سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » پەنابەران وەك كارتی گوشار بەكاردەهێنرێن

پەنابەران وەك كارتی گوشار بەكاردەهێنرێن

ماوەیەكە ئەو هاووڵاتییە عیراقیانەی دەیانەوێت خۆیان بگەیەننە وڵاتانی ئەوروپا، لە رێی ڤیزای گەشتیارییەوە كە حكومەتی مینسك بەشێوەیەكی رەسمیی دەیانداتێ، دەیانەوێت بچنە لیتوانیا ‌و لەوێشەوە بەرەو وڵاتانی ئەوروپای خۆرئاوا.

زیاتر لە چوار هەزار كۆچەری عیراقی
وەك سەرچاوەكان باسی دەكەن، زیاتر لە چوار هەزار كۆچەری عیراقی، لە رێی بیلاڕوسیاوە بە نایاسایی چوونەتە لیتوانیاوە، ئەو وڵاتەش ئامادە نییە كە چیتر لەخۆیان بگرێت، داوای لە یەكێتیی ئەوروپا كرد یارمەتیی بدات ‌و داواشی لە حكومەتی بەغدا كرد، ئەو هاووڵاتییانەی خۆی بگەڕێنێتەوە، كە بە قاچاخ چوونەتە ئەو وڵاتەوە ‌و سنوورەكانی خۆشی لەگەڵ بیلاڕوسیا توندكرد ‌و چەندین كۆچەری نایاساییشی دەستگیركردووە.

دەستگیركردنی سەدان كۆچەر لەلایەن پۆڵەنداوە
وێڕای راگرتنی گەشتە گەشتیارییەكانی نێوان بەغدا ‌و مینسك، رۆژی دووشەممەی رابردوو، ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عیراق رایگەیاند: زیاتر لە 280 كۆچەری عیراقی لە فڕۆكەخانەی مینسك-ی پایتەختی بێلاڕوسەوە دەگەڕێنرێنەوە بۆ بەغدا.

دوای توندكردنی سنوورەكانی لیتوانیاش، ژمارەیەكی زۆر لە كۆچەرە عیراقییەكان لە هەوڵدان كە لە بیلاڕوسیاوە بچنە پۆڵەندا ‌و لەوێشەوە بەرەو وڵاتانی ئەوروپای خۆرئاوا بپەڕنەوە. پۆڵەنداش رێگری لەو لێشاوەی كۆچەرە نایاساییەكان دەكات ‌و تائێستا هێزەكانی پاسەوانی سنووری ئەو وڵاتە سەدان كۆچەریان دەستگیر كردووە.

لەوچوارچێوەیەدا، لە رۆژی هەینی رابردووەوە هێزەكانی پاسەوانی سنووری پۆڵەندا دەستگیركردنی نزیكەی 350 كۆچەریان لە سنوووری نێوان وڵاتەكەیان و بیلاڕووسیا راگەیاندووە، كە زۆربەیان هاووڵاتی عیراقین، ئەوەش ژمارەیەكی پێوانەییە لە لێشاوی كۆچەران بەرەو سنوورەكانی پۆڵەندا.

فەرمانگەی پاسەوانی سنووریی پۆڵەندا لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەداوە، كە تەنها رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، 62 كۆچەریان لەسەر سنووری وڵاتەكەیان لەگەڵ بیلاڕوسیا دەستگیركردووە، كە ویستوویانە بچنە پۆڵەنداوە.

بەگوێرەی بەیاننامەكە، ئەوە زۆرترین ژمارەی كۆچەرانی نایاسایی بووە كە لە یەك رۆژدا لە سنووری نێوان پۆڵەندا ‌و بیلاڕوسیا دەستگیركراون. لە نێو دەستگیركراوەكاندا، 50 هاووڵاتی عیراقی ‌و 11 هاووڵاتی ئێرانی ‌و یەك كامیرۆنییان تێدا بووە.

پەنابەران ‌و ناكۆكی سیاسی
جێی ئاماژەیە، بەهۆی ناكۆكییە سیاسییەكانی لەگەڵ یەكێتیی ئەوروپا، بیلاڕوسیا ئاسانكاریی دەکات بۆ پەڕینەوەی كۆچەرانی نایاسایی لە سنوورەكانیەوە بەرەو وڵاتانی ئەندام لە یەكێتیی ئەوروپا، بۆئەوەی وەكو كارتی گوشار لە دژی سەپاندنی سزا بەسەریدا بەكاریانبهێنێت.

سەرچاوە: ئاژانسەكان

 254 جار بینراوە