سەرەکی » دۆسێ » تەواوبوونی ئەركی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق راگەیەندرا

كازمی: پێویستمان بە هێزە بیانییەكان نەماوە

تەواوبوونی ئەركی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق راگەیەندرا

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق دەڵێت، وڵاتەكەی پێویستی بە هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا نەماوە بۆ بەگژداچوونەوەی ڕێكخراوی داعش، بەڵام خشتەی كاتی رەسمی بۆ بڵاوەپێكردنی هێزەكان، پشت بە ئاكامی وتوێژەكان دەبەستێت لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكا، جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكاش لە میانی چاوپێكەوتنی لەگەڵ كازمی، كۆتایی هاتنی ئەركی هێزەكانی وڵاتەكەی لە عیراق راگەیاند.

سەرۆكی ئەمریكا لە 26ی تەمموزی 2021، لە كۆشكی سپی و لەكاتی پێشوازیی لە سەرۆك وەزیرانی عیراق، كۆتایی ئەمساڵی بۆ تەواوبوونی ئەركی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە عیراق دیاریی كرد.

بایدن رایگەیاندبوو، هاوئاهەنگی هاوبەش لەدژی تیرۆر لەنێوان هەردوو وڵات بەردەوام دەبێت، رۆڵی ئەمریكاش لە عیراق، راوێژكاریی و مەشقپێكردنی هێزە ئەمنییەكانی عیراق دەبێت، ئاماژەی بە پێشكەشكردنی ڤاكسینەكانی دژە ڤایرۆسی كۆرۆناش كردبوو بە عیراق لەماوەی داهاتوو.

كازمی لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ ئاژانسی (ئەسۆشێتد پرێس)، بەر لەوەی بچێتە واشنتۆن و لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكا لە گەڕی چوارەمی وتوێژە ستراتیژییەكانی نێوان هەردوولادا كۆببێتەوە، ئاماژەی بە توانای هێزە عیراقییەكان كردبوو لە بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان لە دژی پاشماوەی چەكدارانی رێكخراوی داعش لە وڵاتدا.

بە وتەی سەرۆك وەزیرانی عیراق»هیچ پێویستییان بە هێزە شەڕكەرە بیانییەكان نەماوە لەسەر خاكی عیراق»، بەبێ‌ ئەوەی وادەی كۆتایی بۆ رۆیشتنی هێزە ئەمریكاییەكان رابگەیەنێت. ئەو رایگەیاندبوو، هێزە ئەمنییەكان و سوپا لە عیراق، توانای بەرگرییان لە وڵات هەیە، بەبێ‌ پشتیوانی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كە لەلایەن ویلایەتە یەكگرتوەكانەوە سەركردایەتی دەكرێت».

لە هەمان كاتدا كازمی وتی، هەر خشتەیەكی كاتی بۆ پاشەكشەكردنی ئەو هێزانە، پشت بە پێداویستی هێزە عیراقییەكان دەبەستێت كە لە ساڵی رابردوودا تواناكانیان دەركەوت و بەشێوەیەكی سەربەخۆ ئۆپەراسیۆنیان لە دژی داعش بەڕێوەبرد».

بە بۆچوونی كازمی»جەنگی دژ بە داعش و ئامادەیی هێزە عیراقییەكان، خشتەیەكی تایبەت بۆ (پاشەكشەكردنی هێزەكان لە عیراق) دەسەپێنێت و پشت بەو دانوستانانە دەبەستێت كە لە واشنتۆن دەكرێن».

لە مانگی نیسانی رابردوو، ویلایەتە یەكگرتووەكان و عیراق لەسەر رۆڵی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراقدا رێكەوتن كە دەبێت ئەركەكانیان خۆی لە مەشق و راوێژی سەربازیدا ببینێتەوە و كۆتایی بە رۆڵی هێزە شەڕەكەرەكانی ئەمریكا بێت، بەڵام لەسەر خشتەیەكی كاتی بۆ جێبەجێكردنی ئەو هەنگاوە نەگەیشتنە رێكەوتن.

