سەرەکی » زانست » كه‌شتی نوح » كلتوری لەپێكردنی نەعل لای ژاپۆنییەكان

كلتوری لەپێكردنی نەعل لای ژاپۆنییەكان

كەشتیی نوح

لەگەڵ ئەوەی كلتوری بەكارهێنانی نەعل لە ژاپۆن دەگەڕێتەوە بۆ پەنجاكانی سەدەی رابردوو، بەڵام نەریتی داكەندنی پێڵاو لە كاتی چوونە ژوورەوە بۆ ماڵەوە و چوونە ژوورەوەی هەموو خانوویەك بە شێوەیەكی گشتی نەریتێكی كۆنە و ریشەیەكی هەزاران ساڵەی هەیە.

گەشەكردنی لەپێكردنی نەعل
لە دوای جەنگی دووەمی جیهان
داوا لەو كەسانە دەكرێت كە سەردانی (ریوكان) واتە خانووە کۆنە ژاپۆنییەكان دەكرێت بەر لە چوونە ژوورەوەیان پێڵاوەكانیان داكەنن و بیخەنە سەر ئەو رەفانەی كە بۆ پێڵاو تەرخانكراوە یان لەبەردەم دەرگاكە دایبنێن و لەبری ئەوە نەعل یان ئەو پێڵاوە سوكەڵانە لە پێبكەن كە لە دیوی ژوورەوە دانراوە، ئەمجۆرەی ژوورەوە دەتوانرێت بە ئاسانی لەپێبكرێت و دابكەنرێت، جگە لەوەش نەعلی تایبەت هەیە بۆ چوونە توالیت و گەرماو، بەڵام لەو هۆتێلانەی كە لەسەر شێوازی خۆرئاواییە میوان دەتوانێت بە پێڵاوەوە بچێتە ژوورەوە، لەگەڵ ئەوەی لەو شوێنانەش نەعلی تایبەت هەیە.

ژاپۆن نزیكەی دوو سەدە بە ڕووی بێگانەدا داخراو بووە، بەڵام لە ساڵی 1854دا لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا رێكەوتننامەیەكی ئیمزاكرد و لەو كاتەوە كرانەوەیەكی خێرای بە رووی جیهان و خۆرئاواوە بە خۆیەوە بینی و چەندین میوانی خۆرئاوایی سەردانی ئەو وڵاتەیان كرد، هەرچەندە خودی ژاپۆنییەكان راهاتبون لەگەڵ ئەوەی كاتی چوونە ژوورەوەیان بۆ شوێنە داخراوەكان نەعلی نەریتی (زۆری)ی یان پاپوجی جۆری ( گیتا) لەپێ بكەن، بەڵام زۆربەی میوانە بێگانەكان ئەو كارەیان بەلاوە سەیر و گران بوو، چونكە لەو ڕۆژگارەدا هۆتێل لەسەر شێوازی خۆرئاوایی لە ژاپۆندا كەم بوو گەشتیار و میوانەكان ناچار بوون لەو خانووانەدا بمێننەوە كە لەسەر شێوازی كۆن بوو، زۆر جاریش روبەڕووی كێشە دەبوونەوە كاتێك بە پێڵاوەوە دەچوونە ژوورەوە، چونكە ئەو میوانانە حەسیری جۆری (تامی)یان وەك راخەر دەبینی، بە هۆی ئەو پیسییەی لە دەرەوە بە بنی پێلاوەكانیانەوە دەنووسا دەبوونە هۆی خراپكردنی ئەو حەسیرانە كە لە پووشی پاشماوەی برنج دروست كرابوو، ئەم مەسەلەیە هەر وا مایەوە تا یەكێك لە دانیشتوانی بێگانەی نزیك (یۆكۆهاما) داوای لە پیشەگەرێكی ژاپۆنی كرد كە ناوی (تۆكۆنۆ ریسابۆرۆ) بوو جۆرێك نەعل بچنێت كە بكرێت بەسەر پێلاودا.

دەوترێت پیشەگەرەكە ئەو جۆرە نەعلەی دروستكرد كە بەشی پشتەوەی كراوە بووە و بەسەر پێلاودا لەپێكراوە و تاكی راست و چەپیشی وەك یەك بوون و جیاوازییان نەبووە.

لەسەرەتای پەنجاكانی سەدەی بیستەمیشەوە شێوازی ژیانی خۆرئاوایی ژاپۆنی گرتەوە و ئیدی باوی ئەوە هات ژووری نانخواردن زەوییەكەی بە تەختە رووكەش بكرێت، ئەمەش دروستكەرانی پێڵاوی هاندا بیر لە دروستكردنی جۆرە نەعلێكیش بكەنەوە كە بتوانرێت بە تەنها لە شوێنە داخراوەكاندا لەپێ بكرێت بێ ئەوەی بكرێت بەسەر پێڵاودا.

لە ژاپۆن داكەندنی پێڵاو لە بەردەم كانییە گەرمەكان و سەنتو(گەرماوی گشتی) و گۆڕستان و پەرستگەكان شتێكی باوە و لەچێشتخانە نەریتییەكانیش كە مێزەكانی نزمن میوانانی ئەو شوێنانە دەبێت پێڵاوەكانیان داكەنن و لەسەر زەوی دابنیشن، هەروەها زۆر شتێكی ئاساییە لە ژاپۆن پیاوانی خاوەنكار ببینرێت لە ژووری كۆبوونەوەكان دانیشتوون بە قات و جلوبەرگی كەشخەوە دانوستان دەكەن و نەعلیان لە پێدایە.

