فلاش فیکشن یان ساتە چیرۆک

ئوستاز

(29)

خۆشترین كاتی ژیانی ئوستاز ئەو دەمەیە كە دەوری بە كچی لووت باریك و لچ كولێرە و پیاوی دەویت و نایلۆن دەگیرێ و ئەوەندە بانگی دەكەن ئوستاز كەری نێر نایكێشێت. ئیتر جێ بە خۆی ناگرێ، بە رەوت و لەنجە و لاری ژنانە بەناو خەڵكەكەدا دێت و دەچێت و پێدەكەنێ، یان لە جێگایەكدا دادەنیشێت و دەبێتە گوڵی مەجلیس و بلیمەتێك كە مێژوو بە خۆیەوە نەدیوە. دەبێتە ئوستازی هەر حەوت هونەرەكە: شارلی شاپلن و ئەلپاچینۆ، مایكل جاكسن و جێنیفەر لۆپیز، شەجەریان و شەهرامی نازری، ئوم كەلسوم و كازم ساهیر و عەلی مەردان و خالقی و دار و بەرد، بە شاگرد راناگرێت. ئیتر فشەبای دەداتێ و درۆی وا دەكات بە باڵ دەفڕێت: «لە مۆسیقای فیلمی «لۆست»دا بەشداریم كردووە. پێش ئەوەی ئیشی تیا بكەن، سیناریۆی «تایتانك»یان بۆ ناردم، زۆرم دەسكاری كرد…» ئیتر ئەوەی دەیڵێت نایڵێتەوە، هەر ئەوەندەی ماوە بڵێت لە خەڵاتی ئۆسكار لیژنەم. ئەوانەی قسەیان بۆ دەكات، لە سەرسامیدا دەم دادەچەقێنن.

لە گەرمەی قسەكردندایە، مەجلیسەكەی هەموو گیانیان بووە بە گوێ، لەپڕ زەنگی تەلەفۆنەكەی لێدەدا، سەیری دەكات بەڵام یەكسەر ئۆكەی ناكات، دەڵێت: «جەنابی قوربانە، بزانن ئێستا چۆن ستایشم دەكات، بڕوا بكەن جاریوایە وەها باسی توانا و لێهاتوویی من دەكات لە شەرمدا، چین چین عارەق دەكەمەوە، گوێبگرن ئێستا ئۆكەی دەكەم، دەنگەكەی دەكەمەوە.»

«هەلەو، ئوستازی هونەر، مامۆستای بەهرەوەر، ئەندامی لیژنەی ئۆسكار، مامۆستای شكسپیر و بیتهۆڤن و باخ و سیزار. كوڕە هەی ژەهری مار، پێم نەوتی فوو لە خۆت نەكەی، هەتیو تۆ ئابڕووی ئێمەشت بردووە، تۆم كروز مەسجی بۆ ناردووم، دەڵێ ئەم بلیمەتە كێیە سیناریۆی بۆ فیلمی من نووسیوە؟ ئاخر من ئێستا چی وەرام بدەمەوە؟ گوێبگرە، تەڕەماش، لە شوێنی خۆت دانیشە و شتی زیادە مەخۆ، ئەگینا ئەمجارە دۆسێكەت دەخەمە سەر تەلەفزیۆن، ئیشەكەی خۆتت بیر نەچێتەوە تۆ لە دەڵاڵێک زیاتر نیت، ئیشت ئەوەیە بەرخ بۆ ئێمەمانان بێنیت‌ و…»

 275 جار بینراوە