لە 25ی تەمموزی 2021، لە كۆشكی سپی، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق و جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا، لەسەر دانانی خشتەیەك بۆ پاشەكشەكردنی هێزەكانی ئەمریكا رێكەوتن و كۆتایی ئەمساڵیش بۆ جێبەجێكردنی هەنگاوەكە دیاریی كرا.

لە بنەڕەتدا دانانی بیرۆكەی ئەركی مەشق و راهێنان و پێشكەشكردنی راوێژكاریی سەربازی ئەمریكایی بۆ هێزە عیراقییەكان، بۆ بڕیارێكی پێشووتری باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا دەگەڕێتەوە لە ساڵی 2014، سەبارەت بە رەوانەكردنی ئەو هێزانە بۆ عیراق.

هەنگاوەكەش وەك وەڵامێك بوو بۆ كۆنترۆڵكردنی بەشێكی زۆری خۆرئاوا و باكووری عیراق لەلایەن داعشەوە، لە دوای داڕوخانی هێزە ئەمنییەكانی عیراق لەو ناوچانە كە وەك هەڕەشەیەك بۆسەر بەغدا دەركەوت.

ئۆباما لە ساڵی 2011، فەرمانی كرد تەواوی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق پاشەكشەبكەن، دوای هەشت ساڵ لە داگیركاریی ئەمریكایی.

كازمی دەڵێت:»ئەوەی دەمانەوێت لە بوونی ئەمریكایی لە عیراق، پاڵپشتی هێزەكانمانە بە مەشق و پەرەپێدانی توانا و كارامییەكان و هاوئاهەنگی ئەمنی».

سەردانەكەی كازمی بۆ واشنتۆن لەكاتێكدا بوو كە حكومەتەكەی سەرۆك وەزیرانی عیراق، رووبەڕووی نسكۆ لەدوای نسكۆ دەبوو كە مەترسی لەسەر متمانەی گشتی دروستكرد.

هێرشە مووشەكییە بەردەوامەكان لەلایەن هەندێك لە میلیشیاكان، سنورداریی تواناكانی دەوڵەتیان بۆ رێگرتن لەو هێرشانە دەرخست.

زنجیرەیەك ئاگركەوتنەوە لە نەخۆشخانەكان لەكاتێكدا حاڵەتەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە بەرزبوونەوەدان، گیان لەدەستدانی دەیان كەسی لێكەوتەوە، ئەمەش لەكاتێكدایە كەمتر لە سێ‌ مانگ ماوە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە كە بەڵێنێكی كازمی بوو لەكاتی وەرگرتنی جڵەوی حوكم لە عیراق.

لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، مەسەلەی ئایندەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەركردایەتی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە عیراق، كارنامەی سەرەكی وتوێژەكان بوو لە واشنتۆن.

عیراق لە كۆتایی ساڵی 2017 و لە دوای جەنگێكی وێرانكەر و خوێناوی، سەركەوتنی بەسەر داعشدا راگەیاند، بوونی بەردەوامبوونی هێزەكانی ئەمریكاش لەنێو توێژە سیاسییەكانی عیراق بۆتەمە مایەی یەكتر پەلكێشكردن، بەتایبەت لە دوای هێرشە ئاسمانییەكەی ئەمریكا لە ساڵی رابردوو كە بووە مایەی كوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانی و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی.

بۆ بەرگرتن لە ئاڵۆزییەكی گەورەتر لە دوای رووداوەكە، ویلایەتە یەكگرتووەكان و عیراق چوار گەڕی وتوێژییان سازكرد كە زیاتر جەختییان لەسەر پێداویستییە سەربازییەكانی عیراق كردەوە لە جەنگی بەردەوامی دژ بە داعش و پێدانی سیمایەكی رەسمی بە خشتەی كاتی پاشەكشەكردنی هێزەكانی ئەمریكا لە وڵاتدا.

دوای چوار ساڵ لە تێكشكاندنی مەیدانییان، تائێستاش چەكدارانی داعش توانای هێرشكردنە سەر پایتەخت و جموجۆڵییان ماوە لە ناوچەكانی باكووری عیراق.

