکرد، کە کاریگەریی خراپی هەبوو بۆ تەشەنەکردنی رێکخراوەکە و ئامڕازێك بوو بۆ خوڵقاندنی کارەساتێکی مرۆیی لە قەزای شنگال.

 141 جار بینراوە