سەرەکی » راپۆرت » ئاماده‌کردنی : ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا » چۆن سەڵتەنەی عومان خۆی لە کێشەکانی ناوچەکە پاراست؟پەڕە 3

چۆن سەڵتەنەی عومان خۆی لە کێشەکانی ناوچەکە پاراست؟

سەڵتەنەی عومان یەکێکە لەو وڵاتە عەرەبیەکانی کۆمکاری عەرەبی وناوچەکە، راستە ئێمە زۆرجار لە هەواڵەکاندا گوێمان لەدەنگی ئەم وڵاتە نابێت وەکو وڵاتانی « سوریا وعیراق‌ و یەمەن» بەڵام کاتێکیش سەیری نەخشەی سیاسی ناوچەکە دەکەین، دەبینین تاکە وڵاتی عەرەبی کەلە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین بەسەلامەتی دەرچووەو کێشەی ناوخۆیی و دەرەکی نییە، سەڵتەنەی عومانە. لێرەشدا بۆ من و زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی جیهانیش ئەمە بۆتە مایەی پرسیار، چۆن ئەم وڵاتە توانیوویەتی خۆی لەو هەموو جەنگی تایەفیی و ئیقلیمی و جەمسەرگیریانەی ناوچەکە بباپرێزێت ؟! لەمەشدا کۆمەڵێک فاکتەری ناوخۆیی و دەرەکیی رۆڵییان هەیە، کەلێرەدا هەوڵ دەدەم کەمێک باسی لێوە بکەم.

وڵاتێکی گەورەو دانیشتوانێکی کەم
سەڵتەنەی عومان دەکەوێتە باشووری نیمچە دوورگەی عەرەبییەوە، لەباکوورەوە عەرەبستانی سعودیەو لە رۆژئاوا ئیمارات و لە رۆژهەڵات یەمەن دراوسێیەتی، واتە وڵاتێکی تەواو عەرەبییە. لەباشووریشەوە دەکەوێتە سەر دەریای عەرەبی. کۆی گشتی رووبەری ئەم وڵاتە 309500 کم چوارگۆشەیە، نزیکەی 3165 کم کەناری لەسەر دەریا هەیە. واتە وڵاتێکی گەوەرو فراوانەو هیچ کێشەی دەروازەی ئاویشی نییە. لێ ئەم وڵاتە فراوانە ژمارەی دانیشتوانی زۆر نییە، بەپێی دوایین ئامار بێت کەلە ساڵی 2017 دا کراوە، ژمارە‌ی دانیشتوان دەگاتە نزیکەی 4.592 ملیۆن کەس. ئەمەش لەچاو ئەو زەوییە فراوانە، زۆر کەمە و تااردەیەکیش بۆتە کێشە بۆی.

مێژوویەکی دێرین
سەڵتەی عومان لەچاو دەوڵەتانی تری نیمچە دوورگەی عەرەب، خاوەنی مێژوویەکی دێریننترە لە دروستکردنی دەوڵەت و مەملەکەت . لەسەدەی 17 دا سەڵتەنەی عومانی دروستبووەو کاریگەری گەورەی بەسەر زەریای هێمن و دەریای عەرەب و کیشوەری ئەفریقا هەبووەو کێبركیی لەگەڵ زلهێزەکانی ئەوکاتی جیهان کردووە بەتایبەتی بەریتانیاو پوروتوگال. تاماوەیەکی زۆریش سەڵتەنەی عومان هەژمونی بەسەر رۆژهەڵاتی کیشوەری ئەفریقا هەبووە ناوچەیەکی زۆری داگیرکردووە. ئەمەش وایکردووە کە چ خەڵكی وڵاتەکە و چ دەسەڵاتدارانیشی، لەچاو وڵاتانی تری عەرەبیدا، دونیابینیان فراوانتر بێت، لەبەرئەوە دەسەڵاتدارانی عومان،خاوەنی ئەزمونی حوکمڕانییەکی دێرینن.