لەم ماوەیەی دواییدا، خۆكوژێك 30 كەسی كوشت لە بازاڕێكی قەرەباڵغ لە عیراق، دوای ئەوەش داعش بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر بە هێرشەكە راگەیاند.

كازمی رووبەڕووی گوشارێكی گەورە دەبۆوە لەلایەن حزبە سیاسیە شیعەكان بۆ راگەیاندنی خشتەی كاتی پاشەكشەكردنی هێزەكانی ئەمریكا.

هێرشە مووشەكییە بەردەوامەكان، و هێرشكردن بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان كە بوونی سەربازی ئەمریكایان لەم ماوەیەی دواییدا كردە ئامانج، بوونە مایەی زیاتركردنی گوشارەكان لەسەر حكومەت.

لەسەر ئاستێكی فراوان لەو بڕوایەدان كە میلیشیا عیراقییەكان ئەو جۆرە هێرشانە دەكەن.

راگەیاندنی پاشەكشەكردنی هێزە شەڕكەرەكان دەبێتە مایەی رازیكردنی حزبە شیعییەكان، بەڵام لەسەر ئاستی مەیدانی هیچی وا ناگۆڕێت، چونكە ئەركی هێزە شەڕكەرەكانی هاوپەیمانان لە مانگی تشرینی دووەمی رابردووەوە كۆتایی هات، كاتێك وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن)، ژمارەی هێزە ئەمریكاییەكانی لە وڵاتدا بۆ 2500 سەرباز كەمكردەوە، ئەمەش بە وتەی فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عیراق كە رایگەیاندبوو، حزبە شیعەكان رێگرن نیین لە بوونی راهێنەر، یان راوێژكارانی هاوپەیمانان لە عیراق.

بەرپرسان لە ویلایەتە یەكگرتووەكان و هاوپەیمانان، پێداگرن لەسەر ئەوەی كە هێزە ئەمریكاییەكان وەك جاران هاوشانی هێزە عیراقییەكان نیین لە هێرشە وشكانییەكاندا، یارمەتی هاوپەیمانانیش تەنیا خۆی لە كۆكردنەوەی زانیاریی هەواڵگری و چاودێری و بڵاوكردنەوەی تەكنیكی سەربازیی پێشكەوتوودا دەبینێتەوە.

بەرپرسانی سەربازی عیراقیش دەڵێن، تائێستا پێویستییان بەو پاڵپشتییە هەیە و بۆ ئایندەش پێوستییانە.

كازمی بەر لەوەی بەرەو ئەمریكا بەڕێبكەوێت رایگەیاندبوو»عیراق كۆمەڵێك چەكی ئەمریكایی هەیە و پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە و مەشقكردنە لەسەریان، بۆیە داوا لەلایەنی ئەمریكا دەكەین، بەردەوام بێت لەسەر پاڵپشتی و پەرەپێدانی توانای هێزە عیراقییەكان».

كازمی وەك كاندیدێك كە جێگەی رەزامەندی هەموان بوو، رێكەوتنی لەسەر كرا، ئەمەش دوای چەند مانگێك لە ناكۆكی سیاسی نێوان فراكسیۆنە پەرلەمانییەكان لەبارەی دانانی سەرۆك وەزیرانێكی نوێ‌.

لەو بارەیەوە ناكۆكییەكان زیاتر لەنێوان هاوپەیمانی سائیرون بە سەركردایەتی موقتەدا سەدر و هاوپەیمانی فەتح بەسەركردایەتی هادی هامری بوون.

مەترسییەكان گەیشتنە ترۆپك، پاش دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیرانی پێش كازمی، بەهۆی ئەو گوشارانەی كرایە سەری لەلایەن خۆپیشاندانە جەماوەرییە مێژووییەكەی دژ بە حكومەت كە تێیدا لانی كەم 600 كەس كوژران و هێزە عیراقییەكان گوللـە و گازی فرمێسك رێژییان بۆ بلاوەپێكردنی خۆپیشاندەران بەكارهێنا.

 178 جار بینراوە