ڕووبەرێكی پاك
هەندێك دەڵێن» نەریتی پێڵاو داكەندن لە ژاپۆن دەگەڕێتەوە بۆ 2000 ساڵ پێش ئێستا و وێنەیەكی سەر كاغەزی سەردەمی هییان (798-1185) یش هەیە تێیدا كۆمەڵێك ئۆرۆستۆكراتی دەركەوتوون لە مالێكدا دانیشتون و ئەو نەریتەیان پەیڕەو كردووە.

ژاپۆنییەكان لە كۆنەوە راهاتوون لەسەر حەسیری (تاتامی) یان لەسەر زەوی دانیشن، ئەمەش وایكردووە كە پێلاو داكەندن ببێتە نەریتیان و تا ئێستاش هەندێك لە خێزانە ژاپۆنییەكان لەسەر ئەو نەریتەیان بەردەوامن و جێگە خەوەكانیشیان هەر لەسەر ئەو حەسیرە رادەخەن و پێیان وایە گەر بە پێڵاوەوە بێنە ژوورەوە نەك هەر حەسیرەكە، بەڵكو جێگە خەوەكانیشیان پیس دەبێت، هەروەها لەبەر ئەوەی هاوینی ژاپۆن گەرم و شێدارە، زەویپۆشی ناو ماڵەكان كەمێك لە زەوییەكە بەرزتر دەكەنەوە و بەردەرگاكانیان پلەیەك نزمترە لە ناوماڵەكان و بەو پلیكانەیە دەڵێن (ئاگاریكاماچی) و بە ئاستە بەرزەكەی كە بەشی سەرەكی ماڵەكانیانی لەسەر بنیاد نراوە دەڵێن (تاتاكی).

ژاپۆنییەكان وەك رووبەرێكی پاك لە ناو ماڵەكانیان دەڕوانن بە بەراورد بە فەزای پیسی دەرەوە، بەردەم دەرگای ماڵەكانیش سنوری ئەو فەزا پیسە و ئەو رووبەرە خاوێنەیە و بۆیە پێڵاویش دادەكەنن بۆ ئەوەی رێگری لە توخمە پیسەكان بكەن نەیەتە ناو ماڵەكانیانەوە.

پێڵاوی ناوخۆیی لە خوێندنگەكاندا
لە زۆربەی قۆناغەكانی بنەرەتی و ئامادەیی خوێندنگەكانی ژاپۆندا پێویستە خوێندكار لەبەر دەم دەرگای چوونە ژوورەوەی خوێندنگەكەی پێڵاوەكانی داكەنێت و جووتێك لەو پێڵاوانە لەپێ بكات كە پێی دەوترێت (ئاواباكی)، لە سەردەمی ئیدۆ(1603-1868)دا زۆر ئاسایی بووە مناڵان لە ناو خوێندنگەدا پێڵاوەكانیان داكەنن و بە پێی پەتی بسوڕێنەوە، بەڵام لە دوای ساڵی 1930 یەوە كە خانووەكان گۆڕان بۆ تەختە و چیمەنتۆ و دواتریش جلوبەرگی نەریتی گۆردرا بۆ جلوبەرگی خۆرئاوایی، ئیدی بیرۆكەی (ئاواباكی) بووە جێگرەوەی پێی پەتی یان لەپێكردنی گۆرەوی جۆری (تابی)، خودی ئاواباكییش بە چەند قۆناغێك گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە و ئێستا لە شێوەی پێڵاوی بالییەدایە.

چەند جۆرێكی جیاوازی نەعل
دروستكەرانی نەعل لە ژاپۆن بەردەوام خەریكی داهێنانن لە دروستكردنی بەرهەمەكەیاندا، هەندێكیان ناو پۆشیی نەعلەكە بە شێوەیەك دروست دەكەن كە نەرم بێت و مرۆڤ كە لە پێی دەكات زۆر ئاسودەبێت و هەندێكی تریان ناوپۆشی نەعلەكانیان بە جۆرێك دروست دەكەن كە چەند بڵقێكی بەرجەستەی تێدایە كاتێك قاچ و پەنجەكان گوشار دەخەنە سەریان وەك ئەوەیە پەنجە و پاژنەی پێ مەساجی بۆ بكرێت، هەندێك كۆمپانیاش دژە بەكتریا و مادەكانی دژە بۆنی ناخۆش دەكەنە ناو ناوپۆشی نەعلەكان، هەندێكی تریان نەعلی تایبەت دروست دەكەن بۆ سڕینەوەی زەوی ناوماڵ كە پێویست ناكات كەسێك خۆی ماندوو بكات تەنها لە رێگەی لە پێكردنی ئەو نەعلانەوە دەتوانێت بە كاتێكی كەم ناوماڵ یان شوێنی كارەكەی بسرێتەوە، هەندێك كۆمپانیای دیكە جۆرە نەعلێك دروست دەكەن كە دەكرێت لە ئامێری جلشۆریندا بشۆرێت، ئەمەش وایكردووە زۆربەی ژاپۆنییەكان چەند جۆرە نەعلێكیان هەبێت كە هەریەكەیان بۆ كات و وەرز و بۆنە و كارێك شیاون.

سەرچاوە: Sky News

 156 جار بینراوە