چۆن عومان توانی خۆی ببپارێزێت؟
بەڵام سەڵتەنەی عومانی ئێستا، سەڵتەنەکەی سەدەکانی پشێوو نییە، کە خۆی تاکە هێزی ناوچەکە بووە، لەئێستادا لەناوچەکەدا کۆمەڵێک زلهێزی ئیقلیمی و جیهانی رۆڵیان لەناوچەکەدا هەیە. جگەلەوەش کۆمەڵێک دەوڵەتی ناوچەکە رووبەروی جەنگی گەورە بوونەتەوە لەوانە: سوریا و عیراق و یەمەنی دراوسێشی ماوەی سێ ساڵێک دەبێت، خۆی لەماڵوێرانی گەورەدا دەبینێتەوە. لەلایەکی ترەوە ناوچەکەش رووبەروی جەنگی تایەفیی و جەمسەرگەری لەنێوان ئێران و سعودیە بۆتەوە، لەم هەموو کێشانەشدا عومان بە بێ کێشە ماوەتەوە. لێرەشدا کۆمەڵێک هۆکاری ناوخۆیی و دەرەکی رۆڵی هەیە، کەلێرەدا بە خێرایی باسیان لێوە دەکەین.

یەکەم: بوونی دەسەڵاتێکی حەکیم
هەمیشە دەسەڵاتداران و سوڵتانەکانی عومان ، خاوەنی شێوازێکی تایبەتی حوکم بوون کە تاڕادەیەکی زۆر دەتوانین بڵێین حەکیمانە و ژیرانە بووە. بۆ نموونە هەر لەمێژە سوڵتانەکانی عومان، بە بەردەوامی لە کۆشكەکانیاندا گوێیان بۆ خەڵکی گرتووەو کێشەکانیان بۆ چارەسەر کردوون. هەموو رۆژانی هەینی و دووشەممان ، سوڵتانەکانی عومان، دەرگای کۆشكەکانین بۆ خەڵكی دەکردەوەو کێشەی هاوڵاتییانیان چارسەرە دەکرد. ئەمەش بووە نەریتێکی باوی دەسەڵات، هەموو سوڵتانەکانی تریش پێڕەویان لێکرد، واتە سوڵتانێکی دڵ رەق و بێ بەزەیی نەبوون، بگرە تاڕادەیەکی زۆر دەتوانین بڵێین لەچاو سوڵتانەکانی تر ناوچەکە، خاکی بوون. ئەمەش جۆرە خۆشەویستییەکی لەنێوان هاوڵاتییان و سوڵتانەکان دروستکردووە.

دووەم: لێبوردەیی و دوورکەوتنەوە لە توندڕەویی مەزهەبیی و ئایینی
خاڵێکی گرنگی تری ئەم وڵاتە ئەوەیە، هەمیشە خۆیان لە توندڕەویی مەزهەبیی و ئاینیی بەدوورگرتووە. لەمەشدا مێژوویەکی باشیان هەیەو سوڵتانەکانیش رۆڵی گەورەیان هەبووە. بۆ نموونە لەکاتی حوکمڕانی سوڵتان « سعید بن سلطان» کەلە ساڵی 1807 تا 1856 حوکمیکردووە، کۆمەڵێک فەرمانی سوڵتانی دەرکردووە، کە بەهیچ شێوەیەک نابێت جوداکاری لەنێوان مەزهەبەکان بکرێت و مەزهەبێک بەسەر مەزهەبێکی تردا بسەپێنرێت، بگرە دەبێت رێگا بۆ هەمووو مەزهەبەکان خۆشبکرێت، کە کاری خۆیان بکەن. لێرەشەوە دەسەڵات رۆڵی زۆربووە لە بڵاوکردنەوەی رۆحی لێبوردەیی، دیارە جگە لەدەسەڵاتی سیاسیی، دەسەڵاتی ئاینیش یارمەتیدەرێکی باشی سوڵتانەکان بووە.

سێهەم: مەزهەبی ئەبازی
مەزهەبی ئەبازی کەیەکێکە لەمەزهەبە دێرینیەکانی ئاینی ئیسلام، لەچاو مەزهەبەکانی تری ناوچەکە بۆنموونە وەهابییەت، زۆر کراوەترە و دژی توندڕەویی ئاینییە . لەمبارەیەوە بیرمەندی ئیسلامی عەرەبی « مصطفی عاشور» دەڵێت: مەزهەبی ئەبازی ، رێزی لە جیاوازی خێڵەکی وعەشایری و مەزهەبی عومان گرتووە، هەرئەمەش یارمەتی ئەو وڵاتەی داوە، کەدووربێت لەفکری توندڕەویی ئیسلامی و کەناوچەکەی گرتۆتەوە.

چوارەم: ئابووریەکی مام ناوەند
راستە عومان لەچاو وڵاتانی وەکو ئیمارات و عەرەسبتانی سعودیە دەوڵەمەند نییە، بەڵام وەکو یەمەنی دراوسێشی هەژارو لاوازیش نییە، بگرە دەتوانین بڵێین ئابوورییەکی مام ناوەندی هەیەو کۆی گشتی داهاتی نیشتمانی ئەم وڵاتە نزیکەی 67 ملیار دۆلارە، داهاتی تاکیش تاڕادەیەک باشەو دەگاتە نزیکەی 16 هەزار دۆلار لەساڵێکدا. ئابووری عومانیش بەرێژەیەکی زۆر پشت بە هەناردەکردنی نەوت دەبەستێت رۆژانە نزیکەی 850بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، لەم چەند ساڵەی دواییشدا، دەستیکردوە بە هەناردەکردنی گازیش و لەچەند شوێنێکدا گاز دۆزراوەتەوە هەروەها کەرتی کشتووکاڵیی و گەشتیاریش ، تاڕادەیەک پێشكەوتووە. هەربۆیە بەگشتید ەتوانین بڵێین عومان وڵاتێکە، کە خاوەنی ئابوورییەکی باشەوە گەلەکەشی لەرووی ئابووریەوە کێشەیان نییە، بگرە خۆشگوزەرانیشن
پێنچەم: رێگرتن لەبڵاوبوونەوەی فکری وەهابیەت
هەرچەندە عومان دراوسێیەکی گەورەی عەربستانی سعودیەیە، لێ هیچ کاتێک سوڵتانەکانی عومان، رێگەیان بۆ مەزهەبی وەهابییەت خۆش نەکردووە، تاوەکو لەو مەملەکەتە فکری خۆی بڵاوبکاتەوە، ئەمەش وایکردووە کە هزری توندڕەویی وەهابیەت، لەم وڵاتەدا بڵاونەبێتەوە، کە لە ئێستادا بۆتە کێشەی گەورە بۆ زۆر وڵاتانی ناوچەکە.

شەشەم : سیاسەتێکی دەرەکی بێلایەن
خاڵێکی تر کەوایکرد عومان لە گێژاوەکانی ناوچەکە بباپرێزێت، پێڕەوکردنی سیاسەتێکی ئاشتیخوازانە و بێلایەنانە لەگەڵ هەموان بوو. عومان لەهەموو کێشەکانی ناوچەکە خۆی بەدوورخست و پەیوەندی خۆی لەگەڵ هەموو نەیارەکان پاراست. بۆنموونە ئەو دۆستی سعودیەو دەوڵەتانی کەنداوەو ئەندامی ئەنجومی دەوڵەتانی کەنداوە، لێ پەیوەندییەکی زۆرباشیشی لەگەڵ ئێران هەیە، تەنانەت رۆڵی نێوەندگیریشی لەکێشەی ئەمریکا و ئێران بینی، هەروەک هیلاری کلینتۆن لە کتێبەکەیدا باسی لێوەدەکات. هەروەها هیچ کاتێک بەشداری جەنگەکانی ناوچکەی نەکردووە، تەنها جەنگی کوەیتی ساڵی 1991 نەبێت، کاتێک سەدام کوێتی داگیرکرد. لەجەنگی سوریا و یەمەنیش بەشداری نەکردوەو یارمەتی هیچ گروپێک لەدژی گروپێکی تری نەداوە. لەم کێشەیەی دوایشدا لەگەڵ قەتەر، عومان خۆی نەخستە بەرەی هیچ کامیانەوە. لەرووی نێودەوڵەتیشەوە، لەلایەکەوە دۆستێکی نزیکی ئەمریکا و بەریتانیایە، لەهەمانکاتیشدا پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ چین و روسیاو هیندستان هەیە.

دەرئەنجام
بەدڵنیاییەوە عومان لەچاو دەوڵەتانی تری ناوچەکە، ئەزمونوێکی باشی لەحوکمڕانی پێشکەش کردووە، هەتاوەکو ئەمڕۆش توانیویەتی چ لەناوخۆی وڵات چ لەدەرەوەش، ئاشتی بپارێزێت و خۆی لەهەموو کێشەکانی ناوچەکە بەدوور بگرێت.
لێ پرسیاری گرنگ ئەوەیە، ئاخۆ ئەم سەڵتەنەتە، دەتوانێت لەداهاتوودا هەروا بمێنێتەوە؟ ئایا دەتوانێت خۆی لەبەردەم پیلانی ئیقلمی و جیهانی بپارێزێت؟! بەتایبەتی لەئێستادا جەنگەکە لەناوچەکەدا زۆر گەرم بووە.

سەرچاوە:
الانصات المرکزی. العدد. 6842. 22/2/2018
Hillary Rodham Clinton. Entscheidungen. Droemer Knaur Verlag.Munchen 2014

print

 33 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*